لەگەڵ ھەڵگیرسانی جەنگی نێوان، روسیا و ئۆکرانیا، ھاوڵاتیانی کوردستان، کەوتنە موغازەلەی جەنگاوەرو خەڵک و سەرۆکی ئۆکرانیا، و لە رادەبەدەر سەرسامبوونی خۆیان نیشانداو نیشانئەدەن، لە پای ئەو ورەو بەرەنگارییەی کە ئەیکەن لە دژی رووسەکان.!
نەک ھەر ئەمە، وەک ئەوەی گەلی کورد لەو جۆرە داستانە بەرگریکارانەی کەمدیبێ و نەیکردبێ، وا بێ ھیچ لۆژیکێک دەکەونە بەراوردکردنی خەڵک و حکومەتی ئۆکرانیا، لەگەڵ خەڵک و سەرۆکی حزبەکانی کوردستان، گەر قسە لەسەر موقاوەمەت و گیانی فیداکاری بێ، کەم نەتەوە ھەیە ھێندەی کورد، ھەڵگری رۆحیەتێکی بەرزی موقاوەمەبێ لە بەرامبەر ئەو نەتەوە سەردەستانەی بەدرێژایی مێژوو، ویستوویانە زەلیل و سەرکووتیکەن.
راستە ئەمڕۆ لە بێوڵەتەیی کورد، ژمارەیەک لە سەرکردەی حزبە باڵادەستەکان کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن خەریکی ماشینەوەی خەرمانی دەستکەوتەکانی داستانەکانی رۆژانی رابووردوون، بەڵام مامەڵە کردن لەگەڵ دۆخەکاندا بەھەمان عەقڵیەت و بەھەمان بیرکردنەوە، بۆئەوەی بتەوێت ھەنگاوێک بەرەوپێشەوەبچی، بەھەمان ئەنجام لە تونێلەکەوە سەردەرئەکەین.
بۆ نموونە دەبینین ( ڤلۆدیمیر سیلینسکی) سەرۆکی ئۆکرانیا، زیاتر لە ئۆکرانیەکان لە کارخانەی عەقڵ و تێڕوانینی ئێمەی کورد بووەتە کاریزماو سوپەرمانی ئەم جەنگە، و ئەوەمان بیرچۆتەوە یان پێویستە وەبیر خۆمانی بھێنینەوە، کە خەڵک سەرۆک ھەڵدەبژێرێن، بۆ ئەوەی ببێتە پارێزەری گیان و ماڵیان، ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆکەکەی ئۆکرانیا ئەیکا، ئەرکی لەپێشینەی خۆیەتی وەک سەرۆکێک، وەک سەرکردەیەک کە گەل رۆح و ماڵی خۆی خستۆتە گەردنی. بەپێچەوانەوە بەدەر لەم تێڕوانینە دەگەینەوە ئەو خاڵەی سەرەتا، کە چەندین سەرکردەمان لە خۆمان راستکردەوەو کردمانن بە قیبلە نمای کوردایەتی، بەڵام ھەر کە دەسەڵات و سامانیان کەوتە ژێر دەست، لە تاقیکردنەوە گەورەکە نەک ھەر ئیکمال نەبوون بگرە، راسبیش بوون.!
کێشەی گەورەی ئێمە کورد ھەر ئەوەیە بە عەقڵیەتک شرۆڤەی، دیاردەکانی چواردەورمان ئەکەین، چ لای خۆمان بێ یان ئەوپەڕی دونیا، قاڵبێکی دیاریکراو لە دەرئەنجام وەدەستدەخەین.
رونتر بدوێیین، گەر ( زیلنسکی ) لای ئۆکرانیەکان، سەرۆکێکی خەباتگێڕو رێزلێگیراوی ماندووی گۆڕەپانی جەنگ بێ کە ئەرکی سەرشانی بەباشی راپەڕاندووە، ئەوا ھەر ئەم سەرکردەیە گەر بێتوو لای خۆمان بوایە، رێگە خۆشکەربووین تاوەکو لە داھاتوودا ببێتە سەرۆکێکی دیکتاتۆر، لەبەر ئەوەی سەرۆکێکە خەباتی کردووە، میللەتی لە دەست ناحەزان و دوژمنانی کورد پاراستووەو رۆحی خۆی خستۆتە سەر لەپی دەسی لە پێناو رووبەرووبوونەوەی داگیرکاران.
ئێمە گەر بمانەوێ لە جیاوازی سەرکردەکانی کوردستان و ئۆکرانیا تێبگەین، پێش ھەرشتێ پێویستە لەو جیاوازیە تێبگەین کە تاکێکی ئۆکرانی لە تاکێکی کورد، لە تێڕوانینی بۆ سەرۆک و سەرکردە جیادەکاتەوە.
گەر خەسڵەتی ئەو جیاوازیانەمان بۆ رووننەبێتەوەو کاری لەسەر نەکەین، ئەوا ئەو کاتە (بە وێنا کوردەکەی) بەرگری ئۆکرانیەکان دەبێتە ماڵوێرانی بۆیان، ھەروەک خەباتی سەرۆکەکەشیان ئەبێتە ئەو قەوانە سواوەی لەھەر چرکەو لە ھەر سەعاتێکدا بە گوێی ھاوڵاتیانی خۆیدا بداتەوەو شەرعیەتی دیموکراسی بخاتە ژێر پێی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و موقاوەمەتی بەرەکانی جەنگ.