مێژووی کۆمەڵگە و دامەزراوەکان بەردەوام یەک پرسیاری جەوھەری دووبارە دەکاتەوە؛ ئایا مرۆڤەکان سیستەم دروست دەکەن، یان سیستەمەکان مرۆڤەکان پەروەردە دەکەن؟ لە ڕاستیدا، ئەم دووانە لە بازنەیەکی بەردەوام و کاریگەری دوولایەنەدا دەژین. جۆری بەڕێوەبردن و ئاستی ھۆشیاری تاکەکان دوو ڕووی یەک دراون و چارەنووسی ھەر کۆمەڵگەیەک دیاری دەکەن.
سیستمی بەڕێوەبردنی خراپ و گەندەڵ، وەک ژینگەیەکی ژەھراوی وایە بۆ مرۆڤەکان. کاتێک بنەماکانی دادپەروەری، شەفافیەت و لێھاتوویی لە دامەزراوەیەکدا پەراوێز دەخرێن، ئەم سیستمە تەنھا کارەکان پەک ناخات، بەڵکو مرۆڤی نەزان، ھەلپەرست و گەندەڵیش بەرھەم دەھێنێت. لە سیستمێکی وادا، کەسانی لێھاتوو و دڵسۆز یان دوور دەخرێنەوە، یان بێھیوا دەبن و تواناکانیان دەپوکێتەوە. لە بەرامبەردا، کەسانی نەزان و ماستاوچی بۆ پێشەوە دەھێنرێن، چونکە مانەوەی سیستمە خراپەکە پێویستی بەم جۆرە مرۆڤانەیە تا ھیچ پرسیارێک نەکەن و تەنھا فەرمان جێبەجێ بکەن.
بەم شێوەیە، نەزانی دەبێتە پێوەر بۆ سەرکەوتن و گەندەڵی دەبێتە نەریت.
لەلایەکی دیکەوە، سیستمی بەڕێوەبردنی باش و تەندروست، کارگەی بەرھەمھێنانی مرۆڤی داھێنەر، ھۆشیار و بەرپرسیارە. کاتێک یاسا لە سەرووی ھەمووانەوە بێت و پاداشت و سزا لەسەر بنەمای کار و لێھاتوویی بێت، تاکەکان ھان دەدرێن کە خۆیان پێبگەیەنن و زانست و ئەخلاق بکەنە چەکی کارکردنیان. سیستمە باشەکە وەک فلتەرێک کار دەکات کە تێیدا تواناکان گەشە دەکەن و مرۆڤە ئاساییەکانیش دەبنە سەرکردە و داھێنەری گەورە.
بەڵام ئەم ھاوکێشەیە تەنھا یەک ئاڕاستە نییە، بەڵکو مرۆڤەکانیش ھەمان کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی سیستم ھەیە. سیستەم لە بۆشاییەوە دروست نابێت، بەڵکو بەرھەمی عەقڵ و ئیرادەی مرۆڤەکانە. کاتێک کەسانی نەزان و بێتوانا دەگەنە جومگەکانی بڕیاردان، بەبێ ئەوەی ھەست بە مەترسییەکەی بکەن، دەبنە ھۆکاری لەدایکبوونی سیستمێکی دواکەوتوو و لاواز. چونکە کەسی نەزان ناتوانێت دیدگایەکی ستراتیژی ھەبێت، لە کەسانی زیرەک دەترسێت و ھەمیشە یاسا و ڕێساکان بە جۆرێک دادەڕێژێت کە بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت، نەک گشتی .
بە پێچەوانەوە، کەسانی باش، ھۆشیار و خاوەن دیدگا، تاکە ھێزن کە دەتوانن ئەم بازنە خراپە بشکێنن و سیستمێکی تەندروست بنیادت بنێن. مرۆڤە باشەکان تەنھا بیر لە ئەمڕۆ ناکەنەوە، بەڵکو دامەزراوەیەک دروست دەکەن کە تەنانەت دوای نەمانی خۆشیان بەردەوام بێت. ئەوان باوەڕیان بە دابەشکردنی دەسەڵات، چاودێریکردن و پێگەیاندنی نەوەی نوێ ھەیە، ئەمەش دەبێتە ھۆی لەدایکبوونی سیستمێک کە بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا، دەکرێت بڵێین مرۆڤ و سیستم لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیدان. بۆ ئەوەی لە بازنەی نەزانی و دواکەوتوویی ڕزگارمان بێت، پێویستمان بە مرۆڤی باش و ھۆشیارە تا سیستمێکی تەندروست دابمەزرێنن، دواتریش ئەو سیستمە تەندروستە دەبێتە گەرەنتی بۆ بەرھەمھێنانی نەوەیەکی باشتر و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو .