دەستگاکانی حوکومەتە تاڵانکارییەکان، بەهەمان میکانییزم‌و پەیکەری "مافیای مادە سڕکەرەکان" کارئەکەن

د. رزگار ئاغا
  2021-01-08     298
دەستپێک:
بەپێی ئەو هەوڵە تاکە کەسییانەی کە لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠ وە, بە دیارییکراوە, لە ئارادان بۆ  وریاکردنەوەی دەوڵەتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییە فەرمییەکان, لە باسی مەترسییەکانی گەندەڵیی تێپەریانکرد و, گەیشتنە بنکۆڵکردن و هەڵماڵیینی پەیکەر و میکانییزم و تۆڕەکانی گەندەڵیی بەوپەڕی وردەکاریی و بوێرییەوە, لە سەر ئاستی ناوخۆیی وڵاتان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی دا. توێژەرەکان, لە ئێستادا, لەسەر دەرەئەنجامی لێکۆڵیینەوەکانیان بە حەپەساویی راوەستاون, ئەوەی ساغبۆتەوە بۆیان, کە چۆن چۆنیی سنووری ئەم پرۆسەیە لە مافیاکانەوە بۆ هەموو کایەکانی حوکمڕانیی درێژبۆتەوە, هەر لە پێگە سیاسیی و دیبلۆماسییەکانەوە بۆ پیشەسازیی و زانکۆکان و هەمئاهەنگیی پارە و زانست لە چەواشەکردن و گزیی و تاوانی رێکخراودا. توێژەر و چاودێرە سیاسییەکان, تەنها لە ئاستی وڵاتە تاڵانکارییەکان دا لە روودانەوەستاونەتەوە, بەڵکو پەنجەی تاوانبارکردنیان زیاتر رووەو زلهێزەکانی دونیایە, کە هەئاهەنگیی و پشتقایمیی ئەم وڵاتە خۆسەپێنە تاڵانکارییانەش ئەکەن.

پەیکەر و میکانییزمی مافیاکان:
لە ساڵی ٢٠٠٥, ستیڤن لیڤێت شارەزای ئابووریی و سودهێر ڤینکاتیش زانای کۆمەڵناسیی لە گۆڤاری "ئیکۆنۆمیکس Economics" وتارێکیان نووسییوە بە ناونیشانی: "بۆچی سەوداکەرانی مادە سڕکەرەکان هێشتا لەتەک دایکیان ئەژیین؟", لەبارەی پەیکەری کرێی چەتەکانی مادە سڕکەرەکان لە شیکاگۆدا, ئەم نووسیینەشیان وەک بەشێک لە کتێبی         " Freakonomics: A Rogue Economist Explores The Hidden Side of Everything "(1,2) دا بڵاوکراوەتەوە, کە زۆرتریین فرۆختی هەیە لە جیهان داز ئەم دوو نووسەرە, توێژیینەوەی مەیدانییان کردووە بۆ دەستکەوتنی وەڵامی پرسیارەکەیان. بنەمای دەرئەنجامەکانیان لەسەر ئەو داتایانەیە کە لە شاری شیکاگۆی ئەمەریکا دەستیان کەوتووە. توێژەرەکان بۆیان دەرکەوتووە کە دابەشکردنی داهات لەناو مافیاکانی مادە سڕکەرەکان بە تەواوی لە بەرژەوەندی ئەو گەورە چەتانەدایە کە لەسەرەوەی قووچەکی سیستەمەکەدان, بەلام ئەوانەی کە سەربازی دەستگێڕی شەقامەکانن وو بە ترس و لەرزەوە شمەکە قەردەغەکراوەکان ساغ ئەکەنەوە, ئەوەندە بە هەرزان ئییش ئەکەن کە زۆر کەمترە لە کەمتریین مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە لە وەزیفەیەکی فەرمیی حوکوومەت دان, یان لە هەر شوێنێکی تر, کە تەواو یاسایین و کەمتریین دەستڕەنگیینی و ئاستی خوێندنیشیان پێویستە, وەکو ماکدۆناڵدز, کە کرێی یەک کاژێر کاریان بە ٣.٣٠ دۆڵار داناوە, کە زۆر زۆر کەمترە لە خەرجیی بژێویی تاکێک لە ئەمریکادا (بۆیە هێشتا لەتەک دایکیان ئەژیین).
   ئەگەر, ئەوە لە بەرچاو بگرییت کە ئەم کارە, مەترسییدارە و رووبەڕووی تەقەلێکردن لە لایەن مافیای رکابەر و تەنانەت پۆلیسیشەوە ئەبێتەوە لەکاتی ساغکردنەوە و گوێزانەوەی شمەکە قەردەغەکراوەکان دا, ئەوا کۆتاییەکەی یان بەندییخانەیە یان کوشتن, یان هەر نەبێت ئەو سزا گەورانەیە لە لایەن گەورە چەتەکانی سەرەوە - بە پێی قووچەکی مافیاکە کە  تیادا رییزکراوە- بەسەریان دا ئەدرێت کە رەنگە کوشتنیشی تێ بکەوێت. رەنگە بپرسرێت, بۆچیی کەسێک بە ئییشکردن لەم جۆرە دۆخ و مەترسییەدا قاییلە, بەو کرێ کەمەیشەوە, لە جیاتی ئەوەی لە ماکدۆناڵدزێک ئیش بکات بەسەلامەتیی. بەڵام, لەتەک ئەوەش دا, ئەو مافیایانە, هییچ قورس نییە بۆیان کە بەردەوام ئەوجۆرەکەسانە دامەزرێنن بەو پەڕیی مەمنوونیی و رەزامەندیی خۆیانەوە. هۆکارەکە ئەوەیە:  گوێنەدانە بە هەموو بارودۆخ و بژێوییە نزمەکەی ئێستایانە بەرامبەر خەونی ئەو ئەگەرەی بگەنە ئاستە بەرزەکانی تری قووچەکەکە و پێکەوەنانی سامانێکە لە پاشەرۆژدا     (کە مسۆگەر نییە),  بۆیە ئەمە بزوێنەر و هاندەری سەرەکیی سەرتێکردن و مانەوەیانە لەو ئیشەدا. هەرچەند ئەگەرەکە زۆر لاوازە بگەنە ئەو ئاستە دەوڵەمەندییە, چونکە ژمارەی مردن و گرتن تیای دا زۆر بەرزە, بەڵام هەر هەتەرن ئەو رێگەیە بەرنەدەن "یان دەوڵەمەندبوون یان مردن, ئەوان هەوڵ ئەدەن بگەن"
لەتەک هەبوونی سەربازی دەستگێڕی شەقامەکان لە ئاستە نزمەکان دا بە بەردەوامیی و, ئامادەییان بۆ خراپ هەڵسووڕاندنیان لە لایەن گەورە مافیاکانەوە, چەتەکان زیاتر دەوڵەمەند ئەبن بەبێ ئەوەی ناچاریش بن سامانە کەڵەکەبووە دەستکەوتووەکەیان بۆ خوارەوە هەڵڕێژن. ئەم پەیکەرە دوو جۆر سەوداکەری تیایە, لە دەرەوە و لە ناوەوەی سیستەمی مافیاکەدا, ئەوانەی دەرەوە کە ژمارەیەکی بێشومارن, کەسانی ئاسایی نەگبەتن گوێیان لە مسۆگەریی سامانی داهاتوو نییە, گرۆیەکی بچووکیش هەن کە لە ناوەوەن, چاویان لە کەڵەکەکردنی سەرمایەی زەبەلاحە لەسەر حسابی ئەو سەربازە دەستگێڕە نەگبەتانە و خەڵک کە کڕیاری ئەو مادە سڕکەرانەن. 
بەڵام, (3)Dennis Rodgers لە نووسینێکی دا بە ناونیشانی"بۆچی سەوداکەرانی مادە سڕکەرەکان لەتەک دایکیان دا ئەژیین؟" (“Why do drug dealers still live with their moms?”) لە ساڵی ٢٠١٧ دا, ئەڵێ ئەوەی لیڤییت و ڤینکاتیش نەیانزانییوە ئەوەیە, کە داینامیکییەکانی ناو قووچەکی بازرگانیی مادە سڕکەرەکان زۆر هێواشە, کەمتریین پلە و پێگە بەرزبوونەوەی گوێزانەوەی لە خوارەوە بۆ سەرەوەی قووچەکەکە تێدایە, بەشدارییکردن لە چیینی خوارەوە سەرباری ئەو دەستکەوتە کەمەی پێیان ئەدرێت, جۆرێکە لە هەستکردن "پاڵەوانێتیی" و خۆ بەگەورەزانیین و تاوانکردنی جوراوجۆر لە رێگەیەوە. چیینەکانی خوارەوە, هەلی رەخساویان هەیە کە بزنسی تایبەت بەخۆیان هەڵسوڕینن لە دەرەوەی ساغکردنەوەی مادە سڕکەرەکان, لە رێی بەکارهێنانی توند و تییژیی و هێزیان لە ناوچە و گەڕەکەکانی خۆیانەوە.
ئەلکساندەر ئەفۆنسۆ Alexndre Afonso- زانای کۆمەڵناسیی کە لە بەشی ئابووریی سیاسیی لە زانکۆی کینگز کۆڵێج Kings College  لە ڵەندەن وانە ئەڵێتەوە-, لە بونیادەکانی مافیاکانی مادە هۆشبەرەکان کۆڵییوەتەوە, توێژیینەوەیەکی کردووە بە ناونیشانی "چۆن ئەکادمییاییەکان بە چەتەکانی مادە هۆشبەرەکان بچوێنرێت How Academia Resembles a Drug Gang "(4) و لەسەر پێگەی فەرمی زانکۆی لەندەن بۆ ئابووریی و زانستە سیاسیەکان London School of Economics and Political Science دانراوە. ئەفۆنسۆ ئەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە نزییکییەکی بەرچاو هەیە لەنێوان جۆرەکانی دەستگا زانکۆییەکان بەو تایبەتمەندێتیانەوە کە هەیانە کە لە ئیشکردنیان لە پرۆسەگەلێکی تاوانی رێکخراودا  organized crimeو, ئەو پەیکەر و میکانییزمەی مافیای مادە سڕکەرەکان پێڕەوی ئەکەن. ئەفۆنسۆ, لە شێوەیەکی گەورەدا بەراورد ئەکات لە نێوان لێکچوونێکی جیاجیایانەی تۆڕەکانی مافیا, کە دەستگێڕەکانی سەرشەقامەکان دەستکەوتێکی کورتیان هەیە, بەڵام مافیا چەتە گەورەکانی سەرەوە, دەستکەوتیان گەورە و بێشومارە, لە تەک ئەو سیستەمی پارەپێدانەی کە لە زانکۆدا باوە. 
   ئەفۆنسۆ ئەڵێ دەستگێڕەکانی شەقام دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە و پێی قایلن؛ یان دەوڵەمەند ئەبن, یان ئەمرن لەو پێناوەدا کە ئەیانەوێت بیگەنێ. بۆیە, ئەم جۆرە ئییشە خەڵکێکی زۆر رائەکێشێت لەوانەی خۆیان دەبەخشن لە پێناوی دا, ئەوەیشی مسۆگەریی داوە بەم ئییشە ئەوەیە کە هەمیشە خەڵک هەیە ئەم ئییشە بکات. هەروەکو سەرگەورەی مافیاکان, سەرۆک زانکۆ و بەرپرسە ئەکادمیاییەکان و ئەندامانی دەستەی وانەوتنەوە, هەست بە هییچ خۆتێکدانێک ناکەن بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانیان بە شێوەیەکی دادپەرەوەرانە لە نێوان خۆیان دا بەش بکەن. ئەم "دووفاقییە" لە لایەن ئەفۆنسۆوە  Afonsoئاماژەی پێکراوە, کە بەراوردی ئەکات بە قەڵایەک: بۆ ئەوانەی ئەتوانن بچنە ژوورەوە و هەموو دەستەکەوتەکانی ناو ئەم دەستگایە بۆ خۆیان بێت و, خەڵکەکەی تریش بە دەستبەتاڵیی بمێننەوە و هییچ هییوایەکیشیان نەمێنێت بەمان بگەنەوە. لەو چاوەڕوانییکردنەدا, هەریەک لە فرۆشیاری سەرجادەی مادە هۆشبەرەکان و دەرچووی زانکۆکان وەک یەکن, کە لە دوای دواوە جێهێڵراون و دەستکەوتێکی پرزۆڵەیان هەیە و ناگاتە ٩٠٠ دۆلاری مانگانە. بەگوێرەی توێژەرە کەنارگییرە نیگەرانەکانەوە, گرێبەستەکانی توێژیینەوە دێن و دەچن و, نێوانبڕێک ئەکەوێـتە نێوان گرێبەستێک و ئەوی داهاتووترەوە کە دەستبەتاڵییەکی تۆقێنەرە بۆ ئەوان, بە تایبەت لەو کاتە ناسکانەی ژیانیان دا کە پێویستییەکی زۆریان هەیە بە چوونەپێشەوە و دەرکەوتنیان بە هۆی توێژیینەوەکانیانەوە, کە ئەمەش نیگەرانییەکی زۆرە بۆ بژێویی و ئارامیی خێزانەکانیان, کە متمانەیان لەسەر ئەمجۆرە ئیشە کردووە.
بازاڕی ئەکادیمیایی لە زۆر باروداریەوە لە  پەیکەری کاری چەتەکانی مادەسڕکەرەکان ئەچێت, لەتەک زۆربوونی غەریبەکانی دەرەوە و بچووکبوونەوەی ناوکەکانی ناوەوە. تەنانەت ئەگەر ئەگەرێکی بچووکیش هەبێت بۆ تەقەلێکردن لە نێوەندە ئەکادیمیاییەکان (ئەگەر گزی و نایەکسانیش نەکەیت لە نمرەی خوێندکارەکانیش دا), هەمان داینەمیکیی هاوشێوە بەدیی ئەکرێت. نێوەندی ئەکادیمیایی یەک نموونەیە لەم هاوشێوە بوونە, بەڵام لە هەموو دەستگا و نێوەندەکانی تریش دا هەمان دەستوور بەڕێوە ئەچێت. ئەفۆنسۆ, پێی وایە, ئەکادیمیاییەکانی دەستگاکانی زانکۆکان, رێک لە سەربازە دەستگێڕەکانی سەرشەقامەکانی مادە سڕکەرەکان ئەچن, کە بە مووچەیەکی زۆر کەم و بە رەتاندنێکی زۆر قاییل ئەبن, کە چاویان لە مانەوەیانە لەسەر ئیشەکانیان و خەونی داهاتووشیان هەیە کە بگەنە پێگەیەکی باڵاتر و لە پەنایدا بحەسێنەوە. ئەو پێی وایە, هەرچۆن گەورە مافیاکان زۆر بێ منەتانە پۆل پۆل سەربازی بێ سەوادی سەرشەقامەکان روویان تێ ئەکەن بۆ فرۆشتنی مادە سڕکەرەکان, ئاوا ئەکادیمییاییەکانیش, هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراکان ئەوەندە زۆر بوو- ون, لە بێکاریی دا پۆل پۆل روو ئەکەنە دەستگاکانی خوێندنی باڵا بۆ دامەزراندنیان بەو مەرج و پێوەرانەی کە ئەسەپێنرێت بەسەریان دا. 
 ئەم توێژیینەوانە, نموونەی هەڵبژێراوی گروپێک لە خەڵکن, کە لە هاوشێوەی ئەو تۆڕە مافیا ترسناکانەدا لە کۆمەڵگەدا مامەڵەیان پێوە ئەکرێت. چاییز لە "دزەکانی دەوڵەت"(5) دا, بەو کارە مەیدانییانەی لە ئەفغانستان و نەیجیریا و جەزائییر و شوێنی تریشدا جێبەجێیکردن, خۆی لە نزییکەوە لە ناو پەیکەر و میکانیزمیی ئەو تۆڕە گەندەڵییە رێکخراوانەی حوکوومەتەکان دا, وەک شایەتێک و وەک سەوداکارێک بوونی هەبووە. چاییز, بە بەرچاوی خۆیەوە, لە ئەفعانستان بەرتییلخۆریی وەک تۆڕێکی چنراوی تۆکمەی بێ لێپرسیینەوە دییوە, لە پۆلیسێکی بێ خەتەوە هەتا گەورە بەپرسی پۆلیس, هەروەها لە دانانی کارگەیەک بۆ شمەکە کۆزمەتییکەکان ناچارکراوە کە بەرتییل بدات, واتە پارەی نایاسایی بدات بۆ دەرهێنانی رێپێدانی یاسایی. بۆیە, چاییز, دەگاتە هەندێک دەرئەنجامی تۆکمەی کۆنکریتیی و, هەتەرە لەسەر ئەوەی کە کلیپتۆکراتەکان زیاتر چاویان لەسەر سیستەمێکی گەندەڵیی بەربڵاوە, ناوی ناوە " تۆڕی کارەکتەرە شێرپەنجەکان (پییسەکان) Malign Actor Networks".(6) لەم تۆڕانەدا, سەرتاپای سیستەمی حوکمڕانیی کۆئەبێتەوە, لە سیستەمێکی تاوانکاریی پڕ تێهەڵکێش لە سەرەوە تا خوارەوەی؛ لێرەوە, سووکە بەرتییل و, تەنگ پێهەڵچنیینی فەرمانبەری ئاسایی حکومەت, ئەبێتـە کارێکی ئاسان و باو. بەهۆی ئەو گەندەڵییە گەورەیەی لە لایەن سیاسەتکارە پلە باڵاکانەوە, پشتیوانیی و پارێزگاریی لێ ئەکرێت و, قازانجی پییسی لێوە دەست ئەکەوێت. بەپێچەوانەشەوە. پارە و, کارتێکردن و, پاراستن و, هێز و, دەستکەوت لەم تۆڕە تێکچڕاوانەوە قوڵپ ئەدات بۆ توێژ و چیینەکانی تری کۆمەڵگە, بەڕێگەی زۆر ئاڵۆز و جیا جیا. ئەمە ئەو میکانیزمەیە کە لە مافیاکانی مادە سڕکەرەکانەوە کۆپییکراوە بۆ, حوکمڕانەکانی وڵاتانی تاڵانکاریی, بە قاچاخهێنان و ساغکردنەوەی شمەکی نایاسایی و شمەکە بەسەرچووەکانی وەک خۆراکی رۆژانە و دەرمان و جگەرە و مامەڵە بە مادە سڕکەرەکان. گرێبەستی ژێربەژێری فرۆشتنی سەرچاوەی سرووشتی وڵات و قەرزارکردنی میللەت بە بێ هۆکاری راستیینە, پچرپچڕیی مووچە و پێنەدان و مەمرەو مەژییکردنی هاوڵاتیی, ئەمانە هەمووی پرۆسەیەکی رێکخراون, دەستە و تاقمی جیاجیا لە دەرەوەی یاسا بەم کارانە هەڵدەستن, بەڵام بە پشتییوانی چەک و هێزی سەربازیی دەوڵەت و بێدەنگکردنی یاسا و لێپرسیینەوە و بەدواداچوون لە ئاستیان. 

 نووسەری ئەم وتارە, لە نووسینێکی تردا بە ناونیشانی" بەشی دووەم: تەونەکانی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی)"(7), لە رواڵەتی گشتییەوە, جیاوازییەکی نێوان حوکوومەتە تاڵانکارییەکان و نێوان مافیاکان کردووە. پێی وایە کە, مافیاکان بە ئاشکرا پرۆژەکانیان حەرامە و, لە رووی یاساییەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دا قەدەغەکراوە, بەڵام حوکومەتە تاڵانکارییەکان بە رۆژی رووناک کارئەکەن و هەرچیی دەسەڵاتەکانیانە لە خزمەتی خۆیان دا هەڵسووراندنووە, ئەوەی بە یاسا شەرعاندوویانە کردوویانە و ئەوەی بە زەبر و چەک تاڵانی ئەکەن قسوور ناکەن. سەرگەورە مافیاکان بە بەرچاوەوەن, کە سامان و پارەکانیان دیارن و باشتریین ڤێلا و ئۆتۆمبییلی هەرە گرانبەها و فرۆکەی تایبەت و یەخت و باخ و بۆلاخی تایبەتییان لە چەندیین شوێنی دنیا هەیە, لە بەرامبەریشدا  سەرگەورە حوکوومیی و حیزبییەکانیش لە پارە و سامان دا نوقم بوون و بە ئاشکرا پێوەیان دیارە و وڵاتەکانیان داگییرکردووە, هەردووکیان بێ لێپرسیینەوەن و بەوپەڕی دڵنیایی و دەسەلاتەوە بەردەوامن لە کەڵەکردنی پارە حەرامە و نایاساییەکانیان.
بەم پێیە, پەیکەری شاراوەی مافیاکانی مادەسڕکەرەکان, بە ئاشکرایی لە پەیکەری حوکوومەتی تاڵانکاریی دا دیارە, لە لووتکەی قووچەکەکە سەرۆکی پارتی سیاسیی دەسەڵاتدار (یەکێکە یان هەرچەندێکە) و خێزان و کەس و بنەماڵە نزییکەکانی, پاشان گەورە بەرپرسە حیزبیی و سەربازییەکان, دواتر چیینی بەرپرسە باڵاکانی حوکوومەت و, پاشان بەرپرسی دام و دەستگا حوکوومییەکان و, چیینی پێش خوارەوەش بەرپرسە بچووکەکان لە دەستگا حوکوومیی و حیزبییەکان دا, پاشان هێزی سەربازیی و پۆلیس و رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی و مەرجەعی ئایینی و میدیا و دەستگا پەروەردەیی و زانستییەکان و هەر دەستگایەکی تر, کە لە خزمەتی ئەو سیستەمە تاڵانکارییەکەدایە. ئەمانە هەموو لە لایەن پارتی سیاسیی دەسەڵاتەوە لەسەر بنەمای خۆبەختکردن و دڵسۆزیی بۆ سەرۆکی پارتی سیاسیی دائەنرێن. چیینی بنی قووچەکەکەش, هاوڵاتیی لێیە, کە رۆڵی سەربازە دەستگێڕەکان ئەبیینن, چیینی دامەزراوەکانی لای حوکوومەت و زۆربەیان گەنجی دەرچووی رشتە جۆربەجۆرەکان. لەم سیستەمەش دا, بە شێوەی تۆڕی قاچاخچییەکان, مووچەخۆرەکان, ملکەچێکی دەستەوسان و کەم داهاتن, ئامادەی هەموو سەرما و گەرما و شەونخوونیی و مەترسیی مەرگ و کەمئەندامبوون و نەخۆشییەکن, لە بەجێهێنانی هەر ئەرکێ: پێیان بسپێررێت تەنانەت ئەگەر بێکەڵک و دژ بە خۆیشیان بێـت. هییچ دامەزراوەیەکی حوکوومیی بە دەست هاوڵاتیی سادەوە نییە, هەمووی ئیش ئەکات لە سیستەمێک دا بە بێ ئەوەی بزانێـت چیی رووئەدات. سیاسەت و ئابووریی و تەندرووستیی و خوێندن هەمووی لەسەروو ئەوەوە بڕیاری لێئەدرێت و, بەشی ئەم هاوڵاتییە سنووردارە و بڕاوەتەوە. لەم کۆمەڵگەیەدا,  گەنجەکان لەسەر شانی  باوک و دایکیان خوێندن تەواو ئەکەن و, دوای تەواوکردنی خوێندنیش ئەگەر دابمەزرێن ئەوا مووچەکەیان تەنها مەمرە و مەژییەکە, بەشی خێزان پێکەونان ناکات, یان ئەوەتا هەر دانەمەزراون, زۆربەیجار هەتا تەمەنی سی ساڵیش (بەلایەنی کەمەوە) لە تەک دایک و باوکیان دا ئەژیین. زۆرێک لە گەنجە دانەمەزراوەکان, ناچارن بە قایلبوونێکی مەمنوونانەوە, کاسپییەکی دوور لە ئاستی خوێندن و خواستییان بکەن, ئەوانن کاراکتەری دیار و زۆریینەی سەر شەقام و شۆستە و شاگردی دوکانەکان و, زۆرێکی تریش ئەو هەلەشیان دەستنەکەوتووە و بەسەر شەقامەکان دا بێکار ئەسووڕێنەوە. لەم نێوانەدا, چیینەکانی تری قووچەکەکە کە سوودمەندی تاڵانکارییەکەن و, رێژەی دەستکەوتی تاڵانکارییش بەپێی نزیکییانە لە لووتکەی قووچەکەکەوە. بەڵام پشکی نەزانراو و خەیاڵیی و لە لووتکەی قووچەکەکەدایە, کە تاڵانکارییە گەورەکەیان ساز و مسۆگەرکردووە. لێکچوونێکی تری ئەم دوو تۆڕە, بەکارهێنانی زەبر و کوشتن و رەدونانە بۆ هەرکەس لە سیستەمەکە درێغی بکات یان هەڵبگەڕێتەوە.

دەرئەنجام:
بەڵام پێ بەپێی ئەم نووسیین و توێژیینەوە نوێیانە, ئەشێت رەوشی دزەکانی ئابووریی, وەک تێۆرییەک لەسەر پەیکەر و میکانیزمی مافیاکانی مادە سڕکەرەکان دابرێژرێت, کە ئەم دووانەی تێدا یەکبگرنەوە. وەک بە بەڵگەوە دەرئەکەوێـت, ئەم دووانە هەمان پەیکەر و میکانییزم بەکارئەهێنن لە بەرێوەبردنی تاوانی رێکخراو, بە بێ لێپرسیینەوە, چنینی تۆڕی تۆکمەی چەکدارانە لە سەروو دەسەڵاتەوە بۆ ساغکردنەوەی مادەی ترسناک و قاچاخ و, بەرهەمهێنانی توێژیینەوەی زانستیی ناڕاست و ملکەچی کۆمپانیا فرە چەشن و رەگەزەکان, تاڵانکردن و ماشیینەوەی پارەی خەڵک و فریودانی کۆمەڵگە بۆ رەواجپێدانی بەرهەمەکانیان, خراپبەکارهێنان و ژێردەستکردن و تۆقاندنی هاوڵاتیی بە ملکەچبوونیان بۆ خزمەتکردنی گیرفانی ئەوان.


(1) Steven D. Levitt and Stephen J. Dubner, “Freakonomics: A Rogue Economist
      Explores the Hidden Side of Everything, August 25, 2009.
(2) Steven D. Levitt and Stephen J. Dubner, “Why Drug Dealers Live With Their
      Moms?”, Los Angeles Times, APRIL 24, 2005
      https://www.latimes.com/archives/la-xpm-2005-apr-24-oe-dubner24-story.html
(3) Dennis Rodgers, “Why do drug dealers still live with their moms?”,Journal of
      Global and Historical Anthropology, ,Vol. 2017: Issue 78.
      https://www.berghahnjournals.com/view/journals/focaal/2017/78/fcl780109.xml
(4) Alexandre Afonso, “How Academia Resembles a Drug Gang”, London School of 
     Economics and Political Science, December 11th, 2013.
(5) S. Chayes,” Thieves of State: Why Corruption Threatens Global Security”, Griffith
      University, New York, W. W. Norton & Company, 2015.
(6) H. Breakey, , Review of “Thieves of State: Why Corruption Threatens Global
     Security”,  Journal of Genocide Studies and Prevention, Oct.2016.
(7) د. رزگار ئاغا, " بەشی دووەم: تەونەکانی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی)", ئاوێنە, ٢٧/٦/٢٠٢٠
     https://www.awene.com/article?no=12150&auther=170

----------------------------
* پرۆفیسۆری یارییدەدەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×