ئەوەی خوێنەری مێژوو بێت دەزانێت کە هۆکاری کەوتنی ئیماڕات و دەوڵەت و ئیمپڕاتۆرەکان هۆکارە ناوخۆیەکان بووە ، لە بێئاگاییان لە ئێشوئازاری گەلەکانیان و بایەخدانی زیاتر بە بەرژەوەندی خۆیان و دارودەستەکانیان ، ئەمە هۆکاری بابەتی لە تەدەخولکردنی دەرەوە دروستدەکات ، هەروەها کە خانووێک بەسەر خۆیدا دابەشبوو خەراپ دەبێت ، تەبعەن ڕاوێژکارەکان لە نەخستنەڕووی ڕاستیەکان و شاردنەوەی هەقیقەتەکان سەبەبکاری سەرەکی ئەو خەراپبوون و کەوتن و پشێویەن .
بەداخەوە ئێمەش لە دۆخێکی قورس داین و ، هەمان دەردمان هەیە و ، دووچاری جۆرەها هەژاری بووینەتەوە ، هەژاری ئاو ، هەژاری خۆراک ، هەژاری ئەخلاق ، هەژاری ڕاستگۆیی ، هەژاری ڕۆشنبیری و تەعلیم ، هەژاری هۆشیاری … هتد ، کە گەلێک ئەوها هەژار بوو حەتمەن ڕووخانی ئاسانە ، بەڵێ گرانیی هەموو لایەکانی ژیانمانی دەورەداوە و ، کۆمەڵگەش بە شەپۆڵەکانی تاکەکەسی پاک دادەماڵێت ، بۆچی دەبێت ئێمە جوانی لە بڕاندێکی بازرگانی نرخ بەرز ببینین و ، ئەوە لە باڵندەیەکی باڵشکاودا نەبینین ، نازانم خۆبەگەورەزانی بەرپرسان و چوونەسەر بورجی عاجی لەچیدایە ؟! ساکاری ڕێگایە و خاکەرایی سەرکەشیە کە ئێمە وازمان لێهێناوە ، مرۆڤی ساکاری خاکەرا بەزەڕوورەق ئەخلاقی بەرزە ، لەجیهانی هەژاری و گرانیدا ساکاری و خاکەرایی ڕیگای بەختەوەریە ، پێناسەی «گرانی» ئەوەیە کە شتێک وایلێبێت زۆر قورس بێت بەدەستکەوێت ، ئەوڕۆ ئەخلاق وایلێهاتووە بەقورسی بەدەستدەکەوێت ، هەروەها هەلی کار و ڕاستگۆیی و هەتا کەشوهەواش ، بەڵام دەوڵەمەندین بە هیچوپووجی« تفاهە» هیچوپووچەکان وەک گوڵەگەنمی پووچ سەربەرزن ، دەوڵەمەندین بە کەسانی فریوودەر ، کە لەدەوروبەری بەرپرسانن لە درۆزن ، ماستاوچی ، ساختەکار ، ئێستا لقێکی تریش زیادی کردووە ئەویش نوکتەچی و خۆشمەشڕەب ، ئەمە جگە لە لەشکرێک لە پاسەوانە فاشیلە قۆنتەراتچیەکانی ئێرە و بەغدا ، مەهاتما گاندی دەڵێت : ترسناکترین مرۆڤ لە ژیاندا درۆزنە ، ئەو حیکمەتە چینیە باش لەسەر ئەوانە دەچەسپێت کە دەڵێت : هەمیشە گوڵەگەنمی پڕ خواربۆتەوە سەر لاسکەکەی و ، گوڵەگەنمی پووچیش وەستاوە و درێژبۆتەوە ڕووەو ئاسمان تەنها لەبەرئەوەی بەتاڵە ، لەکن ئێمەش خەڵکانی پاک و شەرمبەخۆ و بەتوانا و خاوەن پڕۆژەی نیشتیمانی کەوتوون و ، هیچوپووچەکان لەپێشەوەن ، هەرچەند گووشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی تووندتر بێت دوورکەوتنەوە لەنێوان قسە و کردار زیاتر دەبێت و ، دوڕوویی لەسەر حسابی متمانەی بەرانبەر و کاری بەکۆمەڵی بەرهەمهێن بڵاودەبێتەوە ، ئەمەش وایکردووە کە دۆخی زۆربەی بەرپرسانی ئێمە بگاتە ئاستێک کە پێی بڵێن چڵپاو ، ورە سەریری ئەو چڵپاوخانەیە بکە بزانە دۆخی لاوازی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە کوێ ، ئەوەتا جیهان بەرەو دونیای میتافێرس و بەمرۆڤبوونی ڕۆبۆت دەڕوات ، کەچی ئێمە تازە بەتازە باسی شەڕی هەکاری دەیان ساڵ لەمەوبەر دەکەین ؟! بەڕاستی لەمەشدا فریوودەران ڕۆلی سەرەکی دەگێڕن ، ئەوانە جگە لەوەی بە تاکانە کاردەکەن ، بەکۆمەڵیش ڕۆلی نەگریسی خۆیان وازی دەکەن ، جاری وا هەیە سەرکردەکە کەسێکی زۆر باشە بەڵام بە کۆمەڵ وەک تەونی جاڵجاڵۆکە دەوریان داوە و درۆی بۆدەکەن و بێوەفان بۆی….ئەو درۆزن و فریودەرانە بە ڕەوت و جوولانەوەش هەن ، کە سوواری شەپۆڵی تووڕەیی جەماوەر بوونە و ، لافوگەزافی نیشتیمانپەروەری و خەمی جەماوەرمان پێدەفرۆشنەوە ، داخەکە لەوەیە کە جەماوەر پێیان بڕوا دەکات و لەڕقی دەسەڵات و حزبەکان دەنگیان دەدەنێ .
بەڕاستی ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەنێو دیمەنێکی کۆمیدیای ڕەشدا دەژین کە فریودەرەکان بوونەتە دەسەڵات و گوێیان لێدەگیرێت ، ئێمە پێویستیمان بە عەقلیەتێکی جەدەلی رەخنەیی هەیە نەک عەقلیەتێک ئەوەی گوێت لێبێت بڕوا بکەیت وەک تووتی ، لەکۆتاییدا دەبێت بزانرێت کە ئەمانە بۆخۆیان دەژین ، ئەوەی بۆخۆی ژیا مردووە و ئەو لەنێو زیندواندایە و ، ئەوەی ڕاست و ڕاستگۆ بوو و بۆ ئەوانیتر ژیا زیندووە و ئەو لەنێو مردوواندایە و ، هەرگیز مرۆڤ نەمر نابێت ، بەڵکو هەقیقەت و خێر بە نەمری دەمێننەوە .