پشتقایمیی دەوڵەتانی کلیپتۆکراسیی بەرۆژئاوا

د. رزگار ئاغا
  2020-07-06     340
بەشی چوارەم:

١.ئایا کلیپتۆکراسیی کەلتوورێکی وڵاتە دواکەوتووەکانە؟
  بە باش زانرا, ئەم پرسیارە دەرگا بکاتەوە بۆ چوونە ناو پەیوەندیی نێوان دەوڵەتانی کلیپتۆکراسیی و دەوڵەتە رۆژئاواییە سەرمایەدارییەکانەوە. گرەنگییەکەی لەوەدایە, لێکدانەوەیەک هەیە لەسەر گەندەڵیی بەربڵاو لە وڵاتە دواکەوتووەکان دا, کە بگەڕێتەوە بۆ کەلتووری ئەو گەلانە و, رەگی قووڵی سایکۆلۆجیی هەبێت, بەڵام رۆژئاوا بێگەردن لەم خواستە سایکۆلۆجییە و تێ,ەکلاون لەو ئاڵوگۆڕە ناشەرعییەدا. سارا چاییز, لە یەکێک لە ناواخنی قسەکردنی لەسەر گەندەڵیی, لە چاوپێکەوتنێکیی دا لە تەک ستیفانی باندۆک(١), ئەم بابەتەی رووبەڕووبۆتەوە لە کۆڕ و چاوپێکەوتنەکان دا, کە هەندێکییان کتوپڕیی بوون بۆی و, پێشتر بە بییری ئەودا نەهاتوون. یەکێکیان ئەوەیە, تۆ بڵێی گەندەڵیی هەر ئەوە بێت کە "بەشێکە لە کەلتوور" لە خەڵکی ئەو وڵاتانەدا کە تیاژیاوە یان سەردانی کردوون؟ ئایا چاییز, زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتری نەکردووە لەو وڵاتانە و لە دنیاشدا, بەوەی کە هەستیارییەکەی بۆ ئەوە بێت لایەنداریی و کەلتوورێکی رۆژئاوایی هەیە؟ بێگومان, ئەم پرسیارانە,دیسان تەنها لە ناو کەسە رۆژئاواییەکانەوە سەرهەڵدەدەن, نەک لە میسرییەک یان نەیجیریاییەک, یان هەر رۆژهەڵاتییەک بە گشتیی. ئایا کەس هەیە بڵێت: "گەندەڵیی کەلتووری خۆمانە, گوێی نادەمێ". چاییز, بە جەختەوە, وەڵامی ئەم پرسیارانەی داوەتەوە و, پێی وایە زۆر بە پێچەوانەوە, لە هەر وڵاتێک لەوانەی لێکۆڵیینەوەی لەسەر کردوون, زۆریینەی خەڵکەکەی پێداگیریی ئەکەن لەسەر ئەوەی کە گەندەڵیی, یەکێکە لەو کێشە سەرەکییانەی کە وڵاتەکەیان بەرەو دواووە بردووە و, مایەی بەیەکدادانی توندوتییژی و پەشێوییە لە ولاتەکەدا.
  چاییز, وردتر ئەچێتە سەر وەڵامی پرسیارێکی تر , ئایا ئەو گەندەڵییەی باسی لێوە ئەکات, ئەکرێت بە قۆناغێکی سروشتیی دابنرێـت, لە گەشەسەندنی ئەو وڵاتانە دواکەوتووانەدا؟ بە پاساوی مێژوو, رۆژئاواش لە سەدەکانی شازدە و حەڤدە دا بەو قۆناغەدا تێپەریووە, بۆیە رەنگە سرووشتیی بێت بۆ ئەم وڵاتانەش, لە ئێستادابەهەمان قۆناغدا تێپەرببن. چاییز پێی وایە,  ئەم بۆچوونە, کێشەی گەورەی تێدایە, ئەم کەسانەی گفتۆگۆی لەتەکدا کردوون, هەمیشە رایان وایە, ئەم گەندەڵییە سەرڕێژەی کە ئێستا هەیە, نەمان و تێکچوونی ئەو توندیی و لێپێچیینەوانەی پێشووە کە لەسەر یاسا و دابەشکردنی دادپەروەرانەی شمەکەکان هەبووە. لە ئەمەریکاش, تەنگیی و قوڵپی گەندەڵیی گشتیی تێپەربووە, سەردەمی زێریین ی ئابووریی لە خۆیدا, رۆژگارێکی خراپ بوو بۆ تەشەنەســـەندنی گەندەڵیی, بەڵام ڕێیخۆشــکرد بۆ گەشـــانەوەی جوڵانەوەیەکی پێشکەوتنخوازی چاکسازیی. بۆیە پێی وایە, رەنگە ئێستا رۆژگارێکی تری خراپ هاتبێتەوە ئاراوە و پێویست بە جوڵانەوەیەکی هاوشێوە بکات.
  گایڵز فۆدن, لە پێداچوونەوەی کتێبی دزەکانی دەوڵەت دا(٢), ئەڵێت: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی, خەباتیان کرد لە پێناوییدا, بۆ دامەزراندنی دیموکراسییەتێکی بەردەوامی خۆژێنە لە ئەفغانستان و عێراق, ئەوەیە کە حوکوومەتەکانی ئەم وڵاتانە نوقمی دەستکەوتی حەرام و نایاسایی بوون, رەوشێکە لە سیستەم کە رێک بە مافیا ئەچێت, کە لێوەی پارە قوڵپ ئەیات بۆ سەرووتر و سەرووترەوە. هەمان شت بۆ بەشێکی زۆری ئەفەریقا و ئاسیا و, زۆربەی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو. ماوەی دەسەڵاتی سەرۆکی چیین (شی جین پینگ) لەو کاتەوەیە کە جەنگی دژی گەندەڵیی بەرپا کرد, حەسەن رۆحانیش لە دژی گەندەڵیی قسەی کردووە.
  بەم پێییە, هەر چەند و چوونێک بکرێـت لە بارەی ئەوەی کە کام دەوڵەتە کلیپتۆکراسییە و کامەیان نا, بە کەلتووریی بێـت یان بە خوایشت بێت, هییچ مانایەکی نییە. کرۆکی کلیپتۆکراسیی ئەوەیە کە جیهانگیرییە, لە سنووری هییچ دەوڵەتێکی نیشتمانیی گڕ ناخوات. ئەم کێشەیە تەنها لە باربۆکردنی دەرەکییدا کورت ناکرێتەوە, کە دەوڵەتە بچووکەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست, یان ئەو کۆڵۆنیایانەی لە ناوچەی کاریبی ماونەتەوە: بەڵکو لە هەموو شوێنێکەوەیە, بە ئەمەریکاشەوە. بن جۆدە و نەیت سیبڵیی لە نووسیینی "رۆژئاوا دەرگای کراوەیە بۆ بزنسی سپیی"(٣) لە توێژیینەوەیەکدا لەم بابەتە وردبۆتەوە, پێی وایە خەمڵاندنەکان وا ئاماژە ئەدەن, کە وڵاتە تازەگەشەندووەکان, لە ژێرخانی ئابوورییاندا, ساڵانە زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار, لە باربووکردنی ناشەرعییدا زیان ئەکەن, دواتریش لە جموجووڵەکانی سیستەمی دارایی ئەمەریکاییدا خۆی ئەگرێتەوە, کە پرۆسەیەک بەڕیوەی ئەبات, ڕێک وەک تۆڕی پەیوەندییەکانی گەندەڵیی جیهانی خۆی نمایش ئەکات. وەزارەتی دارایی ئەمەریکایی مەزەنەی زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دۆلاری سپییکردنەوەی پارە کردووە لە ئەمەریکادا, لە هەموو ساڵێکدا, کە نزیکەی لە ٢%ی کۆ بەرهەمی ناوخۆیی نیشتمانییە - سەرباری ئەوەی کە ژمارە راستەقیینەکە رەنگە لەمە گەورەتریش بێت-. باربۆکردنی نادیاریش خزمەتکارێکی تری کلیپتۆکراسییە.ئەم سیستەمە لە ئاستی یەکەمدا, لەرێی تۆرە جیهانییەکانی کۆمپانیاکانی (شێڵ)ەوە کار ئەکات, کە دامەزراندن و جڵەوگیرییکردنیان بە تەواویی زۆر نهێنییانەیە. ئەمەش وا ئەکات, کە بوبێتە باشترین جۆگە (کەناڵ) بۆ سپییکردنەوەی پارە. ئەمەریکاش ئەو وڵاتەیە, کە گەورەتریین بەرهەمهێنی ئەم چەکە کۆمەڵکوژییەیە.
  بۆیە, پێویست ناکات بپرسیین, ئایا رووسیا وڵاتێکی پاکە؟ باشتریین توێژیینەوە ئەوەیە, کە لەسەر تێوەهەڵچوونی بژاردە رووسیاییەکانە لە سیستەمەی کلیپتۆکراسییەوە, لە پێوەندبوونیان بە دزیینی بودجەی گشتییەوە, لە رێی کۆمپانیا ئۆسکۆتلەندییەکان و بانکەکانی مۆڵدۆڤیا و لاتڤیاوە, بۆ بزنسی خانووبەرەکانی لەندەن.
  بەڵام, ئۆلیڤەر بۆڵۆ, پێی وایە کلیپتۆکراسیی چەند دەسەڵاتێکی دادوەریی لەپشتەوەیە. ئەوە ئەو هۆکارەیە کە ڕێسا و یاسا هەبێت بۆ جڵەوگیرکردنی سەرمایە. ئەگەر نموونە وەریگریین, نەک مەبەستمان بێت بەدیارییکراویی, بەپرسیێک لە نەیجیریا ئەتوانێت پارەی گشتی بدزێت و, لە بانکەکانی سویسرا بیشارێتەوە و, لە لەندن خەرجی بکات. بە هەمان شێوە, لە غینیای ئیستیوائیی بیدزێت و, لە دوورگەکانی باهاما سەرەونگوونی بکات و لە پاریس دەری بخات. هەروەها, لە ئەفغانستان بیدزێـت و لە دوبەیی پەردەپۆشی بکات و لە لوبنان خەرجی  بکات. بەم شێوەیە..
ستراتیجدارەکان, ئەم نیگەرانییەیان لەوەوە دەستپێکردووە, کە ئاماژەی تۆمەتبارکردنەکان بۆ وڵاتانی دەری سەرمایەدارییەو, بۆیە بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست پێداگیریی ئەکەن, لەسەر ئەو هەڕەشانەی کە تیایدا  زۆرێک لە چەپەکان بوونەتە قوربانیی, لە دژایەتییکردنی گێلانەی ئێمپرالیستدا, کە هێشتا روانینیان ئەوەیە بۆ دەسەڵاتدارە کلیپتۆکراتە پارەدارەکان  کە دژوارترین کەسانی سەر زەوین. لە راستیشەوە, ئایدۆلۆجیاکان وایان کرد, کە سەربەستی بۆ هاتوچۆی سەرمایە هەبێت, کە بووە مایەی نابییناکردنی  خەڵک و پارتە پارێزگارەکان, لە بینیینی مەترسیی قوڵپدانی دارایی نایاسایی لەم وڵاتانەوە بۆ دەرەوە. تەنها لەم چەند ساڵەی دواییدا, پێزانینێکی بەرەبەرەیی دەرکەوتووە, کە چۆن چۆنی پارەی نایاسایی پڕچەک ئەکرێت, بۆ باربووکردنی کار و چالاکیی نایاسایی, کە بووەتە بەشێک لە جەنگێکی ناچییزە لە جیهاندا.
  ئەم دیاردەیە, زیاتر لەو تاریکییەی دەوری رووسیای داوە, لە خراپترین حاڵەتییدایە. چەند دەیەیەکە, تۆڕی کلیپتۆکراتەکانی رووسیا, گەیشتنە دەریای بەڵتیک و وڵاتانی رۆژهەلاتی ئەوروپا, هەر لە دەستکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی لیتوانیا لە  ٢٠٠٣دا, بەهۆی پەیوەندیی لەتەک مافیا رووسیاییەکانەوە, هەتا ئەگاتە ئەو پەیوەندییە بەردەوامانەی, لە نێوان هێزە یاریکەرەکانی مۆڵدیڤییا و ئۆکرانیا و کەرەملیین دان.
  توانای یاساداڕیژە رۆژئاواییەکان بۆ پێزانیینی ئەم هەڕەشەیە, بەهۆی هەڵوێستە کۆنەکانیان لەگەڵ هاوشێوە ستەمکارەکانیانەوە, لاواز ئەبینرێتت. کەمێکیان هەن, کە ئەزموونی راستەوخۆیان هەبێت بەو ژیانەی لە دەرەوەی دیموکراسییەتی رۆژئاواییدا هەیە. لە رۆژئاوا, جیاوازیی روون و ئاشکرا هەیە لە نێوان دەسەڵاتی سیاسیی و, پارەی کەسێکی فەرمانبەر بە ئاسایی و  کەسێکی پێگەدارەوە, کە بەدرێژایی چەند سەدەیەکە لە رۆژئاوادا رێکخراوە بە یاسا. لایان وایە لە وڵاتە ستەمکارییەکانیشدا, کە رۆاڵەتی دیموکراسیی پۆشییوە, هەمان سیستەم بەو وردەکارییەوە پیادە ئەکرێت. بەڵام لە رووسیا و چیین دا, یاسای گەورەی یارییەکە, لە لایەن دامەزراوەی حزبیی و ئارەزووی ستەماکارانەوە دارێژراوە, ئەم جیاوازیە گەورەیە روون نییە لای یاسا دارێژە رۆژئاواییەکان..
  لە هەمان کاتدا, زەبوونیی لە سیستەمی دارایی رۆژئاواییدا, تەنها ڕێپێدان نەبوو بە  ئاسانکاریی بۆ ئەو هەڕەشەکردنەی لە ئەنجامی قوڵپدانی پارەی نایاساییەوە روویدا, بەڵکو بووە مایەی بەهەژموونکردنی دەستەبژێرە دەسەڵاتدارە گەندەڵەکانی سیستەمە حوکمڕەوەکان کە هیچ هێڵێکیان نیە لە نێوان رژێمەکانیان و دەسەڵاتی کۆمپانیاکاندا.

٢.بێدەنگییکردنی رۆژئاوا لە گەندەڵیی و  پاسا وهێنانەوە بۆ کلیپتۆکراتەکان
  ئەزموونەکانی چاییز لە ئەفغانستاندا, هەندێک راوەستانی ئەوێت بۆ تێگەیشتن لە بەکاریی (فعالیه‌) ئەو ئامڕازانەی کە گرتبوونییە بەر لە بەرامبەر حوکوومەتەکەی کارەزای و سیستەمە کلیپتۆکراسییەکەی . رەنگە, کاریگەریی چالاکی دژە گەندەڵیی لەسەر سەرکردەی ئەو وڵاتانە  زیاتربێت, کە سەروەریی خۆیان هەیە و لە دوو توێی ئەو وڵاتانەدا بێـت کە ئەمەریکا لە لیستی سپییکردنەوەدا داینابن. بەڵام لە ئەفغانستان, کە ئەمەریکا هەزاران سەربازی تیادا بڵاوکردبووەوە و, پشتیوانیی حکومەتە شەق و شڕەکەی ئەکرد بە ملیارەها دۆلار. چاییز پێی وابووە کە ئەمەریکا ئەو دەسەڵاتە بووە, کە لێپرسیینەوە لە رەفتار و هەڵسوکەوت و دزیینی ئەو کۆمەکییانە بکات, کە لە لایەن کارەزای و تاقمەکەیەوە بە ئاشکرا ئەگوزەرێن. بەڵام ئەمە,هەرگیز رووی نەدا.
  چاییز, هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵی, لە نشێوێکدا بە نائومێدیی ئەبیینیەوە, نەک تەنها لەلایەن کەرەزای و تاقمەکەیەوە, بەڵکو ئەو کاتەی دەستپێشخەریی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی بوو بە مایەی بێزاربوونی دەسەڵاتدارێکی ئیقلیمیی, جەنەراڵ ماکریستاڵ لە هەوڵەکانی چاییز, کە ئاشکرایانە وتی نامانەوێـت پەشێویی بخەینە ئەو پەیوەندییە گرنگەی هەمانە لە تەک کارەزای دا. چاییز, ئەڵێت, سەیرم لێهاتووە, ئاژانسی هەواڵگیریی ناوەندیی ئەمەریکایی لە هەموو کۆبوونەوەکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵییدا دانیشتن, بەڵام هیچییان نە ئەوت, لەوکاتەی کە مقۆمقۆ هەبوو بۆ پاراستنی رەگ و ریشەکانی گەندەڵیی. لە کاتێکی دواتردا,  چاییز پێ زانیی کە ئاژانسی هەواڵگیریی ناوەندیی مەلایین دۆڵار ئەدات بە کەرەزای(٤). ئەمە بۆ خۆی چاوبزکردنەوەیەکی سەرەکیی بوو لە قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی. لە گەرمەی شەڕ و کوشتاردا, سیاسەتداڕێژە سەرەکییەکان پێویستیان بە حکومەتی ئەفغانیی پەسەند کراو هەبوو, بە بیانووی ئەوەی بەردەوامییدان بە هەوڵەکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی ئەبێتە مایەی خستنەسەرپشتی دەرگای جەنگ لە دوو بەرەوە.
  سێ پەیامنێری رۆژنامەنووسیی فلکنس و مازێتیی و رایزن, مازێـتیی پەیامنێری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکایە, راپۆرتێکیان لە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزدا (٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩)(٥) بڵاویانکردەوە, کە ئەحمەدی برای کەرەزای لە لیستی مووچەدانی (CIA)  بەشێوەیەکی بچربچڕمووچەی هەبووە, بە درێژایی هەشت ساڵ هەر لە هێرش بۆ سەر ئەفعانستان لە ٢٠٠١ دا. هەروەها لە راپۆرتەکەیان دا, ئەڵێن, کەسێکی ناودار بووە لە باشووری وڵات دا و, خەڵکەکە بە مییری باشوور ناویان بردووە و, وتوویانە: هەر شتێک بویسترایە ئەبووایە لە رێی ئەوەوە پەسەند بکرێـت. بۆیە, ئەمەریکاش بەرژەوەندی لەوەدا بووە کە پشتیوویانی بکات.  راپۆرتەکەیان, بە مەبەستەوە باس لە باشووری ئەفغانستان ئەکەن, کە مەڵبەندی کشتووکاڵی خاشخاش بووە و برایکەی کەرەزای گەورە بازرگانی تلیاک بووە. 

٣. رۆژئاوا پەیوەندیی لەتەک رژێمە تاوانکارییەکان دا توندوتۆڵە:
  ریچارد بیسترۆنگ, راوێژکار و دامەزرێنەری نووسیینگەی راوێژکاری رێکخراوی               (هێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی بەرتییلخۆریی  -  A Front-Line Perspective on FCPA, Anti-Bribery and Compliance )(٦), چاوپێکەوتنی لەتەک  سارا چاییز دا کردووە و, بە دیارییکراوی لێی پرسییوە : بۆچیی ئەمەریکییەکان پەیوەندیییان باش بووە لەتەک بەرپرسە ئەفغانییەکان دا, سەرباری ئەو تێبیینیانەی تۆ و کەسانی تر هەیانە لەسەر ئەفغانستان؟ وەڵامی چاییز ئەوەبووە: بێگومان,  کۆمەڵێکی ئەفغانی هەبوون کە ۆزربەی ئەمەریکاییەکان مامەڵەیان لە تەکدا کردوون – بەپرسە حکوومیی و بزنسمانەکان بوون-. بۆیە بەرژەوەندیان لەوەدا بوو کە  نەرمیی بنێوێن لەتەک بیانییەکاندا بەو بیرۆکەیەی "ئەی کاروبارەکان لەم دەوروبەرەدا چۆن بچێت بە ڕێوە؟"
  چاییز, رای لەسەر ئەمەریکا نەرێنییە, کە  بە مەبەستانە خەمساردبووە لە بایەخدانی بە کاروبار و ژیاریی خەڵکی ئەو وڵاتانەی بە هۆی ناکۆکیی و شڵەژانە چەکدارییەکانەوە چووەتە وێزەیان. سەرنجەکانی لەبارەی نەیجیریاشەوە بۆ ریچارد بیسترۆنگ دەڵێت لە پرسیارێک دا:
  ریچارد: سارا, پێم خۆشە ئاماژە بۆ دەربڕینێکت بدەم, کاتێک ئاماژە بە ناوەڕۆکی ئەفغانستان ئەدرێت, هێشتا سەدای هەیە لە لای من. وتووتە "هەمیشە لە دۆشدامانێکدا بووم,  پڕ لە داخێکە, کە نەئەبوایە وا بووایە و, گوڕ و جۆشێکی راست لە خەڵک دایە, کە زۆرێک باوەشیان بە پەککەوتەییدا کردووە, وەک هۆکارێکی لۆجیکی بۆ ئیش نەکردن "ئایا هێشتا هەمان هەستت هەیە, ئەگەر وایە, بۆچی؟
  سارا: بەڵی وایە. با نموونەی نەیجیریا بهێنینەوە, کە لەم دواییەدا جەنجاڵی کردم. بەپێی یاداشتێکی دۆکیومێنتاریی متماندار, کە پارێزگاری بانکیی ناوەندیی ئەو کاتە, پێشکەشی ئەنجوومەنی پییرانی نەیجیریای کردبوو لە شوباتی ٢٠١٤ دا. ئەو یاداشتە ئەڵێت: لە نێوان دە بۆ بیست ملیار دۆڵار لە داهاتی نەوت, لە ماوەی ١٨ مانگدا, کە لە تەمووزی ٢٠١٣دا تەواو بوو, لە پڕ دیارنەما! بۆ زانین, پارێزگاری بانکی ناوەندیی ناوی (لاویدۆ سانووسی) بوو, کە ئەو تەنها کەسە بوو لە جیهاندا, کە نەک هەر بانکەکانی پاراست لە رۆژگاری تەنگژەی داراییدا و بەس, بەڵکو, هەڵسا بە لێپرسیینەوەی فەرمانبەرەکانی بانکیش. شانزە سەری گەورە, لە بەڕێوبەرەکان دەرکران, حەوتیان دادگایی کران. ئەو چاکەیەشی هەبوو, بە تەنیا, هەستا بە رزگارکردنی دارایی پیشەسازیی نەیجیریا, خەڵاتی باشتریین بانکداری ئەو ساڵەیشی پێدرا لە لایەن The Banker Magazine .
  بۆیە, (سانووسی), بانگی بەڕێوبەرە گەورەکانی بانکەکانی کرد, ئەوانەی دەسەڵاتی جێبەجێکاریان هەبوو و, پێی وتن: کە پێویستە لەسەریان تۆمار و دۆسییەکانیان, بۆ پشکنەرەکان واڵا بکەن, هەتا بتوانن بەدواداچوون بۆ ئەو ملیاران دۆلارە ونبووانە بکەن.
لە ماوەی چەند رۆژێکدا, ( سانووسی) خۆی دەرکرا.
چەند مانگێک دواتر, توندڕەوەکانی (بۆکۆ حەرام) کۆمەڵە کچێکیان فڕاند, فەرمانبەرە ئەمەریکاییەکان, زیاد لە پێویست لە وتەکانیاندا, پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرۆکی نەیجیریا دەرئەبڕیی – هەر ئەو کەسەش بوو, کە دەستی گرتبوو بە سەر ملیاران دۆلارەکەشدا. چەند کەس مردن بەهۆی ئەوەی ئەم ملیاران دۆڵارە خەرج نەکرا لە تەندرووستی گشتییدا, ڕێگەوبانی سەلامەت و شیاو, ئاو و ئاوەڕۆکان, شتی تریش؟ چەند هاوڵاتیی نایجیریایی خۆیان کوشت, لە بینیین و رووبەڕووبوونەوەی مەحسوبیەت و بەرتییل دان, بۆ هەر شتێک کە پێداویستییەکانی ژیان بوو و, بۆ ئەمان بەردەست نەبوو؟
  سەرباری ئەو خۆ پێچانەوەیە لە ئیشکردنی سوپادا, کە ناسراوە بە دەستدرێژیی کردنە سەر مافی مرۆڤ, بەلام, ئەمەریکا زۆر خێرایانە, بۆ پڕچەککردنی سەربازیی, بە مەبەستی رووبەرووبوونەوەی ( بۆکۆ حەرام) دا, هەتا ئێستاش, هەڵنەسان بە شتێک , وەک هەولدان بۆ دۆزینەوەی ئەو پارە زەبەلاحە گەورەیەی کە دیار نەما, یان سزا بسەپێنن بەسەر ئەو بەرپرسانەی کە باڵێکن لەو پرۆسەی دزییە, یان سەختییەک بخەنە بەردەم ئەو پارە نامەشرووع و, نایاساییانە کە لە ئەمەریکادا جرت و فرتیانە لە سپییکردنەوەدا. باڵوێزی ئەمەریکا, ئەم رێ وشوێن و تەگبییرانەی بە دڵ نەبوو, نییگەران بوو, کە پەیوەندییەکان لەتەک (حوکوومەتی ئەبووجا) تێک بچێت.

  بەڵام, لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا, چاییز خۆی پرسیارێکی زۆر گرنگ ئەوروژێنێت , بۆچی ئێمە ئەوەندە لە خەمی پەیوەندییەکانمان دا بین لە تەک هەر رژێمێکی تاوانکاریی دا؟ بەڵام بێ وەڵام!
٤. لێکەوتەکانی دوای جەنگی دووەمی جیهانیی
   جەنگی سارد, هۆکارێکی سەرەکیی بوو, لە کۆکردنەوەی بەرژەوەندیی رۆژئاوا و ئەمەریکا بە وڵاتە کلیپۆتکراتەکانەوە. ئەمەش بەهۆی گۆڕانی بارودۆخی جیهانیی بووە مایەی داخورانی ئەو جوگرافیا سیاسییەی (جیۆپۆلەتیکە) دوای جەنگی دووەم. بەدرێژایی جەنگی سارد, زۆرینەی بڕیاردەرە سیاسییە دەرەکییەکان رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە ترسی گۆرانکاریی لە جیوپۆلەتیکی هەر وڵاتێک, سیستەمە حوکمرانییانەی لە وڵاتە مەبەستەکاندا بەریوە ئەچێت و, بەمەش گوێ نەدرێ بەو دەستدرێژیانەی کە لەناوخۆییدا ئەگوزەرێـت بۆ سەر هاوڵاتییەکانی, هەر لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و تاوانەکانی تری گەندەڵیی. بۆیە خەمێکی گەورە هەیە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگییریی هەر وڵاتێک, بۆ ئەمەش وڵاتانی رۆژئاوا, زۆرجار هاوکارییە گەشپێدانەکان لە رێی کەناڵی جیاجیاوە ئەگەیەنن بە کلیپتۆکراتەکان لە رێی دامەزراوە داراییەکانیانەوە وەک سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتیی و بانکی نێودەوڵەتیی. هەروەکو سەرۆکی ئەمەریکایی رۆناڵد ریگان لە سالی ١٩٨٦ دا بە ئاشکرا لە ساڵی ١٩٨٦ دا, لەو بارەیەوە وتی: ئایا پێویستە لەسەر ئەمەریکا رێگە بدات بەو سیاسەتە چەکپۆکەسەرییە رێپێنەدراونەی مارکۆس؟,  هەرخۆی وڵامی دایەوە و وتی: "جگە لە بنکە سەربازییەکانی فلیپیین  هیچ شتێکی تر بە گرنگ نازانم"
  لە دوای کۆتاییپێهێنانی داگیرکاریی فەرەنسایی فەرمیی لە ئەفەریقای فەرەنساییدا لەساڵی ١٩٦٠دا, بۆ پاراستنی کۆمپانیا فەرەنساییەکان و بەرژەوەندیی ستراتیجیی وڵاتەکەیان, نوخبە فەرەنساییەکان سیستەمێکی ووردی کارامەیان دامەزراند بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەفەریقادا و ناویان نا " فەرەنسا – ئەفەریقا ". ئەم مشتومڕانە, بەردەوام بوون بەدرێژایی سێ دەیە, ئەوەی مسۆگەر کرد کە ئۆتۆکراتە ستەمکارە ئەفەریقاییەکان هەڵسان بە پاراستنی بەرژەوەندییە فەرەنساییەکان لە وڵاتەکانیاندا, لە بەرامبەریشدا پاریس ڕێگەی دان ئەو بڕە پارە زەبەلاحانەی کە لە رێگەی نایاساییەوە بەدەستیان ئەهێنا لە رێی بانکە فەرەنساییەکان و کۆمپانیای وزە و کۆمپانیای کانزاکردنەوە بگوێزنەوە ناو فەرەنسا بۆ ئەژماری بانکیی خۆیان.(٧)
  لە چاوپێکەوتنێکی (n.p.r) لە لایەن کانۆن سازدراوە(٨), لە بارەی ئەفغانستانەوە لە مازێـتیی پەیامنێری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ئەپرسێـت, ئێمە ئەزانیین حوکوومەتی ئەمەریکایی سوورە لەسەر قەڵاچۆکردنی مادەی هۆشبەر و گەندەڵیی, بەڵام بەپێی نووسیینەکەت لە نیۆیۆرک تایمز لە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٩, ئەحمەد کەرەزای گەورە بازرگانی مادە هۆشبەرەکان بووە و ئەمەریکاش پشتییوانی تەواوی بووە, ئەمە چۆنە بەلاتەوە؟
مازێتیی ئەڵێت: ئەو پرسیارەمان کردووە لە سەروو خۆمانەوە و وەڵامەکەیان ئەوە بووە, لە ئەفغانستان کەسی خاوێنی تیا نییە, هییچ نەبێـت ئەم کەسە یارمەتی زۆری داویین دژ بە تالیبان و رێکخراوی قاعیدە. ئەگەر بە دوای دایە ترێزا (Mother Teresa) ئەگەڕێیت, ئەوا ئەو لە ئەفغانستان ناژیی.

   بۆیە, چاییز ئەڵێت: ئەم جۆرە وەڵام و رەفتارانە وا لە هەرکەس ئەکات کە پرسیاری نەمێنێت و سەری سوورنەمێنێت,بەرامبەر سیناتۆر "جۆن کێریی" کە لە کۆبوونەوەیەک دا وتی "پێویستە سەرکۆنەی ئەحمەد کەرەزای نەکەین, یان پەیوەندیی مۆلەقمان لەتەک خوشکی کەرەزای نەپچڕێنین, لەسەر قسەو باسی وتاری رۆژنامە یەک یان تۆمەتێکی هەڵبەستراو" (٩)

٥. ئایا رۆژئاوا بەشدارە لەو گەندەڵییەی لە وڵاتانی دنیادا هەیە؟
  دانێڵا پترۆڤا رۆژنامەنووسی سیاسیی لە دامەزراوەی گۆرنیکا, لە چاوپێکەوتنی سارا چاییز دا(١٠)؛ وەک شارەزای سیاسەتەی دەرەوەی ئەمەریکا لە گەندەڵیی جیهانی و پەڕگییریی و توندوتییژیی, بەلایەوە گرنگە لێی بپرسێت: لەو بڕوایەدایت کە رۆژئاوا بەشدارە لەو گەندەڵییەی لە وڵاتانی دنیادا هەیە؟
  چاییز: بە دڵنییاییەوە. یەکێک لە رێگاکان ئەوەیە کاتێک مامەڵە لەتەک یەکێک لەم ولاتانەدا ئەکەین, تەنانەت لێکۆڵیینەوەمان لە ئابووریی سیاسییان نەکردووە. ئێمە سوورین لەسەر ئەو گریمانەی, کە کەرتی تایبەت ئەوەیە کە ئێمە پێناسەمان کردووە وەک کەرتی تایبەت و, حکوومەتیش هەر حکوومەتە, ئەگەرچی لەوێ گەندەڵییش هەبێت.
ئێمە ئەبێت ئەم پەیکەرە بگۆڕیین. بۆ ئەوەی لە هەندێ وڵاتدا ئەوە تێبەگەیین, کە حکوومەتەکەی ئەو حکوومەتە نییە کە رەنگە شکست بهێنێێت. بەڵکو حکوومەتێکی تاوانکاریی سەرکەوتووە. ئەو سیستەمە لە تۆڕێکی کلیپتۆکرات یان زیاتر پێک دێت, کە بەرپرسی حوکوومیی و, لایەنی چالاکی کەرتی تایبەت و, تاوانکاریی رێکخراوی تێدایە. هەموو ئەم تاقمانە لە یەک تۆڕی تەواوکاردان. ئەوەی لەسەرمانە, یەکەم ئیشێک بیکەین, نەخشەی ئەو تۆڕە بکێشین. پێویستە بزانین کێ چی ئەکات لەو تۆڕەدا, کێ پەیوەندیی بە کێوە هەیە, چ قوڵپێکی داهاتی چنگ ئەکەوێت, کام ئێشە لە وەزیفەی دەوڵەت جێبەجێ ئەکات و, کامشیان بە ئەنقەست فەرامۆش ئەکات.
  بە بێ زانیی ئەم زانیاریانە, ئەو وڵاتە, لە بارییدایە هەر دەست تێوەردانێکی نێودەوڵەتیی هەبێت بەلای خۆیدا بیشکێنێتەوە. ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت, کە هاوکاریی سەربازیی یان تۆکمەکردنێک وەک باڵێک کە ئەو تۆڕە رزگار بکات, یاخود تاڵانی ئەکات. هاوکاریی گەشەپێدان, ئەبێتە مایەی داهاتێکی بەخوڕ بۆ تۆڕەکە. کارلێکردن لە ئاستی بەرزدا لەگەڵ بەرپرسە حکوومییەکاندا, کە ئەو سیستەمە ئەبەن بەڕێوە, پێگەیان بڵند ئەکات و شەرعیەتیان ئەداتێ.
  رێگەیەکی تریش هەیە لە لای خۆمانەوە کە هاندانێکە بۆیان, لە رێی بەردەستکردنی       خزمەتگوزارییەکانی گەندەڵییەوە, بە نموونە, کلیپتۆکراتە رووسیایی و نایجیرییەکان لە کوێ پارەکانیان هەڵدەگرن؟ لە کوێ خانووبەرە ئەکڕن؟ لە کوێ دەستیان ئەگات بە خزمەتگوزارییە بانکیی و یاساییەکان؟ مناڵەکانیان لە کوێ ئەخوێنن؟ شمەکە گرانبەهاکان لە کوێ ئەکڕن؟ و هی تری زۆریش, هەمووی لە وڵاتە رۆژئاواییەکان دا جێبەجێ ئەکرێن. ئێمەین, کە هەڵدەستین بە سپییکردنەوەی پارەکانیان, ئێمەین کە هەڵدەستین بە سپییکردنەوەی ئابڕوویان بە مانایەکی تر, خەڵکی ئاسایی لەم وڵاتانەدا, تەنها رووبەڕووی کلیپتۆکراتەکان نابنەوە, بەڵکو رووبەڕووی هەموو رۆژئاوا ئەبنەوە, کە بوونەتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی کلیپتۆکراتەکانی وڵاتەکانیان.
   دواتریش, ئەوەی لە ئایۆلۆجیای ئێمەی رۆژئاواییدا هەیە, مەزنکردنی پارەیە, بیرۆکەی ئەوەی کە کەڵەکەبوونی سامان بەجۆرێک لە جۆرەکان نیشانەی بەتوانایی و لێهاتووییە و, لێرەوە دەست پێدەکات.ئەمە روویداوە, ئەم جارەیان, لە لای رۆناڵد رییگان و مارگرێـت تاتشەر, ئەو گیانی زاڵبوونی راستەوخۆیە هەبووە لە ماوەی تەنگژەی دارایی ٢٠٠٨ دا, تەنانەت دوای ئەوەش. لە زۆر لایەنی تریشەوە, ئەو گەندەڵییەی کە لە شوێنەکانی وەک نایجیریا و ئۆزبەکستان لێکۆڵیینەوەم لەسەر کرد, هییچ پەیوەندیی بەو بەزاندنانەوە نەبوو, کە بوو بووە مایەی نانەوەی تەنگژە داراییەکەی ئەو رۆژگارە. هیچ پەیوەندیشی نەبوو بە سەرلێشێوانێک لە تێگەیشتن لە مانای گەندەڵیی و, کەمبوونەوەی رۆڵی گۆنجاوی پارە لە سیاسەتدا, لە ئەمریکادا.

سەرچاوە و پەراوێز:
1. S. Bandyk, Corruption Q&A with Sarah Chayes, Anti-Corruption & Governance
    Center, July. 20. 2015.
2. G. Foden, ‘Thieves of State,‌ by Sarah Chayes, The New york Times, Feb. 20, 2015
گایڵز فۆودن لە ۆرکشایە لە بەریتانیا, لە دایک بووە,  کوڕی کابرایەکی جووتیار بووە, لە کەیمبرج خوێندوویەتی و, سەرەتا بە رۆژنامەنووسیی لە گۆڤاری (Media Week) دەستی پێکردووە. پاشان بووە بە  یاریدەدەری سەرنووسەری پاشکۆی تایمزی ئەدەبیی. ئێستا هاوڕێی هونەرە ئەفراندنەکان و ئەدای هونەرییە لە (Royal Holloway), لە زانکۆی لەندەن. پرۆفیسۆری نووسیینی شاکارەکانە, لە زانکۆی  ئیست ئەنگڵیا, لە گاردیان و رۆژنامەی تریش نووسیین بڵاوئەکاتەوە. خاوەنی گەلێک رۆمانە؛ لەوانە, دوایین پاشای ئۆسکتڵەند (The Last King of Scotland) لە ١٩٩٨, لەسەر سەردەمی (عیدیی ئەمیین) ی سەرۆکی ئۆگەندا نووسیییویەتی و, چەندیین خەڵاتی وەرگرتووە بە هۆیەوە. هەروەها رۆمانی (Ladysmith) لە ١٩٩٩ نووسییووە.
3. B. Judah and N. Sibley, “The West Is Open for Dirty Business”, Hudston Institute,
     Foreign Policy, Oct. 7, 2019.
4. A. Mannes”Grand Theft Autocracy ”, Workd on Rock, April, 27, 2015.
5. D. Filkins, M. Mazzetti and J. Risen,“Brother of Afghan Leader Said to
    be Paid by C.I.A” The New york Times,Oct. 27 2009.
     HTTPS://WWW.NYTIMES.COM/2009/10/28/WORLD/ASIA/28INTEL.HTML
6. R. Bistrong, “Corruption, Compliance & Criminal Regimes: An Interview with
    Sarah Chayes”, A Front-Line Perspective on FCPA, Anti-Bribery and Compliance
     Jan 26, 2015 
7.A.Cooley, J. Heathershaw, and J. Sharman " The Rise of Kleptocracy: Laundering
    Cash, Whitewashing Reputations". Journal of Democracy, 29 (1), 2018. Pp 39-5
8. N. Conan, N.P.R, “President‌s Brother on CIA‌s Payroll”, The New york Times
    28th Oct.2009.
     https://www.npr.org/templates/story/story.php?storyId=114247634
9.Ref. 2
10. D. Petrova, “ Sarah Chayes: Global Kleptocracy: how the West has lost the balance
     between rectitude and liberty?”, Guernica, July 15, 2015.
-----------------------------------------------------------------------------------------
* دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×