کارگەی دروستکردنی بێهیوایی !

محەمەد خۆشناو
  2023-08-26     302

خۆت دوورخەوە لە خەڵکی سلبی ، ئەوانە گیروگرفتی  هەموو چارەسەرێکیان هەیە .

                                           ئەنشتاین

 

گومانی تێدانیە کە هەرێمی کوردستان بەدەست کۆمەڵێک قەیران و گیروگرفدا تێدەپەڕێت ، کە هەمووی دەستکردی خۆیتی ، هەر لە سیاسەتی ئابووری و  خەراپی ئیدارەدان و لێکترازانی نێوماڵ و نەبوونی متمانە بە دەسەڵات و حزبەکان و بێتوانای هەندێک لە بەرپرسان… هتد ، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەکی بوێر هەبێت دەتوانێت ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت ، کەچی بەداخەوە حەزمان لە گۆڕان نیە و ، دەڵێین مادامەکێ کارەکە دەڕوات و بەڕێوەدەچێت بۆچی لە مەترسی بترسین ؟ بۆیەش لە قەیرانێک دەرنەچووینە دەچینە ناو یەکێکی نوێ !

ناهەقی ئەوانە ناگیرێت کە لەخەمخۆریان بۆ هەرێمی کوردستان نیگەرانن لە ئایندە و ، هاتونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەو کەچە عێراق-ە ، دەست بەسەر هەموو شتێک دادەگرێت و هەرێمی کوردستان لە قاڵب دەدات !! ئێ ئەگەر وامانلێبێت هانا بۆ دادگای باڵای بەناو فیدڕالی ببەین کە لەلایەن وڵاتێکی دراوسێوە ڕێنمایی دەدرێتێ   ، بۆچی گلەیی بکەین ؟ هەر بەڕاست هەرێمی کوردستان وا لاوازە کە هەموو وەرەقەکانی سووتابن و نەتوانێت هیچ بکات ؟! ئەگەر دەسەڵات و حزبەکان بێباک نەبن بەرانبەر جەماوەر و نێوماڵی خۆمان ڕێکخستەوە و بایەخ بە ئازادی ڕادەبڕین «نەک فەوزای سوشیالمیدیا » و جێبەجێکردنی قانون و بەهێزکردنی دادوەری بدەین و ، لەگەڵیدا تێکەڵی وەرەقە بەهێزەکانی خۆمان لە وەرەقەی نەفت و گاز و ، سامانی ئاو  و کشتوکاڵ و ، پێگەی ستراتیژی و ، سامانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ئایین و نەتەوەکان بکەین ، ئەوە دەبینە مەشخەڵیکی ڕووناک لە ناوچەکەدا کە کەس ناتوانێت زەفەرمان پێببات ، ئەو کێشە و قەیرانانەی کە هەن ئەوها تەنگوچەلەمە نیە ، گرنگ ئەوەیە بەڕێگایەکی شیاو مەمڵەی لەگەڵدا بکەین و بێگەڕانەوە لێیدەرچین ، بەداخەوە ئەوەی زیاتر دۆخەکەی لە خەڵک شێواندووە ، هەندێک لە کەسانی نوسەر و ڕۆشنبیر و ڕەوت و بزووتنەوەی پۆپۆلیستیە ، کە هەندێکیان کارەکەیان گەیاندۆتە ئەو ڕادەیەی کە پێیان هیج نیە ڕەنج و خەباتی «100» ساڵەی کورد کۆتایی پێبێت ، ئەمانە دۆخە خەراپەکەیان قۆزتۆتەوە سواری شەپۆڵی ناڕەزایی جەماوەر بوونە و زەمینەیەکی لەباریشە بۆ ئەوانەی کە ڕق و کینەی کۆن لە دەروونیان ماوە و بەروحی تۆڵەسەندنەوە لە گۆڕەپانەکە تراتێن دەکەن و ، دێن بە ووتار و لە سۆشیالمیدیا هونەرایەتی لە دروستکردنی کەشوهەوای بێئومێدی «احباگ» دەکەن و ، لەژێر سێبەری نەزانینی زانیاری و ڕۆشنبیری وا لە هاوڵاتی دەکەن کە مەیلێکی گەورەی بۆ دروستبکات بەرەو باوەڕکردن بەهەموو شتێکی خەراپ و سلبی ، لەڕاستیدا سوشیالمیدیا تەحەکوم دەکاتەسەر هەڵوێست و ڕەفتارەکان و بەبڵاوکردنەوەی بەهای سلبی و بێهیوایی واتلێدەکات لە بازنەی دڵەڕاوکێ و گومان و هەستڕاگرتندا بمێنیتەوە و ، ناچارت دەکات نەتوانیت کارلێکەکی ئیجابی لەگەڵ ئەوەی بەسەر ئەو نیشتیمانەدا دێت بکەیت و ، بەمەش مەزاجیکی گشتی لەکن نەوەیەک لە گەنجان خەلق دەکات کە مەیلی بۆ توندووتیژی و تووڕەیی و بیری سلبی بۆ ئینتیما هەبێت ، گەنج دەیەوێت ئەو وڵاتە بۆ جیهانێکی نادیار جێهیڵێت هاتا ئەگەر بخنکێت و نرخی ژیانی خۆی بدات .

ئێمە ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستیمان بە باوەش بە یەکتریکردن و چاکسازی و لێبووردەیی و تووڕهەڵدانی ڕقلێبوونەوە هەتا ئەگەر لەسەر هەقیش بین هەیە و ، پێویستیمان بەوە هەیە کە دان بە هەڵەکان بنێن و بەخۆماندا بچینەوە ،  ئەو گەلە هی ئەوە نیە کە وایلێبکرێت !

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×