هەر لەگەڵ دروستبوونی یەکەم پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان تا دەگاتە ئەو حکومەتەی ئێستا بە هەردوو نیوەکەیەوە !! عەقلیەت و بیرکردنەوە و بۆچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان نیوە بە نیوە بووە و دارەکەی لەناوەڕاستدا گرتووە !؟
ئایا ئەم هەرێمە قەوارەیەکی نوێی مەدەنی-یە یان ئایینیە ، هەموو ئەوەی لەبەردەمان ڕوودەدا و دەیبینین ، ئەوەیە کە نیو بە نیوە ، هەرێمێکی کوردستانی ئایینی نین بە مانای تەواو و ، هەروەها هەرێمێکی کوردستانی مەدەنیش نین بە مانای تەواو ، دەسەڵات لەو هەرێمەدا بە ڕوونی قەدەخەی ئەوە ناکات کە ئایین دەستەوەرداتە سیاسەت و موفرەداتی زمانەکەشی بۆ حوکم بەکاردەهینێت ، ڕێگە بەو قانونانەش دەدرێن کە قەدەخەی گفتوگۆی ئەوەی مرۆییە بکرێت بە پاساوی ئەوەی کە ئەمە خوداییە ، جگە لەمەش بەرگری و باوەڕهێنان بەو حەدیسانەی دەکرێن کە داعش و تالیبان و نموونەکانی ئەو لە هەندێک کتێبە تەعلیمیەکانمان و لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان پشتی پێدەبەستن .
بانگەشەی هاوڵاتیبوون دەکەین بەڵام کردەوەکانمان جیاکاریەکی سەخیفی تیدایە لەنێوان هاوڵاتیە جیاوازیەکان لە ئاییندا و ، قبوڵی ئەوە ناکەین کە یەکێک بوێری ئەوەی هەبێیت ئەوە بڵێت ، ئێمە لە نیوەین .
ڕۆژ و شەو کاردەکەین و لیژنە دروست دەکەین و کۆدەبینەوە ، واخۆمان پێشانی جیهان دەدەین کە پاراستنی مافی مرۆڤ لە ستراتیژیەتی ئێمەیە ، بەڵام ناتوانین ژن بپارێزین لەو پێشێلکاریانەی کە دەرهەقی دەکریت ، بانگەشەی پاراستنی مافی مرۆڤ و خۆپێوەگرتن بە هاوڵاتیبوون یان هاونیشتیمانیبوون دەکەین ، بەڵام بووێری ئەوەمان نیە باسی گفتووگۆکردن لەسەر لابردنی ئایین لە بیتاقەی ناسنامە بکەین ، چونکە ناسنامەی هاوڵاتی پەیوەستە بە ئایین نەک نیشتیمان ، نازانم ئێمە هەرێمێکی ئەمنین یان هەرێمێکی مەدەنی نوێ کە هەروەک بانگەشەی بۆ دەکەین ؟! ئێمە لە نیوەین ، کە یەکێک تاوانێک بەناوی ئیسلامەوە دەکات دەسەڵات قڕوقپی لیدەکات ، بەڵام کە کەسێک هێرش دەکاتە سەر پیرۆزیەکانی ئیسلام دەسەڵات لە حزبە ئیسلامیە سیاسیەکانیش وێوەتر دەڕوا و تێدەپەڕێنێت ، نیو بە نیو ، ئایا بەڕاستی ڕێز لە ئازادی ڕادەرنڕین دەگرین یان تەنها ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین دەگرین کاتێک دەسەڵات پشتگیری کرد و ڕیزی ناگرین ئەگەر بەرهەڵستیکرد یان ڕێگەی نادا ؟ ئێمە لە نیوەداین ، ئێمە نیوە کراوەین نیوە داخراوین چونکە ئامادەنین بۆ یەکلاکردنەوەی کلتوور و کۆمەڵایەتی و سیاسی کە هەرتەنها عەقل ڕۆشن ناکاتەوە بەڵکو ئایندەی نیشتیمان دەگۆڕێنێت و لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆیش دەگونجێت و دەبێتە دروستکەریشی ؟ یان نیوە کرانەوە و نیوە داخراومان دەویت ؟! ڕێگەمان بە دروستکردنی دەیان تەکیە و گۆشە و شوێنی ئایینی و فەتوای بێسەروبەر دا و دەسەڵات پاڵپشتی و دەستیان لە پشت دان و دەیان سایت و تەلەفزیۆن-یان هەیە بانگەشە بۆ فیتنە و دووبەرەکی تاوانباکردن بە کوفر و ئیلحاد دەکەن چونکە پشتگیری کوردستانێکی مەدەنی دەکرێت ، کە سەرەنجام بەداخەوە دەسەڵات تیرۆری بەقانون کرد و کردیە ئەمری واقع ، لەجیاتی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەهیز و رێکخراوی ئەهلی کاریگەر کە گەشە بکات و پاڵپشتیکار بێت ، ئێمە لە نیوەداین دەمانەوێت و نامانەوێت .
ئێمە نابێت لە نیوەدا خۆمان هەڵواسین ، هەق وایە پەرلەمان و حکومەتی دادێی هەرێمی کوردستان بوێری بداتە خۆی هەندێک لەو تەنگوچەلەمانە چارەسەر بکات و ، لە دەستووری ئایندەی هەرێمی کوردستان-یش ئەم ئەشکالیاتیانەی یەکلابکرێنەوە ، نیوە ئەوەیە کە دەگەینێ و ناگەینێ ، کاربکەین و کارنەکەین ، نیوە ڕێگایەکە نامانگەینێتە هیچ شوێنێک و ، نیو فکرە ئامانجمان ناداتێ ، گرتنی دارەکە لە ناوەند نابیتە مایەی چارەسەر ، تاکە چارەسەر بریتیە لە هێنانەکایەی کیان یان دەوڵەتی مەدەنی ، کە ڕێگەنادات ئایین بەکاربهێنرێت بۆ مەکاسبی سیاسی و ، کۆڵەکەکانیشی ڕیزگرتەنە لە بیروباوەڕی هەموو هاونیشتیمانی نیشتیمان و ، ئایین بریتیە لە پەیوەندی نیوان تاکەکەس و خوای گەورە ، ئەوەی کە کۆسپە لەبەردم هێنانەدی مەدەنیەت ، ئەو لێپاڵدانەوەی ئیستامانە کە دەمانەوێت کارەکە هەروەکو خۆی بمێنیتەوە ، بەجۆرێک گۆڕیین پێویستی بە هەوڵ و تەقەڵا و تەنازولاتی هاوبەش و چوون لە زەمەنێک بۆ زەمەنێکی نوێە کە بەرپرسیارێتیەکان دەگۆڕێن و ، گەلان لە هەڵەکانیان فێر دەبن . بەڵام گەرەترین تەحدی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و تەنگوچەلەمانە ئەوەیە کە ئایا دەسەڵات ئەمە جێبەجێ دەکات ، کە پێویستی بە پابەندبوون بە دیدگا و ، ئیدارەدانێکی چووست لە هەموو ئاستاکاندا هەیە و ، پێویستی بە چۆڕێک گەشبینی و ئیجابیات هەیە کە هەندێک بڕیار دەروستی بکەن و هیوا بگەڕننەوە .