زمانی شەقام، گەڕانەوە بۆ گەل!

محەمەد خۆشناو
  2022-03-19     453

ئەگەر خزمەتی خەڵک نەکەیت ، چۆن خوا دەپەرستیت.

                  کۆنفۆشیۆس

هەموو شتێک پێوەری خۆی هەیە ، پێوەری زمانی شەقام و جەماوەر بۆچوون و هەستەکانیانە ، د. علی وەردی زانای کۆمەڵناسی عێراق دەڵێت : هەستی جەماوەر بریتیە لەو قسەوگوتانەی کە لەناو خەڵکدا لە شوێنە گشتیەکان وەکو چایخانە ، گازینۆ و ، ناو باس و ، قسەی ژنانی بەر دەرگای گەڕەکە میللیەکان بەرانبەر دەسەڵات بەزارایان دادێت ،  ئێستا تا دێت ئەو هەستە لەکن ئێمە بەرانبەر دەسەڵات تووڕە و لە هەڵکشان دایە ، ژیان بۆتە خۆڵەمێشی ، خەڵک گللەیی هەیە و هەست بە نیگەرانی و شپرزەیی ترسێکی بارگاوی بە تووڕەیی دەکات بەهۆی خەرجی ژیان بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک ، خۆ ئەگەر بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە نەبا دۆخەکە مەترسیدارتر دەبوو و ، ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە هەندێک لە سوودمەندانی ناو حزبەکان لە دەسەڵات ئەوانیش ناڕازین و گللەیان هەیە ؟!، ئیستا بەهۆی ئەو دۆخە و پڕوپاگەندەی ناحەزان بەدرێژەکێشانی دۆخەکە وورە و ووزەی هاوڵاتی دەروخێنێت و تروسکایی ئومێدیان بەرەو کزی دبات ، سروشتی مرۆڤ لەکن زۆر کەسان وایە لەحالەتی ڕوبەڕووبونەوەی ناهامەتی و ناخۆشی و تەنگدەستیدا یەک کیلۆ گۆشت یا دەبە ڕۆنێک یا ڕۆژانەی منداڵەکانی وادەکات ئامانجە گەورەکانی گەلەکەیان نەیەتە بەرچاو ، هەستی هەنوکەی جەماوەر بریتیە لە ( ژیانی ئەوڕۆم بۆ دابین بکە ، سبەی با بمرم) خەریکە خەڵک توانا و ووزەکانیان بەرگەی ئەو گووشارانە ناگرێت کە ڕۆژانە بەروەڕوویان دەبنەوە و ، خەراپترین شت کە نەتەوەیەک یا گەلێک لە گەلان دووچاری دەبن بریتیە لە ونبوونی هیوا لە روحی گەنج و لاوانماندا ، گەنج چەقی ڕاگرتنی هاوسەنگی کۆمەڵایەتیە لە ئایندەدا و پێویستە دەرفەتی کاریان بۆ دابین بکرێت و ، ئەو نەوەیە ئێستا زمانەکەی خۆی بە باشی نازانێت و ئاگای لە جوگرافیا و مێژووی خۆی نیە و  هەست بە نامۆبوون دەکاتت و کەوتۆتە ناو حالەتی دابەشبوونی گەلەکەمان و ڕقلێبوونەوە و تووڕەیی و خەم و خەفەت و بێمتمانەیی و خەمۆکی و بەجێمانهێشتوون بۆ ئەو ئایندە نادیارە ، سەرەڕای ئەوەی بمانەوێت یا نەمانەوێت ئەوان سامانی ڕاستەقینە و ئایندەمانن کە بەدیلیان نیە.

دەسەڵات پێویستە بەجدی هەڵوەستە لەسەر ئەمە بکات و پەیوەندی خۆی لە گەڵ خەڵکدا ڕاست بکات و بگەڕیتەوە ناو گەل و بایەخێکی گەورە بە گەنجان بدات.

لەسەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانیدا «تاریکترین کاتژێر» کە ناوی فیلمێکە بەسەر بەریتانیا هات ، فڕۆکەکانی ئەڵمانیا بەتووندی لەندەن-ی بۆردومان دەکرد و هەزاران سەربازی بەریتانیا ئابلوقە درابوون و ، روحی مەعنەوەی گەیشتبووە چڵپاو و ، بۆ ئەم مەبەستە ئەنجوومەنی جەنگی بەریتانیا کۆبوونەوەیەکی ساز کرد بۆ ئەوەی ئەوەی  ماوە قورتاری بکەن و ، داوای دانوستاندیان لەگەڵ هیتلەر-ی سەرۆکی سەرکەوتووی ئەڵمانیا لە ڕێگەی مۆسۆلینی-سەرۆکی ئیتاڵیای هاوپەیمانی ئەڵمانیا کرد و ، لەسەر تشرشل پێویست بوو کە گووتارێک بۆ مۆسۆلینی بنووسێت بەڵام نەیتوانی ئەمە بکات و ، لەناو سەیارەدا بوو کە بچێتە پەرلەمان بۆ ئاگادارکردنەوەی پەرلەمان لە داواکاری دانوستاندەکەدا ، بەڵام هەستی بەتەنگەنەفەسی کرد و ئۆتۆبیلەکەی ڕاگرت و چووە ناو شەمەندەفەر و لەگەڵ سەرنشینەکان دانیشت کە پێیان موفاجەئە بوو و ، تشرشل-یش بەدەم قسەوە هاواریکرد ، ئەوە نابینن سەرەک وەزیران سواری میترۆ بووە؟ لەناو ئەواندا هەستی بە دڵنەوایی کرد و لە ناو و ئیشوکاری ئەوانی پرسی و داوای ڕای ئەوانی کرد لەسەر داوای ڕێککەوتن لەگەڵ هیتلەر ، هەموو سەرنشینەکان دانوستاندن یا تەسلیمبوونیان  رەتکردەوە و ژنێک گووتی بەو گسکە شەڕیان لەگەڵدا دەکەین هەموو سەرنشینەکان رەتیانکردەوە ، بەمە تشرشل هەستی بەوەکرد کە بەهێزە ، چووە پەرلەمان لەجیاتی ڕاگەیاندنی تەفاوز بەهەموو دەنگی هاواریکرد : تاکۆتایی دەجەنگین ، ئەمە بڕیاری هەموو تاکێکی ئەو گەلەیە ، لەفەڕەنسا دەجەنگین و لە دەریا و ئۆقیانووسەکان و لە کەناراوەکان و لە کێڵگە و شەقامەکان و گردۆڵکەکاندا دەجەنگین ، هەرگیز خۆبەدەستەوە نادەین….تشرشل سەلماندی کە ئەوەی سەرۆکی حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت بیگەیەنێتە گەلەکەی ووتە نەمرەکەیەتی کە دەڵێت:«هیچ شتێکم نیە پێشکەشی بکەم تەنها خوێن و ماندبوون و فرمێسک و ئارەقە نەبێت» ، تشرشل لەچاندنی هێز لە گەلەکەی سەرکەوت ، پابەندبوونی خستەسەر خۆی بەرانبەر پابەندبوونی گەلەکەی بۆئەوەی پێکەوە بتوانن ئەو خەونە بێنینەدی کە هێنانەدیەکەی قورس بوو.

بەپووختی حکومەت کیانێکی سەربەخۆ نیە لە کۆمەڵگەدا  بەڵکو دەزگایەکی خزمەتگوزاری گشتیە لەسەر ڕازیبوونی خەڵک و پارەی ئەوان دەژیت و ، ئەرکی حکومەت ڕاوێژکردنە لەگەڵ کۆمەڵگە و ، پێویستە وا مامڵە لەگەڵ هاوڵاتی بکات وەک بەشدار نەک وەک جێبەجێکار.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×