بەخۆوەگرتن « الاحتواء» یان تێکەڵبوون و باوەشپێکردن ، بریتیە لە هێنانی وڵاتێک یان هێزێک یان گروپێکی تووندڕۆ بۆ باوەشی وڵاتێکی زلهێز یان پارتێکی بەهێز بەرانبەر پارتێکی لاسار ، لەسەر ئاستی جیهان بەتایبەتی لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا و لەناو خودی پارتی دیموکرات تەوژمێکی لیبڕاڵ هەیە ، هەمیشە لە هۆکارەکانی تووندڕۆیی و هەڵگەڕانەوە دەکۆڵێتەوە ، ئەو تەوژمە هەوڵی لێکهەڵوەشاندنەوە و ڕوبەڕووبونەوەی توندڕۆیی بە ئامرازەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەر لە ئامرازی ئەمنی دەدات ، یان دەبینین لە وڵاتێکدا کەمینەیەک هەن و دەبنە قوربانی واقعێکی کۆمەڵایەتی و ، بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لەوەی هەندێکیان بەرەو تاوان نەچن ، پێویستە سیاسەتی بەخۆوەگرتن لەناو ئەو وڵاتە یان لە دەرەوە بگیرێتەبەر ، ئەم سیاسەتە لە لایەن باراک ئۆباما-ی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەرانبەر ئێران پەیڕەو کرا کە ڕێککەوتنامەی «5+1»ی 2015 لێکەوتەوە بەئامانجی بەخۆوەگرتن و نەبیتە وڵاتێکی دژ لەدەرەوەی مەنزومەی جیهانی و ، کردنەوەی دەرگای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەردەمیدا ، تا کاریگەری لە ڕژێمی ئیران لەمیانی کارلێکی سیاسی و ئابووری و کلتووری لەسەر بکات و ، وایلێبکات بەکردەیی بەرەو میانڕەوی بڕوات ، لەناو پارتی دیموکرات لە وڵاتەیەکگرتووەکان شێوازێکی بیرکردنەوە هەیە کە دەڵێت «بەڵێ دەتوانین » کە کۆچبەران وەرگرین و توونڕۆکان بکەینە میانڕۆ و ، بیری شۆڕشگێڕانە بکەینە ئیسڵاحی ، ئەمانە هەموو لەمیانی بەخۆوەگرتنی هەموان دەچنە ناو مەنزومەی قانونی دادپەروەردا و وایانلێبکەین ببنە هاوڵاتی ئەمەریکی « سالح» .
ئاراستە و سیاسەتی بەخۆوەگرتنی دۆست و ناحەز لەکن زۆر لە وڵاتانی تر و سیاسەتمەدارانی تر بەرانبەر ئەوەی تر پەیڕەو دەکرێت ، بەئامانجی گواستنەوە بۆ قۆناخێکی میانڕەو یان بەرژەوەندی باڵای وڵات ، نموونەیەکی تر لە سیاسەتی بەخۆوەگرتن ، چوونی داهیەی میسر «ئەنوەر سادات»ی سەرۆکی کۆچکردووی میسر بۆ کنێست-ی ئسرائیل لە ساڵی 1977 بۆ پاڵنانی پڕۆسەی ئاشتی ئیسرائیل و عەرەب ، ئەم بەخۆوەگرتنەی ئیسرائیل بوو کە زۆربەی زەویە داگیرکراوەکانی میسری گەڕاندەوە باوەشی ئەو وڵاتە ، بەخۆوەگرتن جگە لەنێوان وڵاتان لەسەر ئاستی خێزان و خانەوادە و حزب و هێزە سیاسیەکانیش هەیە ، ئەم سیاسەتە لەکاتی قەیران و تەنگژەکانیش پەیڕەو دەکرێت ، ئێستا لە هەریمی کوردستان دەکرێت چارەسەرەکان بە بخۆوەگرتنی یەکتری کۆتایی بەو لیکترازانە بێنن ، بەڕاستی ئەو دابەشبوون و پەرشوبڵاویە کوردستانی والێکردووە وەک ئەوەی بێخاوەن بێت و ، هەرخەریکی تەسفیەی حساب بێت کە ئێستا کاتی نیە ، چوونکە خەباتی نیشتیمانیی نازانیت تەسفیەی سیاسی چیە ، ناحەزانی کورد لەبەرژەوەندیاندایە کە دەبینن کێشەوململانیی حزبەکان چەند فراوان بووە کە خۆیان ڕۆلیان تێدا هەیە !! دەبێت حزبەکان چاک بزانن کە کوردستان پرسە گەورەکەیە و ، ئەوەی کاری تێدا دەکات حزبەکانن و ئەوان ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتین کە هەلومەرجێکی دیاریکراو بەرهەمیان هێناوە و ڕۆلیان بە نەمانی هەلومەرجی بوونیان کۆتایی دێت و ، هەمیشە مرۆڤ و کۆمەڵگا دەمینێت و ، خاک دەمینێت ، بەداخەوە کورد وەک پێویست ناتوانێت سیاسەتی بەخۆوەگرتن لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ ناحەز و دۆست پەیڕەو بکات ، ناتوانێت چونکە قورس و زەحمەتە لەلای !! هەر ئەوەنا بەڵکە دۆست و ناحەز تێکەڵ یەکتری دەکات ، کە ئەمە دوژمن بۆ کێشە ڕەواکەی زیاتر دەکات ، تووڕەبوونی حزبەکان لەگەڵ یەکتری یان تووڕەکردنی کۆمەڵگا و بەخۆوەنەگرتنی دروستکردنی دوژمنە کە ماڵوێرانی بەدوادادێت و ، ئەوکات هەموو دۆستەکانی جیهان دادت نادات و بەهانەتەوە نایەن ، جێی خۆشحاڵی هەموو لایەکە بەتایبەتی هاوڵاتی کە ئێستا هەوڵی جدی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەئارادایە بۆ بەخۆوەگرتنی پارتی و یەکێتی و تواندنەوەی بەستەڵەکی متمانە لە نیوانیاندا ، چونکە«ئەو» دەزانێت کوردستان قەزیە گەورەکەیە و نابێت لەسەری بووەستین بەتایبەتی لەو دۆخە نالەبارەی کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێدا تێپەڕ دەبێت ، هەرێمی کوردستان بە بەخۆوەگرتنی یەکتری و یەکگرتوویی و دیموکراتیەتی تەوافوقی دەتوانێت بەرگری لەخۆی بکات ، چارەسەر هەیە ئەگەر نیەتەکان باش بن .