ئەو دونیایە بەرەو کوێ دەروات!

محەمەد خۆشناو
  2021-05-16     689
ئێمە ئێستا لەسەردەمێکدا دەژین ، سەردەمی جەنگی ڤایرۆسات و رۆبۆت ، ماوەیەکی تر ویلێدیت زیرەکی دەستکرد و رۆبۆت جێی ئیش و کار و وەزیفە دەگرێتەوە و ، سروشتی دەوروبەرمان لە گۆراندایە و نازانین دەگاتە کوێ! ئێمە ئەمرۆ لەبەردەم سەردەمێکی نوێی تۆقێنەر داین و ، رۆژانە جۆری تاوانی وامان گوێ لێدەبێت ، کە ناچاربین بلێین ، ئایا بەراستی هەرەسی ئەخلاقی لە هەرێمی کوردستان روویداوە؟ دوێنی لە هەوالێکدا بلاوکرایەوە ، کە لە چەمچەمال برایەک ، برایەکی خۆی کوشتووە ، پێشریش بلاودەکرایەوە ، کە کور باوکی خۆی کوشتووە ، مێرد ژن دەکوژێت یا کور دایکی کوشتووە ، لە هەمووی تال و ناخۆشتر ئەوەیە ، کە ئەم دیمەنە جەرگبرە ، بە مۆبایل وێنەی دەگیرێت ، مۆبایل بۆتە شەیتان و هەست و سۆزی مرۆیی نەماوە و ، لە زەمەنێکی وشک و برینگی واداین ، کە دلنیا نیت لەوەی ، کە تۆ لەگەل برادەرێکت دای یا لەگەل کەسێک قسە دەکەیت ، یەکسەر قسەکانت تۆمار بکات ، یا وایلێهاتووە ، کەسێک لەبەردەمتدا بکەوێت ئامادەنیت یارمەتی بدەیت  ، ئەم تێکچوونی رەوشتە رەنگی دواوەتەوە سەر شێوازی ئاخاوتن و هەلسوکەوتیش ، ووشە جوانەکانی ، بەیانیت باش یا رۆژ باش نەماوە ، وەرە سەیری  رەفتاری دوژمنکارانەی هاژووتنی ئۆتۆمبێلی هەندێک کەس بکە!
کۆمەلگەی ئێمە بەزەیی و مرۆڤایەتی وونکردوە و ، ئەو تاوانانەی باسمانکرد نوێیە و پێشتر لە کۆمەلگەی کوردستانی نەبوو و حالەتێکی نامۆ و غەریب بوو لەکن ئێمە ، خەلک بە نیگەرانیەوە دەروانێتە جۆر و ژمارەی ئەو تاوانانەی کە روودەدن ، کە پێویستی بە هەلوەستە لەسەر کردنە ، کە ئایا لەبەر دۆخی خەراپی ئابووریە ، یان بلاوبوونەوەی مادەی هۆشبەرە ئەم تاوانەنە روودەدەن، کە هۆش و ویژدان ناهێلیت و دەتبات بەرەو تێکدان و کاری دۆژمنکارانەی وا ترسناک ، کە بلێی ئێمە بەرەو مایەپووچبوونی روحی و دامالینی مرۆڤ لە بەها و پرنسیبەکانی مرۆڤ دەرۆین ، لە راستیدا تەکنۆلۆجیاش ، سەرەرای سوودەکانی بۆتە مایەی هەلوەشانەوەی خێزان ، کە ژیانی خێزانی سار و سر کردووە و ، پەروەردە لە قووتابخانە و مزگەوت و کەنیسە و بەرنامەی تەلەفزیۆنی کە بەرپرسە لە کۆعەقلی خێزان بوونی زۆر لاوازە.
ئەو دیاردە کۆمەلایەتیە سلوکیەی ، کە ئێمەی گەیاندە ئەو حالەتی دەروونی و سلوکی ، داوای ئەوەمان لێدەکات ، کە بەدوای چارەسەرێکدا بگەرێین ، چوونکە واخەریکە ئەو نەخۆشیە بەدفەرە تەشەنە دەکات و ، ناوە ناوە قوربانی نوێ و تاوانی ترسناکتر روودەدەن ، بۆیە دەبێت هەموو لایەک و ئەوانەی ترسیان لە ئایندە و نەوەکانی ئایندە هەیە بکەونەخۆ و ، هەر لە سنووری سزای قانونی یا چارەسەری ئەمنی رانەوەستێت ، بەلکو پێویستی بە هەلمەتی هوشیارکردنەوەی سەرتاسەری هەبێت ، بەتایبەتی خێزان رۆلی سەرەکی دەبینێت ، بەوەی خێزان دروستکەری مندال و پەروەدەکاری نەوەکان و هەلگری بەها باشەکانە، بەمەش دەتوانریت نەژادێکی باش ئامادە بکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×