کاتێک ڕای جیاواز سنووری زەمەن دەبەزێنێت!

محەمەد خۆشناو
  2022-03-12     422

ئاسمان پڕە لەئەستێرەی گڕگرتووی بڵێسەدار ،

تەنها یەک ئەستێرە پایەی خۆی دەپارێزێت ، 

هەروەها سەبارەت بە جیهانیش هامان شتە.
شەکسپیر

شانۆنامەی یۆلیۆس قەیسەر
 

خەراپترین شت لەجیهاندا بەندکردنی جەستەی مرۆڤ نیە لە ژوورێکی قایمدا ، بەڵام خەراپترین شت ئەوەیە هەقی مرۆڤ بۆ بیرکردنەوە بەند بکەیت و ، پاشان گوزارشتکردن لە بۆچوونەکانی…بەدریژایی مێژوو هەر لەسەردەمی سوکراتەوە بگرە تا دەگاتە ئێستا ئەو بیروبۆچوونەی پێش کۆمەڵگە کەوتبێتەوە لەلایەن پیاوانی ئایینی و دابونەریت و دەسەڵاتەوە ئابلوقەدراوە و دەستخستراوەتە خنخنۆکی مرۆڤە مەزنەکان و خراونەتە ناو مەنجەنیق و ئاگر و کوشتن و دەربەدەرکردن و بەشەیتانیکردن ، دەیان فەیلەسوف و زانا و هزرمەند و سۆفیگەر و ڕۆشنبیران…هتد بوونە مەشخەلی ڕۆشنگەری، ئەم حالەتە دووچاری ژنان-یش بووە کە پشکی شێری بەرکەوتووە بەتایبەتی ئەو ژنانەی بەدوای ئازادی و سەربەخۆ و دژی هەموو شێوازەکانی دیکتاتۆرەت وەستانەوە.
 

بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وێڕای ئەو هەموو گۆڕانکاریانە کە لەسەرجەم بوارەکاندا بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە کەچی تادێت گووشاری کۆمەڵایەتی و توندووتیژی زیاتر دەبێت و ، ماوە نا ماوە گوێمان لە کوشتنی ژنان دەبێت ، ئەم تاوانانە زیاتر تاوانی خێزانین ، واتە لەناو یەک خێزانی بچووک ڕوودەدەن ، کە تاکێکی ئەو خێزانە ئەنجامی دەدات…بەڵام تاوانی کوژرانی ماریا کە هەفتەی ڕابردوو لە شاری هەولێر ئەنجامدرا جیاوازە لەگەڵ ئەوانی دیکە ، ئەمە دابونەریتە«هێزە» ڕۆلی گەورەی لە کوشتن و توندووتیژی دژ بە ژنان هەیە ، ماریا-یان کوشت چونکە پێش ئەو قۆناغە کەوتبوو کە تێیدا دەژیا و ، سنووری ئەو زەمەنەی بەزاند ، زەمەنێک کە گوولە زاڵە و ، ئەو بەتاقی تەنیا مایەوە و خۆی کردە قوربانی بۆچوون و جیهانبینیەکەی لە خەوی بەدیهێنانی ژیانێکی مەدەنیانەی ئازاد دوور لە هەموو شێوازێکی نێرسالاری و توندووتیژی و خوێن ڕشتن ، ئەوە بای ڕەشی دابونەریتە کە زاڵە لەسەر کۆمەڵگا لێناگەڕێت لەعنەتی تاوانی کوژرانی ماریا بە ئامادەیی بمێنێت و ببێتە شاهێدێک لەسەر ئەو شێرپپەنجە کۆمەڵایەتیە…کێ بەهێزترە…وشە یان گوولە؟ 
 

هەر لەسەرەتای مێژووەوە تا ئیستا ئەم پرسیارە خۆی تەرحکردۆتە سەر ویژدان و مێشکی مرۆڤ ، گرنگی پرسیارەکە لەوەوەیە کە ململانێیەکی ئەبەدی و مێژوویی هەیە لەنێوان خاوەن ڕا و خاوەن گوولە«واتە هێز».
 

لاوازبوونی ئاستی هۆشیاری و کورتی زاکیرەی کورد و نەبوونی قانونێکی تووند و بوونی مەنزومەی دابونەریتی دواکەوتوو ڕەوایی داوەتە کوشتن و توندوو تیژی دژی ژنان و پێشێلکردنی مافیان ، ئەمە بەس نیە تۆ هەر بە بەیانامە و زار داکۆکی لە مافی ژن و گۆڕینی دۆخی کۆمەڵایەتی لەسەر بنچینەی سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی دۆخی ژن لە کلتووری میللی بکەیت ، بەڵکو دەبێت بیردۆزێکی نوێ بۆ تەفسیری دەقە ئاینیەکان دابنرێت ، کە ژن وەکو مرۆڤ بە باشی مامڵەی لەگەڵدا بکرێت.
 

مرۆڤ بریتیە لە بیروڕا ، ماریا کوژرا چونکە خاوەنی ڕای خۆی بوو ، ئەوەی کوشتی براکەی نەبوو بەڵکو گوولەی دابونەریت بوو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×