ئایا کۆمەڵگە، مافی هەواڵدەریی‌و هۆشیارکردنەوەو ئاگادارکردنەوەی حکومەتی هەیە لەرێی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە؟

د. رزگار ئاغا
  2020-08-18     964
ئامرازەکانی راگەیاندن, بە تایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە, لەمڕۆدا بوون  بە خێراتریین و, کاریگەرتریین سیستەمی بەیەکگەیشتن و, گواستنەوەی زانیاریی و, وێنە و, بۆچوون و تێبیینی کەسیی و, رەخنەیی و, سیاسیی و, هەموو بابەتە خۆشئامێزییەکان. فراوانبوونی مەودای گرنگییەکانی تاک و کۆمپانیا و دەوڵەت وای کردووە, کە تەنها ئینتەرنێت لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بتوانێت ئەرکی پێکەوەیی بەجیبهێنیت, لە بەشداربوون و پێڕاگەیاندنی زانیارییەکان. باسەکەی ئەم نووسیینە, لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم تۆڕانە لە سنووری یاسادا, هەر لە خراپ بەکارهێنانیەوە لە دەستدرێژیی ماددیی و مەعنەویی بۆ سەر تاک و, کۆمەڵگە و, دامەزراوەکان و, ناوزڕاندن و, سوکایەتیی و, تۆمەت هڵبەستن و, لەکەدارکردن و, هەتا ئەگاتە هەڕەشە بۆ سەر ژیان و گوزەران و, پێگە و, پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. لە هەمان کات دا, رۆڵە ئەرێنییەکانیشی لە ووریاکردنەوە و, ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگە بەگشتیی و, دەوڵەت لەو مەترسییانەی کە رووبەڕوویان ئەبنەوە؛ لەو کاتەی, گەندەڵیی و یاساشکێنیی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات تەشەنە ئەکاتە ناو بچووکتریین دەستگای دەوڵەت, تاکی کۆمەڵگە رۆژانە رووبەڕووی ستەم و دەستدرێژیی دارایی و وەزیفی و سێکسی و رەوشتیی ئەبێتەوە, لە لایەن هەر بەرپرسێکەوە بجچووک یان گەورە, کە لێنەپرسیینەوە و نەمانی سزا و لێپێچیینەوە, زیاد لە پێویستیش بەرۆکی کۆمەلگە ئەگرێت. دەستدرێژیی بۆ سەر داهاتی گشتیی و زەوی و زار و نادادپەروەریی لە دامەزراندن و, خزمایەتی و خوێشایەتیی پێوەری باڵا بن. بۆیە, هاوڵاتیی, ناچاری گرتنەبەری رێ و شوێنێکی ترە, کە ستەمەکانی بە بەڵگەوە بگەیەنێـتە بەرپرسانی باڵا و تەنانەت ئەگاتە ئەوەی بەلایەنی کەمەوە, کۆمەڵگە لەو کەسانە ئاگادار بکات کە لە شورەیی و گەندەڵیی و بەدکرداریی وەزیفییەوە ئاڵاون. ئەوە بۆ خۆی ئامانجێکە, بۆ, ڕێگرییکردن لە کەسانی بەرژەوەندیخواز و, مشەخۆر, کە تاوانی چەپاوکردن و, دزیی و, بەهەدەرادان و, فێڵ و ساختەی فەرمیی و, زانستیی ئەکەن لە پێگە فەرمییەکانی خۆیانەوە.

ئەم پرسە گشتگییرە, لە جیهان دا بە یاسا جڵەوگیرکراوە و, رێسای تایبەتیی بۆ داڕێژراوە, کە مافی بەکارهێنان و, ئەرک و, سنوورەکانی دیاریکراون. 
لەم کورتە باسەدا, باس لە رۆڵی تۆڕی کۆمەڵایەتیی و, ئامڕازی پێوەندییە ئەلیکترۆنیەکان ئەکەین, بە مەبەستی بڵاوکردنەوە و, راگەیاندن و, هۆشیارکردنەوە. دوو تەوەر باس دەکەین, کە هەواڵدەریی و, چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم ئامڕازە سەردەمییە تەکنۆلۆجیاییەیە, لە سایەی یاسای نێودەوڵەتیی و هەندێ وڵاتیش دا.

هەواڵدەریی
هەواڵدەر, ئەو کەسەیە کە هەر چالاکیەکی نایاسایی, بەدڕەوشتیی, یان ناپەسەند هەڵبماڵێت و, ئاگاداری دەسەڵات بکاتەوە لە ئاستی ئەم چالاکییەدا, یان کارێکی وەها بکات کە ئەم چالاکییە بناسرێت. بەگوێرەی کاری فەرمییشەوە, هەواڵدەرەکان بریتین لە کەسانەی خۆبەخشانە کار ئەکەن لە هەڵماڵین و, خستنە رووی هەموو ئەو سەرپێچییانەی لە بەڕێوەبردنی دام و دەستگا فەرمییە گشتیی و تایبەتییەکان دا رووئەدەن, بۆ ڕای گشتیی. بەم بەشدارییە گرنگە, هەواڵدەران هەوڵی قەلاچۆکردنی کارە نایاسایی و سەرپێچییەکان ئەدەن, لەو دەستگا دیاریکراوانەدا, کە کاری تیا ئەکەن. بۆیە ئەم رۆڵە, کە لە پرۆسەیەک دا داڕێژراوە و, ناسێنراوە بە کاری "هەواڵدەریی". وریاکردنەوەی رای گشتیی و, حکومەت و, دەسەڵاتی دادوەریی, لە لایەن کەسی هەواڵدەرەوە, ئەرکی بەدواداچوون و, ساغکردنەوە و, سزادانیش ئەکەوێتە سەر حکومەت. لە هەمان کاتیش دا, دەسەڵاتی دادەوەرییش لەسەریەتیی, کە  بە یاسای تۆکمە و سزای توند, ماف و ژیانی هەواڵدەران بپارێزێت لە ئاستی هەر دەستدرێژیەکی ماددیی و مەعنەویی بۆ سەریان, هەر لە دەرکردن لە ئیش و گواستنەوە و, کاری تری توندو تیژیی و, هەتا ئەگاتە هەڕەشەی مەرگ و,  رەنگە کوشتنیشی لێ بکەوێتەوە. ئەمە نەک هەر بۆ خۆیان, بە ڵکو بۆ ماڵ و مناڵ و کەسە نزیکەکانیشیان. بۆیە, راسپاردەی لێژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپایی, جەختی لەسەر پاراستنی ماڵ و گیانیی هەواڵدەران کردۆتەوە, کە لە ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤ دا ئەم پرسەی گرتۆتە ئەستۆ. ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەورووپا, جەختی لە وڵاتانی ئەندام کردۆتەوە, کە چوارچێوەیەکی پێوەرسازانە لە ئاستی دامەزراوە داداوەرییەکانیان دا بۆ دابڕێژن, بۆ پاراستی ئەو تاکانەی کە بە کاری هەواڵدەریی و هەڵماڵیینی گەندەڵیی هەڵدەستن, لە نێوەندی وەزیفەکانیان دا, کە پێوەستن بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندی گشتیی و زیان پێگەیاندنیان.

 بۆچی هەواڵدەر پێویستی بە پاراستن هەیە؟
     هەواڵدەران رووبەڕووی مەترسیی گەورە ئەبنەوە, لە رێی تۆڵەکردنەوەی هەواڵلێدراوانەوە, ئەویش هەر لە کەمکردنەوەی مووچە و, درەکردنیان ئیش و ناسەقامگیریی ئابوورییان و زۆرجاریش سکاڵالێکردنیان لە دادگاکان. ئەم ترسی توڵەسەندنەوەیە, کاریگەریی دەروونیی قورسی هەیە بەسەر هەواڵدەرانەوە, بەپێی راپرسییەکی  Special Eurobarometer- پێوەری بارۆمیتەری تایبەت- سەبارەت بە گەندەڵیی لە ساڵی ٢٠١٧ ئەڵێت(١): ٨١%ی بەشداربووان ئەوانەی کە هەواڵیان لە گەندەڵیی نەداوە, کە تووشیان هاتووە یان دیوویانە, کرێکاران زۆر بە دەگمەن هەواڵ ئەدەن لەو سەرپێچی و مەترسییانەی کە هەڕەشە لە خۆیان و لە بەرژەوەندی گشتیی ئەیەن. ئەوەیش, لە ترسی سزا یاسایی و داراییەکانە, کە توشیان ئەبێت لە کاتی ئەنجامدانی کاری هەواڵدەریی دا, لە لایەن خاوەن کار یان بەپرسە باڵاکانیانەوە.

کێشەی سەرەکیی بریتییە لەوەی, تەنها (دە) وڵات لە یەکێتیی ئەورووپا یاسای گشتگیریی پاراستنی هەواڵدەرانی هەیە (فەرەنسا, هەنگاریا, ئیرلەندە, ئیتالیا, لیتوانیا, ماڵتا, هۆڵەند, سلۆفاکیا, سوید, ئینگلتەرە). دوادوایی وڵاتانی تری یەکێتیی ئەورووپا, پاراستنێکی نیمچەیی هەیە: تەنها ئەو فەرمانبەرە گشتیانە ئەگرێـتەوە, یان ئەو کەرتە دیارییکراوانە ئەگرێتـەوە (وەک خزمەتگوزاریی دارایی), یان جۆرێکی دیارییکراوی تری تاوان (وەک گەندەڵیی). کارە ئابڕووبەرەکانی ئەم دواییە, کە هەواڵدەرەکان هەڵیان ماڵییوە, ئەوە ئەگەیەنن کە پاراستنی هەواڵدەران بە پێی پێویست نیە لە هەندێ وڵات, بە شێوەیەک کە تەنها کاریگەریی خراپی لەسەر کاری سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپا نییە و بەس, بەڵکو  پەل ئەکێشێت, بۆ ناو وڵاتانی تری یەکێتیی ئەوروپاش. لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا, تەنها هەندێک کەرتی دیاریکراو هەیە و بەس, کە ئەو پاراستنە پێویستە پڕاوپڕە بۆ هەواڵدەرەکان دابیینکراوە (زۆربەیان لە بواری خزمەتگوزراییە داراییەکاندان)(١).

یاسای پاراستنی هەواڵدەری سەرپێچیی و تاوانەکان
یاسای پاراستنی هەواڵدەریی سەرپێچییەکان لە ساڵی دا,١٩٨٩ بە یاسایەکی گرنگ دائەنرێـت بۆ پاراستنی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵیی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(٢) , کە لە دژی ئەو رێکارە تۆڵەوەسێنانەن, کە لە پای کاری خۆبەخشانەی هەڵماڵیین و, خستنەڕووی ئەو زانیارییانەوە دێت, لەبارەی کار و چالاکی ناشەرییفەوە روو ئەدەن, لە دامودەزگاکانی حکومەت دا.
 ئەم یاسایە, هەندێکجار بە WPA (Wistleblower Protection Act)ناوئەبرێت, رێدەگرێت لەهەر فەرمانگەیەک لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا, لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی, یان هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری توند, بەرامبەر هەر فەرمانبەرێک, یان پێشکەشکارێک کە داوای ئەوەی هەبێت, کە زانیاریی هەیە لەسەر هەڵماڵینی هەر جووڵە یان کارێک, کە وای لێ تێبگات کە شکاندنی یاسایە, دووەمیشیان بۆ پاراستنی ئەو "تاک"انەیە, کە رووبەڕووی لێپرسینەوە ئەبنەوە لە ئەنجامی هەڵماڵین و, ئاشکراکردنی گەندەڵیی و, سەرپێچییەکان, کە زیان بە بەرژەوەندیی گشتیی ئەگەیەنن. رەنگە ئەو زانیارییانەی کە هەیەتی وهەڵیدەماڵێت, بریتی بن لە راپۆرت لە بارەی سەرپێچیەکانی کارگێڕیی و, بەهەدەردانی پارە و, خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و, ئەگەری مەترسیینانەوە لەسەر تەندروستیی گشتیی و سەلامەتییان.
 لە یەکێتی ئەوروپادا, راپۆرتی هەواڵدەریی  لەسەر سەرپێچیی و تاوان, ئەبێـتە مایەی هەڵماڵینی کارییگەرانە, لەسەر هەر دەستدرێژیی و لادانێک, کە کرابێـت. ئەمەش, بە لێکۆڵینەوە لێیان و, شوێنکەوتنیان و, بەدواداچوونی ئەوانەش کە بە ژێربەژێر ئەمێننەوە, کە ئەبنە مایەی زیانی قەبە و خراپ بە خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگە و, بەشێوەیەکی گشتیی ئەبنە مایەی زیان بە بەرژەوەندی گشتیی.
"ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان" لە راپۆرتێکدا, هەردوو بەندی ٢,٣ی کارەکانی داڕشتووە بە ناونیشانی" Best practices to counter the negative impact of corruption on the enjoyment of all human rights " واتە: "باشتریین رێ و شوێنەکان بۆ هەوڵدانی قەڵاچۆکردنی شوێندەستی نەرێنیی گەندەڵیی, لە شکستپێهێنانی هەبوونی گشت مافەکانی مرۆڤ"(٣). ئەم ڕاپۆرتە بەرهەمی کۆدەنگییەکی بەجێهێنراوە, کاتێک بۆ ئەم مەبەستە داوای لە "مفەوەزییەتی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ" کردووە, کۆدەنگیەکی نێودەوڵەتیی ئامادە بکەن, بۆ باشتریین رێ و شوێن لە پێناوی قەلاچۆکردنی  شوێندەستەکانی گەندەڵیی, لەسەر شکستهاتنی هەبوونی مافەکانی مرۆڤ بۆ هەر تاک و کۆمەڵگەیەک. لە بەدەمەوەچوونی ئەم داوایەدا "مفەوەزییەتی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ" لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٥دا, نامەیەکی ناردووە بۆ هەموو نێردراوانی هەمیشەیی لە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێف, دامەزراوە نیشتمانیەکانی مافی مرۆڤ, دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی, دامەزراوە ئەکادیمییەکان کە تیایدا داوا ئەکات کە قسەیان هەبێـت لە ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا, تەنانەت بە دامەزراوە حکومییە نیشتمانییەکانیشەوە بۆ قسە هەبوون لەسەر قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی. بۆ ئەم مەبەستە, بیست و حەوت دەوڵەت و "دە"یان رێکخراو و دامەزراوی مافی مرۆڤ و, کۆمەڵگای مەدەنیی و, دامەزراوەی ئەکادیمییایی و  خێرخوازیی و مرۆیی وڵاتە جیاجیاکانی تر. کۆی بەشداریی ئەم لایەنانە پێداگییرییان بووە, لەسەر هەبوون و پێوەستبوونی مافەکانی مرۆڤ بە ئاست و رێژەی گەندەڵیەکانەوە, بەو پێیەی گەندەڵیی ڕێگریی سەرەکی هاتنە دی و بەرکەماڵبوونی مافەکانی مرۆڤە و, شکستهێنانی جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ, یەکەمین لێکەوتەی مەترسییداریی گەندەڵییە. پاراستنی مافی هەواڵدەران, لە پێناوی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی, کە بە هەڕەشەیەکی مەترسیداری روخێنەر دانراوە, بۆ سەر ئاسایشی گشتیی نەتەوەیی و نێو دەوڵەتیی.
لە بەشی پێنجەمدا, شیکار و دەرئەنجامەکان, لە بڕگەی ١٣١ دا هاتووە: هەندێک لە بەدەمەوەهاتووان, سەرنجیان داوەتە پێوەندیی نێوان قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی و بنەماکانی مافی مرۆڤ. پێداگییریان کردووە, لە سەر رۆڵی سەرەکیی مافەکانی مرۆڤ لە ڕێگرتنی گەندەڵیی و قەلاچۆکردنیی. بەدەمەوەهاتووان, سەرنجی تایبەتییان بۆ ئازادیی رادەربڕیین هەبووە, مافی بەدەستکەوتنی زانیاریی, ئازادیی نێوەندەکانی راگەیاندن, ئازادیی کۆبوونەوە و پێکهینانی کۆمەڵەکان, پاراستنی قوربانیی و, گەواهییداران - شایەت – و, هەواڵدەرەکانی سەرپێچی و یاساشکێنیی و, چالاکوانانی بواری قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی و, ئەوانەی کار لە رۆژنامە پێجۆرییەکان (ئیستقسائییەکان) ئەکەن و, رۆڵی داواکاری گشتیی و, پارێزەر و, دادوەرەکان. هەروەها پێداگیرییان لەسەر گرنگیی رۆشنبییرکردن کرد, بە رۆشنبییرکردن بە مافەکانی مرۆڤ و قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی, سەرباری گرنگییدان بە راهێنان لەسەر ڕێگرییکردن لە گەندەڵیی.

لە کۆنگرەی نەتەوە  یەکگرتووەکان (Thirteenth United Nations Congress on Crime Prevention and Criminal Justice)(٤), خولی سیازدەهەم  لە شوباتی ٢٠١٥ دا, لە دەوحە بەسترا, بەشی (IV) تەرخانە بە ناوی(Role of the Media and Social Networks and New Communication Technologies)
هەندێک لە بڕگە گرنگەکان بریتیین لە:
 بڕگەکانی ٣٩-٤٢, تەرخانن بە خستەڕووی گرنگیی میدیا و تۆرەکۆمەڵایەتییەکان, لە بەشدارییکردنی هاوڵاتیی لە ئاشکراکردن و راگەیاندن و ووریاکردنەوەی کۆمەڵگە بەگشتی وحکومەت بە تایبەتیی. لە کەمتریین توانایاندا, بۆ دژوەستانەوە و, رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی, تێگەیاندنی فەزای گشتییە بۆ سەرکۆنە و قێزەونکردنی ئەنجامدەرانیان, لە ئاستی تاک و کۆمەڵگەدا.

بە پێویستی ئەزانم ئەم ماددە کۆک لەسەربووانە, وەک خۆیان بە کوردیی لێرەدا دابنێم, کە بۆ خۆیان پێداگیریی ئەکەن لەسەر رۆڵی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان, ئەرک و کاری ئامڕازەکانی راگەیاندن, لەمەیش زیاتر رەخنەی توندیش بەرامبەر راگەیاندنەکان, لە ئەدا و شێواز و درشتکارییان لە کارەکانیاندا.
بڕگەی ٣٩, ئەستۆگیریی و بڵاوکردنەوەی میدیایی بۆ ئەو تاوان و رووداوانەی, کە پێوەستن پێوەیان, ئەکرێت ببێتە ستراتیجییەتێکی کارییگەر بۆ ڕێگرییکردن, لە روودانی تاوان و بە ئامڕازگەلێکی بەسوود ئەژمار بکرێـن, بۆهوشیارکردنەوەی جەوماوەر بەو کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییانەی, کە بەهەند وەرنەگییراون, یان بە تەواوی فەرامۆش کراون. هەروەها, ئامڕازە میدیاییەکان رەنگە یاریدەدەربن, لە کەم کردنەوەی توندوتییژیی و تاوان لە کۆمەڵگەدا, بە تایبەت لە مافی ژن و مناڵدا.

بڕگەی ٤٠, ئامڕازەکانی راگەیاندن تواناشیان هەیە, بە گێڕانی رۆڵێکی گرنگ لە بینیینی رۆڵی دیموکراسییانە, کە پێوەستن بە رێگرییگرتن لە ئەنجامدانی تاوان. بەوەی خستنەبەردەستی زانیاریی زەبەند بۆ خەڵک ئاسان و بەردەست ئەخات, هۆشیارکردنەوەی دانیشتووان بە هەندێ پرسی دیارییکراو, کە وایان لێ ئەکات بە هەستێکی رەخنەگرانەوە بییربکەنەوە لێیان و, هانی دامەزراوە و, ئەجێنسی و, رێکخراو و کۆمەڵگەی مەدەنیی و, حکومەت بدەن کە بەرپرسیارێتیان بگرنە ئەستۆ. هەروەها, ئامڕازەکانی میدیا ئەتوانن یارمەتی مسۆگەرکردنی رۆشنکاریی          (شەفافیەت) بدەن لە دامەزراوە تایبەتمەندەکاندا, لە رێگرییگرتن لە تاوان و چاککردنی بارودۆخە ئاساییشەکان. هەروەها توانایان هەیە لە  چاککردنی ئەداو جۆری چاودێریی و خۆنانەوەی سیستەمی پۆلیس (لە بارودۆخە نالەبار و گەندەڵەکان دا بە نموونە) و, سیستەمی دادوەریی (کە پێوەستن بە ستەم و نابەرابەریی لە دادبیینییەکاندا) و هەروەها سیستەمی خوێندن. بۆیە رۆڵی ئامرازەکانی میدیا, لە رێگرییکردن لە روودانی تاوان ئەبێتـە مایەی هاندانی داڕشتنی سیاسەتە گشتییە پێویستەکان و, هانی حکومەت ئەدات بۆ گرتنەبەری رێکاریی پێویست بۆ تەرخانکردنی سەرچاوەکانی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان و,  هاوکارییکردنی دەزگای رێگریکردنی تاوان کە ئەو پێداویستییە گونجاوانەیان لەبەردەست نیە, بۆ بەجێهێنانی ستراتیجییەتی تایبەت بەم پرسانە. دوادار, ئاماژە بەوە ئەدرێـ کە ئامڕازەکانی میدیا بە رۆڵێکی کارییگەر هەڵدەستن لە هاندانی لێپرسیینەوە لە بڕیاربەدەستەکان کە دەستیان هەیە, بەسەر پرۆسەی ئامادەکاریی سیاسەتە  گشتییەکان و جێبەجێکردنەکانیان.

بڕگەی ٤١, هەرچەندە, جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئاست و مەودای کارییگەری ئەرێنی ئامڕازەکانی راگەیاندن, لە بواری رێگرییکردن لە تاوان, وا دەرئەکەوێـت کە شێوەی بەرنامە میدیاییەکان کە بژاردەی ئەکەوێـتە سەر, یەکێک بێت لە توخمە سەرەکییەکان لە هەڵسەنگاندنی کارییگەریی شوێندەستی  ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن, لە پێکهێنانی بۆچوون و تێگەیشتنی خەڵک لە بارەی تاوان و, ئەو رێوشوێن و تەگبییرانەی کە گیراونەتە بەر بۆ رووبەڕووبوونەوەیان. بۆیە, پێویستە ئاگالێبوونێکی لایەنە نەرێنییەکان لەبەرچاو بگیرێت, کە لە کاریگەریی ئەو ئامڕازانەوە شوێندەست جێ دەهێڵن (کە هەندێکیان ئەوانە کە لە پەڕەی کارکردنی – ورقه‌ العمل Working Paper- پێوەست بە ڕێگەچارەی نیشتمانیی –National Approach – خراونەتە بەرچاو, لە بارەی بەشدارییکردنی خەڵک لە تۆکمەکردنی ڕێگرییکردن لە تاوان و دادپەروەریی تاوانکاریی دا. لەوێدا, یەکەم, لایەنی پێوەست بە رێگەی چارەسەرکردنی ئامڕازەکانی راگەیاندن, بۆ ئەم زانیارییانەی کە پەیوەستن بە تاوانەکانەوە, کە زیاتر بریتین لە گەڕانێکی خێرای درشت و کورتخایەن و سەرپێی, کە دواجار ئەبنە سنووردانانێک بۆ ئەو زانیارییە زەبەندانەی, کە بڵاوبوونەتەوە و, بوون بەژێرەوە و, فەرامۆشکردنی بابەتە زۆر گرنگەکانیان. هەروەها, رەنگە ئامڕازەکانی راگەیاندن وێنەیەکی درشتی  - نا ورد- تاوانەکان بگوێزنەوە, چونکە شێوازی خستنەڕوو و, پیشاندانیان رەنگە هەندێ لایەنی بۆ مەبەستی ورووژاندن بێت, بەحۆرێک دوور  یان ئالۆزتر بێـت, لەو هەواڵەی کە مەبەستە بڵاوبکرێتەوە "لە بەر گرنگیی راگەیاندنەکەی"  زیاتر تیشکۆی لەسەر لایەنە سۆزدارییەکەیەتی نەک راستیە ئاشکراکانیی. بۆیە, پێوستە کە هاوسەنگی بەدەستبهێنرێـت, لە نێوان ئەوپەڕیی سوودوەرگرتن لە لایەنە ئەرێنییەکان, بۆ خستنەرووی تاوانەکان لە ئامڕازەکانی راگەیاندن و, ئەستۆگیریی رێکخستنی چاودێریی خۆبەخۆیی – زاتیی – لە خۆبەدوورگرتن لە لایەنە نەرێنییەکانی.

بڕگەی ٤٢, نابێت, توانای بەکارهێنانی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگرییکردنی ئەنجامدانی تاوان و دادوەریی تاوان, نادییدە بگیرێت. وەک پێشتر وترا, تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ وریاکردنەوەی خەڵک و خستەبەردەستی زانیارییەکانن, بەو شێوە ئاسانەی کە بتوانرێت دەستبکەون بۆ هەموو کەسێک و, پیادەکردنی کاریگەرانەی رێگرییکردن لە تاوان ئاسان بکات, هەروەها زیاترکردنی زانیاریی لەبارەی سیستەمی دادوەریی تاوان و, چۆنیەتیی بەشدارییکردن بە شێوەیەکی ئەرێنییانە. هەروەها ئەکرێت, کە رێگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک گەنجینەیەکی کەسیی, یان کۆمەڵگەیی بەکاربهێنرێت, کە ئاوەزا بە تاوان زیاتر بکات و, توانا زیاتر بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەیان.

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ستراتیجییەتی نیشتمانی بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی, تونس(٥) لە تازەترین رێکارییدا, هەنگاوی جیدیی تری ناوە, بۆ زیاتر سەپاندن و کاراکردنی هەموو رێکارێکی گونجاو و تۆکمە, بۆ سەروەرکردنی یاسای پاراستنی هەواڵدەرانی گەندەڵیی. ئەم یاسایە لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە, داڕشتنی بۆ کراوە بەرەو جێبەجێکردنی بەندەکانی رێکەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان و, رێکەوتننامەی عەرەبیی بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی لە ساڵی ٢٠١٠, بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی لەبار و کاریگەر, بۆ هەڵمالیینی مۆڵگە و تۆڕەکانی گەندەڵیی و, شوێنپێکەوتنی گەندەڵکاران و تۆکمەکردنی بنەماکانی دەستپاکیی ,و رۆشنکاریی دارایی و, داڕشتنی یاسایەک بۆ ناساندنی ئەو ئەرکانەی, کە هاوڵاتی دەستی ئەخات, لە گرتنەبەری کاری هەواڵدەریی بە پێی یاسای ١٠ی سالی ,٢٠١٧ تایبەت بۆ هەواڵدەریی و پاراستنی هەواڵدەران لە دەستدرێژیی بۆ سەر خۆیان و کەس و کاریان, بە ماددیی  یان بە مەعنەویی.

بەپێی مەرسومی ١٢٠ لە ساڵی ٢٠١١ پێناسەی گەندەڵیی کراوە: خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات, یان پێگە یان وەزیفە لە دەستکەوتنی سوود و بەرژەوەندییەکی کەسییدا. گەندەڵیی تاوانی بەرتیل وەرگرتن, بە هەموو شێوەکانی ئەگرێتەوە لە کەرتی گشتیی و تایبەتدا, دەستگرتن و ماشینەوەی پارەی گشتی, یان خراپ رەفتار و مامەڵە کردن پێوەی و, تەخشان و پەخشانکردنی و, قۆستنەوەی دەسەڵات و, تێپەڕاندنی دەسەڵاتی رێگەپێدراو و, خراپ خەرجکردنی و, دەوڵەمەندبوونی حەرام و,  خیانەتی ئەمانەت و دەستپییسیی و, بەکارهێنانی دارایی گشتیی لە پرۆژەی تایبەتی کەسیی ز, شۆردنەوەی (سپیکردنەوەی) پارەی دەوڵەت.

لە یاسای پاراستنی هەواڵدەراندا, هەموو ئەو رەفتار و مامەڵانە ئەگرێتـەوە, کە پێچەوانەی یاسا ئەکرێن و, هەر رێکخستن و رێکارێکیش کە لێوەی دائەڕێژرێت و ئەکەوێـتەوە, کە ببێتە مایەی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی, کە لە نێوانیان دا کەمتەرخەمیی و ڕێگریی لە چەسپاندن و رێوشوێنی درووستی دادوەریی بێت.

لە مەرجەکانی هەواڵدەر, ئەوەیە کە نیازی پاک بێت لەو هەواڵدانە و, بڕگەیەکی تایبەتیش هەیە           (برگەی ٣٨ لە یاسای ١٠ی سالی ٢٠١٧), تایبەتە بە سزای ئەو هەواڵدەرانەی کە نیازی پاک نیە لە هەواڵدانەکەی و, مەبەستی زیاتری زیان گەیاندنە بە کەسانی تر و, بۆیە رووبەڕووی سزای زیندانی ساڵێک بۆ ٥ ساڵ و سزای دارایی لە ١٠٠٠ دینار هەتا ٥٠٠٠ دیناری تونسی ئەبێـتەوە.

یاسای پاراستنی هەواڵدەریی تونسی تەنها لە سنووری گەڵندەڵکاراندایە کە هەموو گەندەڵیەکی سیاسی و دارایی وکارگێریی و رەوشتیی ئەگرێـتەوە. بەڵام لە بەریتانیا و ئەمەریکا هەموو یاساشکێنیی و سەرپێچییەک ئەگرێتەوە, کە زیان بە بەرژەوەندی گشتیی بگەیەنێت و, لە ئەمەریکا هەموو تاوانێکی بەرنامە دارێژراویش ئەگرێتەوە.

بە پێی مادەی ٣٢ و ٣٣ ی عێراقیی, سەبارەت بە پاراستنی شایەت و هەواڵدەران, یاسای عێراقیی رێگە بە پاداشتی هەواڵدەرانی گەندەڵیی ئەدات, لەو بڕە پارە, یان سامانەی کە دەستی بەسەردا ئەگیرێت. بەڵام هیچ بەندێک نیە لەو یاسایە, کە پاراستن و سەلامەتی تەواو فەراهەم بکات, بۆ خۆیان و خێزانەکانیان و شوێنی نیشتەجیبوون و کارکردنیان. بەڵام هەندێ ڕێکاری شاردنەوەی ناسنامە و, گۆڕینی دەنگ هەیە لە رەوتی لێکۆڵینەوەدا. بەوەی شایەت, یان هەواڵدەر لەودیو شاشەیەکەوە دائەنرێـت و, لە ڕێی تەکنۆلۆجیاوە بە بەکارهێنانی ئینتەرنێـت و ڤیدیۆ و ئەو ئامرازانەوە گۆێیان لێ ئەگیرێت. بەڵکو حکومەتی عێراقیی ئاماژە بەوە ئەدات, کە ئەم یاسایانە لە ئێستادا جێبەجێناکرێن و, رەشنووسی ئەو یاسایانەی کە پاریزگاریی لە هەواڵدەرانی گەندەڵیی ئەکەن, لە ژێر داڕشتنەوەدان, هەتا پێ بەپێی ماددەی ٣٣ی نەتەوە یەکگرتووەکان  دابڕێژرێت. 


دەستووری عێراقیی (٧,٦) , لە ساڵی ٢٠٠٥ دا لە مادەی ٣٨دا, کە ئازادیی دەربڕیین و بۆچوونی کەسیی گرتۆتە ئەستۆ, بە دەقیی: (دەوڵەت ئەستۆگیریی خۆی هەیە بە هەر شتێک, کە دەرچوون نەبێـت لە رێ و رەسمی گشتیی و ئاداب, لە ئازادیی راو بۆچوون دەربرین, بە هەموو ئامڕازێک و, ئازادیی رۆژنامەگەریی و چاپەمەنیی و راگەیاندن و ریکلام و بڵاوکردنەوەیەک, ئەمە سەرباری رێپێدان بە رەخنە و تانەدان لە کاروباری فەرمانبەر و, ئەوانەی بە خزمەتگوزاری گشتی هەڵدەستن بەپێی یاسا).

لە عێراق دا, زووتر, لە یاسای سزاکان دا تاوانی تۆمەت هەڵبەستن و ناوزڕاندنی داناوە بەو تاوانانەی, کە پێوەستن بە ئازادیی مرۆڤ و ڕێز و شکۆیەوە. یاسای عێراقیی ژمارە ١١ی ١٩٦٩ بە دەق باسی کردووە, لە ماددەی ٤٣٣ ی یاسای سزاکان دا, بەوەی کە: تۆمەت بریتیە لە دانەپاڵی هەر رووداو, یان باسێک بۆ کەسانی تر بەهەر ڕێگەیەکی ئاشکرا, ئەگەرچی ئەو قسە و رووداوە راستیش بن, کە ببێتە مایەی ناپەسەندکردن و ناشریینکردنی ئەو کەسە و, بێزراوکردنی لەلای خەڵکی ناوچەکەی و, کەسی تۆمەتبەخش سزا ئەدرێت بە زیندانییکردن, یان بە سزای دارایی, یان بە یەکێک لەو دوو تۆمەتە و, ئەگەر تۆمەتەکە بە رێگەی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامە یان چاپەمەنییەکان و, یاخود بە یەکێک لە رێگەکانی راگەیاندنی تر, ئەوا سزاکە توندتر ئەبێت و, هیچ بەڵگەیەک لە تۆمەتبەخش قبوڵناکرێـت بۆ ئەو تۆمەتەی کە داویەتیە پاڵ سکاڵاکەر, مەگەر ئەو تۆمەتە رووبەرووی فەرمانبەرێک, یان کەسێک خزمەتی گشتیی لە ئەستۆگرتبێت, یان کەسێک کە سیفەتی نوێنەرایەتیی گشتیی هەبێـت, یان بە کارێک هەستێت پێوەست بێت بە بەرژەوەندیی خەڵکییەوە و, ئەوەی کە تۆمەتبەخش داویەتە پاڵ پەیوەست بێـت بە کاری تۆمەت بۆهەڵبەستراوەوە و, ئەگەر توانیی بەڵگە بۆ هەموو ئەو تۆمەتانەی هەڵی بەستووە بهێنێتەوە, ئەوا تاوانەکەی لەسەر هەڵدەگیرێت. 
ئە م یاسایە زۆر راشکاوانە, حوکمی تاوانەکەی دیارییکردووە, بەڵام, پێداگییرییەکی توندی تێدایە بۆ پشتییوانی ئەو کەسانەش کە گەندەڵیی بەرپرس و فەرمانبەری کەرتی گشتیی و نوێنەرانی گەل هەڵدەماڵن, کاتێک بە بەڵگەوە ئەیسەلمێنن. بەڵام, بە مەزاج , یان بە دەستتێوەردانی ئەو بەرپرس و دەسەڵاتدارانە لە کاری دادگاکان,بۆفەرامۆشکردنی ئەم بڕگەی دووەمەی یاساکە, زۆرێک لە خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر, لە بریی سزای تاوانکاران, بێتاوانانە سزا ئەدرێن. ئەمەش, لێکەوتەیەکی درێژخایەنی بەردەوام ئەخاتەوە, کە برەوئەدات بە دەستپییسیی و دزیی و خیانەت و دەستدرێژیی بۆ داهات و سامانی گشتیی. کاتێ دڵنیا ئەبن, کە یاساکە لە بەرژەوەندیی ئەوان بە نییوەناچڵیی جێبەجێ ئەکرێـت.

سەرچاوەکان:
1.Whistleblower protection,Directorate-Genearl for Justice and Consumer, 
    European commission, Fact Sheet, April 2018
2. The Whistleblower Protection Act, CRS Report to Congress, March
    2007.
3. Best Practices to Counter The Negative Impact of Corruption on The 
    Enjoyment of All Human Rights, Agenda items 2 and 3, United Nations,
     General Assembly,  Human Rights Council,  A/HRC/32/22, April 2016. 
4.Thirteenth United Nations Congress on Crime Prevention and Criminal
    Justice, Feb. 2015, Doha. A/CONF.222/13.
  
٥. دراسە قانونیە: النڤام القانونی لحمایه‌ المبلغین, مزن تورشید الصباح 8 شباگ 2019

٦. وسائل الإعلام فی قانون العقوبات: مواقع التواصل الاجتماعی إنموژجاً, القاچی سالم 
   روچان الموسوی. http://www.imh-org.com 

٧.جرائم الابتزاز و التشهیر فی الاعلام, عمر اشمری, الزمان, اب ٢٠١٨
*دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×