هەڵمەتە چاکسازییەکانی حوکومڕانە تاڵانکارییەکان (کلیپتۆکراسییەکان) بۆ تۆکمەبوونی دەسەڵاتەکەیانە!

د. رزگار ئاغا
  2020-07-21     399
بەشی شەشەم:
١.هەموو سیستەمە خۆسەپێنەکان (تۆتۆلیتارییەکان), بە مانا فراوانەکەی, هەموو ئەو شێوازانەی حوکومڕانیی ئەگرێتەوە کە نادیموکراسیین. بە بەراورد بە دیموکراسییەکان, ئەم سیستەمانە هییچ پابەندییەکیان نییە بە دام و دەستگاکانی حوکوومەت و, رێ وشوێنە یاسایی و کێبرکێی سیاسیی و, مافی بنەڕەتیی و دەستبەسەراگرتنی دەسەڵاتەوە, کە بریتیین لە: جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان, پەرلەمان, هەڵبژاردن و, فرە حزبیی و هتد, کە لە خەسڵەتە گرنگە چەسپاوەکانی دیموکراسیین.
   لەرووداوەستانەوەی سەرەکیی بۆ رووبەڕووبوونەوە و قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی لە وڵاتی نادیموکراسیی دا, فەرامۆشکردن و بەکارنەهێنانی ئەو ئامڕازە بەکارهاتووانەن کە لە وڵاتی دیموکراسیی دا, هەمیشە لە کاران بۆ مسۆگەریی رۆشنکاریی و لێپرسیینەوە, وەک: رێ و شوێن و رێنمایی و هاوسەنگیی دام و دەستگاکان بۆ بەرپرسیارێتییەکانیان و کارپێکردنیان. ئەم ئامڕازانە, تەنانەت ناخرێنە سەر کاغەزیش, بەو مانایەی لە هییچ بڕگەیەکی چاکسازییەکانیان دا, ناوی دادوەر و دەسەڵاتی داداوەریی ناهێنرێن و بەشێک نابن لەو هەڵمەتە رووکەشانە. ئەمەش بۆ مەبەستی بەدوورخستنی بەرپرسە سیاسییەکان لە لێپێچیینەوە و, لێپرسیینەوە و, سزادان.
  بەم پێیە, ئاسانە کە بزانرێت بۆچی دیموکراسیی بە چارەسەرێکی درووستی دژە گەندەڵیی دائەنرێت: لە رووی تیۆرییەوە, حوکوومەت لە رێی دیموکراسییەوە, هاوسەنگ و باڵادەست دەبێت لە گرتنەبەر و بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیی و, رووبەڕووی لێپرسیینەوەش ئەبێت لە لایەن پەرلەمان و دەستگای دادوەرییەوە. هەڵبژاردنی پاک و ئازاد بڕیاردەری پێکهێنانی دەسەڵاتەکانە, میدیای ئازاد و کۆمەڵگەی مەدەنیی ئەبنە چاودێری جیددی.

٢. پرسیار ئەوەیە, بۆچی دەوڵە ستەمکارییەکان (تۆتۆلیتارییەکان), خۆیان لە هەڵمەتی قەڵاچۆکردنی گەندەڵییەوە ( چاکسازیی) ئەئاڵێنن؟
  دوو توێژیینەوەی گرنگ و دەگمەن, بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە, بەشدارییەکی گونجاوە, کە تا ئێستا ئەم دییدە سیاسەتەکارییەیان بەو پەڕی بوێرییەوە شییکردۆتەوە.
  یەکەم: رۆبێررتۆ کۆکۆچکا, توێژیینەوەیەکی بە ناونیشانی: "ستراتییجییەکانی دژە- گەندەڵیی لە دەوڵەتە ستەمکارییەکان دا"(١), کە رێکخراوی رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی  بە هاوکاری پەیمانگای توێژیینەوەی کریستییانی نەروییجیی ( CMI- Michelsen Institute Christian ) وەک بڵاوکراوەیەکی خۆی بڵاویکردۆتەوە.
کۆکۆچکا,ئەنووسێـت لە سۆنگەی تیۆری قەڵاچۆکردنی گەندەڵییەوە, هەر وا ئاسان نییە, لێکدانەوە بۆ هۆکاری بەشداریی هەندێ دەوڵەتی خۆسەپێن و تاڵانکاریی لە ستراتییجێتییەکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی دا.بۆیە, ئاماژە بە کتێبەکەی کلیتگارد ئەکات " لەبارەی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی " لە ساڵی ١٩٨٨ دا, شرۆڤەی ئەوە ئەکات, کە بڕیاری خۆتێوەدان لە گەندەڵییەوە, گوڕ و تینێکە ئەیدات بە دەسەڵاتی خۆسەپێنیی و, تاڵانکاریی و, دەسەڵاتە کارگێڕییەکەی و, رێگریی ئەکات لە دەرکەوتن و هەژموونی ئامراز و میکانییزمەکانی لێپرسیینەوە. بە کورتییەکەی:
هاوکێشەی گەندەڵیی = قۆرخکاریی +  دەسەڵاتی خۆدەربازکردن – لێپرسیینەوە

مانای سەرەکیی ئەم تیۆرییە, سنووردانانە بۆ گەندەڵیی لە رێی کاریگەریی نەرێنیی, لە خواستی هەر ناوەندێکەوە بۆ تێوەگلان لە رەفتاری گەندەڵییەوە, لە رێی:

١.کەمکردنەوەی دەسەڵاتی خۆدزیینەوە لەناو ناوەندەکان دا
٢.سنووردانان بۆ قۆرخکاریی ناوەندەکان
٣.یادکردنی ئاستی لێپرسیینەوە لە سیستەمەکەدا

  بە پەیڕەوکردنی ئەم چوارچێوە رێکارییە, وا چاوەڕوان ئەکرێت کە جڵەوگییریی و هاوسەنگیی و ئامڕاز و میکانییزمەکانی رۆشنکاریی و لێپرسیینەوە, هاوشانی شێوازەکانی دیموکراسیێتی حوکوومەتەکان بن (هەروەکو جیاکردنەوەی دەسەلاتەکان و هەڵبژاردن و مافی مەدەنیی و سیاسیی تاکەکان), بۆ کەمکدرنەوەی هاندانی ئیشکردنی بەرەو گەندەڵیی. بەڵام, بەو پێیەی ئەم سنوور و کۆتانە لە سیسیتەمە تاڵانکارییەکان دا ونن, ئەوا گونجاوە, لەبەرامبەردا چاوەڕوانی کەمتریین گەندەڵیی بیین لە سیستەمە دیموکراسییەکانەوە.
  بەپێی ئەم داڕشتنە بێت, سیستەمە تاڵانکارییەکان, کە زۆریشیان فرە حیزبییان تیا بڵاوە, بەڵام بە بێ هەڵبژاردنی پاک و ئازاد, نەبوونی جڵەوگییریی و هاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتەکان, فەرامۆشکردن و دەستدرێژییکردن بۆ سەر مافە مەدەنییەکان, کەمتریینی ئازادیی رۆژنامەنووسیی و مییدیا و کۆمەڵگەی مەدەنیی, نەبوونی دەسەڵاتی دادوەری بێلایەن, هەر ئەوە چاوەڕوان ئەکرێـت کە گەندەڵیی تیادا باڵادەست بێت بەبەراورد بە وڵاتە دیموکراسییەکان. هەردوو جۆنسۆن و مۆنگۆپیپیی, ئەوەیان دەرخستووە کە ئەم سیستەمانە "بەهییچ کلۆجێک پابەندی پێوەرە رەوشتییە جیهانییەکان ببن, تەنانەت ئەگەر کەمتریین حاڵەتی بەرتییلخۆرییشیان هەبێت, بیرۆکراسیێتیەکەشیان بتوانێـت کاروبارەکانیان بەڕێوەبەرێت. چونکە فەرمانڕەواکانیان ناتوانن هاتونەهاتی (risk) بکەن بە دەسەڵاتەکەیانەوە, چونکە پارێزبەندییەکەیان بە ئەمری واقیعەوە بەندە".
   بۆیە, تیۆریی گەندەڵیی وا ئەڕوانێت کە باشتریین رێگەی کاریگەرانە بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی و تاڵانکاریی وڵات, پێویستی بە دانان و داڕشتنی جڵەوگییرییەکان و هاوسەنگییەکانە لە نێوان دەسەڵاتەکانی حوکومڕانیی دا. ئەمەش لایەنی کەمتریینە بۆ سنووردانان لە بریاردروستکردنی خۆدزیینەوە و, کەمکردنەوەی هەلی  بەرخۆریی (رەیعییەت) بوون لە لایەن حوکوومەت و لە هاوڵاتییەوە. بۆیە, هەوڵەکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی بە میکانییزم و پێڕەوی وڵاتە دیموکراسییەکان, بە لایەنی کەمەوە, بە تیۆرییانەش بێت, قەبارەی تاڵانکاریی زۆر سنووردار ئەکات, کە دواجار سەقامگییریی ئابووریی و سیاسیی لێ ئەکەوێـتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە, ئەگەر ئامانج لە هەڵمەتی دژە گەندەڵیی ئەمە بێـت, ئەی ئەو هاندان و دەستپێشخەرییانەی سیستەمە تاڵانکارییەکان چییە, لە پشت هەڵمەتی چاکسازیی و دژە گەندەلییەوە؟
  سیستەمی تاڵانکاریی داوای "شەرعیەتێک ئەکات بۆ پرکردنەوەی کەموکورتییەکانی ناو دەستگاکانی دەوڵەت, یان میکانییزمە دیموکراسییەکان یان نابەپرسیارێتییەکان کە پاساون بۆ حوکومڕانیی تاڵانکاریی". بۆیە هەوڵەکانی قەلاچۆکردنی گەندەڵیی کە پشتییوانیی ئابووریی ئازاد زیاتر ئەکات, لە پشتییوانییکردنی وەبەرهێنان و گەشەپێدان, بۆیە ئەبێـتە پشتییوانی سیستەمەکە.

دوو هۆکاری گرنگ هەن, کە حوکومڕانە تاڵانکارییەکان هەڵمەتی چاکسازیی و قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی ئەگرنە بەر:
١.پێویستبوونی مسۆگەرکردنی مانەوە لە دەسەڵات دا
٢.سرووشتی هاوپەیمانێتی حوکومڕانیی

لە نووسیینی گۆڵدن و چانگ دا(٢), بە نموونە, پێی وایە دوو فاکتەر هەن کە یارمەتیی سەرکردە ستەمکارەکان ئەدەن بۆ جیاکردنەوە و ترس لە ئاستەکانی گەندەڵیی, لە رێی سیستەمە خۆسەپێینییەکەیەوە, ئەوانیش یەکەم؛ فاکتەری ئاسۆییکردنی کات ( افقیة الزمن) لای سەرکردەی سیستەمی خۆسەپێنیی (واتە پێشبیینیکردنی مانەوەی سەرکردە لە دەسەڵات دا بۆ ماوەیەیکی کورتتر یان درێژتر), و دووەمیان؛ سرووشتی هاوپەیمانێـتیی حوکومڕانیی. بەشێوەیەکی گشتیی, سیستەمە تەمەن کورتەکان زۆرتریینی گەندەڵییان تێدایە, بەڵام رەنگە سیستەمێک هەبێـت تەمەنی لەسەرەتایەوە هەتا ساڵانی زۆر درێژ ئەبێـتەوە, بەهۆی ناسەقامگییریی دۆخی ناوچەیی و هەرێمییەوەیە کە گۆڕێنی ئەو سیستەمە بە هێزیی ناوخۆیی و بە فشاری دەرەکیی ئەچێتە دۆخی قورس و هاوکێشەگەلێکەوە کە درەنگ شیکار ئەکرێن. بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە سرووشتی هاوپەیمانێتییەوەیە, بینییان کە سیستەمە کەسێتیی و کەسێتییە هەمەییەکانە, گەندەڵییان زۆر زیاترە لە سیستەمی یەک پارتی سیاسیی  و سیستەمی سەربازیی. بەڵام سیستەمی پادشاییەکان کەمتریین گەندەڵیی تیایدا هەیە, بەوەی سیستەمی پادشایی خاوەنی هۆکاری ترن بۆ درێژدان بە حوکومڕانیی و, بۆیە باشتر دەست بەسەر گەندەڵیی دا ئەگرن, بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ئابڕوویەکی سپیی و مانەوەی درێژ بۆ نەوەکانیان.
  بەڵام, ئاماژە هەیە کە هەوڵەکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی لە سیستەمە تاڵانکاریی و خۆسەپێنەکان دا, زیاتر مەیلی بەلای ئەوەدایە کە مایەی پێشبیینکردن نەبێت و بەس, بەڵکو سەرکوتکەر و رەگەزپەرستانەیە. ئەبینییت, زۆربەی یاسا و رێنماییەکانی حوکوومەت بۆ وێزەی فەرمانبەری گشتی و بژێویی نزمە و, دەستەبژێری حوکومرانیی لێ بەدوور گییراوە. بەڵکو, یاساکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتگرتنە بەسەر خەڵکیی دا. ئۆتۆکراتەکان یان دەستەبژێری دەسەڵات, بەشێوەیەکی رێکخراوانە لە رێی تۆڕەگەندەلییە تۆکمەکانەوە, ئەتوانن یاریی خۆیان بکەن بۆ هەموو دزەپێکردنە گەندەڵییەکان, وەک رێگایەک بۆ مسۆگەریی خۆبەختی (ولاء) و کەمکردنەوەی ههژموونی ئۆپۆزسیۆنیش. 
  بەم شێوەیە, رەفتاری گەندەڵیی و هەوڵی بەرپرسەکان وەک تەواوکارییەکن بۆ ستراتییجەکان: سیستەمەکە هەلی گەندەڵیی ئەڕەخسێنێت و خەڵاتی پیاوە دڵسۆزەکانی خۆی ئەکات بۆ دەستکەوتنی زۆرتریینی گرێبەست و, سوودمەندییەکان لە داهات و خزمەتگوزاریی گشتیی. بەم پێیە, بەپرسە زۆر خۆبەختەکان زیاتر گەندەڵترن.
  بەکورتییەکەی, "قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی بەبێ دیموکراسیی, بووخچەیەکی ناتەواوە و, نابێـتە ئەوەی ببێتـە مایەی پیشاندانی حوکوومەتێکی راستگۆی بەدەمەوەچووی مەترسییەکان." ئەوەی زیاتر چاوەڕوانیی لێ ئەکرێت, کۆمەڵێکی بچووکتر لە تاڵانکەرەکانی پێشوو سوودمەندی سەرەکیی ئەبن, لەسەر شانی ئەوانی تر.
سەرباری ئەوەی کە ئەم کۆت و پێوەندانەش هەن,  کەچیی هەندێ لە سیستەمە نادیموکراسییەکان توانییویانە هەنگاوێکی جییدی چاک بنێن بۆ هێنانەخوارەوەی ئاماژەدەرەکانی گەندەڵیی.

دووەم: کڵای فۆڵەر, لە نووسیینێکی دا, بە ناونیشانی "هەڵمەتەکانی دژەگەندەڵیی لە لایەن حوکوومەتە ستەمکارەکانەوە (تۆتۆلیتارییەکان): ئامڕازن بۆ تۆکمەکردنی دەسەڵات(٣)", بە وردەکاریی و نموونەی بەڵگەدارەوە, مەترسییەکانی ئەم چاکسازییانە شرۆڤە ئەکات.
  فۆڵەر, چاوی لەسەر هەندێک پرۆسە هەیە, کە بە ناوی چاکسازیی و دژەگەندەڵیی, کە لە لایەن حوکومڕانییە تاڵانکاریی یان خۆسەپێینەکانەوە جێبەجێئەکرێن. ئەم پرۆسانە سەدایەکی زۆر گەورەی بۆ ئەنرێتەوە لەناوخۆی وڵات و هەتا ئەگات بە دەرەوەش. پرۆسەی هەڵمەتەکانی ئۆتێلی رەیتزی شانشیینی عەرەبیی سعوودیی و, دامەزراندنی دەستەی بەهێز بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی لە چیین, گرتن و تیرۆری چالاکوانان, سەرتاپای چاکسازییەکانی"قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی"ی رووسیای گرتەوە و, گفتە درۆکانی حوکوومەتی ڤەنزوێڵا بۆ پاکردنەوەی کۆمپانیاکانی حوکومەت لە گەندەڵەکان. وردەکاریی ئەو هەڵمەتانە, لەلایەن فۆڵەر نەخراوەنەتە روو, بەڵام بە پێویستم زانی بەدواداچوونێکیان بۆ بکەم و زانیاریی و وێنەیەکی ناوەوەی ئەو هەڵمەتە چاکسازییانە بە خوێنەر بدەم. بۆیە هەر یەک لەو کەیسانەی سەرەوە لە خوارەوە باس ئەکەم, پاشان ئەگەڕێمەوە سەر باسەکەی فۆڵەر. 
   کورتە باسێک دەربارەی کەیسە بەناو چاکسازییەکانی سەرەوە:
١.دەربارەی راپێچانە ناکاوەکەی دەسەڵاتی شانشینیی عەرەبیی سعوودیی(٤)؛ هوتێڵی رایتز کارڵتۆن لە ریازی پایتەخت دا, لە ٤ی نۆڤێمبەری  ساڵی ٢٠١٧, لە لایەن محمدی کوڕی سەلمان جێگریی تەختی پاشایی, کرابە بەندیخانەیەکی گەورە بۆ گرتنی زیاتر لە ٤٠٠ کەسی خێزانی شاهانە و ملیاردێر و گەورە بەرپرسانی حوکوومەت. هەر لەوێ پێیان ڕاگەیەنرا, بەربوونیان بەندە بە دەستبەرداربوونیان لە زۆرێک لە سامان و موڵکەکانیان. بەڵام, بەپرسە ئەمەریکاییەکان بۆچوونیان لەسەری ئەوەیە, کە ئەم هەڵمەتە بە مەبەستی تۆکمەکردنی دەسەڵات جێبەجێکراوە و, بەپێی راپۆرتێکی نیۆیۆرک تایمز, بەندکراوەکان رووبەڕووی دەستدرێژیی دەروونی بوونەتەوە لە بێ خەویی و لێدان و توورەکەیان لەسەرکراوە لە گوفتار وەرگرتنیان دا. بەڵام, هێشتا وردەکاریەکانی ئەو هەڵمەتە لە ناو ئەو هوتێڵەدا نادیارە و هێشتا بەندکراوی تریش هەن کە چارەنووسیان نادیارە و بەرنەدراون. بەرپرسێکی ئەمەریکایی پێشووش ئەڵێت: گرتنەکان بۆ مەبەستی ئاگادارکردنەوەی کەسانی دەستڕۆیشتوو بووە, کە لە بییریان بێت, هەرچییان هەیە لە سامان و خۆشییەکان, هینی جێنشیینی پاشاییە و کەس خاوەنی هییچ نییە. لە دوای ساڵێک, ئەم رووداوە گرنگیی تری پەیداکرد لە پای کوشتنی جەمال خاشقی نووسەر و رۆژنامەنووسی سعوودیی, کاتێک  لە ٢ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ چووە قونسوڵییەی سەعوودیی لە ئەستنەبووڵ و نەهاتە دەرەوەوە.
   دۆناڵد ترەمپ, بۆچوونی وەهایە کە دەرباز بوونی محمدی کوڕی سەلمان, بە یەکێک لە لێکەوتەکانی کوشتنی خاشقیی دائەنرێـت, کە بەشێکی بۆ ئەوە ئەگەڕیتەوە کە پێشتر توانی رکابەر و نەیارەکانی لە دەسەڵات دا, پاکتاو بکات لە هوتێلی لایتز دا.
بەڵام, ترەمپ پشتییوانیی محمدی کوڕی  سەلمانی کرد , وتی: من متمانەی گەورەم بە محمدی کوڕی سەلمان جێنشیینی شاهانەی شانشیینی عەرەبیی سعوودیی هەیە, ئەوان خۆیان ئەزانن چی ئەکەن بە وردیی. هەندێک خەڵک کە بە شێوەیەکی توندوتییژانە مامەڵە ئەکرێن, ئەوانەن کە ساڵەهای ساڵە وڵاتەکەیان دۆشییوە!"
٢.هەندێک لە دەستەبژێرە سیاسەتکارەکانی کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤییەت گومانیان هەبوو, کە هەوڵەکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی لە راستیی دا, بریتیی بوون لە هەڵمەتی دژە نەیارەکانی سەرکردە باڵاکانی سیاسەت, زیاتریش ئەوەیە کە خەڵک لە چیین و رووسیا و شانشیینی عەرەبیی سعوودیی و ڤەنزوێلا هەمان گومان ئەبەن, بە هەوڵە چاکسازییەکانی سەرکردەکانیان. لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتانە رۆژنامەی ئازادیان کەمە, بۆیە, ئەپرسن ئایا ئەم گۆمانبردنانە چ مەودایەکی راستەقیینەی هەیە؟ لە لایەکی ترەوە, وڵاتە دیموکراسییەکان رۆژنامەی ئازدیان هەیە, بەڵام هەررۆژنامەنووسەکانیان هەمیشە ئەکەونە ژێر کاریگەریی دەسەڵاتە تاڵانکاریی و ستەمکارییەکان, بە بەرتییلخواردنیان بۆ پیشاندانی هەژموون و سپییکردنەوەی ئابڕوویان. 
٣.میکانییزمی نوێی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی وەک بەشێکی "نموونەی چیینیی"(٥), وەک توانایەکی دەستپێاهێنراوە, بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی توندی پارتی کۆمۆنیستیی دا, کە خودی سەرۆکی چیین هەوڵی جێبەجێکردنیی داوە.
  بەڵام ئەوە روونە, کە پێکهێنانی لێژنەی سەرپەرشتیی پێویستی بە هەموارکردنی یاسای سەرەکیی هەیە, بەو پێیەش دەسەڵاتێکی تری نوێ ئەخاتە سەر دەسەڵاتەکانی حوکوومەت, هاوتەریب بە دەسەڵاتی جێبەجێکاریی و دادوەریی.
  ئەوەی ئەوترێـت لەسەر چیین, ئەوەیە کە پارتی کۆمۆنیستیی لە ئێستادا " لە ناو یاسا دایە, بە پێی یاسا و, لەسەروو یاسایشەوەیە". بەڵام لە رێی پێکەوەگرێدانی پارت و دەسەڵات بۆ جارێکی تر, ئەوا چاکسازیی نوێ مایەی نیگەرانییە لە دییدی چاودێرانەوە بۆ سەروەریی یاسا. 

٤. قەیسەری نوێی نەوتی ڤەنزوێلایی, لە بۆنەی پێگەپێدانی دا(٦), لە دوو خولەک دا, گفتی دا کە رەگ و ریشەی گەندةڵیی هەڵدەکێشێت لە کۆمپانیای نەوتی حوکوومەتی بی دی ئێف ئێس ئەی, ئییتر بێ ئەوەی روونی بکاتەوە, بە چ میکانێزمێک و, بێ پیشاندانی هییچ بەڵگەیەک لەسەر چۆنییەتی پلانداڕشتن, بۆ رزگاربوون لە قەرزە کەڵەکەبووەکانی بەردەم کاری کۆمپانیاکە.

  هەڵمەتی چاکسازیی لە ڤەنزوێلادا دەستیی پێکرد لە لایەن سەرۆکی نوێی  نیکۆڵا مادورو, لە ٨ی تەمووزی ٢٠١٣ دا. هەڵمەتەکە بە هاندەرێکی سۆسیالیستانەوە دژ بە سەرمایەداریی دەستیپێکرد, کە گەندەڵیی دژی بەرقەرابوونی سۆسیالیستییە. هەڵمەتەکە, بە گرتنی ژمارەیەک لە بەرپرسە حوکوومەتییەکان لە سەر ئاستی ناوەندیی نەک سەرەوە. ئەوانەش ئەو بەرپرسە کارگێڕییانە بوون, وەک ئاژانسی باجی دەرامەت, پارستنی کڕیار و بەکاربەر, سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای کانزاکردنی حوکوومیی, پشکنەرێک لە وەزارەتی تەندرووستی, هی تریش.(٧) 
  بەڵام ئۆپۆزسیۆن بە سرووشتی رەخنەگرانەی خۆیەوە, سەرلەبەری ئەم هەڵمەتی چاکسازییەیان بە سیاسەتکاریی دانا, کە بەپێی بۆچوونی ئەوان مەبەست لێی پاکتاوی سیاسەتکارانە و دوورخستنەوەی نەیارەکانی پارتی حوکومڕانە لەو پێگە حوکوومەتییانەدا. بەڵگەی بەهێزیشیان ئەوەبوو, کە مادۆرو دەستی بۆ نەهەنگە گەورەکانی گەندەڵیی نەبردووە, بۆیە ئەمە زاڵبوونی زیاتر بەدەست دێنێـت بە سەر نەیارە ناوخۆییەکانیی دا.(٨)

  گاری کاڵمان, لە نووسینێکی دا ئەڵێت(٩), لە نووسینێکی دا ئەڵێت, سەرباری ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی ئەمەریکا لەسەر ڤەنزوێڵا و, ناوزەدکردنی ١٤٤ تاڵانکاری ڤەنزوێڵایی لە لیستی ئەوانەی پارەی رەش سپیی ئەکەنەوە لە ئەمەریکا دا و, بڕیاری ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا بە تێئاخنینی یانزە لە کەسێتییە تاڵانکەرەکانی ڤەنزوێڵا بۆ ناو لیستی قەدەغەکراوان, لە بەشدارییکردنی هەر بڕیارێک کە دژ بە دیموکراسیی و سەروەریی یاسا بێـت لە وڵاتەدا, بەڵام دەستبژێرە کلیپتۆکراتەکانی ڤەنزوێڵا توانیان دەستیان بگاتە ئەمەریکا. بۆیە, رەخنە تووندەکانی ئۆپۆزسیۆن دەربارەی هەڵمەتی چاکسازیی, هییچ یەکێک لەم تاڵانکراوە داواکراوانەی نەگرتەوە.
  بۆیە, پاشخانی ئەو هەڵمەتانە, گومانگەلێکی زۆریان بەخۆیانەوە هەڵگرتووە. بۆ ئەم جۆرە حوکوومەتانە,  چاکسازیی دیاردەیەکی سیاسەتکارانەی گرنگ ئەگەیەنێت؛ ئەم سیستەمە خۆسەپێنانە فێڕی ئەوەبوون کە چۆن یاریی بە هەڵمەتەکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی بکەن, رێک وەک چۆن یارییانکرد بە پێوەرەکانی هەڵبژاردن لە وڵاتەکانیان دا و, نمایشێکی وردی بەرجەستەیی سیستەمە دیموکراسییەکانیان ئەنجامداوە. ئەم جۆرە دەوڵەتانە, مەبەستیانە کە وەها بنوێنن کە قەلاچۆی گەندەڵیی ئەکەن و, روویان بەرەو چاکسازیی گەوهەرییە لە وڵاتەکەیان دا, بەڵام ئەم هەڵمەتانە دوور و نزییک پەیوەندیی بە چاکسازیی ریشەیی گەندەڵییەوە نییە.
  
٣. گەندەڵیی بە دامەزراوەیی کراوە:
   هەڵمەتەکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی لە سیستەمە ستەمکارەییەکان دا, پێدانی شەرعیەتە بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ بەو سیستەمە  ستەمکارەی, کە گەندەڵیی بە دامەزراوەیی کراوە لە ئاستی نێودەوڵەتیی دا, لە ئاستی ناوخۆییش دا, بیانووبڕیینی ئۆپۆزسیۆن و خەڵکە بۆ ئەو ستەمە ئیداریی و ژیاریی و دامەزراوەییانەی کە لە حوکومڕانییەکە د,ا چارەسەری بۆ نەماوە.
  نووسیینەکەی فۆڵەر(١٠), بەلایەوە گرنگە شرۆڤەیەک بۆ ئەو وتەیە بکات کە ئەڵێت: سیستەمی ستەمکاریی "گەندەڵیی بە دامەزراوەیی کراوە", لە لۆجیکی خودی سیاسییدا, چوار لە زاناکانی سیاسەت "تیۆری بژار" یان داناوە, کە لەسەر بنەمای گریمانەی ئەوەی کە  هەموو سەرکردە سیاسەتکارەکان حەز بە مانەوەیانە لە پێگەکانیان لەسەروو هەموو شتەکانی ترەوە. بۆ مانەوە لە پێگەکەیان, سەرکردە سیاسەتکارەکان پێویستییان بە پێدانی هەندێک شمەک هەیە بیدەن بە لایەنگرەکانی لە بەرامبەر خۆبەختیان.
  دیارە سەرکردە دیموکراسییەکان, لایەنگییرییکردنی خەڵکێکی زۆریان لە پشتە (واتە: دەنگدەرەکان), لەبەرامبەر ئەو شمەکە گشتییانەی کە پێشکەشی ئەکات, وەک خوێندن و بەرگریی نیشتمانیی و بەتەنگەوەهاتنی تەندرووستی (الرعایة الصحیة), لەبەرامبەر دەنگدانەکانیان لە هەڵبژاردنی ئازاد و درووست دا. بەڵام سەرکردە تاڵانکەرەکان یان ستەمکارەکان, پێویستییان بە خەڵکێکی کەم هەیە بۆ پشتییوانییکردن و, ئەو شمەکانەی پێشکەشیان ئەکات بریتتین لە دەسەنەی ئامادە و جیاتر, لە شێوەی شمەکی تایبەت وەک پارە و خانوو و زەویی و پێگە و پلەبەرزکردنەوە و, بڕوانامە و, بریق و باقە سیاسییەکان. ئەمانە, لای زۆربەی خەڵکی وەک بەرتییل سەیر ئەکرێن. بۆیە, بەبێ میدیا و رۆژنامەنی ئازاد, مەحاڵە ئەمانە هەڵمباڵرێن و لێپرسیینەوە و دادگاییکردنیان بکرێـت لە هەر قۆناغێک دا بێت.
سەرکردە دیموکراسییەکان, سەرباری ئەوەی کار بۆ بەرژەوەندیی خەڵک ئەکەن لە بەرامبەر دەنگەکانیان, بەڵام لە خراپ رەفتار و هەڵسوکەوتیان دا, جارێکی تر دەنگییان پێ نایەنەوە و بە ئاسانی لەو پێگە و بەرپرسیارێتییانە لایان ئەبەن. بەڵام سەرکردەی سیستەمە تاڵانکاریی و ستەمکارییەکان, لە خەمی کۆکردنەوەی سامانێکی زۆرن, هەتا بتوانن لە قەیرانەکان دا وەک قەیرانی ئابووریی, لایەنگرە دڵسۆزەکانی خۆیان بەدەوری خۆیان بهێڵنەوە و سندووقە   چەواشەکارییەکانیان پێ پربکەنەوە. بۆیە ئەبیینییت لە گەرمەی چاکسازیی و هەڵمەتی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی دا, سامانی جن پنگ و پۆتیین و نیکۆڵاس مادورۆ و محمدی کوڕی سەلمان, سامانەکانیان بووە بە ملیاران و  زیاتریشیان کردووە.
  سەرکردەی سیستەمە تاڵانکاریی و ستەمکارییەکان, پێویستییان بەوەیە کە قەبارەی لایەنگرەکانیان بە بچووکی بهێڵنەوە, چونکە بەرتیییل و بەخشیینەوەی پارە بەسەریان دا, وەک هەموو شمەکێکی تر سنووردارە و, بە دیارییکراوی ئەبەخشرێتەوە. رێگەی نموونەیی بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە, نانەوەی هەڵمەتی قەڵاچۆکردنی گەندەڵییە, کە هەلێکی زیاتر بەردەست ئەخات بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتێکی ستەمکارییانەی گەندەڵ, وەک زاراوەیەکی راستەقیینەی رووکەشانە, لە دیییدی خەڵک و چاودێرە نێودەوڵەتییەکان دا. هەندێجاریش, ئەو هەڵمەتانە, ئەو هەلە خێرا و ئاسانە ئەرەخسێنێـت بۆ دوورخستنەوەی بەرپرسە حوکومەتییە نەیار یان لەڕێدەرچووەکانی حزب, بە ناوی ئەوەوە کە " گەندەڵ" بوون. بە بەراورد بە رێکارەکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی لە دیموکراسییەکان دا, کە سەروەری یاسا لە کارایە, ئەمە وا ئەکات سیستەمە ستەمکارییەکان لە سیستەمی دیموکراسییەکان چالاکانە تر گۆڕانکاریی بکەن, وەک ئەوەی لەو شێوە چەواشەکارییەدا, زوو زوو پاکتاویی حساباتە سیاسیی و کەسێتییەکانیان پێ ئەکەن.

سەرچاوەکان:
(1) R. Kukutschka, Anti-corruption strategies for authoritarian states, Anti- Corruption 
      resource Center, Transparency International, CMI, 20 May 2018,
(2) Golden, Miriam & Chang, Eric. (2010). Sources of Corruption in Authoritarian
      Regimes. Social Science Quarterly. 91. 1-20. 
(3) C. Fuller, Authoritarian Anticorruption Campaigns: A tool to Consolidate Power, 
     Power 3.0, Sept. 25, 2018
(4) D. Luce, K. Dilanian and R. Windrem, How a Saudi royal crushed his rivals in a
    ‘shakedown’ at the Ritz-Carlton, into america,Nov. 3, 2018
(5) Z. Wang, China’s new anti-corruption body raises worrying questions 
     about the rule of law,The Conversation, May 17, 2017.
(6) H. Ulmer, New Venezuela oil chief vows anti-corruption crusade, Reuters, Nov. 
      29, 2017.
      https://www.reuters.com/article/us-venezuela-oil/new-venezuela-oil-chief-vows-
      anti-corruption-crusade-id
(7) D. Smilde and H. Hernáiz, Maduro’s Anti-corruption Campaign, part I, Venezuelan 
      Politcis and Human Rights, 
      https://www.venezuelablog.org/maduros-anti-corruption-campaign-part-i
(8) D. Smilde and H. Hernáiz, Maduro’s Anti-corruption Campaign, part II, 
     Venezuelan Politcis and Human Rights, 
      https://www.venezuelablog.org/maduros-anti-corruption-campaign-part-ii/
 (9) G. Kalman, Despite Sanctions, The Network of Venezeula’s Corrupt Elite
      Continue to Reach The Uinted States, The Transperancy International, July 2 2020.
(10) C. Fuller, Authoritarian Anticorruption Campaigns: A tool to Consolidate Power,
       Power 3.0, Sept. 25, 2018
* دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×