قەتیسمانی سیاسیی
د. رزگار ئاغا
2020-12-01   751
خەڵک لە نێوان دوو دەسەڵات دا تووشی قەتیسمانی سیاسیی (الانحباس السیاسیی) دەبێت, کاتێک حزبەکانی دەسەڵات لە حوکوومەت دا لە هاوپەیمانێتییەک دا ئەبن و بەرەی دەستەبژێرە نوێنەرەکان وەک تاکی حزبەکانی حوکوومەت و ئۆپۆزسیۆن, دەسەڵاتێکی تر ئەبن بەسەر خەڵکەوە. بەو مانایەی کە بەرەی دەستەبژێر لە پاکێجێکی سیاسیی د,ا لە هەوڵی پەرژیینکردنی داواکاریی و جووڵەی خەڵک دایە. گرتنەبەری ستراتییجێتی "خۆشاردنەوە", "لۆجییکی ناڕوون" و, "گوتاری هاوبەش" وەک بابەتگەلێک کە پێوەست بن بە دۆخێکی جوانکارییەوە, ئەوا راشکاوییەکانیان - بەدەنگی بەرز- ناکرێت ئەوە بێت کە زۆریینەی خەڵک بە بێدەنگیی بییری لێ ئەکەنەوە. بەم شێوەیە, سیاسەتێکی دووفاقیی زەق پێڕەو ئەکەن لەجووڵەیەکی ناشریینی گوتار و هەڵوێستی دژانە, دواتر دۆستانە و, زیادەڕەویی لە نمایش لە جێگەی متمانە و راستگۆیی, هەتا ئەو ئاستەی هەمان گوتار بەرهەم ئەهێننەوە بەوپەڕیی متمانەیەکی سەرسوڕهێنەرەوە.
لەم دواییانەدا لە ئەوروپا و ئەمەریکای باکوور, رەوشێکی سیاسیی تووشی "چەپ" و راست"ەکان بووەتەوە, لە ژێر فشاری بەرژەوەندیی و چاوچنۆکیی کەسێتیی دا, خۆیان لە نێو چەپ و راست دا گییرسانۆتەوە. بەجۆرێک تاک و گرۆی سیاسیی بەرت بوون بۆ "چەپ" و "چەپ, بەلام.." لە نێوانیشیان دا "چەپی پەڕگییر", هەروەها "راست", "راست, بەڵام.." و لە نێوانیشیان دا "راستی پەڕگییر". ئەوەی مەترسییدارە لەو بزووتنەوە و پارتانەدا "چەپ, بەڵام.." یان "راست, بەڵام.." بوون, کە تەراتێنی سیاسیی و دووفاقی وتە و هەڵوێست بەپێی بەرژەوەندییەکانیان دییوەتەوە بۆخۆیان, کەی ویستییان "چەپ" دەبن وەک هەموو "چەپ" ێک یان "راست" ئەبن وەک هەموو "راست" ێک, هەرکاتیش بەرژەوەندیی بە جۆرێکی تر بوو ئەوا "بەڵام.." بەکاردێنێت و لە "چەپ/راست" باز ئەدات بۆ بەرەی ئەولا و هاوکێشە و هاوسەنگییەکان و, ئاراستەی روودا و بریارەکان ئەگۆڕێت.
لە دوای بەهاری عەرەبییەوە, هەمان حاڵەت گوێزراوەتەوە ناو وڵاتانی ناوچەکەوە, حاڵەتەکە شەرمهێنەرترە, سێ لایەن درووستبووە "دەسەڵات" , "ئۆپۆزسیۆن, بەڵام..." یان" دەسەڵات, بەڵام...", ئییترخۆساغکردنەوەی ئینتیمای سیاسیی ئەبێت بە بابەتێک, کە کەسەکە خۆی رایدەگەینێت دوای ئیزن وەرگرتن لە حیزبەکەی یان راسپاردنی لەلایەن حزبەکەیەوە. بەجۆرێک بووە بە مۆدێلێکی سیاسیی, حزبەکەی داوا ێ ئەکات کە وەک سیاسەتکارێکی حزبەکەی؛ گرنگە کە بتوانێت لە ئاستی ئەو نمایشەدا بێت کە خۆی بگونجێنێت؛ چەندە سەر بەدەسەڵات بێت, ئەوەندەی تریش سەر بە ئۆپۆزسیۆن بێت بۆ سپییکردنەوەی رووی سیاسیی و کەسێتی خۆی و پارتەکەشی. چونکە, دواجار دەستەبژێری دەسەڵات و دەستەبژێری ئۆپۆزسیۆن لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دا ئەکەونە ناو خەڵکەوە بۆ دەنگ کۆکردنەوە و, درووشمەکانیان لە خواستەکانی خەڵک دا چڕکردۆتەوە و, ناڕازییبوون و سەرکۆنەکردنی دەسەڵات لەو ستەم و نادادپەروەرییانەی کە کردوویانە.
لە هەردوو دۆخەکەدا, دۆخی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن, گرفتی قووڵ هەیە لە ئەقڵی سیاسیی دا, کە خۆ زاڵکردن لەسەر بنەمای چەواشەکردن و گەوجاندن نۆژەن ئەکرێـتەوە. ئەمە مەترسییەکی شاراوەیە, هێشتا نمایشکارە دەستەبژێرەکان داوای خاوەندارێتی خەڵک ئەکەن, بە خۆجیاکردنەوەیان لە دەستەبژێرەکانی دەسەڵات, کە بەهۆی کارامەیی سیاسەیی و نوێنەرایەتی دامەزراوەییەوە کە لە لایەن دەسەڵاتەوە پێیان دراوە؛ پێیان وایە هەمیشە رۆژگارێکی لەبارە بۆ چەواشەکاریی سیاسیی و, درووشمەکان بەسن بۆ تێپەراندنی تەنگژەکان. کاتێک رووبەڕووی ئەم ئەقڵیەتە ئەبییتەوە کە خواستی زاڵبوونە و کەمی نییە لەوەی دەسەڵات ئەیکات, ئییتر دەستەوسانبوونێکی ئەقڵیی دەرئەکەوێت وەک بڵێی تەنها بژاردەیە, پەلەپەلیەکی خۆسەپاندن سەرلە نوێ دەستپێدەکاتەوە, کە هەتاسەر، خەڵکی بێچارە ئەوان وەک پاڵەوان ببینێت و لە ژێر باڵیان دا بمێنێتەوە.
ئەو هۆکارە سەرەکییەی وایکردووە ئەم جۆرە سیاسەتە بتوانێت بەردەوام خۆی لە فۆرمێکی نوێ دا پیشان باتەوە, بەڵام بەهەمان ناوەڕۆک, ئەو دۆخەیە هێشتا رووبەڕووبوونەوەی نەیاری راستەقیینە نەهاتۆتە ئاراوە؛ ئەگەر هەلشاخان و گرژییەکی سیاسیی یان تائیفیی و مەزهەبیی هەبێت, هەر لە خودی خۆیانەوە بەرەی جیا جیای بۆ راسپێرراوە بۆ قووتدانی یان مژیینی هەر بییرکردنەوە و جموجوڵێکی بێزارکەرە. بە وردەکارییەکەوە ئەوترێـت ئەم نەیارە رواڵەتییانە وەک ئەوان بەشدارن لە گەندەڵیی دا, بە هێندی نزییکی لە بەهێزەکان و هاوشێوەبوونیان.
---------------------
* پرۆفیسۆری یارییدەدەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی.