ملیۆنێرەکانی ئێمە رقیان لە کتێبە!

محەمەد خۆشناو
  2021-12-26     637

لە ڕاپۆرتێدا خوێندمەوە کە « بیل گیتس»ی ملیاردێری ئەمەریکی و دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ، پێش کۆتایی هاتنی ئەم ساڵە«5» کتێبی هەڵبژاردبوو بۆ خوێندنەوە ، ( هەزار عەقل…ڕامانێکی نوێ بۆ زیرەکی) ی نوسەر جیف هۆکینز و ( کلارا و خۆر)ی نوسەر کازوایتشیجۆر و (پڕۆژەی هیل ماری) ی نوسەر ئەدی وێر…. هتد ئەم ملیاردێرە هەر بایەخ بەخوێندنەوە نادات بەڵکە خۆی و سامانەکەی و ژنەکەی پێش جودابوونەوە هەمووی تەرخانکرد بۆ کاری خێرخوازی بەتایبەتی چارەسەرکردنی نەخۆشیە درمیەکان و لێکۆڵینەوەی زانستی….« جیف بیزۆس» ی دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمەزۆنی بەناوبەنگی بازرگانی ئەلکترۆنی کە بۆماوەیەکی زۆر جێبەجێکاری بوو و وازی هێنا و خۆی تەرخانکرد بۆ کاری خێرخوازی و مرۆیی لە وڵاتەیەکگرتووەکان و شوێنەکانی تر ، هەر لەوکاتەی ئەو پیاوە وازی لەو کارەی هێناوە ،  بەودەست و ئەو دەست و بەوپەڕی دەستکراوەییەوە بەهەموو لایەکدا دەبەخشێت و ، تا ئێستا «600» ملیۆن دۆلاری بۆ کاری خێرخوازی بەخشیوە وەک ئەوەی هەر مانگێک «100»ملیۆن دۆلار ببەخشێت ، بەڵام بیزۆس لەخۆڕا و بەهەڕەمەکی و بێ ئامانج نابەخشێت ، بەڵکە بەخشیویەتیە ئەو دامەزرا و ناوەندانەی کە لەخزمەت مرۆڤایەتی و جیهان و ئایندەی گەنجانە… هتد واتە پارەکە بۆ شتێکی دیاریکراوە ، ئەو ملیاردێرانەی خۆرئاوا پێیان وایە کە دژایەتی لەنێوان تەکنۆلۆجیا و خوێندندا نیە بەڵکە پەیوەندیەکەیان تەواوکەری یەکترین ، ئەگەر ڕۆشنبیری و زانست نەبان تەکنۆلۆجیا نەدەبوو ، ئەم ملیاردێرانە زۆر دەخوێننەوە خوێندنەوە لەوێ کلتووە  ، بیل گیتس هەر کتێبێکی هەلیدەبژێرێت بۆ خوێندنەوە بۆ ئەوەیەتی تا ئەوانی تریش بیخوێننەوە.
وەرە سەیری جیاوازی گەورەی نێوان ئەوانە و ملیۆنێر و ملیاردێرەکانی کوردستان بکە ، ئەوانی ئێمە حەزیان لەخوێندنەوە نیە تەنها خەریکی کۆکردنەوەی« دینار» و گەورەکردنی کەرشی زگیانن ، ئەمن هەندێک ملیۆنێر دەناسم نەک یەک کتێب بەڵکە ڕۆژنامەیەکیشی نەخوێندۆتەوە ، دوا سەردەمی کتێبی ئەوان هی ساڵانی خوێندن بووە ، هەیانە دەڵێن کتێب چیە و سوودی چیە؟ و سەردەمی کتێب ڕۆیی و بەسەرچوو!؟ بەڕاستی ئەوەی ئەو بڕوایەی هەبێت نەزان و دواکەوتووە و هەرواش دەمێنێتەوە ، ئەوەش دەبینین کە دامەزرێنەری مایکرۆسوفت دەخوێنێتەوە و بەدواداچوونی هەیە و بەتەنگەوەی هەڵبژاردنی کتێبی دەگمەنە بۆ خوێندنەوە ، خۆزگە کەمێکیش بێت ملیۆنێرەکانی ئێمەش ڕێگەی ئەویان گرتبابەر و ، خوێندنەوە و ڕۆشنبیری و هونەری بەرز بڵاوبکەنەوە نەک هەر ئازابن لەوەی مزگەوت دروستبکەن بۆ ناو ، یا بەشداربن لەبەرزکردنەوەی هۆشیاری زەوقی گشتی لەجیاتی شتی هیچوپوچ و بێکەلک.
ئێمە پێویستیمان بە شۆڕشێکی ڕاسەقینەی هۆشیاری هەیە بۆ گۆڕینی چەمکەکان و بیرچڕکردنەوە بۆ سەروەری قانون و بڵاوبوونەوەی ڕۆشنبیری و خوێندنەوە و هونەر و مۆسیقا و گۆرانی و شایی و سەما ، کە ئەمانە گەنجانمان لە تیرۆر و بیری تووندڕۆیی ئایینی دەپاریزێت و کەسێکی بەهێزی لێدروست دەبێی و ئایندیەکی ڕۆشن و پێشکەوتوو دەبەخشێتە کوردستان ، ئەمە ئەرکی وەزارەتەکانی ، پەروەردە ، فێربوون ، رۆشنبیری ، ئەوقاف و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریە ئەگەر بیانەوێت کوردستان بکەنە مەشخەلی پێشکەوتن و مەدەنی و هاوچەرخێتی!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×