مۆندیال لە نێوان خۆر و سێبەردا!

محەمەد خۆشناو
  2022-12-17     380

چەند ڕۆژێکی تر جامی جیهانی تۆپی پێ لە قەتەر کۆتایی دێت  ، ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام ئەوەیە کە بڕوا ناکەم هیچیەک لە گەلان ئەوەندی گەلانی ئەمەریکای لاتین هەندە تامەزرۆ و خولیای تۆپی پێ بن ، لە ئەمەریکای لاتین هەر تەنها پاڵەوانی شۆڕشگێڕی وەکو گیڤاڕا و کاسترۆ و ساڤێمبی و ، ئەدیب و ڕۆمانووس و شێ‌عێری وەکو پاپلۆ نیڕۆدا و گاربیل گارسیا مارکێز و جۆرج ئامادۆ و دەیانی تر هەڵنەکەوتوون ،  خەڵکی ئەمەریکای لاتین  ئەگەر لە دونیای سیاسەتدا پاڵەوان نەدۆزنەوە لە دەروریان کۆببێتەوە بەرەو جیهانی مادەی هۆشبەر و تۆپی پێ دەڕۆن ،  لەوێ پاڵەوان دەدۆزنەوە  وەکو بیلیە و مارادۆنا و میسی و  پاپلۆ ئسکۆپاری ئیمپڕاتۆری مادە هۆشبەرەکان کە لە لایەن سوپا و موخابەراتی ئەمەریکی و بە هاوکاری هیزەکانی کۆڵۆمبیا کوژرا و ، ماتەمینی زۆربەی گەڕەکە هەژارنشینەکانی کۆڵۆمبیای گرتەوە و ، تا ئستاش ئسکۆپار پادشای سەر دڵی خەڵکە ساکار و هەژارنشینەکانی ئەمەریکای لاتینە ، بەهەمان شێوە کە مارادۆنای ئەستیرەی ئەفسووناوی ئەرژەنتین مرد ماتەمینی نەک هەر ئەرژەنتنی بەڵکە سەرانسەری جیهانی گرتەوە .

لەو مۆندیالەی قەتەر ،  کاتێک فرمێسکی لویس سوارێز-ی هێرشبەری ئۆرگوای-یم بینی کە بەرانبەر گانا دۆڕان ، یەکسەر «ئەدواردۆ گالیانۆ»گەورە ڕۆمانووسی ئۆرگوای و جەنگاوەرە تووڕەکەی سەرمایەداری خۆرئاوا-م بیر هاتەوە ، کە کتێبێکی لەسەر تۆپی پێ داناوە بە ناوی « تۆپی پێ…لە خۆر و سێبەردا» کە ڕۆژنامەی الجزیرە وەریگێڕاوەتە سەر عەرەبی .

گالیانۆ لە خۆر و سێبەردا دەڵێت : ئەمە تۆپی پێیە…بۆ سەیرکردن و ، ئەم نمایشە بۆتە یەکێک لە زۆرترین کارە بازرگانیە قازانجەکان لە جیهاندا !! رێکخستنەکەی لەپێناو یاری نیە بەڵکو لە پیناو قەدەغەی یاریە ! وای لێهاتووە کە تەکنۆکراتیەتی پیشەیی وەرزش شتێکی بەسەر تۆپی پێ سەپاندووە کە پشت بە خێرایی هاندان و هێزی گەورە ببەستێت و ، خۆشیی دوور دەخاتەوە و ئەندێشە ڕیشەکێش دەکات و ڕێگە لە بوێری دەگریت ، لەخۆشبەختیەوە تا ئێستا لە یاریگاکاندا هەتا ئەگەر لە کاتە دوورەکانیش بێت چاوقایمێکی شەلاتی بەدیار دەکەوێت کە لە دەقەکە دەردەچێت و ، حەماقەتی پازدان بەسەر هەموو تیمێکی نایار و بەسەر ناوبژیووان و جمهوری مەنەسە ئەنجام دەدات ، تەنها بۆ خۆشیی ئەو جەستەیەی  کە بەرەو سەرکێشی ئازادیەکی حەرامکراو مل دەنێت .

هەر لە کتێبەکەیدا گالیانۆ دەڵیت : لە ئۆلۆمپیادی ساڵی 1936 کە هیتلەر ڕێکیخست ، وەرزشوانە سەرکەوتووەکان پێڵاوێکیان لەبەر بوو کە سێ هێڵی مارکەی ئەدیداسی لەسەر بوو و ، لە پاڵەوانیتی جامی تۆپی پێی جیهانی 1990 هێڵەکانی ئەدیداس لەسەر هەموو پێڵا و هەموو شتێک بەدیار دەکەوت…تاکە شتێک  کە لە کۆتایی یاری نێوان ئەڵمانیا و ئەرژەنتین کۆمپانیاکە نەیبوو بریتی بوو لە فیکەی ناوبژیوانەکە…تۆپ و هەموو ئەوەی جەستەی یاریکەران و ناوبژیوانانی داپۆشیبوو …لەمارکەی ئەدیداس بوو ، یاریکەرانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە مۆندیالی 1986 بڕێکی بێشمار لە دەرزی و حەب و ژەمی گەورە لە ئاویکی مەعدەنی نادیاریان وەرگرتبوو …ئەمە بووە هۆکاری ئیسحال بوونیان !! ئایا تیمەکە نوێنەرایەتی وڵاتەکایان دەکرد یان پیشەسازی کیمیایی ئەڵمانیا..؟ گۆلپارێزەکە تەئکیدی لەوە کردبووەوە کە ئەو زۆر دەرمانی ووزەبەخشی لە تۆپی پێی پیشەیی خواردبوو ، جا لەبەر ئەوەی کە یاساکانی داهات کە بە هەر شێوەیەک بێت مەبەست لێی قازانجە…بۆیە زۆربەی یاریکەرەکان ناچار بوون ببنە  دەرمانخانە  ڕابکەن .

گالیانۆ بۆ مەرگی ماردۆنا بەم شێوەیە باسیدەکات : فەیلەسوفێک بوو کە مانای ڕاستەقینەی یاری دەزانی و ، ئەو مەشخەلی ڕووناکەرەوەی هیوای خەڵکە پەراویزخراوەکانی هەموو جیهان و هەژا و بەشخوراوان و قوربانیانی گەلان بوو  ، شۆڕشگێرێک بوو ملیۆناها کەسی بێناو و بێڕووخسار عاشقی بوون .

گالیانۆ  کە خاوەن «شادەمارە دەمواڵاکەی ئەمەریکای لاتین»ە ، دەتبات بەرەو دووانەی ، هەژاری و چەوسانەوە ، دوڵەمەندی و بەتاڵانبردنی رێکخراو ، هەروەها ئاماژەی بە شوێنەواری نەسڕاوی کۆڵۆنیالیزم بە ئامرازە نوێکارەکانی دەکات کە تەئمیمی کێشوەرێکی بەتەواوەتی بۆ بەرژەوەندی خۆی کردووە ، کێشوەرێک هەموو شتێک شەکەتی کردووە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×