کار لەنێوان ساختەکردن و ڕاستگۆییدا!

محەمەد خۆشناو
  2022-03-26     408

مرۆڤ جۆرەهان هەیانە خەسڵەتی خراپی هەیە وەکو : ئەنانی ، ساختەچی ، دووزمان ، هەڵپەرست ، دووڕو ، مشەخۆر ، فریودەر ، درۆزن ، ئاژاوەگێڕ…هتد ، هەشیانە خەسڵەتی باشی هەیە وەکو : ئازا ، نەجیبزادە ، مەرد ، ڕاستگۆ ، سەڕاست و ئەمین و چاکەخواز و یارمەتیدەر…هتد ،  جۆری دیکەش هەن بایەخ بەهیچ نادات تەنها بەرژەوەندی خودی خۆی و دەستبەسەراگرتنی مافی خەڵکی دیکە و قۆستنەوەی فورسەت بۆ لێدانی بەرانبەری لەپێناو بەرژەوەندی خۆی ، مرۆڤ وەکو لۆگۆی بازرگانی وایە ، هەموو شتێک لۆگۆی بازرگانی هەیە ، مرۆڤی ڕاستگۆ لۆگۆیەکی باشی بازرگانیە کە بەتەنگ ناو و ناوبانگەکەیەتی لەوانەیە تۆ جیاوازیت لەگەڵ ئەو مرۆڤەدا هەبێت ، بەڵام ناچاریت ڕێزی بگریت چونکە ئەو ڕاستگۆیی خۆی هەیە ، بەڵام هەندێک مرۆڤی دیکە هەیە ناتوانیت پێیان بڕوابکەیت ئەگەر ڕاستیش بڵێن وەکو نموونەی یەکەم و سێیەم ، جێی بڕوا نین و دیمەنەکەی و ئەو پۆستەی کە بەڕێوەی دەبات هەڵتناخەڵەتێنێت ئەمانە زۆرینەن.
 

چین و توێژەکانیش جۆرەهان ، مامۆستا هەیە کە وانە دەڵێتەوە دەڵێی سوغرەی پێدەکەن و بایەخ بە وانەکە نادات و لەکۆڵ خۆی دەکاتەوە ، مامۆستاش هەیە بەهەموو سۆز و لەدڵەوە وانەکە دەڵێتەوە ، لەکن ئەو وانە پەیامێکی پیرۆزە لەسەرشانی دەبێت جێبەجێی بکات و ئەو وەڵامی بانگەوازی ویژدانی دەداتەوە.

 

جووتیار هەیە بەڕەوشت پەروەردە بووە و بەسەڕاستی کار دەکات هەتا ئەگەر لەکێڵگەکەشی دابێت و ، جووتیاریش هەیە لەجیهانێکی دیکە دایە کەمتەرخەم و تەوەزەلە.
 

لە جیهانی وەزیفەشدا لەناو دەسەڵات یا لە دەرەوەی دەسەڵات هەمان شتە ، تۆ زۆر بەئاسانی دەتوانیت جیاوازی لەنێوان ئەو کەسەی کارەکەی خۆی بەشێوازێکی ڕۆتینی بێئەوەی خواستی چاککردنی هەبێت بکەیت لەگەل ئەو کەسەی دیکە کە ئەرکەکەی خستۆتە سەرشانی و وەک پەیامێکی مرۆیی و ئەخلاقی و پابەندبوونێک کە لەسەر شانیەتی بەتەواوەتی جێبەجێی دەکات ، زۆر کەمن ئەو پزیشکانەی کە بەڕەوشت پەروەردە بووبن واتە پیشەوەرێکی مرۆیی بێت و پیشەکەی نەکردبێتە بازرگانی و ریکلام ، بۆ ئەندازیار و بزنسمان و دوکاندار و بە بازاڕکردن و کڕین و فرۆشتنیش هەمان شت ، زۆرن ئەو بازرگانە کوردانە کەلوپەلی خراپیان هاوردەی کوردستان کرد ئەوان گێیان لە ژینگە و تێکدان نیە و خەمیان تەنها کەڵەکەکردنی پارەیە ، وەبەرهێن هەیە جێپەنجەی لە گۆڕینی سیمای کوردستان لەدوورەوە دیارە ، وەبەرهێن و بزنسمانی زۆریش هەن تەنها خەمی قازانجە گوێی لە داڕمانی ژینگە و باڵاخانە و شەقام و سیمای جوان نیە…لەسەر ئاستی تاکەکەسیش ئەو کلتوورە نەخوازراوە بەدیدەکرێت ، ئەواتا تەمبەڵی لەنێوماندا بۆتە دیاردە  و حالەتێکە چێژ و خۆشی لێوەردەگیرێت ، تەمبەڵی بەرۆکی بیرۆکراتیەتی دەسەڵات و کۆمەڵگەیەکی بەکاربەری بێبەرهەم گرتووە ، زۆربەی کەس هەوڵدەدات بێ ماندووبونی عەقلی و دەروونی ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنیت ، خوێنکار دەیەوێت بێ خوێندن و ماندووبون سەرکەوێت و دەچێت قۆپیە دەکات ، کرێکار هەیە ئەگەر خاوەنکار لەوێ نەبێت لێی پاڵ دەداتەوە ، چەندان شێوازی قۆپیە هەیە کە ڕۆژانە لە مامڵەکردندا بەروەڕوومان دبنەوە ، ساختەی ئابووری ، ساختەی ئایینی ، ساختەی ڕۆشنبیری ، ساختەی سیاسی و ، هەموو مومارەسەیەک لەژیانماندا لەبەردەم ساختەدایە ، خەریکە بڵێم کۆمەڵگەی کوردی کلتوورێکی پێکەوەژیانی لەگەڵ ساختە و گەندەڵیدا هەیە و ، شوێنێک نادۆزیتەوە کە تووشی ئەو درمە پیسە نەبوبێتەوە کە خەریکە لەهەموو جەستەماندا بڵاودەبێتەوە.
 

ئەمە ئەو چیرۆکەی بیر هێنامەوە کە دەڵێت : وڵاتێک دەیویست دەزگایەکی گەورەی ترسناکی هەستیاری دەوڵەتە نەیارەکەی دابڕمێنێت ، توانیان پەیوەندی بە سەرۆکی دەزگایەکەوە بکەن و بەپارەیەکی خەیاڵی بەکرێیانگرت و لەیەکەم دانیشتن لەگەڵ بەکرێگیراوەکەدا داوایکرد کە ئەرکی ئەو چ دەبێت و بەچ ڕێگایەک زانیاریەکان بنێرێت؟  ئەوان پێیان گووت ، نامە ناردن لەنێوانماندا ناوێت و هەروەها پەیوەندیکردنی نێوانیشمان ناوێت و ، یەک شتمان دەوێت جێبەجێی بەکە و ئێمە پابەندین بە دانی پارەکە لە حسابێکی بانکیدا ،  ئەویش داوامان ئەوەیە کە بەحوکمی وەزیفە گەورەکەت، خەراپترین کەس و خەڵکانی نەشیاو و بێ ئاست لە پلەوپایەی هەستیار بۆ شوێنەکان هەلبژێرە و  ، ناوبراو هەرچی کەسی خەراپ لە گێل و تەمبەڵ و فاشیل و نەخۆش و گەمژە هەیە لە شوێنە هەستیارەکانی ئەو دەزگایە دایمەزراندن و خەڵکی بەتوانای تێدا نەما و دوای هەرچەند ساڵێکی کەم ئەو دەزگایە داڕما و دەوڵەتەکە ئامانجی خۆی بەدیهێنا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×