فەرمانبەرو مافی مووچە لەبەر رۆشنایی یاسا کارپێکراوەکان

هاوڕێ جەمال
  2023-11-16     279

لە یاسا بەرکارەکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، فەرمانبەر بەوە پێناسەکراوە، (فەرمانبەر کەسێکە لە چوارچێوەی میلاکی وەزارەتێک یاخود دەزگایەکی نەبەستراو بە وەزارەت، ئەرکێکی وەزیفی پێ سپێردراوە).
لە عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، کۆمەڵێک یاسای ھەموارکراومان ھەیە، کە لە چوارچێوەی بڕگەو ماددەکانیدا ھەم ئەرک و ھەم مافەکانی فەرمانبەری دیاریکردووە، لەوانە:
*یاسای راژەی شارستانی ژمارە ٢٤ ی ساڵی ١٩٦٣
*یاسای میلاک ژمارە ژمارە ٢٥ ی ساڵی ١٩٦٠
*یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٢٢ ی ساڵی ٢٠٠٨
*یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە ١٤ ی ساڵی ١٩٩١
*یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە ٢٧ ی ساڵی ٢٠٠٦
گەر بە وردی لە دەق و ماددەکانی ئەم یاسایانە بڕوانین، ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە کە یاساکان زۆر بە روونی ئەرک و مافەکانی فەرمانبەریان دیاریکردووە، نەک ھەر ئەمە بەڵکو ئەو سزایانەشیان دیاریکردووە کە پێویستە لەکاتی سەرپێچی کردندا ئاڕاستەی فەرمانبەر بکرێ.
ھەریەک لەو یاسایانە، رەھەندێکی ژیانی وەزیفی فەرمانبەریان گرنگی پێداوە، کە بە تێکڕا ئەتوانن سەرجەم رەھەندەکانی ژیانی وەزیفی فەرمانبەران بێنە پاراستن و بەرگریلێکردن، بۆ نموونە یاسای (بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی) ژمارە ١٤ ی ساڵی ١٩٩١ ی ھەموار کراو، زیاتر گرنگی داوە بە رەھەندی دیسپلینی وەزیفی و ئەو ئەرک و کارە نەکردانەی کە فەرمانبەر پێویستە لەکاتی ژیانی وەزیفیدا رەچاویان بکا، ماددەکانی (٤ و ٥) ی یاساکە بە روونی ئاماژە بەم رەھەندە ئەکەن، لەسەر ئەمانەشەوە یاساکە ئەو رێ و شوێنانەی دیاریکردووە، کە پێویستە بگیرێنەبەر لە بەرامبەر فەرمانبەری سەرپێچیکار لە یاساو رێنماییەکان، تەنانەت ئەو رێ و شوێنانەی کە فەرمانبەری پێ رەوانەی دادگا دەکرێ لە کاتێکدا ھەڵسابێ بە ئەنجامدانی تاوانێک، لەم یاسایەدا باسکراوون.
لەلایەکی ترەوە گەر فەرمانبەرێک بیەوێ ئاشنابێ بە مافەکانی وەک مۆڵەت بەھەموو شێوازەکانی وەک مۆڵەتی ئاسایی، نەخۆشی، خوێندن، (مصاحبة) جۆرەکانی تری مۆڵەت، ھەروەھا مەرجەکانی دامەزراندن و مافی گواستنەوەی راژەکەی لە فەرمانگەیەکەوە بۆ فەرمانگەیەکی تر، یاسای (راژەی شارستانی)ژمارە ٢٤ ی ساڵی ساڵی ١٩٦٣ لە دووتوێی بڕگەو ماددەکانی (٥٠،٤٦،٤٣،١٠،٩،٨،٧) ئەم مافانەی فەرمانبەری چەسپاندووە.
ھەرچی پەیوەندی بە دیاریکردنی مووچەو پلە بەرزکردنەوەو سەرمووچەی ساڵانە ھەیە یاسای ( مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت) ژمارەی ٢٢ ی ساڵی ٢٠٠٨ ئەم رەھەندە گرنگەی ژیانی وەزیفی فەرمانبەری لە خۆگرتووە.
گەر بمانەوێ بۆ مافەکانی فەرمانبەر بگەڕێیین لەسەر دوا وێستگەکانی خزمەتی فەرمانبەر لەکەرتی حکومی ، کە تێییدا ماڵئاوایی لە ژیانی وەزیفی ئەکاو پێ دەنێتە قۆناغی خانەنشینیەوە، ئەوا یاسای خانەنشینمان ھەیە، یاسای (خانەنشینی یەکگرتوو) ژمارە ٢٧ ی ساڵی ٢٠٠٦ کە لە ھەرێمی کوردستان بەرکارەو لە عێراق بە یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ ھەڵوەشاتەوە، و کۆمەڵێک ئیمتیازی زیاتری بەخشیوەتە فەرمانبەری خانەنشین، کە بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان کاری پێناکرێ.
کەواتە چۆن کۆمەڵێک یاسامان ھەیە، بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ھاوڵاتی لە ساتی لە دایک بوونیەوە، تاوەکو مردن و بەخاکسپاردنی و تەنانەت پاش مردنیشی، بەھەمان شێوەش فەرمانبەران، لەمیانی ژیانی وەزیفیاندا، لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە تاوەکو خانەنشین بوونیان ئەو یاسایانەی کە ئاماژەمان پێدان، ئەرک و لە ھەمانکاتدامافەکانی فەرمانبەرانیان دیاریکردووە، و لەم بوارەدا ئەتوانین بڵێین دەزگای تەشریعی عێراقی و یاسادانەران بە وردی کاریان لەسەر کردووە.
پرسیاری جەوھەری لای فەرمانبەران و ھاوڵاتیان و ئەوانەشی بەدوای توێژینەوەی زانستین لە بواری یاساکاندا ئەوەیە؛ ئایا حکومەت دەتوانێ، مووچە وەک مافێکی بنەڕەتی فەرمانبەر ، دوابخات یاخود نەیدا؟ بۆ حاڵەتێکی لەمجۆرە دەقە یاساییەکان و موشەریع ھیچ ئاوڕێکیان لەم بابەتە داوەتەوە؟
گەر بەوردی لەم بابەتە بکۆڵینەوە، تێبینی دەکەین کە یاساکان ئاماژەیەکی رون و راشکاویان بەم بابەتە نەکردووە، ئەمەش بەھۆی ئەوەوە نیە کە موشەریع ئەم دۆخەی لەبەرچاونەگرتبێ، نەخێر بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە مووچە مافێکی بنەڕەتیەو ناکرێ سەوداو مامەڵەی لەسەربکرێ، بەپێی سیستمە ژمێریاریەکان، مووچە دەچێتە خانەی خەرجیە بەیاساییکراوەکان، ئەوەی لەدەقە عەرەبیەکەیدا پێی ئەڵێن (مصروفات مُقَننة)، واتە ئەو خەرجیانەی، ھاتنە پێشەی دۆخێکی نەخوازراو یاخود قەیرانێکی ئابووری یاخود سیاسی، نابێ ببنە رێگر لەبەردەم پێدانی مووچە بە فەرمانبەران، تەنانەت کورتھێنان لە میزانیەی دەوڵەت بۆ ماددەی مووچە، ئەو دەسەڵاتە دراوە بە وەزیری دارایی و وەزیری تایبەتمەند، کە گواستنەوە بکا لە ماددەیەکەوە بۆ ماددەی مووچە بەمەبەستی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆ ئەمە دەکرێ بگەڕێیینەوە بۆ ماددەو بڕگەکانی ھەردوو یاسای (اصول المحاسبات العامة ) ژمارە ٢٨ى ساڵی ١٩٤٨ ھەروەھا یاسای (ادارة المالية والدين العام) ژمارە ٦ ى ساڵی ٢٠١٩.
ئەنجام، مووچە وەک مافێک کە لە فەرھەنگی ئابووریدا پێی ئەڵێن (مستحقة الاداء)، نابێ نەدرێ ، یاخود دوابکەوێ، قەرز نیە تاوەکو بواری (تفاوض) و (مُقايضة ) و ( مُقاصة )ی ھەبێ، کە ئەم دەستەواژانە، لە زانستی ژمێریاریدا زۆرجار بەکاردەبرێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاساییانە، بەمەبەستی (ئیلتیزام) کردنی لایەنێک، بەنموونە حکومەت، بە گەڕاندنەوەی قەرزێکی دیاریکراو لە کاتی خۆیدا کە بە ھەر ھۆکارێک بێ ناتوانێ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بیداتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×