دیکتاتۆریەتی زۆرینە و رقلێبوونەوە لە کورد

محەمەد خۆشناو
  2020-11-13     900
بە بۆچوونی من حزبەکانی سوننە و شیعە لە عێراق بەرانبەر بە کورد ، جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە ، وەکو جیاوازی نێوان « بیبسی و کۆکاکۆلا» یە ، ئێمە لەگەل لایەنە شیعەکاندا ھیچ رابردوو و پێشینەیەکی وامان نەبوو کە وابکات ئەوان رقیان لە ئێمە ببێتەوە ، لە سەردەمە سەدام- دا ئێمە و شیعە ھەردوولامان قوربانی رژێمی سەدام بووین ، دواتر ئێمە و شیعە و ئەمەریکا ھاوپەیمان بووین بۆ رووخاندنی سەدام و، بریارماندا کە عێراقێک دابمەزرێنین جیاواز بێت لەگەل سەردەمی سەدام... بەلام بینیمان لەکاتی راپرسی بۆ ریفراندۆم ، چی نەما لە تۆرە کۆمەلایەتیەکان و تەلەفزیۆنەکانیان و نێوەندە شیعیەکان پێمان نەکەن و ، دەستیان بە ھەلمەتێکی نەفرەتکردن و رقلێبوونەوە لە کورد کرد ، ئێمەیان کردە شەیتان و ، بۆنە شیعیەکان بوونە گۆرەپانی گوزارشتکردنی رقلێبوونەوە لە کورد ، ئەگەر یەکێک ئاگای لە مێژووی ئەو ناوچەیە نەبێت ، وا دێتە بەرچاوی کە ئەوە کورد« تاوانکارەکانن» بەرپرسن لە کوشتنی ئیمام حوسێین بەر لە«١٤٠٠» سال پێش ئێستا...ھەر لەسەروبەندی ریفراندۆمدا « سەلیم جبوری » سەرۆکی پەرلەمان و ئیخوان موسلیمینی عێراق وەکو حزبە شیعەکان زۆر رەگەزپەرست و دەمارگیرانە ھێرشیان دەکردە سەر کورد ، « ئەیاد سامەرائی» سەرۆکی ئیخوان موسلیمینی عێراق نارەزایی تووندی بۆ کۆنترۆلکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد نیشاندا و، پێی وابوو کە دەبێت ئالوگۆر بە پۆستی ھەر سێ سەرۆکاتیەکە بکرێت ، سامەرائی ئیستیغلالی ئەوەی کرد ، کە کورد لە دۆخێکی لاوازدایە و لە ماوەی«٢٥» سالی رابردوو لە لاوازترین دۆخدان ، ھەولی لاوازکردن و بێھێزکردن کورد لە لایەن سامەرائی بۆ شکسپێھێنانی ، تەنیا سەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوەی سلوکێکی بەکارھاتووی ئیخوانەکانە کە وەکو رێکخراوێکی داخراو لە تاریکیدا«باگن» کەر دەکەن ، نکۆلی ناکرێت کە لەو ولاتانەی کە فرە نەتەوە و ئاینە تەوافق و شەراکەت زەرووریە بۆ سیستەمی حوکم ، کە لە زانستە سیاسیەکان بریتیە لە بیردۆزی دیموکراتی تەوافقی ، ئەمەش بۆ زامنکردنی نوێنەرایەتی کەمینەیە بۆ ئەوەی زۆرینە بەتەواوی کاریگەری نەکاتە سەر دەستەلات و ، پاشان بیکاتە دیکتاتۆریەتی زۆرینە کە ئێستا لایەنە شیعیەکان پەیرەوی دەکەن و، لەوانەشە ھەر بەو زۆرینەیە دەستوور بگۆرن و فیدرالیەت ھەلبوەشێننەوە.
لە ھەمووی سەیرتر« فایق شێخ عەلی»لیبرالی!! پەرلەمانتار لە یەکێک لە تەلەفزیۆنەکاندا بە حەماسێکی گەرمەوە تەمجیدی ھێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکوک دەکەد و ، پەنجەی رادەوەشاند کە ئێمە واتە« عەرەب» شەر لە راستەرێ و دەشتایی دکەین کە لێرەوە ئازایەتی لە شەردا بەدیار دەکەوێت نەک پەنا چیا و دۆل.
ئێستا ترسی شیعە لە ھەموو کات زیاتر لەسەر کورد ھەیە ، یەکێک لەو ھۆکارانەی کە خەلک یەکدەخات ترسە ، ئەوەتا ئەو ترسە خەریکە دێتە بەر دەرگای مالمان ، بۆ تا ئێستا ئێمە نەمانتوانیوە وەک یەک کوتلە بین بەرانبەر ھەموو ئەو ترسانەی کە بەروەروومان دەبنەوە؟! با چیدیکە خۆمان نەکەینە قوربانی خۆمان و ، با ھەوری رەشی تارمایی ناحەزی و رقلێبوونەوە لە یەکتری کە بەسەرمانەوەیە برەوێنینەوە .
لە ژیانی سیاسیدا دبێت مرۆڤ بەخۆداچوونەوە بە ھەلوێستەکانی خۆیدا بکات ، ئەوەی ئێستا پێیوە دەنالێنین پشتگوی خستنی موراجعەی ئازایانەی ئەو ھەلاننە کە ئەنجاممان داوە ، ئەو موراجەعەیە بوو دەیان ولات و گەلانی دەرباز کرد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×