چۆن هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین ؟!

محەمەد خۆشناو
  2023-07-29     201

هەرگیز هەرێمی کوردستان ئەو لاوازیەی ئێستای بەخۆیوە نەدیتووە و ، هەموو ئەوانەی داوای ڕادەستکردنی نەفت و داهاتی هەرێمی کوردستان بە تڕەکەلەکێک کە ناوی عێراق-ە دەکرد ، گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە هەرێمی کوردستان لاواز بووە  ، دیارە مەبەستیشیان هەر ئەوەبوو ، کە مەرامی ناحەز و دوژمنانی کورد بێننەدی ، زۆرینەی خەڵکیش هەر ئەوەیان دەویست ، چونکە متمانەیان بەو دەسەڵات و حزبانە نەماوە و هەست بە نادادی دەکەن و زۆر تووڕەن ، یان ئەوەتا دەبێت کورد هەستێکی  دەروونی پاشکۆیی«تبعیە» هەبێت و ، هەست بە بەرپرسیارەتی خۆی بۆ چارەنووسی نەکات و ، پشت بە خەڵکانی دیکە بۆ خواردنی منداڵەکانی و ڕەسمکردنی ئایندەی ببەستیت !!

ترسناکترین پەتا کە بەدرێژایی مێژوو دووچاری کورد بووبێت ئەو پەرتەوازیی و لێکدابڕان و ئامادەنەبوون کە کەسێک بکەنە برا گەورەی خۆیان ، خۆزگا ئەم پەرتەوازەیی و پەرشوبڵاویەی کورد دوا ئەلقەی زنجیرەی تەدمیرکردنی کورد بۆخۆیان بێت !! ئێمە پێویستیمان بە ڤاکسینێکی ڕێگریکردن لە پەتای پەرتەوازەیی هەیە کە ئەویش ڤاکسینی هۆشیاریە ، مەبەستمان هۆشیاری سیاسی و تەعلیمی و چاکسازی ئایینی…هتد نیە ، بەلکە هۆشیاری بۆ« دەروون»ی خۆمان ، پێش هۆشیاری بە ئەوانی دیکە و ئەوانەی لە دەوروبەرمانن ، ئاسایشی ڕاستەقینەی نەتەوەیی بریتیە لە هۆشیاری و کلتووری گەلان ، تەبعەن ناحەزانی کوردیش ڕۆلی خۆیان لەو پەرتەوازییە هەیە ، سەد ساڵ زیاترە ئینگلیزەکان گووتویانە «پەرتکە و زاڵبە- فرق تسد » و ئەمە سەد ساڵە ئەم ئامرازە جەهەنەمیەمان لەگەڵ بەکار دەهێنن ، بەڵام زۆربەی هەڵە و خەراپیەکان خۆمانین ، هۆکاری سەرەکی پێشکەوتنی گەل و وڵاتان ئەوەبووە کە دوای نسکۆ و شکست و ناخۆشی و لاوازی هەستاون بە مەراجەعەکردن و بەخۆداچوونەوە ، بەمە وڵات و گەلەکانیان هەڵستاندەوە ، «ماو تسی تۆنگ» کە دامەزرێنەری کۆماری چین-ە و ڕەمزی ئەو وڵاتەیە ، بەڵام لەسەردەمی خۆیدا هەندێک هەڵەی کرد كە ئەو وڵاتەی بەرەو برسێتی و قاتوقڕی برد کە ملیۆنەها کەس لەبرسان مردن ، بەڵام کە «دینگ تشیاو پینگ» هات بە ئامراز و شێوازی کارکردنی« ماو»دا چووەوە و ، ئەو وڵاتە وابوژایەوە کە ئێستا بەرەکەی دیارە….ساڵی 1975 جەنگی ڤیەتنام کۆتایی هات کە 20 ساڵ بەردەوام بوو ، ڤیەتنامی بە هەژارترین وڵات لەسەر زەوی جێهێشت ، وڵاتێکی برینداری هیلاک کە دووچاری نەبوونی  و داچۆڕانی سەرچاوەکانی بوبووەوە و ، ئەم وڵاتە نە نەفتی هەبوو نە هیچ ، بە بازاڕی ئازاد و کردنەوەی بواری وەبەرهێنان گەیشتە وڵاتێکی داهات مام ناوەند لە جیهاندا…..ئیسپانیا لە ساڵی 1939 لەجەنگی ناوخۆ دەرچوو و « فڕانکۆ»ی دیکتاتۆر بە ملشۆڕی چووە پاڵ سەربازگەی نازی فاشیستی هیتلەر و مۆسۆلینی « چونکە لە شەڕی ناوخۆ یارەمەتیان دابوو » ، بەمە ئیسپانیا پێگە نێودەوڵەتیەکی لەگەڵ هەردوولا دۆڕاند ، بەڵام فڕانکۆ وەرەقەکانی خۆی لەسەر یەک دانا و بانگی پسپۆر و شارەزایانی وڵاتەکەی کرد و لێی پرسین چۆن دەتوانین ئەو وڵاتە لەژێر ئاستی هەژاری هەڵسێنینەوە کە هیچ سەرچاوەیەکی سروشتی یان پیشەسازی گەورەی ئەوتۆی نەبوو پشتی پێببەستێت  ؟! ، تەنیا بە گەشتوگۆزار ئەو وڵاتەی گەیاندە ئەو ئسپانیایەی ئێستا دەیبینین ، گەشتوگوزار پیشەسازیە و بنچینەیە و ئەگەر بەباشی بەکاربهێنرێت ئەوکاتە دەتوانێت داهاتەکەی کێبڕکێی نەفەت بکات…..«ڕواندا »  خاکێکی بچووک کە سەدان ساڵە دوو قەبیلە پێکەوە دەژیان ، بەڵام بلعاتەکانی کۆڵۆنیالزم لە « پەرتکە زاڵبە»  ئەو دوو قبیلیەی دووچاری جەنگێکی ناوخۆ کرد  کە لە میژووی نوێ زۆر دڕندە بوو ، کە لە ساڵی 1995 کۆتایی هات و زیاتر لە ملیونێک و سەدان هەزار کەس کوژران ، ڕواندا لە ڕێگەی وەبەرهێنان و تەحویلکردنی ئابووری کشتوکاڵی بۆ ئابووری مەعریفە لەمیانی پێشخستنی تەعلیم و تەکنۆلۆژیا و پەیوەندیەکان گەیشتە ئەو وڵاتەی کە پێی بڵێن سەنگاپورای ئەفریقیا ، پسپۆری ئابووری ڕواندی « کلیت نییکزا» دەڵێت ( بۆئەوەی دەوڵەتێکی سەرکەوتوو دروستبکەی پێویست بەوە ناکات سەرلەنوی تایە دابهێنیەوە ، بەڵکە ئەوە بەسە سوود لە ئەزموونی ئەوانی دیکە وەرگریت ) .

هەموو ئەو ئەزموونانە و ئەزموونی تر ئەوەمان پێدەڵێت ، کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بە بەخۆداچوونەوە و دەستنیشانکردنی هەڵە و کەموکوڕیەکان و گەڕاندنەوەی متمانە بە هەر نرخێک بێت بەو گەلە هەیە و ، زۆر پێویستە و کاتیەتی دایەلۆگێکی نیشتیمانی گەورە  بەروحێکی سەردەمیانە بە ئامادەبوونی پسپۆر و شارەزا و ڕۆشنیران و کەسایەتی نیشتیمان پەروەر و حزب و لایەنەکان لە سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان ببەسترێت  ببێتە چەترێک و گۆڕەپانێکی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارە بۆ کێشە و گیروگرفتەکان و داننان  بەو هەڵانەی کە کراون و ئەمە ببیتە وەسیقەیەکی گرنگ کاری لەسەر بکرێت .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×