1400

محەمەد خۆشناو
  2020-10-27     938
"لە 1400 سالەوە... لە چۆلەوانیدا دەژیان... شەوانیان بە داگیرسانی زەیت و دارچیلکە رووناکدەکردەوە. لە 1400 ساڵەوە ژیانیان لەسەر شوانکارەیی و بازرگانی بوو... لە غەزەواتەکاندا لەگەڵ یەکتری بەشەڕ دەھاتن... دەجەنگان... سەری یەکتریان دەبڕی... ژنیان لەیەکتری دەخواست.
1400 ساڵ لەمەوبەر چیرۆک و ژیننامە و گوفتار و دەقەکانیان بۆ جێھێشتین، گووتیان ئەمانە موقەدەسن و، بەوانی پێش خۆشیان گووت. 1400 ساڵ لە ساختەکاری... و پێویستە بروا بە ھەموو ئەوەی بۆمان ماوەتەوە بکەین... ئێمە بەچاوی خۆمان ساختەکارییەکانی ئێستە دەبینین.
دوای 1400 ساڵ پێویستە لەسەرمان وەکو ئەوان بیر بککەینەوە.... وەکو ئەوان جل لەبەرکەین... ئەو شەڕانە بکەین کە ئەوان دەیانکرد... وەک ژنھێنانی ئەوان ژن بھێنین...
1400 ساڵە... . چیان گوتووە لێکی دەدەینەوە... لەبەرچی گوتوویانە... ئەوان مەبەستیان چی بوو.
 1400ساڵ لە بەردبارانکردنی شەیتان... ھەر شەیتانەکان لە وڵاتی موسوڵماناندا لە زۆربووندان..."
ئەمە بەشێک بوو لە ووتاری شاعیری گەورەی سوریا (محەممد ماغوت).
ئەوەی کە ماغوت باسیدەکات، تا ئێستا لەنێوماندا بوونی ھەیە. ئەی ئەوە نەبوو چەند رۆژێک لەمەوبەر مامۆستایەکی مێژووی فەرەنسایی بە دەستی گەنجێکی توندرۆیی شیشانی سەربردرا؟! بێگومان مودەریسی مێژوو ھەڵەی کرد، کە سووکایەتی بە پێغەمبەری گەورە کرد، بەڵام دەکرا ھەڵەکە بە دەیان رێگەی تر چارەسەر کرابا! نەک بچی سەری ببری یا لە شەقام و شوێنێکی تر بیکوژی!
ئەگەر ئێستا پێغەمبەر زیندووبا و زانیبای کەسێک سووکایەتی پێکردووە، ھەرگیز داوای کوشتنی لە کەسەکە نەدەکرد و، ھەرگیز بەو شێوازە ماملەی لەگەڵدا نەدەکرد. کەواتە کێنە ئەوانەی لەپشت ئەو تیرۆر و توندووتیژیە ئاینیە دان؟
ھەموومان بە ئیسلام و مەسیحی و یەھودی وئاینەکانی ترەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان سۆزی ئاینی و روحیمان ھەیە، بەڵام کە سۆزی ئایینی لە دەرەوەی چوارچێوەی ئایین بەکار ھات، ئەمە بەرچاو تاریک دەکات و، وامانلێدەکات ببینە کۆمەڵە کەسێکی دەمارگیر (متعصب).
کانت-ی فەیلەسوفی ئەڵمانی بەم شێوەیە وەسفی دەمارگیر دەکات کە: "ئەو کەسەیە وا دەزانێت راستی رەھای لەکنە، ئەوەیە کە تامەزرۆی سەرکەوتنی عەقیدەکەیەتی بەسەر عەقیدەی ئەوانی تردا و، ئەو کەسەیە- لەکاتی پێویستدا- تامەزرۆی پەنا بردنە بەر توندوتیژی ھەیە بۆ تێکشکاندنی بڕوای ئەوانەی دی".
لەزۆربەی باردا دەمارگرژ ئسولیە جا ئەگەر موسلمان بێت یا مەسیحی یا یەھودی. ئێمە دەبێت جیاوازی لەنێوان دوو شت بکەین، تاوانێکی سیاسی کە توندڕەوی کوێری ئایینی و دواکەووتوێک لە پشتی وەستاوە و، ئیسلام بە وێنە نموونە بەرزەکەی و مرۆییەکەی کە قبولی ئەوە ناکات کەسێکی بێوەی بکوژرێت.
دیارە کە ئەوەی لە پشت ئەوانەوەن و، ئەو سۆزە ئایینییە پاکەی گەنجان دەقۆزنەوە و دواجار مێشکیان دەشۆنەوە و کوشتنیان بۆ دەرازێننەوە، ئیسلامی سیاسی- یە، کە رۆلێکی تێکدەرانە لە بواری ئایینی و سیاسیدا دەگێرن... ئەوە ئەمانەن شارستانیاتی بیابانیان ھەناردەی ئەوروپا کرد...
دونیای ئێستا جیھانی زیرەکیی دەستکرد و شۆرشی دیگیتالی- یە، مانگێک لەمەوبەر کۆمپانیای نیورینک راستەوخۆ تاقیکردنەوەیەکی بۆ جیھان گواستەوە، ئەویش تاقیکردنەوەی سەرکەوتنی دانانی تلیشەیەک بوو لەناو میشکی بەرازێکدا، کە چالاکیی خانە دەماریەکان پێشان دەدات. واتە چوونە ناو قووڵاییەکانی مێشک و، تۆمارکردنی چالاکی و پێشبینیکردنی رەفتارەکانی بەرازەکە، ئەمە لە ئایندەدا لەوانەیە بگوازرئتەوە بۆ مرۆڤ- یش... کەچی تازە بەتازە خەریکی باسکردنی ئەوەین کە بە کامە پێ بچینە ئاودەست؟
خوای گەورە ئایینەکانی بۆ ئەوە دابەزاندوە تا ژیانی خەڵک رێکبخەن و، ھانیان بدەن بۆ داد و یەکسانی و سۆز بە یەکتری کردن، بۆ ئەوەی ھێناوە تا رێگایان بۆ رووناک بکاتەوە، نەک بۆ ھێز کە بەروەرووی ھەموو ئەوانەی بکەنەوە کە لەگەڵیان جیان. یەکەمین گیرووگرفتی ولاتانی دواکەوتووی جیھان ئەگەر مەسیحی بێت یا موسڵمان یا هەر ئاینێکی تر، ئەوەیە کە تا ئێستا زۆرینەی خەڵکەکەیان لەگەڵ دەسەلاتدارانیان بروایان بەوە نیە کە ئایین لە دەوڵەت جیابکرێتەو، کە ئەمە بەردی بناخەی پێشکەوتنی ئەوروپا بوو... جوداکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت زەرورەتێکە بۆ دەرچوون لە دواکەوتوویی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×