ئەمن گەورەترین دوژمنی خۆم بووم !

محەمەد خۆشناو
  2023-06-17     260

ئەمە قسەی ناپلیۆن پۆناپارت- ە کە لەشەڕدا تووشی شکست دەبێت و نەفی دەکەنە دەرەوەی فەڕەنسا و لە دوورە وڵاتەوە دەڵێت :( کەس بەرپرس نیە لە شکستەکەم ، ئەوەمنم ، ئەمن گەورەترین دوژمنی خۆم بووم ) ، حاڵی ئێمەی ئیستای کوردیش وەهایە کە بووینەتە گەورەترین دوژمنی خۆمان و ، هیج کاتێک وەک ئەوەی ئەوڕۆ ئەوەندە پەرش و بڵاو و دابەشبوون و لێکترازان نەبووینە ، هەر خەریکی لۆمەکردنی یەکترین ، ناحەزان دەزانن کە ئێمە یەکناگرین و یەکگرتوو نین ، هەوڵدەدەن دابەشمان بکەن و لاوازمان بکەن وەک ئەوەی ئێستا لێیانکردین ، لەبەر ئەوەی لاوازین سامانەکانمان دەدزن ، دوژمن و ناحەز تەنها بایەخ  بە دابەشبوونمان دەدەن ، بایەخ بەوە دەدەن کە وامانلێبکەن لەگەڵ یەکتری بەشەڕ بێین ، بۆیە ئەوان زامنی ئەوەیان کردووە کە ئێمە لەبەر لاوازیمان بەرەنگاریان نابینەوە ، بەرەنگاری شۆڤینیەتی عەرەبی «سوننە و شیعە » نابینەوە و بەئاشکرا بووینەتە جێگەی ڕقی ئەوان ، ئێمە ڕێگەمان بە ئەوان داوە نەفت و غاز و ئاو-مان بدزن ، هەمووی بەهۆی دابەشبوون و لێکترازان و شکستمان بۆ یەکگرتن ، ئەوەیە مەسەلەکە .
 

بەڕاستی شوورەییە ئیستا وا بچووک بووینەوە کە هەموو عاقلمەندێک دەزانێت کە ئەمە غەزەبێکە بۆخۆی ، چوونکە بەڕاستی سەیرە زۆربەی کەس وایدەبینن کە لەئاسۆدا شتێک نیە بۆ لەباوەشکردن و بەخۆوەگرتنی  یەکتری و ، هەموومان هەڕەشەلیکراوین و ، بیری شۆڤینی لەبەر دەرگایە و پلانی دابەشبوونی هەیە و ، ئێمەش هەر یەکتری تاوانبار دەکەین بە بەکریگیراوی  بێگانە و تەخوینکردن و ، خۆبەگەورەزانیی  بەرانبەر یەکتری ، وڵاتان و قەوارەکان نازانن ئەمانە چیە ، ئەگەر ئەمانە بێنە ناو وڵاتان هیوا نامێنێت ، ئاییندە نابێت و ، هیچ نادووریتەوە تەنها ژان و خەم و خەفەت ، ئەمە قسەی من نیە ، بەڵام قسەی میکاڤیللی-یە کە ئامۆژگاریەکانیەتی بۆ «میر» ، لەمێژوودا باسدەکرێت و ئێستاش هەیە ، کە زۆر لە وڵاتانمان بینی کە دووچاری قەیرانی سیاسی یان ئابووری و نیشتیمانی هاتن ،  پێیان شەرم  نەبووە پەنا بۆ ئەهلی چارەسەر ببات ، هانا بۆ ئەوانەی چارەسەری نەخۆشیەکە دەکەن ببات ، ئەوانەی باسمانکرد فەشەلی بەدواوەیە ،  کلیلی داڕمانی قەوارە و وڵاتانە ، وڵاتان جگە لەبەرژەوەندی گەلەکەیان هیچی تر نازانن هەموو هەوڵێک بۆ بەرژەوەندی ئەو گەلەیە ، جێی داخە بۆ دۆخی ئێستای کوردستان کە زۆر بەخێرایی و لەنزیک کاتدا پێویستی بە چارەسەرە و دواخستنی لەبەرژەوەندی کەس نیە و ، پێویستیش بەوە ناکات بڵێین کە ئەوە پلانێک لەسەر کوردستان هەیە ، بڕوابکەن ئێمە لە هەمووان زیاتر پلانگێڕیی  لەسەر ئەو نیشتیمانە دەکەین و بەرەو دواوەی دەبەین .
 

هیچ شتێک لەبەردەممان نەماوە تەنها کارکردن بۆ پێکهاتنەوەی نیشتیمانی و بەخۆوەگرتنی یەکتری ، ئەنوەر سادات سەرۆکی پێشووتری میسر توانی گەورەترین دەستکەوت بۆ وڵاتەکەی بهێنێتەدی ئەویش گەڕاندنەوەی سینا بوو کە لەدەست  ئیسرائیل دابوو  ، ئەمەی بەوە  هێنادی  چوو  پێی شەرم نەبوو باوەشی بە ئسرائیلیەکان کرد و بەخۆیوەگرتن ،  واتە ئیستیعابی کردن ، یەکگرتن هێزە و ، یەکگرتنی ڕاسەتەقینە پێویستە لە خواست و ویستی گەلەوە بێت  کە توانایەکی گەورە دروست دەکات، چوونکە لەدواجاردا ئەوە ئەوانن پاریزگاری لەو نیشتیمانە دەکەن ، ئێمە هەموومان بە حزبەکان و نەتەوە و ئایینە جیاجیاکان پێکەوە جوانین و بەتواناین ، بایەخترین تووخمی سەقامگیری خۆدوورکەوتنە لە ململانێ لەسەر دەسەڵات و بەخۆداچوونەوەیە بەو هەڵانەی کە کراون  ، « ڤۆلتێر »ی فیلەسوف دەڵێت :( ئێمە هەموومان پڕین لە لاوازی و هەڵە ، با لێبووردن بۆ حەماقاتەکانمان هەریەکەمان بۆ یەکتری بهێنینەوە - ئەمە ئەوەیە یەکەم قانون لە سروشت ) ، پێم وایە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە پشت بە واقعیەتی سیاسی و ئیعتیدال و کارکردن لە چوارچێوەی  واقیعی سیاسی و کۆمەڵەیەتی بێتووندڕۆیی و خووی ڕادیکاڵی دەبەستێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ، «ئەو» دەتوانێت جیاوازیەکان بکاتە سیمایەکی سیاسی و کلتووری و کۆمەڵایەتی کە ئەوڕۆ کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان دەیکەن و ، هەقە هەموو لایەک پشتگیری بکەن تا سەرۆکایەتی هەرێم ببیتە چەترێک  بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان بۆ گفتوگۆ و حیواری جدی و گەیشتن بەلێکگەیشتنێک کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەک بێت ، کە ئەمە داوا و خواستی هاوڵاتیانە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×