تیرۆری نەرم…تیرۆری ڕەق!

محەمەد خۆشناو
  2022-06-25     481

تیرۆر دوو مەودای هەیە ؛ مەودای مادی و مەودای هزری«الفكری» ، ئەم دوو مەودایە لە لایەن حزب و لایەن و گڕوپی ئاینی ڕادیکالی و پۆپۆلیستیەوە پەیڕەو دەکرێت ، بەدوانەی توخمی تۆقاندن و تێکدان دەناسرێن یەکەم :( « تۆقاندنەکە» تیرۆری هزریە ؛ « ترساندن/ نەرم») کە ڕێگە بۆ دروستکردنی ئایدۆلۆژیایەک خۆشدەکات کە جگە لەخۆی هەموو شتێک دووربخاتەوە ، دووەم : تیرۆری« تێکدان/ مادی« ڕەق» بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی تیرۆرستی ئەڵتەرنادیفی دەوڵەتی نوێ.
 

ئێستا جەنگی هزری زۆر ترسناک و کوشندەترە لەو جەنگەی کە بە چەک و کەلوپەلی قورسی سەربازی دەکرێت ، بۆئەم مەبەستە بوونی ئەنتەرنێت و دەزگای نوێ و پەیوەندیە سنووربەزێنەکان لە ئامرازەکانی تەکنۆلۆژیا و پەیوەندی نوێ یارمەتیدەری ئەو جەنگە هزریەیە کە بەشدارە لە گەیاندنی زانیاری بۆ مێشکی خەڵک لە هەر کوێیەک بێت ، کە هەندێک لەو هزرانە هەن لە نیشتیمان دەدەن و ، هەندێکی دیکە پڕنسیپەکانی ڕەوشت دەسڕنەوە ، ئەمە تیرۆری نەرمە وادەکات.
 

لێکۆڵینەوەکان لەسەر تیرۆر وایدەبینن کە تیرۆری مادی کارگەری ڕاستەوخۆی  لەسەر ژێرخانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و وڵاتان و کۆمەڵگاکان هەیە ، بەڵام زۆر کەس ئاگایان لە بایەخی کاریگەری تیرۆری فکری یان تووندوتیژی مەعنەوی کە « تیرۆری نەرم»ن نیە ، ئەم تیرۆرە بەدرێژایی کات و بەشێوەیەکی رێکخراو کار لەسەر دروستکردنی دۆخی هەستکردن بە ترس و تۆقاندن و دوودڵی و نەبوونی ئارامی دەکات ، کە ئازارێکی دەروونی وا دروستدەکات کەمتر نەبێت لە ئازار و زیانی تیرۆری مادی و ، ترسناکیەکەشی کەمتر نیە لە تیرۆری مادی ، ئەگەر تیرۆری مادی ئازاری ڕاستەوخۆی هەبێت ، تیرۆری نەرم بەپێی قسەکانی فەیلەسوفی بەناوبانگ« سلاڤۆی ژیژیک» پشت بە « هەموو شێوازەکانی ڕقلێبوونەوە » ی نامادی دەبەستێت بۆ دروستکردنی دۆخێک لە ترسێکی ڕێخراو و هەمیشەییدا لە میانی گومانکردن و بەکافرکردن و سەپاندنی نەزانی بەسەر تاکەکەسەکاندا،

دەتوانرێت تیرۆر لە مەودا مادیەکەیدا لەناو ببرێت بە خاپورکردنی مۆڵگەکانیان و کوشتنی سەران و چەکدارەکانیان ، بەڵام ئەگەر تیرۆری نەرم یا هزری هێشتا ئامادەبوو ئەوە هەڵدەستێت بە نوێکردنەوەی زیندووێتی تیرۆری مادی ، بۆیە پێویستی بە ڕیشەکێشکردنی تیرۆری هزری هەیە.
 

فەیلەسوفی ئەڵمانی «یۆگن هابرماس»«93» ساڵ لەوبڕوایەدایە کە ( جەوهەری تیرۆر لەسەر کۆتایی هێنان بە جەستەی ئەوەی دیەکەی جیاواز ناوەستێت ، بەڵکە لەسەر ڕیشەکێشکردنی ئەو جیاوازیە کە لەنێوان خەڵکدا هەیە دەوەستێت.. هەروەها لەسەر تواناکانیان بۆ مەمڵەکردن بە ئازادی و سەربەخۆیی ) واتە ڕیشەکێشکردنی تاکڕەویەکان «فردیە» و هاوڵاتیبوونەکەیان.
 

تیرۆری نەرم یا هزری ئەو خواستەیە کە هەوڵدەدات هزری خۆی بەسەردا بسەپێنێت و بەتۆپزی بیئاخنیتە ناو مێشکت ، ئەو هزرە دان بەوەی  وادێت  و ئەوەکەی دیکە دانانێت ، بڕوای بەوە هەیە ئەگەر لەگەڵ من بیت ڕێگەی ژیانت پێدەدەم ، بەڵام ئەگەر جیاواز بیت تۆ دوژمنی منی و جێگات لێرە نابێتەوە ، هزری تیرۆری تووندڕەو بریتیە لە یەکەم دوورخستنەوە«اقصا‌و» بەبیروهزرەکان ، پاشان دووەم بە چەک ، دوورخستنەوەی ئایینی بریتیە لە تووندترین و دڕندەترین و کاریگەرترین دوورخستنەوەکان ، تۆ لە کوردستان پێویستت بەوە هەیە منداڵێک دروستبکەیت ویژدانەکەی ئینسانی و کوردستانی بێت و ، نەک بارگاوی بکەیت بە بارگەی ئایینی و ئەمە بە جیهاد بزانیت ، وەزیفەی خوێندنگا ئەوە نیە خوێنکار ببەیتە بەهەشت یا بە دۆزەخ بیترسێنیت ، ئەرکەکەی ئەوەیە بیخەیتە ناو میحرابی زانست و هاوڵاتیبوون و داهێنان و دروستکردن و جوانی و بەرزەفڕی خەیاڵ ، بەتۆپزی پڕکردنی مێشکی منداڵان لە دایەنگە و ناو خێزان و کۆمەڵگا بە دەقی ئایینی و چیڕۆکە خوێناویەکان مانای دانانی تۆوی داعشە بەسەر خاکی هزری و روحی منداڵەکە کەئەمەش تیرۆری نەرم دروستدەکات .
 

لەڕاستیدا نابێت ئایین دووربخریتەوە و ناشبێت بەشێوەیەکی ڕەها رەتبکرێتەوە ، بەڵکو پێویستە ببێتە خۆراکێکی روحی نەک زۆرانبازی خوینگاکان و ، نەبێتە گێچەڵکردن بە ئەوەی دیکەی جیاواز ، ئیمڕۆ ئێمە لەهەموو کات زیاتر پێویستیمان بە دروستکردنی ویژدانی هاوبەش هەیە کە وونە و ، ئامانجی بنچینەیی فێربوون شان بە شانی معریفە بریتیە لە دروستکردنی ویژدانی هاوبەش .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×