تارمایی ترس دەورەیداوین

محەمەد خۆشناو
  2021-11-27     668

هەر لەسەردەمی ئەفسانەی«قابیل و هابیل»وە ترس هەبووە و قۆناخ بە قۆناخ بەپێی سەردەمەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە ، ترس لە تووڕەیی سروشت و بومەلەرزە و لافاو تا دەگاتە ترسی مرۆڤ لە برای خۆی مرۆڤ و ، لەکن خوای ترس و برسێتی وەکو یەکن و ، لەقوئاندا دەلێت «الذي اطعمهم من جوع و امنهم من خوف».

کاتێک ترس دەبێتە قەدەری مرۆڤ و دڵەڕاوکێش دەبێتە سێبەری ، ئەوە هەستکردن بەدڵنیایی چارەنووس نامێنێت و ژیان دەبێتە دۆزەخ و توانای ئەوە لەدەستدەدات کە خەون و خۆزگە بەدواڕۆژێکی باش ببینێت ، کاتێک نشووستی و نائومێدی و خەفەت و هەستکردن بە ترس لەنادیاری ئایندە و پەستانەکانی ژیان کەڵەکە دەبن ژیان دەگاتە بنبەست و هەستەکان دەگاتە ترۆپی ئاهوبێزاری ، پەنا بۆ داروبەرد دەبات بۆ خۆڕزگارکردن لەو دۆخە بەئازارە ، کە یەکیان پەنابردنە بۆ کۆچ و هەڵاتنە لەو هەڕەشەیەی کە لەبوونی دەکات بۆ دەستەبەرکردنی پاروەنانێک و شوێنێکی ئارام و ، ڕێگای مردنێکی غەریب دەگریتەبەر ، خۆی بە سارای چۆلەوانی بێڕێگای سووتێنەر و شاخ وداخی بەستەڵەک و گەرداو و شەپۆڵی دەریای ترسناکدا دادەدات ، کە ڕۆژ نیە ئێمە ئەو شەپۆلە نەبینین کە چۆن جەستەی ئەو گەنجە هەڵاتوان هەڵدەلوشێت ، نازانم ئەو گەنجانە چۆن قبوڵی ئەوە دەکەن سوواری ئەو کەشتیە شڕوشەقانە ببن؟

تۆ لەسەر ئەو بەلەمانە هەموو ڕەنگ و ڕەگەز و زمانێک دەبینیت ، کورد ، عەرەب ، ئەفریقی….هتد ، هەریەک لەمانە تەسەوری ئەوە دەکات کە ئەو گەشت بۆ خەونی بەدەوڵەمەندبوون و زانست و شارستانیەت دەکات و ، کاتێک بەلەمەکەش نقووم دەبێت ڕوخساری دایکی بیر دیتەوە کە دەیبینێت و باوکیشی کە لەپشت شەپۆلەکانەوە بزر دەبێت. ئێمە لەبەردەم کێشەی پرسیارێکی گرنگداین: بۆچی گەنجان لە وڵاتانی خۆیانەوە هەڵدێن؟ ئەوان هەڵدێن لە هەژاری و نەخۆشی و دواکەوتوویی و جەنگی ناوخۆ و ناڕوونی پاشەڕۆژی خۆی و خیزانەکەی و نیشتیمانەکەی…قورسترین شت ئەوەیە کە لەترسان بێدەنگ بیت ، چونکە ئێمە دەتوانین مامڵە لەگەڵ هەموو شتەکان بکەین تەنها ترس نەبێت ، چونکە ترس دەبێتە هێزێکی ملهوڕو و دادپەروەریەکی لەخاچدراو. لەدێرزەمانەوە هاوڵاتی کورد لەناو قەڵایەکی ترس دایە ، بەجۆرەها ترس دەورەدراوە و ، کەس نەیتوانیووە ئەم قەڵایە ببڕێت و ڕزگاری بکات ، بۆیە لەهەموو شتێک دەترسیت ، ترس لەکوشتن ، لە نەبوونی ، نانبڕین ، ترس لە ترس ، لە زوڵم ، ترس لە ڕۆژانەی منداڵەکانی تا دەگاتە ترسی لە هەڕەشەی دوژمنان لە نیشتیمانەکەی و سەدان ترسی دیکە ، ئەمە ترس لە ترسە وڵات دەلەرزێنێت ، «فرانکلین رزفلت»ی سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا قسەیەکی هەیە کە دەڵێت ، هیچ شتێک ترسناکتر نیە لە ترس تەنها خودی ترسەکە نەبێت.

کاتێک ئەڵمانیا جەنگی جیهانی هەڵگیرساند و هەر دوای کۆتایی هاتنی جەنگ پەیمانی« ڤیرسا»یان پێئیمزا کرد ، لەو پەیمانە غەدر و زەرەرێکی زۆریان خستەسەر ئەو وڵاتە ، ئەو ستەمەی لێیکرا بریتیببوو لە: دابڕانی پارچەیەک لە خاکی ئەو وڵاتە کە هەندێکیان خستەسەر پۆڵەندا و بەشەکەی تریش خستراسەر تشیکۆسلۆڤاکیا و فەرەنساش هەردوو هەرێمی ئیلیزاس و لۆرین کە لەسەدەی هەژدەمەوە لەسەری ناکۆکن خستەسەر وڵاتەکەی و غەرامەیەکی 860 ملیار دۆلاریشیان خستەسەر ئەڵمانیا و ، ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ برسێتی و قاتوقری و قەیرانی ئابووری جیهانی ساڵی 1928 ، ئەم هەموو شتە ترسێکی گەورەی دا ئەڵمانیا و لەدۆخێکی سایکۆلۆجی و ئابووری خراپ دابوو ، ئەو ترس و ستەمە بوو وای لەو گەلە کرد لەپشت« هیتلەر»وە بوەستن ، جەنگی دووەمی جیهان هەڵگیرسێنن و ، ئەم جەنگە ئەڵمانیان دابەشکرد و ، لەترسی یەکبوونەوەی ئەڵمانیا بەدەیان رێککەوتنامە و بڕیار و پەیماننامە ئابڵوقە و گەمارۆیاندا تا توانیان لەچواچیوەی وڵاتانی ئەوروپی بەخۆیەوە بگرن. خەڵک خۆشەویستی یەکیان دەخات ، هەندێک جار بێزاری یەکیان دەخات ، هەندێک جار ترس یەکیان دەخات ، هەندێک جار تووڕەیی یەکیان دەخات ، ترس و تووڕەیی و خۆشەویستی بیانۆی خۆیان هەبێت یان نا ، لەهەموو حاڵەتەکاندا خەڵک لەدەوری ئەو هەستانە لەناوخۆیاندا کۆدەکرینەوە و وایانلێدەکات وەک یەک کوتلە وابن ، ستەم بوو ئەڵمانیای یەکخست کە لەپشت هیتلەرەوە بن ، ترس بوو هەموو گەلی ڕۆمانیای والێکرد ڕقیان لە تشاوسیشکۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە ببیتەوە و لەناوی ببەن ، دەڵێن ڕۆژێکیان پێیانگوتبوو ، خەڵک رقی لەتۆیە ، وەڵامی دابووەوە کە ئەمە لەکنەمن شتێک نیە تا ترسی من بە بەردەوامی دڵ و دەروونیان پڕ دەکات ، ئەمە بۆ شای ئیران و عێڕاق و لیبیاش هەمان شت بوو. لەسەرەتای نەوەدەکان لە رواندا جەنگێکی ناوخۆ لەنێوان دوو هۆز بەرپا بوو نزیکەی ملیۆنێک کەس زیاتر کۆژران و بەهەزارا کۆچیانکرد ، بەڵام سەرۆک« کاگامی» هات بەدوانزە ساڵ ڕواندای دواکەوتوو و جەنگ و کاولکاری کردە وڵاتێک کە پێی بڵێن سەنگاپورای ئەفریقیا. کەمبۆدیا جەنگێکی ناوخۆی بەسەرۆکایەتی پۆلپۆت کە نازناوی «برا ژمارە یەک» بوو بەخۆوەدیت ، لەسەردەمی حوکمرانی پۆلپۆتی کۆمۆنیستی توندرۆ کە سەرۆکایەتی خەمیرە سوورەکانی دەکرد سێ ملیۆن کەس زیاتر کوژران و نۆردەم سیهانۆکی پادشای ئەم وڵاتەی ناچار بەهەڵاتن کرد ، بەلام لەشەڕیکی لەگەڵ ڤیەتنامیەکاندا خەمیرەسوورەکان شکان پۆلپۆت لەسەر جیگا مرد ، لەسەرۆک حکومەتی کەمبۆدیایان پرسی بۆ نەتانکوشت؟ گووتی لەترسی کەمبۆدیا ، ئیستا ئەم ولاتە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ناوچەکەیە. بەداخەوە لە کوردستان خەڵک ترسی لە پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد و نەبوونی یەکگووتاری و یەکنەگرتنەوەی دامەزراوەکان و باڵادەستی دەستی حزب و دابەشبوون هەیە ، لەلایەکی دیکە نوخبەی دەسەڵات خۆی بەدوور گرتووە لە هاوڵاتی و دابڕانیکی تەواو لەنێوان هەردوولادا هەیە ، کۆمەلگا لەزۆر ئاستدا ئەمانە بە نامۆ لەخۆی دادەنێت ، ئەمەش بەکردەیی وای لە تاکی ئەم نیشتیمانە کردووە بترسێت و سەرهەڵگریت یا نارەزایی مەدەنیانە بە بەشدارنەکردن لە هەڵبژاردنەکان دەرببڕێت ، تاکە چارەسەر ئەوەیە کە حزبەکان لەگەل گەلەکەمان ئاشتببنەوە و ، بەخۆیاندا بچنەوە و ئامرازی نوێ لەجیاتی کۆنەکان کە لەگەڵ ئەو سەردەمەدا دێتەوە بەکاربهێنن و هەڵەکان ڕاستکەنەوە ، ئەمە موڕاجەعەبوو چین و رواندا و کەمبۆدیا ژاپۆن و ئەڵمانیا و دەیان گەل و وڵاتی دەرباز کرد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×