سیاسەتی ئیستیفزازکردن
د. رزگار ئاغا
2021-11-24   754
خۆپیشاندان لە کوردستان دا چەندیین جارە لە هەمان فۆرم دا چەندبارە
دەبێتەوە بەڵام لە گوتاری جیاجیادا. ئەم گوتارە لە سەرەتادا لە داواکارییەوە بۆ
ناڕەزایەتیی و وەک یاداشت پێشکەشکراوە بەناوی هەر چینێکەوە کە هاتبێتە سەر شەقام.
لە بێ وەڵامیی و نەهاتنەدیی ئەو داواکارییانە و، کەڵەکەبوونی کەموکووڕیی زیاتر و،
نادادیی ئاشکراو و، پێنەزانیین و، خۆخڵەفاندنی دەسەڵات، ئەم یاداشتانە ئەرزشیان
نامێنێ و خۆپیشاندان لە فۆرمی ناڕەزایەتییەوە بۆ فۆرمی مەرجداریی و سەرکۆنەکردن و
ئیدانەکردن دەگۆڕێن کە لە نەمانی متمانەوە بەو دەسەڵات و پارتە سیاسییانەوە لە
هەمان فۆرم دا سەرچاوە دەگرن. ئەم نەمانی متمانەیە شۆڕدەبێتەوە بۆ هەموو کایەکانی
تری ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیریی. نەچوون بۆ دەنگدان لە هەڵبژرادنەکانی
پێشوودا (دوو جار لەسەر ئاستی عێراق و دووجار لەسەر ئاستی کوردستان) بێ متمانەییەکی
قووڵ و بڕیارلەسەردراوە بەڵام لەسەرێکەوە ئەم بڕیار و رەفتارە بەو بە بێدەنگییە و
بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دڵی دەسەڵاتە، چونکە ئەگەرچیی جەرگبڕە بەڵام کەی کێشە
بووە، بێباکییەک لە هەناوی سیاسەتی دەسەڵات و پارتە هاوپەیمانەکانی و ئۆپۆزسیۆن
دایە، ئەمەش لەو پشتئەستوورییەدایە کە پێشێلکردن و ناشریینکردنی دیموکراسیی
لێپرسیینەوەیەکی نیودەوڵەتیی لەسەر نییە. بۆیە لێپرسیینەوەی خەڵک لەم دەسەڵاتە
نادیموکراسە هەر لە خۆپیشاندان دا جێی دەبێتەوە، کە لە پەنا دەربڕینی بێ
متمانەییەکەیدا دەیەوێت سزایەک بە دەنگ و جەستەوە رابگەیەنێت. ئەم سزایە زۆر قورسە
بۆ دەسەڵات، بۆیە ئەم بێباکییەی کە هەیەتی بەکاری دەهێنێت هەر کات دەنگێکی
ناڕەزایی لە هەر کەس و کۆبوونەوە و دەستە و پۆلێکەوە بێت. سیاسەتی ئیستیفزازکردن
شەڕێکی بەردەوام و زاڵبوونە، وەک دەرئەنجامێکی مەترسییداری بێباکیی و وەک سیاسەتێک
بۆ داپڵوسیین و رووبەڕووبوونەوەیە. ئیستیفزاز لە هەرە هێمنیی و رووبەڕووبوونەوەی
بێ دووکەڵ و توندوتیژیی دا، هۆنیینەوەی سیناریۆی درۆی چەواشەکردن و تۆمەت دانەپاڵ
و تۆمەتبارکردن و ناوزەدکردن بە خیانەت و گێرەشیوێن و چەقۆ وەشین و هی تریش..
لەم دوو ریانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات دا، رەفتار و گوتاری
ئیستیفزازیی دەسەڵاتە کە جیایان دەکاتەوە و دەیاندات بەیەکدا. هەر لەو گوتارانەوە
کە دەدران بەرامبەر پەنابەرەکان لە بێلا رووسیادا، کە تەنها چەواشەکردنی رای
نیودەوڵەتیی نەبوو، بەڵکو حەزی ئیستیفزاز لە پشت هەموو وتەدان و نووسیین و چاوپێکەوتنەکانی
بەرپرس و سیاستەکار و چاودێرەکانی دەسەلاتەوە بوو. هەمان شت لەگەڵ هەر
خۆپیشاندانێکیش دا، ئیستیفزازکردن وەک چەکی بەهێز بۆ شێواندنی پەیامی
خۆپیشاندانەکان بەکاردێت. هەر لە هاندان و رێخۆشکردن بۆ پەرچەکرداری توندوتیژیی
خۆپیشاندەرە گەنجەکان کە هەر ئەو نیازەشیان نییە، ئەمە ئیستیفزازی ئاشکرایە رێ لە
مەسیرەکەیان بگرییت بە هێزی پڕچەک و تەقە و گازی فرمێسک رێژ و ئاوپرژێن کە هێشتا
سییناریۆی ئاژاوەکەش دەستی پێ نەکردووە. ئیستیفزاز ئەو کاتە دەستپیدەکات کە خۆیان
سوور دەزانن خۆپیشاندەران جگە لە چالاکیی مەدەنیی و دەنگی ناڕەزایی هییچی تریان
نییە، بەلام ئەم سیاریۆی ئیستیفزازەکە لەو رووبەڕووبوونەوانە تێپەڕدەبێت و
سیناریۆیەکی ناشریین هەیە بۆ تاوانبارکردن و پاساوی توندوتیژییەکانیان بەرامبەر
خۆپیشاندەران. کە زۆرجار ئەم دەسەڵاتانە خۆیان ئەو جۆرە خەڵکانە دەترنجێننە ناو خەڵکە
سەلامەتەکەوە، شکاندنی پەنجەرە و سوتاندنی ژوورێک لە بینایەک و دووکەڵ بەردانە ناو
دام و دەستگاکان و ناشریینکردنی رووی خۆپیشاندەران و بە لاڕێدابردنی پەیام و
داواکارییەکان.
فەزای ئیستیفزازکردن لەو کاریگەرییە کاتییە تێپەڕ دەکات و دەچێتە
زیهنی گەنجی خۆپیشاندەرەوە، لەبیربردنەوەی هەموو جۆرە رەفتار و ئینتیمایەکی
نیشتمانیی لە رێی رق هەستان و نائومیدکردنێکەوە. لە لایەکی ترەوە ئیستیفزاز دێت و
لەم رووبەرووبوونەوە ژیان و مەرگەدا، هەمیشە پەیامێکیان پێ دەڵیت کە ئەوان تەنیان
و تەنیا هێشتنەوەیان لە تاوانبارییانەوەیە و ملکەچ بوون زیاتر چارەسەریان نییە.
ئیستیفزازی تەنیامانەوە، لە دەرەوەی دەسەلاتەوە ئاڕاستە دەکرێت، چ لە ئاستی ناوخۆ
کە پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە بازنەیەک دا، ئەوەی لە ئەستۆیانگرتووە گوتاری
تەختەیی بێ گیان و خوێنە، کە دێنە قسە و بەیاننامە دەرکردن، ئۆپۆزسیۆن هەر بە
ئاوازی دەسەڵات دەخوێنێت و ئەو نائومیدبوونەی ئەوان بەردەوام دەیکەن بەشدارییەکی
سەرەکیی ئیستیفزازکردنی سیاسیی خەڵکە هەتا ئەم ساتە وەختە، لە ئاستی دەرەوەش (لە
هەمان بازنەی گوتاری تەختەیی) هەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەتا یەکێتیی ئەوروپا و
ئەمەریکا وەک بڕیاردەری چارەنووسی رەوشی ئابووریی و سیاسیی ناوچەکە. ئیتر خەڵک لە
رووبەڕووبوونەوەیەکی زۆر قورس و مەترسییداردایە لە بەرامبەر هەموو ئەم لایەنە
تەماشکەرانەدا، چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان بێ خەمیی و ئیستیفزازکردنی ئەم بازنە
گوتار تەختەییەی دەرەوەی دەسەلات لە بەرژەوەندیی مانەوە و زیاتر کەڵەکەبوونی
نادادییەکان و داڕمانی هەر هەوڵیکە بۆ سەقامگییریی سیاسیی.
دواجار وەک پەندە کوردییەکە ئەڵێت:
"قییڕە قییڕی قەلەڕەش لە رزقی داڵ کەمناکاتەوە"