تەرازووەکانی حکومەت

هاوڕێ جەمال
  2024-01-07     316

یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی ھەر حکومەتێک بریتیە لە دادپەروەری، بۆ بەدیھێنانی ئەم دادپەروەریەش دەستورو پاشان یاساو بڕیارو رێنماییەکان ھەن کە حکومەت وەک میکانیزمێک بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجە باڵایە پەنایان بۆ ئەبا.
گەر قسە لەسەر حکومەتی ھەرێم بێ، ئەتوانین بە بێ ئەوەی بێ مروەتیمان نواندبێ بڵێین؛ ئەم حکومەتە لەسەرەتای دروستبوونیەوە تاوەکو ئێستا تەرازووی یاساو تەرازووی دارایی لاسەنگە و رۆژ دوای رۆژ گەر لاسەنگترنەبووبێ ئەوا بۆی رێکنەکراوەتەوە.!
تەرازووی یاسا گەر تایەکی گوزارشتبێ لەو ئەرک و ئیلتیزاماتانەی ھەر حکومەت و دەسەڵاتێک ئەیخاتە ئەستۆی ھاوڵاتیەکانی، و تاکەی تری تەرازووەکە گوزارشتبێ لەو ماف و ئیمتیازانەی ھاوڵاتیان لەبەرامبەر بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان ئەنجامی ئەدەن، ئەوا وێنە روونەکە ھەر ئەمەیە؛ تای دووەمیان زۆر سوارترە بەسەر تای یەکمیاندا و بەمەش خۆمان لەبەردەم تەرازوویەکی ناھاوسەنگ لە مافی ھاوڵاتیبوون دەبینینەوە.
خۆ گەر قسەش لەسەر تەرازووی دارایی حکومەتبێ کە گوازارشت لە پرۆسەی خەرجی و داھاتی حکومەت ئەکاو لە زانستی داراییدا بە تەرازووی پێداچوونەوە واتە( میزان مراجعە) ناوزەدکراوە، حسابی دروستی حکومەت ئەوەیە کە ئەبێ تای تەرازووی خەرجی و داھات (دائن و مدين) بەرامبەربێ، ئەوکات ئەتوانین بڵێیین حکومەت حسابی ساف و بێ گرێ و گۆڵە.
گەر تەرازووی یەکەمیان مامەڵەبێ لەگەڵ دەقە یاساییەکان و حکومەت سەنگەرێکی ھەبێ بۆ بەرگریکردن لەو نادادیەی خولقاندوویەتی، چونکە زۆرجار دەکرێ دەقە یاساییەکان بەشێوەیەک تەفسیرو لێکدانەوەیان بۆ بکرێ کە شەفاعەت بۆ حکومەت بکەن،ئەوا تەرازووی دووەمیان مامەڵەو سەودایە لە گەڵ ژمارە،و ژمارەش ھیچ چەندو چۆنێک ھەڵناگرێ، لەچەندین لاوە بۆی بڕۆی یەک پاسادانی ھەیەو بەس، کوردیش وتوویەتی «گوێز بەژمارە مایەکەی دیارە»، واتە گەر بەزمانە ژمێریەکە تەرازووی دووەمی حکومەت شەن و کەو کەین، بەروونی ئەوە ئەبینین کە ئەمیش تایەکی تەرازووەکەی کە تای داھاتە زۆری بەسەر تای خەرجیەوە ھەیە، زۆرجار حکومەت بەپێچەوانەوە ئەڵێ خەرجی لە داھات زیاترە، خۆ گەر ئەمە واشبێ ، کەوانیە، ئەوە ھەر کەمتەرخەمیەکە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت کە پلانی نەبووە بۆ ئەوەی داھات و خەرجی لەناو تەرازووی حسابی خۆیدا ھاوسەنگ بکا.
ھەردوو تەرازووی یاساو دارایی حکومەت کە لێیەوە پرۆسەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی پێ کێشانەو پێوانە ئەکەین، ناھاوسەنگن و حکومەت ناتوانێ ئەستۆپاکی خۆی بسەلمێنێ چ لە رووی دەستەبەرکردنی ماف و ئیمتیازەکانی ھاوڵاتیان، چ لە رووی راستاندنی ژمێرەی حسابی لە داھات و خەرجی، قەیرانەکانی سەروەرنەبوونی یاسا و بێ مووچەیی و بەرزبوونەوەی رێژەی بێ کاری و تاوانەکان و تەڵاق و ھتد، بەرئەنجامی ئەو ناھاوسەنگیەیە کە لە تای ئەو تەرزووانەدا ھەیە،
دەربازبوون لەم قەیرانانەش تەنھاوتەنھا بە ھاوسەنگردنەوەی تایەکانی ئەو تەرازووانە دێتەدی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×