ئەم پاپایە !!

محەمەد خۆشناو
  2021-03-13     839
بەدرێژایی ژیانم ، من وا سەیری پاپا-م دەکرد ، وەک کەسێکی غەریب لە ئێمە و ، پەیوەندی بە ئێمەوە نیە ، ئەمە هەمیشە هەستی من بوو ، تا ئەو کاتەی هاتە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەمێژە پاپا فرانسیس پاپای فاتیگان سەرنجی منی راکێشاوە ، ئەو پیاوە نوێنەرایەتی حالەتێکی دەگمەن دەکات ، کە بە پاپا هەلبژێردرا ، زۆربەی نەریتە  کۆنە پاپاویەکانی لابرد ، ئەوەی رەتکردەوە کە لە بارەگا و کۆشکی پاپایی لە فاتیگان بمێنێتەوە ، یەکسەر چوو خانووێکی بچووکی بەکرێ گرت و ، بە شەخسی خۆی دەچێت پارەی کرێکە دەدات ، ئەم پاپایە ئەوەندە سادەیە دونیای سەرسام کرد ، کاتێک لەکاتی پێدانی کرێکەیدا وێنەیەکی بلاوکرایەوە ، پاپا تەنها رۆژانی یەکشەممە و چوارشەمە دەچێتە کۆشک بۆ بینینی حەشاماتی خەلک.
لە چەندین سەردانی ئەو پاپایە بۆ هەندێک ولاتانی عەرەبی و بۆ هەرێمی کوردستانیش ، بینیم ئەو پیاوە دەیەوێت هەمووان کۆبکاتەوە و هەمووان لەباوەش بگرێت و ، سۆزێکی هەبوو جیاوازی نەدەکرد لەنێوان کەسانی ئاینەکاندا.
چەندان قسەی جوان و بەهرەداری هەیە ، بۆ نموونە قسەیەکی هەیە دەلێت: «زەروری نیە بچینە کەنیسە ، زەوی خودا هەمووی کەنیسەیە» جارێکیان لە مزگەوتێک گوێم لە مەلایەک بوو دەیگووت: ئەوەی نوێژ نەکات کافرە ... تەبعەن ئەو مانایەش دەگەیەنێت کە خوێنی حەلالە ، ئەمە قسەیەکی تۆقێنەرە ، هەردوکیان داوا بۆ هەمان شت دەکەن ، یەکیان بە تۆقاندن ، ئەوەی تریان بە ئارەزوو مەندیکردن.. پاپا پیاوێکی ئاینی بەسۆز ، بەخدوخویەکی سۆفیگەرانە پێمان دەلێت ، رێگا بەرەو خودا ، بەرەحمەت فەرشکراوە ، نەک بە بۆمب.
بەجلە سپیەکانی وەک بالندەیەکی دلنەرم و بەزەیی ، چووە بەغدا و نەجەف و ئورو و قەرەقۆش و ، لە پێشوازیەکی داهێنەرانەدا ، بەنێو عەنکاوەدا لەنێو سەمای فرمێسکی شادی خەلکەکەیدا گوزەرەی کرد و ، لە یاریگای فەرەنسۆ هەریری ، لەسەر ئەو مافورە قەشەنگە ، کە  بە بەن و داوە هەمەرەنگی ئاینی و نەتەوە جیاوازەکان هەلچنرا بوو نیشتەوە و ، پێی گووتین ، ئەم تابلۆ جوانەی فرەیی و هەمەرەنگیەی کوردستان ، کە بۆتە خۆشبەختیەکی ئەم خاکە شیرینە بپارێزن و پێکەوەبن و ، سەرۆکایەتی قەداسێکی گەورەی کرد و ، کە وێرای هیلاکی و ماندوبوونی ، بە ووشەی سازگار کە پربوون لە لێبووردەیی و خۆشەویستی نزای بۆ هەمووان بێجیاوازی دەکرد ، بۆ ئاشتبوونەوە و دەستلەملانێی یەکتری...  لەقسەکانی
هیچ هاش و هوشێک نەبوو ، لە دەنگیشیدا تۆقاندن نەبوو و ، پێی گووتین ، کە هاندان بۆ رق و تووندوتیژی و کوشتن لەگەل تەعالیمی هەموو ئاینەکاندا نایەتەوە ...رێگاکان یەکن ، جیاوازیەکە ئەوەیە ، هەیە گول لەو رێگایەدا دەبینێت و ، هەیە دەرەختی تێدا دەبینێت و ، هەیە بالندا بەهەموو رەنگەکانیەوە دەبینێت ، بەلام ئەوەی تر لەهەمان رێگادا ، هیچ نابینێت تەنها کەلەسەر و کارەسات و ، تەنها بالندەی گۆشتخۆر ، هەردوو چاوەکانی تەنها هەموو شتێکی قێزەوەن کێشدەکات.
پاپا قسەیەکی تریشی هەیە کە دەلێت:«لەسەرمانە لە هەموو کاتدا ، ئامادەبین بۆ خێر ، لەسەرمانە لەسەر شەر رانەیەین ، لەسەرمانە بە خێر زالبین بەسەریدا».
لەهەمووی گرنگتر کە پاپا گوتبووی ئەوەبوو ، دێمە عێراق سەرەرای دۆخی خەراپی ئەمنی و تەشەنەسەندنی کۆرۆنا سەردانەکە دوا ناخەم ، بۆ یەک چرکەش بیری لەوە نەکردەوە سەردانەکە دوا بخات ، ئەمە پالپشتیە بۆ خۆشەویستی و ، پالپشیکردنی ئاشتیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×