سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی کورد لەسووریا

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2026-01-19     211

سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی کورد لە سووریادا، چەند خاڵێکی گرنگ دەخەمەڕوو.

 

هەسەدە زووتر، واتە کاتێک لە کە هێشتا داعش مابوو و شەڕ لە گەرمەیدا بوو، دەیتوانی دەرفەتی باشتر بەدەست بهێنێت و کەمێک مسۆگەری بۆ کورد لە سوریادا دەستەبەر بکات. بەوەی دەیتوانی:

١- بەرانبەر بە ڕێکەوتنێکی نووسراو بۆ پاراستنی ناوچە کوردنشینەکان، مامەڵەی بە ناوچە عەرەبنشینەکانەوە بکردایە. لەجیاتی ئەوەی بۆ ساڵانێک لە ڕەققە و دێرەزوور بمێنێتەوە، دەیتوانی زووتر دانووستاندن لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بکات: (ئێمە ئەو ناوچانەت ڕادەست دەکەینەوە، تۆش مسۆگەری خۆبەڕێوەبەریمان لە ناوچە کوردییەکانی وەکوو حەسەکە، قامیشلۆ و کۆبانێ بدەرێ.)

 

٢- هەسەدە دەیتوانی داوای ڕێکەوتنێکی تۆکمەی مسۆگەر و ڕوون بکات، نەوەکوو باوەڕ بە پەیمانی درۆینە بێنێت. دەیتوانی داوا بکات کە ئەنجومەنە خۆجێییەکان بمێننەوە، کورد مافی زمان و خوێندنی بە کوردی هەبێت، خۆی هێزی پاراستن و ئاسایشی ناوخۆی ئەو شارانەی لەدەستدا بێت. 

 

٣- دەبوو مەسەلەی بەندیخانەکانی داعشی بکردایە بە بابەتێکی جیهانی، بەوەی داوای چاودێری یوئێن و هاوپەیمانانی بکردایە. لەگەڵ ئەوەش دەبوو داوای پێکەوە بەڕێوەبردنی ئەو بەندیخانانەی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا بکردایە. بەو ڕەنگە بەندیخانەکان دەبوون بە بەرپرسیارییەتییەکی جیهانی، نەک تەنها هەسەدە.

 

٤- دەبوو پێگەی شەرعییەتی خەڵکە عەرەبەکەیان لەو ناوچە عەرەبنشینانە بەهێز کردایە. بۆ کەمکردنەوەی ڕاکردن بۆلای دەوڵەتی مەرکەزی و نالەباری بارودۆخیان، هەسەدە دەبوو هێزی ڕاستیینەی بدایە بە ئەنجومەنە خۆجێییە عەرەبییەکان، نەک تەنها بەشێوەیەکی سیمبۆلیکی. هاوکاری باشتری خەڵکە عەرەبەکەی بکردایە لە داهاتی نەوتدا. ئەمە وای دەکرد کە بۆ دیمەشق ئاسان نەبێت ئەو ناوچانە ئاوا خێرا لەژێردەستی هەسەدە دەربهێنێت.

 

٥- لەجیاتی هێشتنەوەی ناسنامەی ئاشکرا و تەواوی هێزێکی سوپایی، هەسەدە دەیتوانی هەرزوو بە هێمنی خۆی بگۆڕییایە بەرەو هێزێکی پۆلیسی ناوخۆیی لەژێر ڕکێفی وەزارەتی ناوخۆ لە دیمەشق. لە کاتێکدا کە دەیتوانی دەسەڵات و کاریگەری ناوخۆیی خۆی بپارێزێت.

 

٦- هەسەدە دەبوو پابەندبوونی سیاسی دوورمەودای وڵاتانی ڕۆژاوای بەدەست بهێنایە، هەرچەندە دانپێدانێکی تەواویش نەبووایە. دەیتوانی فشار لە ئەمریکا و ئەوروپا بکات تا لێدوانێکی پاراستنی سیاسی نووسراویان لێوەربگرێت. داوای مسۆگەری و گەرەنتی بکردایە ئەگەر لە کاتێکدا پرۆسەی ئۆتۆنۆمی داڕوخا. گەرەنتی بوجەی دوورمەودای بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە بکردایە. 

 

بچوکترین پابەندبوونی وڵاتانی ڕۆژاوا، دەیتوانی ڕێگری لە تێکشکانی تەواوەتی و لەناوچوون بکات. لەبەرئەوەی لە ئێستادا، هیچ گەرەنتییەک بۆ مانەوەی کاریگەری کورد لە سووریادا نەکراوە، بۆیە هیچ کەس ناتوانێت بە ڕوونی ئاڕاستەی ڕووداوەکان ببینێت.

 بەداخەوە هەسەدە هێزی لەسەر زەوی بونیات نا، بەڵام نەیانتوانی کاریگەری و فشاری مەیدانی شەڕ بگۆڕێت بە ڕێکەوتنێکی سیاسی قفڵلێدراو، لە کاتێکدا کە زۆرترین کاریگەری و فشاری لە ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ دا هەبوو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×