تۆمارێک بۆ شكستێکی چاوەڕوانکراو: بۆچیی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دا شکستیخوارد؟

د. رزگار ئاغا
  2021-09-10     166

ئەم نووسیینە تەوەرەی یەکەمە بۆ شرۆڤە و تاوتوێی (رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی ستراتییجێتیی ئەمەریکاییەوە لە دوای ناساندنی ئەفغانستانێکی نوێوە)، لە رێی چەندیین نووسیین و راپۆرتی جیهانییەوە.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، لە دنیادا لێکدانەوە و پێشبیینیی جیاوازی هەیە، لە لای سیاستەکار و ئەکادیمییاییەک و رۆژنامەنووسێکی نێودەوڵەتیی هەتا دەگات بە ئێمە و مانانێک لە وڵاتێکی وەک عێراق دا، کە ترسێک یان هیوایەک لە روودانی هەمان هەنگاودا دەبینێتەوە. بۆ تێگەیشتنێک لەم رووداوە گرنگە سیاسییەی رۆژ، دەستم دایە خوێندنەوە و بەدواداچوونی هەندێک دیید و شرۆڤەی بەردەستکەوتووی رۆژئاواییەکان بە تایبەتی رۆژنامەنووس و ئەکادیمییاییە ئەمەریکاییەکان و بەریتانیاییەکان.
دیارە لەم نووسیینانەدا، پێجۆریی هۆکار و دەرهاویشتە و پێشبیینییەکانی داهاتووی نزیکم کردووە، دەربارەی رەوشی دهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی ئەم ستراتییجێتییە نوێیەوە، تێگەیشتن و هەڵوێستی رۆژئاوا بۆ چەکداریی ئیسلامیی و چەمکی تیرۆر، ئازادیی، مافی مرۆڤ و بەتایبەتی ئافرەت، مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتی گەڕەڵاوژێ، چەمکی شکست لای ئێمە و راستیی جووڵە سیاسییەکان، سنوور و کاریگەریی دیموکراسێتیی لە دەرەوەی وڵاتە دیوکراسییە دەوڵەمەندەکان، هەڵمەتەکانی گەندەڵیی و کارییگەرییەکانی لەسەر ئەورووپا و  وڵاتانی ئەورووپای رۆژئاوا.

(١)
کریستیینا لام** لە نووسینێکی دا (1)، لە بەدواداچوونی کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان. خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی سێیەمی کارتێر ماڵکاسیان دەکات بە ناوی " The American War in Afghanistan " (2)، ئەو مێژوونووسەی کە درێژتریین ماوە لە ئەفغانستان ئیشیکردووە و، یەکەمیین بەرپرسی مەدەنیی بووە لە هەڵەمەند و پاشان بووە بە گەورە راوێژکاری سەکردەی سەربازیی ئەمەریکایی لە وڵاتەکەدا.  کتێبەکە مێژوویەکە بە پەرش و بڵاوی و رێکنەخراوانە لە ٥٠٠ لاپەڕەدا کۆکراوەتەوە، کە بە ناجۆر دەوەستێتەوە لەگەڵ کتێبێکی پێشووتری هەمان نووسەردا (جەنگ دێتە گەرمەسێر) (War Comes to Garmser) – گەرمەسێر: ناوچەیەکی بچووکە لە هەڵەمەند لە ئەفغانستان- ، چیرۆکێکی قاییلکەرانە دەگێڕێتەوە دەربارەی ناوچەیەکی بچووک لە ناوجەرگەی جەنگ دا.
کریستیینا دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٠٨ دا، چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ عەمید مارک کارڵتۆن سمث، فەرماندەیەکی سەربازیی بەریتانیی ماوەیکار بەسەرچوو لە ئافغانساتن کرد، لە بنکەیەکی تۆپهاوێژی پڕ تەپ و تۆزاویی لە ناوچەی هەڵەمەند، کە هێزی نێودەوڵەتیی رۆژانە شەڕی لەگەڵ تاڵیبان دەکرد لەپێناوی ئەو خاکەی کە هێشتا دووربوون لە دەسەڵاتەوە. کارڵتۆن پێی وتم کە شەڕ لە ئەفغانستان دا بە سەربازیی نابرێتەوە. یەکەم گەورە ئەفسەری سەربازیی بوو لە هاوپەیمانیی دا ئەمە بە ئاشکرا بڵێت و، ئەم چیرۆکە لە سەر لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەی سەندەی لەندەنیی بنووسرێت. زۆریشی نەبرد رۆبەرت گیتس وەزیری بەرگریی ئەمەریکایی، لە کاناڵەکانی راگەیاندن دا  کاڕلتۆنی بە کەسێکی شکستخواردوو لەقەڵەم دا.
دوای سیی ساڵ،  جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا وەها دەردەکەوێت کە گەیشتبێتە هەمان ئەو دەرئەنجامەی کە عەمیدە بەرتیانیاییەکە پێی گەیشتبوو. لە مانگی نیسان دا، بایدن رایگەیاند کە ئەمەریکا هەتا ٢٠هەم یادەوەریی ١١ی سێپتێمبەر، هەموو هێزە ماوەکانی لە ئەفغانستان دەکێشێتەوە، بەمە ئەوەی پێی وترا "جەنگی هەتاهەتایی" کۆتایی پێدەهێنێت. بەلام لە ئێستادا، ئەو کشانەوەیە وەک دەرئەنجامێکی ئەو پێشاهاتەیە کە هاتۆتەدیی: تاڵیبان سەلماندیان کە دوژمنێکی سەرسەختن و ئەوێ بەجێ ناهێڵن بە هییچ هۆکارێک و لە راستیی دا دەستیانگرتووە بەسەر نیوەی زۆری ناوچەکانی وڵاتەکەدا.
ئەو ململانێیە زۆر هەڵە بوو کە پێشتر ناسرابوو بە "جەنگی نوێ" (بۆ جیاکردنەوەی لەو جەنگەی لە عێراق دایە)، کە بوو بە بابەتی کتێبێکی نوێ بە ناونیشانی "جەنگی ئەمەریکا لە ئەفغانستان- The American War in Afghanistan " لە لایەن کارتێر مالکاسیان، لەم کتێبە نوێیەدا، ماڵکسیان بییردەکاتەوە کە چۆن کار بەمە گەیشتووە لەگەڵ هەبوونی نزییکەی ١٤٠ هەزار سەرباز لە ساڵی ٢٠١١ دا و لەگەڵ پێهەبوونی پێشکەوتووترین تفاقی شەڕیش، بەڵام ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆدا، شکستیان هێنا لە بەزاندنی تاڵیبان. زیاتر لەمەیش، ماڵکاسیان دەپرسێت بۆچی ئەم هێزە رۆژئاواییانە لێرە مانەوە، کە خەرجییەکەیان زیاتر بوو لە ٢ تریلێۆن دۆڵار و لەدەستدانی زیاتر لە ٣٥٠٠ گیانیش، ئەوە جگە لە برینداربوون و کەمئاندامبوونی زۆرێک لە سەربازەکان لەو شەڕانەدا، کە عەمییدە بەریتانیاییەکە زۆر لە مێژە وتوویەتی کە ئەمە جەنگێکە بردنەوەی نییە!
(٢)
سەرەتایەکی کەمەرشکێن:
دەستتێوەردان لە ئەفغانستان، هەر لە سەرەتاوە بە چیرۆکێکی سەرکەوتووانە هاتە بەرچاو. هەر لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا، کە ئەمەریکا چووە ناو ئەفغانستانەوە بە پشتییوانییکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و دنەدنی رقێکی جیهانییشی لەگەڵدا بوو بە هۆی هێرشەکانی سێپتێمبەرەوە. ئەوە بوو بە مووشەکی ب-٥٢، مووشەکی بە لەیزەر هاوێژ و، ناردنی Green Berets ، کە شانبەشانی چەکدارە ئەفغانییەکان بوون، زاڵبوون بەسەر تاڵیبان دا جێبەجێکرا لە ماوەی ٦٠ رۆژدا، لەگەڵ لەدەستدانی تەنها ٤ سەربازی ئەمەریکایی (سیانیان لە ئەنجامی تەقەی هاوڕێیانە بوو) و یەک کەسی ئاژانسی سی ئای ئەی (ئاژانسی هەواڵگیریی ناوەندیی) بوو. ئەم پرۆسەیە وەک مۆدێڵێکی دەستێوەردان دەرکەوت کە نزیکەی ٣.٨ مڵیۆن دۆڵار تێجووەکەی بوو: جۆرج بووش سەرۆکی ئەمەریکا بە یەکێک لە تێکە و لێکەکانی (تصفیة) هەموو سەردەمەکان ئەژماریکرد. سەرنجی ماڵکسیان لەم سەرکەوتنە زووە: "ئاسان سەرکەوتنی ساڵی ٢٠٠١ هەستکردن بە خۆشیی بوو لەو لاوازییانەی کە ئەوان هەیانبوو " .
تاڵیبان شکا و ئوسامە بن لادن هەڵهات بۆ پاکستان – رەنگە ئیدارەی بووش هێشتا نەیزانی بوو بێت کە بەتەمای چییشە لە ئەفغانستان دا بەدەستی بهێنێت. بووش، زۆریک لە مافی ئافرەتی بەدیهێنا، کاتێک لە وتارێکی دا لە کانونی دووەمی ٢٠٠٢ دا دۆخەکەی راگەیاند "ئەمڕۆ ژنە ئەفغانییەکان ئازادن"، دوای ئەوەی "ساڵانێک لە ماڵەکانی خۆیان دا بە دیلیی ژیابوون"، ئەو کاتەی کە تاڵیبان رێی لە کچەکان گرتبوو بچنە قوتابخانە و ئافرەتان بچنە سەر ئیش و کار یان سووراوێک بکەن یان بە دەنگێکی بەرز پێبکەنن. بەڵام واشنتۆن بییری لای بونیادنانەوەی ئەفغانستان نەبووە و هییچ تێگەیشتنێکیشی بۆ وڵاتێکی- شڕوپڕبووی دەستی جەنگ نەبووە، ئەوە هەر واز بێنە لە هێندی گەورەیی قەبارەی ئەو ئیشەی کە پێویستە بۆ بونیادنانەوە و ئاسایش و ئارام راگرتنەوەی.

دەستتێوەردان لە ئەفغانستان، هەر لە سەرەتاوە بە چیرۆکێکی سەرکەوتووانە هاتەبەر بەرچاو:
ماڵکسیان مشت و مڕی لەسەر ئەوەیە کە دەڵیت: ئەمەریکا هەڵەی کرد لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١-٢٠٠٦ دا کە هەر لەوێوە هێڵی شکستی بۆ کێشراوە. پێڕستی هەڵەکانیشی لە ئێستادا زانراوە و دەبینرێن. دۆناڵد رامسفیڵدی وەزیری بەرگری ئەوسا، حەزی لەوە نەبوو هییچ لە چەنگی ئەفغانیی بچنێتەوە- و بە دوادوایی ساڵی ٢٠٠٣ دا، ٦٠٠٠ سەربازی ئەفغانیی لەسەر دەستی ئەمەریکا دا مەشقپێکران. ئەمیرە ئەفغانییەکانی جەنگیش، کە ئێستە زۆربەی زۆری خەڵکی ئەفغانیی سەرکۆنە و دزێویان دەکەن، ئەوانەن کە وڵاتیان بەم توندوتییژییەدا برد و خۆیشیان بە ئازادانە بە وڵات دا سووڕانەوە و بوون بە پەرلەمانتار و وەزیر. لە هەمان کات دا، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەرگای گفتوگۆیان بە رووی تاڵیبان دا داخست کە تێکەولێکەی سیاسیی نەکرێت و، بەڵآم شکستیان هێنا لەو مەزەنەیەدا کە تاڵیبان ئەو کۆمەڵەن کە لە ناوچەی پشتۆ دا گەورەترین باڵادەستییان هەیە. ئەبووایە ئەمەریکا بەرژەوەندیی خۆی بزانییایە، وەک ماڵکسیان پێشنیازدەکات، لەو کاتەدا کە حوکومەتی ئەفغانیی پشتییوانیی جەماوەریی هەیە و جوولانەوەی تاڵیبانیش لە دۆخێکی شپرزەیی و گەڕەلاوژەدایە، لە بریی ئەوە، ئەو چەکدارانە تۆکمەبوون و بەردەوام هێرشی دوژمنکارانەی توندیان ناوەتەوە، کە مایەی دوورخستنەوەی ئافغانییە ئاساییەکان بووە و پاڵی بە تاڵیبانە دوورخراوەکانەوە ناوە کە جارێکی تر دەست بە توندوتیژیی بکەنەوە.
بەڵام، ئیدارەی بووش ئەفغانستانی بە سەرکەوتوو پۆلێنکرد و سەرنجی خۆی گوێزایەوە بۆ سەر عێراق. چەکدارانی تاڵیبان لە سنوورەوە بەرەو پاکستان هەڵهاتن، خۆیان رێکخستەوە و پارەیان کۆکردەوە و سەربازگەیان لە قوتابخانە ئایننییەکان دا دامەزراند و، بە هاوکاریی دەستگای ئاسایش و، دەستگای هەواڵگریی ناوخۆیی پاکستانیش مەشقیان پێکردن. زۆرێک لە ئەفسەرە هەواڵگرییە پاکستانییەکان لەگەڵ سەرکردە ئەفغانییەکان دا بە درێژایی چەند دەیەیەک هاودییدبوونی خۆیانکردووە. سەرباری ئەوەش، ماڵکسیان ئاماژەدەدات بەوەی کە بییرکردنەوەی ستراتییجیی ئیسلام ئاباد زیاتر لەسەر رکابەری هند چڕدەبێتەوە. پاکستان چوار جەنگی لەگەڵ هند دا هەبووە و دەترسێت لەوەی کە رۆژێک گەمارۆ بدرێت لە لایەن هندەوە، لە رێی بەدەستخستنی هەژموونی خۆی لە ئەفغانستان دا. بەرپرسە پاکستانییەکان سکاڵای خۆیان کردووە کە هندستان ٢٤ قونسوڵییەیان لە ئەفغانستان دا هەیە، بەڵام پاکستان تەنها چواری هەیە.
لەمەوە دیارە، کە پاکستان رۆڵێکی کەمەرشکێنی هەبووە. تەنانەت کاتێک کە ئەمەریکا بەردەوام بووە لە جەنگەکەی دا لە ئەفغانستان، بەدوای ئەوانەوە کە پێگە و  شوێنمەشقیان لە وڵاتە دراوسێیەکەیان دا دییوەتەوە. بەڵام ئیدارەی بووش نەک تەنها چاوێکی خۆی داخستبوو لە ئاستی فرت و فێڵەکانی پاکستان و بەس؛ بەڵکو ١٢ ملیار دۆڵاریشی داوە بە پاکستان، کە نییوەی ئەو پارەیەی داوەتێ لەجێی ئەو زیانانەی لە پرۆسە سەربازییەکان دا بەری کەوتووە، بەرپرسە ئەمەریکاییەکان باوەڕیان وایە کە ئیسلام ئاباد یارمەتییدەرن لەو جەنگەدا کە زۆر بایەخی هەیە دژی "قاعییدە".
(٣)
دڵی ئەفغانستان
بەرپرسە ئەفغانستانییەکان حەزیان لە لۆمەکردنی پاکستانە لە قووڵکردنەوەی شەڕدا. بەڵام، تاڵیبان شتێکی تری هەیە لە بەرژەوەندیی خۆی -ئەویش پێی دەوترێت مەلەکشایان "پێوەندیی تاڵیبان بەو شتەوەیە کە ئەفغانستانیی بێت" دڵی ئەفغانستان، بە پێی وەسفی ماڵکسیان، مەبەست لە ئەترافەکانە یان شوێنە دەوروبەرەکانە کە گوندەکان دەگرێتەوە، بە خانووە دیوار قوڕیینەکان و ژنە خۆ شاردووەکان و مناڵە پێ خاوسەکانی، جیهانێکە "بە پێچەوانەی مۆبایڵ و ئۆتۆمبییڵ، سەدەی بیست و یەکێکی نەبیینراوە لەوێ". لەم فەزایەدا، سەربازە ئەمەریکاییەکان هاتن بە چاویلکەی شەوبینیین و مووشەکگەلێکەوە لە نرخی پۆرش دا. دوایین بیانیی کە ئەم دێهاتییانە دیبوویان رووسەکان بوون کە لە هەشتاکان دا وڵاتەکەیان داگییرکردبوون. جووڵانەوەی تاڵیبان توانای بەکارهێنانی ئەو یادەوەرییەی هەبوو لە وڵاتەکەیان دا، کە شانازیی پێوە بکەن لە تێكشکاندنی بەهێزتریین وڵاتی زلهێز و داگییر نەکران لەلایەن بێگانەوە.
ماڵکسیان باوەڕی وایە کە تاڵیبان سوودی لە هەڵویستی خۆی بینییوە وەک هێزی ئیسلام دژ بە کافرەکان. بەڵام راپۆرتەکانی خۆم لە ئەفغانستان ئاماژەدەدات بە داینامکیی تر، کە هەتا رادیەک ئاڵۆزترن. مەلاکان لە دێهاتەکان دا هاندەربوون لەدژی هەبوونی بێگانە، بەڵام مووچەکەشیان لەلایەن حوکومەتەوە دەدرا کە هەموو متمانەی پارە و داراییەکەی لەسەر بێگانەبوو. بەڵام ئەو ئەفغانییە ئاساییانەی کە قسەم لەگەڵ کردوون، ئاماژەیان دەدا بەوەی کە ئایین شتێکی زۆر گرنگتر نییە لەوەی، کە شانازیی بەو مێژووە دەکەن کە شکستیان بە زلهێزەکان هێناوە.ئەوە راستییەک بوو کە تاڵیبان سیفاتی کۆمەڵییان بەخشیبوو بە جووتیارە بێکارەکانیان. زیاتر لەمانەش، بە پێی وردەکارییەکانی ماڵكسیان، تاڵیبان (نەیار)ە خێڵەکییەکانی خۆیان قۆستبۆوە کە هێزە رۆژئاواییەکان لێی تێ نەئەگەیشتن. زۆرێک لە خێڵە بەهێزەکانی پشتۆی وەک غیلزەیس و ئەشقەزەیس و نوورزەیس، دابڕابوون. بێزاربوون لە دەست هێزی بیانیی بەهۆی رێزنەگرتنی کەلتوورەکەیانەوە و، دەچوونە شوێنی مەحرەمی ژنان و ئاهەنگی بووک گواستنەوەکانیان بۆمباران دەکردن و، هەوڵی دەستبەسەراگرتنی کێڵگەکانی خەشخاشیان دەدا.
ئەمەریکا دۆخێکی خولقاند کە هەبوونی حوکومەتێکی ئەفغانیی تۆکمەتر پێویست بێت لەوەی کە دایمەزراندووە. هەروەک ماڵکسیان نووسیویەتیی: "ئەگەر دەوڵەت رووبەرووی پەناگەیەکی ئارام و ئاسایشتر بووبێتەوە لەسەر سنوورەکانی و مامەڵەیەکی خراپی خەڵکەکەی خۆی بکات، ئەوا باشتر وەهایە کە لە شێوەیەک لە شێوەکان هێزێکی سەربازیی بەتوانای هەبێت". کاتێک تاڵیبان بە شێوەیەکی راستیینەوە دەرکەوتنەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ دا، هێزەکەیان تەنها ١٠ هەزار چەکدارێک بوو، کە ئەبوو ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەرەقەتیان بهاتنیایە. بەڵام هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان دا بێئاگا و نەشارەزای بەرزی و نزمیی جوگرافیا و کەلتووری ئەفغنساتن بوون. سەرکردایەتیی ئەمەریکا لەو کاتەدا خەیاڵ و بییری پەرش و بڵاو بوو بە لای عێراق دا، کە جەنگی ناوخەڵک (ئەهلیی) لە سنووری جڵەوگرتن دەردەچوو. ئەفغانستان تەنانەت سوپایەکی بچووک و، بە توانایشی نەبوو.
بەڵام، حامد کەرزای سەرۆکی ئەفغانیی، زۆر تووڕەبوو لە بۆمبارانکردنەکانە ئاسمانییەکانی باکووری ئەتڵەسیی و ئەو دەستێوەردانانەی کە بەریتانیا لە هەڵەمەند دا دەیکرد، کە پارێزگاکەی ناچارکرد واز لە پێگەکەی بهێنێت. ئەمیش خۆبەزلزانینێکی زیاد لەپێویستی هەبوو، لەبریی یەکپێگرتنی خێڵەکان کە رەنگبوایە دژ بە تاڵیبان بجەنگانایە، هەوڵی بەشبەشکردنیان بوو، لە ترسی ئەوەی نەوەکا ببن بە هەڕەشەیکی سیاسیی بۆ سەر دەسەڵاتەکەی خۆی. لە دواتردا، هێزی ئاسایشی ئەفغانیی تۆکمەکرا و بە ژمارە سەرکەوتن بەسەر تاڵیبان دا و ،لەوان زیاتر تفاقی شەڕیان درایێ. بەڵام، سوپای حوکومەتیی لە کاتی بڕیارە چارەنووسسازەکان دا ورەیان بەردا. "تاڵیبان رۆحێکی مەینەویان هەبوو"، "سەرباز و پۆلیسی ئاسایی شەڕێکیان دەکرد کە کەمتر بوو لەوەی تاڵیبان دەیکرد، کەمێک لەوان توانییان کە هاوسەنگییەک بکەن لە نێوان شەڕکردن لە پێناوی ئەفغانستان لە دژی داگییرکەرێکی کافر و لە نێوان دژایەتیی جوڵانەوەیەک کە نوێنەری ئیسلام دەکات."
لەگەڵ ئەوەش دا، ماڵکسیان ئاگای لە گەلێک دۆخی ماددیی نەبووە کە هاندانی لە لای زۆربەی جەنگاوەرە ئەفغانییەکان لاوازکردبوو. هەندێکیان دوودڵ بوون لە جەنگ لە پێناوی حوکومەتێک کە هەموو خەمی بەرتییلخۆریی بووە و وەک نەفرەتێک بووە لە لایان بەرگریی لێ بکەن. هەندێکی تریان باش دەیانزانیی کە بنکەی فریاکەوتنی پزیشکیی نییە بۆ برینداران و شوێنی گەرم و گوڕ نییە بۆ حەوانەوە، بەرپرسە گەندەڵەکان سووتەمەنیی و پێداویستییەکان دەدزن بۆ خۆیان. لەولاشەوە پارە تەرخانکردن بۆ چەکدارانی بندیوار -تارمایی-، کە لە هییچ تۆمارێک دا ناویان نییە. ئییتر باوەڕیان بەوە نەبووە لە پێناوی حوکومەتێکی خۆپەرستی چاوچنۆک دا ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و، سوور زانیوشیانە کە رۆژێک دێت تاڵیبان دەگەڕێتەوە سەریان.
(٤)
کێ دەڕوات و کێ دەمێنێتەوە
وەها دەردەکەوێت، ئەمەریکا لە هەموو جارێکی پێشووتر، زیاتر نوقمبووبێت، هەموو ستراتێجێتییەکانی بەکارهێنابێت، بۆ هەبوونی دوایین پەنجەیەکی شاراوە لە زیاترکردنی لەشکرە ئەمەریکاییەکان بۆ نزیکەی سێ ئەوەندە، زیاتر لە ٨٠،٠٠٠ سەرباز لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٠. سەرۆک ئۆباما، سڵێکی دەستووریی دەکردەوە لە تێڕژاندنی هێز و دۆڵاری زیاتر لە دەستێوەردانە سەربازییەکانی ئەمەریکاوە و، لەولاشەوە لە سەرەتاوە هەر ئەوانەی دژی شەڕی عێراق وەستانەوە، زۆربەیانی لەوەدا دییەوە کە ئەمەریکایی زۆرتر و زۆرتر بنێرێت بۆ پشتییوانییکردنی حوکومەتەکەی کە متمانەی خەڵکیی لەدەستدابوو. بەڵام هەرگییز بییری لە چوونەدەرەوە نەکردبووەوە: بەهۆی تێچوونەکەیەوە کە زۆر گران دەکەوت لەسەری. ماڵکسیان نووسیویەتیی: "ئەمەریکا گییری خواردبوو"و "تاڵیبان بە پشتییوانیی ئێران و رووسیا هەژموونی خۆی فراوانکردبوو و، هەردووکیان لە خەمی ئەوەدا بوون کە چۆن ژیان لە ئەمریکا تاڵ بکەن".
باشە ئەی ئەمەریکا چۆن لەو تەنگەبەرییە هاتە دەرەوە و، ئەی بۆچیی لە ئێستادا بوو؟ سەرۆک ترامپ بە سیاسەتەکەی خۆی "ئەمەریکا یەکەمیین شتە" ئەوەندەی کات بە دەستەوە نەبوو؛ لە راستیی دا، یەکەمیین پەیمانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیشی، کۆتاییهێنان بوو بە جەنگ. لە داودوایی پایزی ساڵی ٢٠١٨ دا، ترامپ بە جەنەراڵەکانی خۆی وت کە ستراتیجێتییەکەیان "بەتەواویی شکستیخواردووە" و دەیەوێت لە ئەفغانستان بچێتە دەرەوە. بۆ یەکەمجار، گفتوگۆی لەگەڵ تاڵیبان دا زۆر بە راستیینەییانە و هەتەرانە بوو. لە فێبروەری ساڵی ٢٠٢٠ دا، واشنتۆن پەیماننامەی کشانەوەی واژۆکرد لە ١ی مایس ی ساڵی ٢٠٢١ جێبەجێ بکرێت. حوکومەتی ئەفغانییش زۆربەتەواوییی لەم رێکەوتنە بەدوورخرابوو. کاتێک بایدن هاتە سەر تەخت، کابووڵ بە هیوای ئەوەبوو کە سەرۆکە نوێیەکە نەک هەر کشانەوەکە دوا بخات، بەڵکو هێزێکی هەمیشەییش لە شوێنی خۆیان جێبهێڵن. لە کۆتایی دا، تەنها چوار مانگ ئەو داوایەیان بۆ جێبەجێکردن.
لە راگەیاندنی کشانەوەیان لە سێپتێمبەردا، بایدن وتی: "ئەمەریکا دەبێت یەکەم شت بییری ورچدبکاتەوە لە هۆکاری رۆییشتنمان: بۆ مسۆگەرکردنی ئەو دڵنیاییەی کە ئەفغانستان جارێکی تر نەبێتە بنکەی هێرش بۆسەر وڵاتەکەمان. ئەو ئامانجەمان بەدییهێناوە." "بەڵام، ئەم خاڵەش بە تەواوی روون نییە. راستە لە ١١ ی سیپتێمبەرەوە لە ئەفغانستانەوە هێرش نەکراوەتە سەرمان. بەڵام قاعیدە ئێرەی جێنەهێڵاوە." "لە راستیی دا، دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بووە وەک لەوەوپێش، هەر بەتەنها قاعیدەیەک لێرە نییە کە دەبێت رووبەڕووی ببیینەوە، بەڵکو رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە خۆراسان هەیە، هەرچەندە بە ژمارە کەمن بەڵام هێڕشی خۆکوژیی بکوژانەی کردووە لە ئەفغانستان دا.، لە ناو نەخۆشخانەی مناڵبوون و، قوتابخانە و، لەناو کابووڵ دا."
پلانی ئێستای ئەمەریکا لە دەرقەتهاتنی تیرۆردا لەو دوورەوە، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و، تۆڕی هەواڵگییریی و، پەلامارەکان لە پرۆسەی تایبەت دا کە لە بنکەیەکی نزیک بە ناوچەکەوە بجوڵێت. ولیەم بێرنز، سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگییریی ناوەندیی دانیپیاداناوە کە ئەم پلانە "هات و نەهاتێکی گەورە"ی هەیە. نییک کارتەری وەزیری بەرگریی بەریتانی دەڵێت، "ئەمە ئەو بڕیارە نەبوو کە هیوامان لەسەری بوو". ولیەم هەیگ، وەزیری پێشووی دەرەوەی بەریتانیا، لە وەڵامی دا نووسییویەتیی: "ئەمە ئاسانکارییەکی پیشەییە"، "زۆربەی ئەو بەرپرسە ئاسایشە رۆژئاواییانەی کە دەیانناسم، هەموو رۆحیان چووە"
تەنانەت ئەگەر جەنگی ئەمەریکاش تەواو بووبێت، هێشتا جەنگی ئەفغانستان کۆتایی نەهاتووە:
تەنانەت ئەگەر جەنگی ئەمەریکاش تەواو بووبێت، هێشتا جەنگی ئەفغانستان کۆتایی نەهاتووە. لە پانزە ساڵی پێشوودا، زیاتر لە ٤٠ هەزار سڤییڵ کوژراوە. حوکومەتی ئەفغان و تاڵیبان، لە دوا دواییەکانی ساڵی رابردوودا گفتوگۆی ئاشتییان لە قەتەر دەستپێکرد- بەڵام لەوساشەوە، هەر لە گەرمەی شەڕدا بوون، کە بووەتە هۆکاری کوشتارێکی زۆرتریش. کاتێک لە ساڵی ٢٠١٩ دا گفتوگۆکانی ئاشتیی لە ئەمەریکا دەستیانپێکرد، لەبارەی ئاشتییەوە پرسیارم لە گەنجانی ئەفغانستانیی کرد، کە ئایا هییچ ئەگەیەنێت بە گوێرەی ئەوانەوە. یەکێکیان وتی: "ئەوەیە بتوانیت گەشتێک بکەیت." یەکێکی تریان وتی: " پێویست بە پرسیار ناکات، ئایا هەر ئەوەنە لە ماڵ دەرچوویت بۆ سەر ئیش یان بۆ قوتابخانە، ئایا جارێکی تر دەگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە." لەگەڵ ئەوەش دا، کەسیان نەیانتوانی وەڵامێک بدەنەوە. ٧٠٪ی خەڵکی ئەفغانستان تەمەنیان لە خوار ٢٥ ساڵانەوەیە، شەڕیش لێرە لە داگییرکاریی سۆڤێتتەوە لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە بەردەوامە. ئەم ئەفغانستانیانە جگە لە شەڕ هییچی تریان نەدییوە.
کتێبەکەی ماڵکسیان پرسیارێکی وروژێنەری خستۆتەڕوو: لە کۆتایی دا، ئایا دەستتێوەردانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دا سوودی هەبووە یان زیان؟ دەنووسێت: "ئەمەریکا ئازارێکی درێژخایەنی خستۆتە جەستەی ئەفغانستانییەکانەوە، لە پێناوی بەرگرییکردن لە ئەمەریکا لەهەر هێرشێکی تیرۆریستیی تر." "دیهاتەکانی وێرانبوون. خیزانەکان تار و مار بوون.. بەڵام دەستتێوەردانەکە کاری باشی بۆ ئافرەت کرد، بۆ خوێندن و ئازادیی دەربڕیین. بەڵام دەبێت ئەم خێر و بێرانە تەرازووبکرێن لە بەرامبەر دەیان هەزار ژن و پیاو و مناڵ دا کە تیا مردن."
ئەو دەستکەوتە "جوامێرانە" بەکەم سەیرناکرێن. ئێستا ٣.٥ ملیۆن ژنی ئەفغانستانیی لە بەر خوێندندان (سەرباری ئەوەی کە زیاتر لە دوو ملیۆنیش هەن هێشتا نەچوون). ژن لە هەموو بوارەکان دا ئییش دەکەن: لە یاسادان، لە سینەما و ئەندازیاریی رۆبۆت. سیستەمی تەندرووستیی گۆڕاوە، تەمەنی چاوەڕوانکراوی ئافرەتی ئەفغانستانیی بە نزییکەی دە ساڵێک درێژتر بووە. تەنانەت هەبوونی مۆبایڵ ئاماژە بە کۆمەڵگەیەکی پێوەست بە سەرتاسەری جیهان دەدات. گەنجی ئەفغانستانیی بە ئاسانیی دەستبەرداری ئەم مافانە نابێت کە بەو هەزاران حاڵە دەستیانکەوتووە.
ترسەکە ئەوەیە، کە ئەم دەستکەوتانە لە ژێر هەڕەشەدان لە ئێستادا. لەوساتەوە کە واژۆی رێکەوتنی ئاشتیی کراوە، دەیان کوشتنی بە نهێنی دادوەر و رۆژنامەنووس و چالاکوانە یاساییەکان روویانداوە. سەرباری بۆمبارانکردنی تۆقێنەری قوتابخانەی کچان. بەبێ گوێدانە ئەو کۆششانەی کە سیاسەتداڕێژە ئەمەریکاییەکان بڕییویانە بەباڵای تاڵیبان دا، کشانەوەی ئەمەریکایی وەک سەرکەوتنێکە بۆ تاڵیبان. هەروەک وتەیەکی بەناوبانگی تاڵیبان هەیە دەڵێت: "هەموو کاتژمێرەکان هی تۆن، بەڵام کاتەکان هەمووی هینی خۆمانن".
دوای هەموو ئەمانە، ئەفغانستانییەکان هەرگیز باوەڕیان نەبووە کە ئەمەریکاییەکان بمێننەوە لەوێ. لە ساڵی ٢٠٠٥ دا، لە گوندی شکیین ی دوورەدێ، شەڕگەی شەڕی قورس لە شاخەکانی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، دێهاتییەکانم بیینی رۆژانە بە دڵخۆشییەوە کۆمەک و هاوکارییە تەندرووستییەکانیان لە سەربازە ئەمەریکاییەکان وەردەگرت، بە شەویش سەکۆ مووشەکەکانیان دادەمەزراند. کاتێک پرسیاری هۆکاری ئەوەم لێکردن، ئەوان شرۆڤەیەکی سادەیان هەبوو: "لە دواجاردا، ئەوان هەر ئەڕۆن و، نالەبارەکان لێرە دەمێننەوە"
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێزیینەوەی زانستیی


- سکرتێری نوسیین ی گۆڤاری کوردستانیی بۆ لێکۆڵیینەوەی ستراتییجیی (JKSS)
http://kissr.edu.iq/english/academic-journals
C. Lamb, "Chronicle of a Defeat Foretold: Why America Failed in Afghanistan"(1)
https://www.foreignaffairs.com/reviews/review-essay/2021-06-22/chronicle-defeat-foretold
** کریستیینا لام، رۆژنامەنووسێکی بەریتانیاییە، ئەندامی سەنتەری وڵسۆن بۆ کاروباری نێودەوڵەتیی لە واشنتۆن، سەرۆکی پەیامنێرەکانی دەرەوەی رۆژنامەی سەندەی تایمزی لەندەنییە.
(2) C. Malkasian, "The American War in Afghanistan: A History", Oxford ,July 2021

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×