نوسینێک؛ ژمارە (١٠)ی داونن سترییت دێنێتە لەرزیین!

د. رزگار ئاغا
  2020-11-17     801
دوابەدوای نووسیینە پڕبوێرییەکەی رۆژنامەنووسی بەریتانی جۆر مۆنبایۆت لە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیی بە ناونیشانی " The government's secretive Covid contracts are heaping misery on Britain "(١) و, کردنی بە کوردیی "گرێبەستە نهێنییەکانی بابەتی ڤایرۆسی کۆڤید, دژواریی خەست ئەکاتەوە لە بەریتانیادا" لە نووسێنێکم لە سایتی ئاوێنە دابەزییوە بە ناونیشانی " پێئەچێت جیهان یەک جۆر حکومەت بەڕێوەی بەرێت "(٢), کە هەندێک راستیی گرنگیی نەزانراوی درکاند لەبارەی گەندەڵیی حوکوومەتی بەریتانیی و بە تایبەتی کاربەدەستە باڵاکانی سەر بە پارتی پارێزگارانی حوکومڕانیی لە هەڵمەتەکانی لە رووداوەستانەوەی کۆڤد دا.

لایەنێکی نووسیینەکە لەسەر هەڵماڵیینی, بن و بنەچە و هەژموونی هەندێ لەو بەپرسەباڵایانەیە کە حوکومڕانیان قۆرخکردووە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و بە ئاشکرا و لە رێی دەسەڵاتەکەیانەوە لە حوکوومەت دزیی فەرمیی ئەکەن و, گرێبەستی گەورە گەورەی کورت و کوێر یان وەهمی ئەدەن بە کۆمپانیاکانی خۆیان و نزیک و دۆستەکانی خۆیان. یەکێک لەوانە کە ناوی بردوون "Dominic Cummings " گەورە راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیی. ئەمڕۆ لە لایەن بۆریس یەڵسنەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و, خانووی ژمارە (١٠)ی " Downing Street No.10"ی دەستبەجێ بەجێهێشت!!
گاردیان بەم شێویە هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە: " Boris Johnson boots out top adviser Dominic Cummings "(٣). لەم نووسیینەدا هاتووە, کە دەرکردن و بەجێهێشتنە دەستبەجێکەی "کەمنگزCummings", بە هۆی هەوڵدانی بۆ کودەتاکردن بووە دژی بۆریس یەڵسن.
نووسیینەکە ئەڵێ, کامنگز لەماوەی ئەم ١٦ مانگەدا لە پۆستەکەی دا, زۆر ئابڕوو ناشریین بووە بەهۆی ئەو کارە نابەجێیانەی کردوونی. بۆیە, زۆرێک لە وەزیر و ئەندام پەرلەمانەکانی ئێستا و پێشوو, دەستخۆشیان لە سەرۆک وەزیران کردووە و, گەشبیینیی خۆیان دەربڕیووە بۆ رێکخستنەوەی زۆر لە کاروبارەکانی حوکوومەت و, دانانی کەسانی شایستەی متمانەدار لە پۆستەکان.
ئەوەی مەبەستە و بەجێیە لێرەدا بوترێت, رۆڵی نووسیین و رۆژنامەگەریی بەخەبەر و بزێوە لە هەڵدانەوەی نهێنییەکان و, لە رووداوەستانەوەی دەستدرێژیی و گەندەڵیی و ناپاکییەکان. ئەوەی جۆرج مۆنبایۆت ی رۆژنامەنووسی گاردیان کردی, کەم نەبوو سەرباری ئەوەی لە ولاتێکدایە کە بە هەموو پێوەرێک یاسا هەیە و چاودێریی هەیە, بەڵام رازیی نابێت دەسەڵاتەکان نووستوو یان چاوپۆشییکەر بن. رۆژنامە نووس دادوەر نییە بەڵام چاو و دل و قەڵەم و زمانی میللەتی هوشیارە نەک رۆژنامەنووسی سەقامگییر و کۆمەڵگەی سەقامگییر کە بێ خەمە لەوەی چیی ئەگوزەرێت بەس دۆخەکە لە خۆی تێک نەچێت. نووسینێک, داونن ستریتی هێنایە لەرزە, چەندیین بەرپرسی تر ملیان ئەشکێنرێت و ئەکرێنە دەرەوە. 
رۆژنامەنووس و هەواڵدەر و قەڵەم و چاو و زمانی هۆشیار, بێ باکانە بە ویژدانەوە رووبەڕوو ئەبێـتەوە, لە بەرامبەریشا حوکوومەت و دادگا لە دژی نەوسەتانەوە بیدەن بە دادگا و سزای بدەن و دەمکوتی بکەن! 
 چەند لە قەڵەم و زمان و چاوی دڵسۆزمان سزای دادگا دراوە؟ چەند لە ژوورە تاریکەکانی زیندانە؟ چەند دەرکراوە لەکارەکەی؟ چەندەهاش زمان و دەمی لە کلییل دراوە!
یاسایەکی دژ بە چاکسازیی و لێپێچیینەوە, دژ بە پاسکازیی , دژ بە خواستی گەل بۆ یەکسانیی و دادپەروەریی بە ناوی یاسای ٢ ی مۆبایل, دەمی چاکسازان و دڵسۆزانی ئەم وڵاتە ئەبەستێت و ئەیانخاتە رییزی ئەو کەسانەوە کە ئامڕازەکانی پێوەندیی بۆ هەڕەشە و سووکایەتی و پێڕابواردن بەکارئەهێنن, سزای توندی وەک یەکی بۆ هەموویان داناون.
نووسینێک, چەندیین دۆسییەی گەندەڵیی و پیلانگێڕیی و تۆڕە بەدکارەکانی دزیی و تاڵانچێتی لە بەریتانیادا ئەخاتە بەر باس و لێکۆڵیینەوە. چەم بێ چەقەڵ نابێت, بەڵام ئەم رێکارانە هەموو دەم پێویستن, بە هاوکاریی حوکوومەت و کۆمەڵگە. ئەم رێکارەی دەم و دەستەی یەڵسن, وەڵامێک بوو بۆ نووسیینەکەی من(٢),"پێئەچێت هەموو جیهان یەک جۆر حوکومەت بەڕێوە بەرێت", کە ئەوپەری نیگەرانییە بەرامبەر هەژموونی گەندەڵیی بەسەر حوکومڕانیی دا.
بۆیە, ئەم وڵاتانە هەمیشە ئەبزوێن, هەڵە ئەکەن , خوار ئەڕۆن , شکست دێنن بەلام دێنەوە سەر سکەیەک کە لە هەڵدێر بیان گێڕێتەوە.
-----------------
 (١)G. Monbiot,” The government's secretive Covid contracts are heaping misery on
       Britain”, The Guardian, 21Oct.2020.
https://www.theguardian.com/commentisfree/2020/oct/21/government-covid-contracts-britain-nhs-corporate-executives-test-and-trace
(٢) د. رزگار ئاغا, " پێئەچێت جیهان یەک جۆر حکومەت بەڕێوەی بەرێت", ئاوێنە, ٣/١١/٢٠٢٠
https://www.awene.com/article?no=13670&auther=170
(3)  P. Walker, D. Sabbagh and R. Syal, “Boris Johnson boots out top
      adviser Dominic Cummings”, (3), 13 Nov 2020. 
https://www.theguardian.com/politics/2020/nov/13/dominic-cummings-has-already-left-job-at-no-10-report
* پرۆفیسۆری یارییدەدەر لە ئەندازیاریی ستراکچەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×