مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە!!

محەمەد خۆشناو
  2020-12-20     556

دەستەواژەیەکی بەناوبانگ هەیە ، کە لەگەل هەلکشانی بیری مارکسیەت بلاوبووەوە ، کە دەلێت:«مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە» 
لەراستیدا مێژوو خۆی دووبارە ناکاتەوە ، بەلکو ئەوە ئێمەین هەلەکانی رابردوو دووبارە دەکەینەوە و لێی فێرنابین و ، پاشان کەسێکی تر دێت هەلەکانی ئێمە بە رێگایەکی جیاوازتر دووبارە دەکاتەوە و دەگاتە هەمان ئەنجام ، بۆیە ئەمە مێژوو نیە کە دووبارە دەبێتەوە یان خۆی دووبارە دەکاتەوە ، بەلکە ئەوە ئێمەین دووبارە هەلەکان بە رێگایەکی جیاواز دروستیدەکەینەوە ، هەمیشەش دەگەینە هەمان ئەنجام.
ئەنشتاین- ی زانای گەورەی فیزیا دەلێت: خەلک هەمان کردار و، بەهەمان هەنگاو دووبارە دەکەنەوە ، نازانم بۆچی پێشبینی ئەنجامی جیاواز دەکەن... تەبیعی ئەنجامەکەش هەمان ئەنجامە.
ئەگەر ئێمە سەیری مێژووی زیاتر لە سەد سالەی خۆمان بکەین کە تێیدا ژیاین ، لەو میژووەدا زنجیرەیەک کەوتن و نشوستی و مالوێرانی سەردم لەدوای سەردەممان بینە ، درگیرکاری دوای داگیرکاری و ، دەسەلاتداری دلرەق و خوێنمژمان بینی جۆگەلەکانی جەهەنەمان بە چاوی خۆمان بینی ، پاشەکشەی بەردەوام بەرانبەر ئەو قوربانیانەی کە دامان و ، لە هەندێک وێستگە نەمانتوانی زیاتر بەرگە بگرین و ، کۆتایی بە تەسلیم بوون هات ، ئەو هەلانەی کە لە هەندێک قۆناغی ئەو مێژووە ئەنجامماندا دووبارەمان دەکردەوە لێرەوە مێژووی ئێمە دووبارە دەبووەوە ، ئێمە خۆمان دەکردەوە قوربانی خۆمان.
گەورەترین گیروگرفتی ئێمەی کورد ، لەوەدایە کە وانە و پەند لە هەلەکان وەرناگرین و ، بەخۆماندا ناچینەوە ، من باسی پرنسیپەکان ناکەم کە دەبێت بە جێگیری بمێنێتەوە ، بەلام سیاسەت دەبێت بە پێی زروفی شوێن و کات و ژینگەی کۆمەلایەتی و کەش و هەوای سیاسی بگۆرێت و ، نابێت سیاسەتمەدار کەسێکی دۆگما و داخراو بێت ، ئەسل لە ژیانی سیاسیدا ، ئەوەیە کە جار ناجار مرۆڤ بە هەلوێستەکانیدا بچێتەوە و ، دان بە هەلەکانی بنێت و ، داوای جۆرێک لە نوێبوونەوە بکات ، ئەو بەخۆداچوونەوەیە بوو چەندان گەل و ولاتی رزگار کرد... ئێستا دونیا دەروا و ، جیهانیش لە گۆراندایە ، گەردونیش بەردەوام لە حالەتی گۆرانکاری بەردەوامدایە ، هەندێک لەو گۆرانانە راستەوخۆ بە هەستەکانمان درکی پێدەکەین ، هەندێکی تر بەیارمەتی داهێنانە نوێیەکانەوە ، هەندێکی تر هێشتا درکمان پێنەکردووە ، چوونکە ئەو زانستەمان نیە کە تۆماری بکات و بیپێوێت... ئێمە لە هەموو کات زیاتر بەتایبەتی لەو دۆخە نالەبارەی عێراق ، پێویستمان بە گۆرانکاری و بەخۆداچوونەوە هەیە و ، موراجعەی ئەو هەلانە بکەینەوە کە کردوومانە ، عەیب نیە مرۆڤ بکەوێتە هەلەوە ، عەیب ئەوەیە کە تووشی بوویت چاکی نەکەیتەوە ، بێ بەخۆداچوونەوە بە بەردەوامی«چاوێکمان لە بەهەشت و چاوەکەی ترمان لە دۆزەخ» دەبێت .
ئێستا ئێمە فاتورەی زولم لەخۆکردنی خۆمان دەدەینەوە ، هەموومان قوربانین ، بە پلەی یەک ئێمە دوژمنی یەکترین ، ئەدی ئەوە نیە کە تا ئێستا ناحەزی و رق و کینە لە یەکتری بیناقاقای گرتووین ، وەک ئەوەی دوژمنی یەکتری بین ، زروفی ئێستا زۆر هەستیار و خەتەرناکە بۆ ئێمە ، زروفێک هاتۆتە ئاراوە ئەگەر پشت بە خۆت نەبەستی لەناو دەچیت... پسپۆرانی پەیوەندیەکانی نێودەولەتی و بارودۆخە ئیقلیمیەکان تێبینی ئەوەیان کردووە ، کە شەهیەی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرانبەر خۆرهەلاتی ناوەراست کەمتر بووە لەوەی پێشتر ، وایلێهاتووە بیر لە ناردنی هێز بۆ دەرەوەی سنوورەکان بە پێی پێوەری دیاریکراو و هۆکاری بەهێز نەکەنەوە ، زەمەن گۆراوە و ، نەخشەی سیاسی جیاواز لەوەی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو و هەیبوو ، بایەخی پیترۆل لای ئەمەریکیەکان پاشەکشەی کردووە و ، هەروەها ئاسایشی ئیسرائیل زیاتر مەزمونتر بووە لەجاران ، بۆیە وەزعەکە جیاوازترە لە جاران و کارەکان گۆرانیان بەسەردا دێت و ، کورد پێویستە بۆ ئەو قۆناغە خۆی ئامادە بکات و یەکریزیەکی بەهێز و ئاورلێدانەوەیەکی خەمخۆر و دلسۆزانە بۆ ئێش و ئازاری بژێوی خەلک بداتەوە و دەست بە چاکسازیەکی راستەقینە بکات ، ئێمە دەبێت خۆمان ، خۆمان هەلسێنینەوە ، خۆمان پالپشتی لە خۆمان بکەین.
ئەوە کەی بوو ، حالەتی پلینگانی ئاسیا چاکبوونەوەی بەخۆوە بینی ، ئەمە ئەو کاتە بوو ، کە شەر و کوشتاری نێوانیان راوەستا و ، خۆیان تەرخانکرد بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتن و وەبەرهێنان ، کە« پۆلپۆت» ی سەرۆکی خەمیری سوور لەسەر جێگا مرد ، کە تاوانبار بوو بە کوشتنی ملیۆنا کەس ، «نۆردەم سیهانۆک» ی پاشای ئەو ولاتە بە روحی تۆلەسەندنەوە لەگەلی هەلسوکەوتی نەکرد و ، لەسەرۆکی حکومەتی ئەو ولاتەیان پرسی ، بۆچی سزاتان نەدا؟ وەلامی دایەوە ، لەبەر خاتری کەمبۆدیا هیچمان لێنەکرد... لە باشووری ئەفریقیا ، نیزامی« ئاپارتاید- جیاوازی رەگەزپەرستی»بەسەر رەشپێستەکانی ئەو ولاتە لە سالی«١٩٤٨تا ١٩٩٣» بەردەوام بوو ، کە چی نەما بە رەشپێستەکان نەکەن ، لەگەل هەلبژەردنی ١٩٩٤ و سەرکەوتنی« نیلسۆن ماندێلا» ئەو قۆناغە کۆتایی هات...ولاتێکی بچووکی وەکو رواندا ، لە سالی دوای نەوەدەکان ، شەر و کوشتارێکی گەورە لەنێوان هەردوو قەبیلەی«هۆتۆ» و« تۆتسی» روویدا ، یەک ملیۆن کەس زیاتر کوژران ، کە زۆربەیان سەر بە کەمینەی تۆتسی بوون ،  بەلام لەسەر دەستی«کاگامی» سەرۆکی ئەو ولاتە تەجریمی شەری ناوخۆ کرا و ، « رواندا» ی ولاتی خنکێنرا و دواکەوتوو و ماندووی شەر ، لە لۆژیکی لەناوچوونەوە گەیاندە پێگەی پێشەنگی ولاتان ، ئێستا بەو ولاتە دەلێن« سەنگافورای ئەفریقیا».
ئێستا ئێمە ، نە نیزامی ئاپاریاید- مان هەیە ، نە کەمبۆدیا و نە روانداین کە چەندان ملیۆن لەیەکتری بکوژین ، بۆ بەخۆماندا ناچینەوە و واز لە ململانێی حزبایەتی تەسک کە باوی نەماوە ناهێنین و ، بگەرێینەوە باوەشی گەلەکەمان و ، چیتر لە چاوەروانی گۆدۆی شۆڤینیانەی بەغدا نەبین کە لە تەسلیم بوون زیاتر چترمان پێ رەوا نابینن ، با سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەست لەناو دەست ، وەرەقەی موزایەدەکردنی سەرکردە شیعەکان  بەرانبەر بە خەلکی کوردستان ، لەبەردەم هەموو خەلکی عێراق-دابسووتێنن‌و بەسەربەرزی بەرانبەریان راوەستن.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×