پەیوەندی مرۆڤ بە شوێنەوە پەیوەندیەکی قوڵ و فرە ڕەھەندە، لە پەیوەندی فیزیکیەوە بیگرە تا دەگاتە پەیوەندی دەروونی و کلتوری و کۆمەڵایەتی و ئابووری.
ئەوەی ئێمە لێرە مەبەستمانە لەبارەیەوە بدوێین، ئەو پەیوەستبوونەی مرۆڤ نیە بەشوێنەوە کە ئایدیۆلۆژیایەکی ئایینی یاخود مەزھەبی و نەتەوەیی ئەیبەخشێتە ئەو شوێنە، بەڵکو ئەوەی مەبەستمانە تیشکی بخەینەسەر، پەیوەندیە دەروونیەکەیە یاخود قوڵتر بڕۆین ڕوحیەکەی مرۆڤە بە شوێنەوە.
یەکێک لەو فەیلەسوفانەی کە لەسەر ئەم پەیوەندیەی مرۆڤ بە شوێنەوە دواوە مارتن ھایدگەری ئەڵمانیە (١٨٨٩-١٩٧٦ز).
ھایدگەر پێی وایە؛ ئێمەی مرۆڤ بەتەنھا لە شوێنێکی دیاریکراو، جا ئەو شوێنە ماڵ بێ یاخود شار یاخود دەوڵەت ناژین، بەڵکو تیا نیشتەجێ ئەبین و بەشدار ئەبین لە پێدانی شێوەو وێناکردنی تایبەت بەخۆی.
بۆ ئەوەی ئەم تێگەیشتنە لەسەر زەمینی واقع زیاتر روونکەینەوە، چەند نموونەیەک ئەھێنینەوە.
بۆ نموونە؛ کاتێک بەشەقامێکی شاری سلێمانیدا ئۆتۆمبێل لێ ئەخوڕی ھەستەکەی شەقامەکە ئەبێتە بەشێک لە وجودی خۆت ، یاخود کاتێک لە ژێر سێبەری دار توویەکی پارکی ئازادی شاری سلێمانی یاخود دار سنەوبەرێکی باخی گلکەندی ھەولێر پشوویەک ئەدەی، ھەستەکەی ئەو ئاوەی ئەم درەختانە پاراو ئەکەن، ھەمان ئەو ئاوەیە کەلەسەر خوانەکەتا دانراوەو تینوێتی خۆتی پێ ئەشکێنی.
بۆ بابایەکی ئیماندار ڕاستە خوای ھەمووی شوێنەکان یەک خوایە، بەڵام ھەستی رۆچوون و نزیکی لەخواوە بەھۆی ئەو نوێژەی لە مزگەوتی شارەکەی خۆی ئەیکا ھەمان ئەو ھەستە نیە کە لە مزگەوتێکی دەرەوەی شارەکەی خۆی ئەنجامی ئەدا (وەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە، قسەمان لەسەر ئەو شوێنە پیرۆانە نیە کە لە ئایین و ئایدیۆلۆژیا مەزھەبیەکان بەشوێنێکی پیرۆز ناوھێنراون).
نەک ھەر ئەوە تەنانەت بۆ یەکێک گەر بیەوێ جارجارێک سەری خۆی گەرمکا، بۆو تامی پێکی شەرابی باڕی شارەکەی خۆی ، جیاوازترە لە بۆو تامی پێکی شارێکی تر.
ئەم نموونانە بۆ ھاوڵاتیەکی شاری پاریس، نیویۆرک یا نیودەلھی یاخود ھەرشارێکی تر ڕاستە، مەحاڵە ئەم ھەستە لە دەرەوەی ماڵەکە یاخود شارەکەی خۆت لەگەڵ چواردەورتا بیگۆڕیتەوە، نەک لەبەر ئەوەی ڕقت لەو شوێنەبێ یاخود بەپێی ھەندێک پێوەری گەشەی ئابووری لە ڕووی دیزاین و ڕووبەر و شەقام و ئاپارتمان و باخچەو پارکی گەورەو جوان، پێش ماڵ و شارەکەی تۆ کەوتبێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەو ڕەھەندە ڕوحیەی تۆی وابەستەکردووە بە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە.
لێرەوە ئەتوانین جیاوازی لە نێوان ھەردوو چەمکی شوێن و ناشوێن بکەین، گەر بەدیوێکی ئەوەی سەرەوە لە شوێنمان ڕوانی، ئەوا شوێن بۆخۆی ئەبێتە بەشێک لە کەینونەو ھەبوونی مرۆڤ، چیدی شوێن جوگرافیایەکی دیاریکراو نیە کە تەنھا بە پرگال و ڕاستە، باکورو باشور، رۆژئاواو ڕۆژھەڵاتی دیاریکەی، بەڵکو شوێن لەناوماندا نیشتەجێ ئەبێ وئەبێتە بەشێک لە ئاوەزوو ھەستەکانمان.
ھەرچی ناشوێنە ھەموو ئەو جوگرافیایانە دەگرێتەوە، کە ھیچ پەیوەست بوونێکیان نیە لە گەڵتداو ناتوانی لینکێک بدۆزیتەوە بۆ ئاوێزانبوون و پەیوەست بوونی روحی پێکەوە، ھەرچەندە ئەو شوێنە لە ڕووی دیزاینی ئەندازیاری و پێشکەوتنی ھونەری بیناسازی و تەنانەت گونجاوی کەش و ھەواوە گونجاوتربێ بە شوێنی نیشتەجێبوونت.
ئەکرێ مرۆڤ سوود لە جوگرافیایەکی نامۆ بە ڕوح و دەروونی وەرگرێ، بۆ نموونە وەک سەرچاوەی بژێوی یاخود زیاتر پەلوپۆ ھاویشتنی ئازادیە تاکیەکانی، بەو ھۆیەشەوە جۆرێک لە ڕێزو پێزانین دەربڕێ بەڵام ئەمانە ھیچی قەرەبووی دابڕانی لە شارو نیشتمانی روحی ناکەنەوە.
لە دۆخی یەکەمدا تۆ لە بەردەم شوێنی وەک کەسێک کە بە دڵ خۆشتەوێ، بەڵام بۆ دۆخی دووەم تۆ لەبەردەم شوێنی وەک کەسێک کەتەنھا ڕێزت بۆی ھەیە.
لەتیف ھەڵمەتی شاعیری گەورە، زۆر جوان لە چەند دێڕێکی شاعیرانەی ئاست بەرزدا ئەم پەیوەستبوونەی مرۆڤ بەشوێنەوە دەخەمڵێنێ :
خۆشم ئەوێ ھەرچی شارە
بەڵام شورای مەڵبەندەکەی مامەیارە
لە دڵمدا لە ھەموویان زیاتر دیارە
ھەموو کێوێکی بەرز لای من جوانە
بەڵام زەریفترین لوتکە لە لای
من ھەر گۆیژە و ھەیبەت سوڵتانە
ئاوی ھەموو کانی و کارێزێ ڕەوانە
بەڵام لای من خۆشترین ئاو
ئاوە ڕوونەکەی سیروانە
ھەموو گۆرانییەکی خۆش
تنوسکی بزۆزی گیانە
بەڵام لای من بەتامترین گۆرانی
ھەر ھۆرە و لاوک و حەیرانە
تێبینیەکی بچووک: ئەم وتارە باسکردنە لەسەر پەیوەندیەکی پۆزەتیفانەی نێوان تاک و شوێن، ئەکرێ بەدیوێکی تردا ئەم پەیوەندیە، پەیوەندیەکی نێگەتیف و ئازار بەخشبێ، وەک پەیوەندی زیندانیەک بە گرتووخانەکەیەوە، یاخود پەیوەندی مرۆڤێکی چەپێنراوو ئەشکەنجەدراو لەچوارچێوەی ماڵ و لانەی نیشتەجێبوونیدا، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم نموونانە بەراوورد بە کۆی گشتی تاکەکانی کۆمەڵگە ئاوارتەن، ئێمە باسمان لەسەر ڕێسا گشتیەکەی ژیان کردووە کە تێیدا ژیانێکی ئاسایی تاک پەیوەست بەشوێنەوە بنکۆڵکراوە.