چۆن بەها لیبراڵییەکان بوون بەکارێکی بازرگانیی لەئەفغانستاندا

د. رزگار ئاغا
  2021-09-15     140
تەوەرەی دووەم:
ئیزەتوڵا میهرداد و گرییف وتتی، لە  نیسانی ٢٠٢١ لە  نووسینێکیان نووسیووە بە ناونیشانی:
 " The Taliban insists it has changed. Afghanistan’s future hinges on whether that’s true"
لەم نووسینەدا، نیگەرانییەکان لە کتوپڕیی رووداوەکان، واقوڕمانەکان لە ئاستی کردەی واشنتۆن و هەڵگێڕانەوەیەکی گشت پلانەکان، دەستبەرداربوونی نارەوشتانەی ئەمەریکا، هەڵهاتن لە ولات و لە دەست سیستەمی تاڵییبان، دەستەسانبوون و تەسلیمبوون. ئێش و ئازارێک زیاتر لە رابردوو، مایەپووچیی پشتبەستن بە ئەمەریکا و زۆر دەرئەنجامی تر بەیەکەوە سەریانهەڵدا وەک پرسیار و وەک ئەنجام و تاریکاییەک باڵی کێشا بەسەر وڵات دا. هەرچەندە ئەم نووسیینە زیاتر ریپپۆرتاجییە، زیاتر وتووێژەکانی سەر زمانی هاوڵاتییە ئەفغانستانییەکانە، بەڵام سەرەتایەکە بۆ ئەو رۆژگارێكی درێژ و بێ ئومێدانە. هاوڵاتییەکان بێ متمانەیی خۆیان لە دەست پەیمان و بانگەشەکانی تاڵییبان دەردەبڕن و ناچێت بە ئەقڵیان دا، ناتوانن باوەڕ بکەن کە سەرکردەکانی تاڵییبان دەڵێن ئێمە گۆڕاویین، ئەمە تاڵییبانەکەی ١٩٩٦-٢٠٠١ نییە و زۆر جیاوازترە، بەڵام گۆڕانەکەیان هێشتا لە سنووری ئەوەدایە کە خودا رێیپێداوە وەک ئەوان تێیگەیشتوون!
ئیزەتوڵا پێشتر لە نووسینەکەی "Foreign Policy"  لە ٦ ی نیسانی ٢٠٢١ دا بە ناونیشانی :
How Liberal Values Became a Business in Afghanistan" زۆر لە وردەکارییەکانی وەرچەرخانی سیاسەتی ئەمەریکا و دەستبەردابوونی حوکمدارێتیی لیبراڵیی لە ناوەوە و دەرەوەدا کردووە.  نووسیینەکەی لەسەر داوای گۆڤارەکەیە وەک بەشێکە لە رووماڵکردنێک بۆ ئەو سەد رۆژەی یەکەمی سەرۆکایەتی جۆ بایدن لە پێگەکە ی دا و، بە وردەکارییەوە سیاسەتەکانی ئیدارەی سەرەکی شرۆڤە دەکات هەر لە دارشتنییەوە و، ئەو کەسانەش بەسەردەکاتەوە کە سیاسەتەکەی دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

(١)
واشنتۆن گفتی دا بە بردن و دامەزراندنی بەها لیبراڵێتییەکان بۆ کابوول. بەڵام لەبری ئەوە، کەرتێکی گەورەی ئاڵۆز و ناچالاکی لە رێکخراوی ناحوکوومیی (NGOs) درووستکراو خستەناوەوە.
لە بییرەوەرییەکانی زاڵمای خەلییل زاد – نێردەی ئەمەریکا-، کە هێشتا هەڵگری دەساگرسێنی سیاسەتداڕێژەرانی ئەمەریکایە کە چاویان لەسەر دۆخی ئەفغانستانە، لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بە جۆرج بووش ی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکای وت: "ئێمە ناتوانیین کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین بە بێ یارمەتییدانی ئەوان بۆ چارەسەرکردنی كێشەکانی ئەوان...."لە ساڵانی دواتردا، حوکوومەتی ئەمەریکا ملیۆنەها دۆڵاری هەڵڕشت لە هەوڵی چاکسازیی ئەفغانستان دا بە ناوی "بونیادی دەوڵەت" – بۆ دامەزراندنی پەیکەری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نوێ لە وڵات دا.
بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو، ئەمەریکا ملیۆنەها دۆڵاری هەڵڕشت و، زیاتر لە ٧٠٠ هەزار سەربازی بڵاوکردەوە بە مەبەستی قەڵاچۆکردنی یاخییبوون و چاندنی تۆوی بەهای لیبراڵیی و دیموکراسیی لە ئەفغانستان دا. بەڵام بەها لیبراڵییەکان هێشتا لە کۆمەڵگەدا نەگەشاونەتەوە و، پرۆسە دیموکراسییەکان هێشتا رەگیان دانەکوتاوە لەو دامەزراوانەدا کە ئەمەریکا خۆی باربویان دەکات، بەوانەی حوکوومەتی ئەفغانیشەوە.
ئەم میراتە، ئیدارەی بایدن ی خستۆتە بارێکی شڵەژاویەوە: پێوستە لەسەر ئەم ئیدارەیە بڕیار بدات کە ئایا پشتییوانیی بەها لیبراڵییەکان دەکات لەناو بەندە دانراوەکانی سیاسەتی پێشنیارکراودا یان پشتگوێی داخات و لێی دەردەچێت. بەو پێیەی کە ئەفغانستان هەژارە لە کۆمەڵگەی مەدەنیی و دامەزراوەیی دا؛ کە بتوانێت شێوەی سیاسەتە داڕێژراوەکانی بەپێی بەرژەوەندیی دیموکراسیی پێکبهێنێت، ئەوا ئەمەریکا – ئەگەر ئەوە هەڵبژێریت نەک لەنییوەدا لێیبات و بڕوات- هەلێکی فشاری لە بەردەست دایە لە پێناوی بەرکەماڵکردنی دا، کە دەتوانێت وا لە ئەفغانییەکان بکات جارەنووسی سیاسیی خۆیان پێکبهێنن.
دوای ئەوەی ئەمەریکا، حوکومەت و دەستوورێکی کاتیی لە کابوول دا پێکهێنا، نەخشەپلانی درووستکردنی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە سفرەوە دەستیپێکرد. بەڵام، کە سەیری ئەو کۆمەڵگە مەدەنییە گەشاوەیەی کە لە زۆربەی وڵاتە دیموکراسییەکان دا هەیە دەکریت، چالاکییەکی کۆمەڵایەتیی پارەپێنەدراوە و، وەک بڕبڕەی پشتی دیموکراسیی ئاماژەیان پێدەدرێت، بەڵام حوکومەتی ئەمەریکا پارەیداوە بە ئەفغانییەکان بۆ دامەزراندنی رێکخراوی ناحوکوومیی. رێکخراوە ناحوکوومییەکان ۆرکشۆپ و سیمیناریان سازکرد بۆ فێرکردنی ئەفغانییەکان بە بەها دیموکراسییەکان.
لە بریتیی بەکارهێنانی سەرچاوەی ناوخۆیی و کۆمەڵگەی مەدەنیی خۆماڵییانە، کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی درووستکراو گەشەی کرد کە بە پارەی ئەمەریکا دایمەزراند بەو لێشاوەی کە رشتیانە ناو وڵاتەوە. عومەر سەدر، پرۆفیسۆری زانستە مرۆییەکان لە زانکۆی ئەمەریکایی لە ئەفغانستان، دەڵێت: "ئەنجوومەنە ناوخۆییەکان بە تەواوەتیی پەراوێز خران". ئەو کۆمەڵگە مەدەنییە ئەندامی (ئۆرگانییک) نەبوو. ئەوانە تەنها بەرپرس بوون لەبەردەم باربۆکاران دا نەک لە بەردەم ئەفغانییەکان دا.
(٢)
یەکەم گرووپی رێکخراوە- ناحوکوومییەکان لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک کە چوونە ئەفغانستانەوە، لە پیشاوەری پاکستانەوە چوونە ناوەوە. ئەو رێکخراوانە بوون کە پێشتر ئیشیان بۆ ئەفغانستانییە پەناهەندەکان دەکرد لە پیشاوەردا و، توانیان پارە دابیین بکەن بۆ ئەو پڕۆژانەی کە ئامانجیان تۆکمەکردنی بەهاکان بوو، وەک: مافی ئافرەت و مافەکانی مرۆڤ. حوکوومەتی ئەمەریکا ٧٨٧ ملیۆن دۆڵاری خەرجکرد بە بێ ئەنجامێکی لەبەرچاو، بە پێی دەستەی چاودێریی لە کۆنگرێس، تۆماری رێژەی بەرز هەیە بۆ مردنی دایکەکان و بڵاوبوونەوەی تووندوتییژیی- جێندەریی و، سنووردارێتیی توانای ئافرەت بۆ تەندرووستیی و خوێندن.
ئیشکردن لە پێناوی بەها لیبراڵییەکان دا بۆ کاری بازرگانیی گۆڕدڕا. هەموو گرووپێک لە هاوڵاتیی خوێنەوار دەتوانێت رێکخراوێکی نا-حوکوومیی دامەزرێنێت و، پێشنیاز (پرۆپۆزەڵ) پێشکەش بکات بۆ وەرگرتنی باربۆی ئەمەریکایی یان کۆمەکی هەر سندووقێکی تری بیانیی هەتا پرۆژەیەک جێبەجێ بکات لەماوەی شەش مانگ دا. کۆمپانیاکانی خانووبەرە و خاوەن موڵکەکان بە سایەی موڵکانەکانیانەوە گەشانەوە، کە ڕێکخراوەکان لە کابوول دا گرتبوونیان بە کرێ. ڕێکخراوە نا-حوکوومییەکان رەسمییان ئەدا بە هاوبەشییکارەکان، نەک بە پێچەوانەوە. ئامادەبوونی ۆرکشۆپەکان لەسەر مافی مرۆڤ، بۆ خۆی، بوو بوو بە ئییشێک.
یەکێک لەو بەڵگە داتایانە، لە لایەن مایکڵ کۆگڵمان ەوە خراوەتە بەرچاو:
بازرگانیی زیانێکی گەورەی گەیاند بە کۆمەڵگەی ئەفغانستانیی. زۆر لە ڕێکخراوە نا-حوکوومییەکان چوونە دێهاتەکان و داب و نەریتیی خزمەتگوزاریی کۆمەڵگەکەیان شێواند کە بۆ زیاتر لە دوو سەدە دەگەڕێنەوە. یەکێک لەو کۆشانانە (ممارسة) بە "گردبوونەوە" ناسراوە: خەڵک گرد دەبنەوە و ئیشدەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی روویان لە کۆمەڵگەکەیان کردووە. بەڵام، ڕێکخراوەکان پارەیان دا بە گوندنشیینەکان لەبەرامبەر گردبوونەوەیان بۆ پرۆژەیەک کە بۆ خۆیان بوو و پارەیان بۆ دەرجوو بوو کە بۆیان بکرێت. ئییتر دوای ئەوە، گوندییەکان خۆیان دزییەوە لە بەجێهێنانی هەر کارێک بۆ کۆمەڵگەکەیان بێت- ئەیان پرسیی: بۆچیی لەسەرمانە بە خۆڕایی ئییش بکەین، کە پارەمان پێبدرێت لە بەرامبەری دا.
ئەم رێکخراوانە، کاریگەرییان لەسەر چالاکیی خوێندکاریش هەبوو. لەتەک گەشانەوەی بازرگانیی رێکخراوە نا-حوکوومییە درووستکراوەکان دا لە دوو دەیەی رابردوودا، گەنجی ئەفغانستانیی گەیشتنە تەمەنی کامڵبوون و ، زانییان کە ئەم رێکخراوانە هەتا بەدووربن لە هۆکارگەلێکی مشت و مڕاویی، ئەوا ئەم چالاکییانە قازانجهێنەرتر دەبن. لە ساڵی ٢٠١٣ دا، ٣٠٠هەزار ئەفغانستانیی لە قۆناغی ئامادەیی دەرچوو- ون و، لە ساڵی ٢٠١٧ دا، ٥٠ هەزار ئەفغانستانیی لە زانکۆ دەرچوو. هەموو ساڵێک ئەم ژمارەیە لە زیادبووندایە. لە نەبوونی باربۆکردن بۆ رێکخراوەکانی دژە شەڕ، تەنانەت لەسەر ئاستی وڵات دا یەک ناڕەزایی نەبوو بە پێشەنگیی خوێندکاران بکرێت دژی شەڕ، سەرباری ئەوەی کە ئەفغانستان چل ساڵە لە شەڕەوە گلاوە و، لە ساڵی ٢٠٠١ ەوە رۆژانەش نزییکەی ٢٠ گەنجیش لەناوچووە.
لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠١٤ دا، حوکوومەتی سەرۆک حامد کەرزای کە ئەمەریکا باربۆی دەکرد، واژۆی لەسەر زۆرێک لە یاسای نێودەوڵەتیی لیبراڵیی کرد و، وێنەی لەبەرگییراوەی یاساکانی لیبراڵیی هەندێ وڵاتی رۆژئاوایی کرد، بە بێ سەرنانی (اضافة) هییچ مۆرکێکی دامەزراوەیی بۆ سەر ئەو بەها و پرۆسە دیموکراسییانەی کە دەتوانن پشتییوانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئەندامیی (ئۆرگانییکیی) و دیموکراسیی بکەن لە وڵات دا. لە ساڵی ٢٠١٩ دا ١.٨ ملیۆن کەس لە نێوان ٩ ملیۆن دەنگدەردا، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی دا دەنگیاندا؛ کێبڕکێیەکە لەسەر ٣٠٠ هەزار دەنگ بوو و، هەر یەک لە سەرۆکان ئەشرەف غەنی و رکابەرەکەی بەناوی عبداللە عبداللە، سەرکەوتنی خۆیان راگەیاند و بۆنەی سوێندخواردنی خۆیان لە مارتی ٢٠٢٠ دا بەجێهێنا.

(٣)
لەم ساڵانەی دوایی دا، حوکوومەتی ئەفغانیی رەزامەندبوو لەسەر هەموارکردنێک کە پێچەوانەی ئەو یاساگەلە وێنەگییراوە بێت کە لکێنراوە بە بوارە کۆمەڵایەتیی و سیاسییە کراوە و ئازادەکانەوە لە وڵات دا. ئامانجی ئەو کۆششانەی کە حوکوومەت دەیکات و ئەمەریکا باربۆی کردوون بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتییەتی و سنووردانانە بۆ کارییگەریی رێکخراوە نا- حوکوممییەکان و، تێکشکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و زیانگەیاندنە بە دەنگی مەدەنیی ئەفغانستانییەکان. یەکەی هەواڵگیریی لە ئیکۆنۆمیست دا، ئەفغانستانی بە وڵاتێکی خۆسەپێن داناوە لە ساڵی ٢٠٢١ دا.
پرۆف سەدر وتی: "لە لایەکەوە، حوکوومەت رووبەڕووی ململانێیەکی سەربازیی بووەتەوە، لە لاکەی ترەوە، لە جیاتی ئەوەی کۆمەڵگەی مەدەنیی وەک هاوبەشێک سەیر بکرێت، حوکوومەت وەک دوژمنێک سەیری کۆمەڵگەی مەدەنیی دەکات"
لە ساڵی ٢٠١٧ دا، ئەشرەف غەنیی سەرۆکی ئەفغانستانیی، رەزامەند بوو لەسەر هەموارکردنی یاسای خۆپیشاندان و مانگرتنەکان. یاساکە، مەرجگەلێکی دانا کە ئاستەم بێت بۆ خەڵک بتوانن چالاکییەکانی نارەزایەتییەکان رێکبخەن. قەدەغەی خۆپیشاندانێکی کرد کە ببێتە مایەی سستکردنی هاتوچۆ و، رێی بە حوکوومەت دا کە خۆپیشاندەران بگرێت بە تۆمەتی کردنی کارێک بۆ بەرژەوەندیی دژ بە حکوومەت و،لە هەنگاوێکی زۆر ناجۆردا، رێیدا بە پۆلیس کە رەزامەند نەبێت بە رێپێدانی خۆپیشاندان بە ناوی ئاسایشەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ دا، حوکوومەتی ئەفغانستانیی یاسای رێکخراوە نا-حوکوومییەکانی هەمووارکردەوە. رەشنووسی یەکەم، کە فۆریین پۆلیسیی (Foreign Policy) دیویەتیی، زاراوەی "سەربەخۆیی" لە پێناسەی رێکخراوە نا-حوکوومییەکان لابردووە و، پێشنیازی مەرجگەلێکی کردووە کە زۆر بە ئەستەم مسۆگەریی پارەیان بۆ بەدیی دێت. رێکخراوە نا- حوکوومییەکان و باڵوێزخانەی دەوڵتە عەرەبییەکانیش لە کابوول بەم رەشنووسە قاییل نەبوون. رەشنووسی دووەمیش هێشتا لەژێر پێداچوونەوەدایە.
جەواد زەولستانیی، بەڕیوەبەری ریکخراوی مافی مرۆڤ و دیموکراسیی ئەفغانستانیی- رێکخراوێکی نا-حوکوومییە لە کابوولە-، وتی: "حوکوومەتی ئێستا لە خۆشیی دەسەڵات و هێزدایە، شانازیی دەکات بەو هەژموونە سەرتاسەرییەوە کە هەیەتی لە کابوول دا و هییچ کەسێک نییە لەڕوویدا بوەستێتەوە". لەتەک بەرەوپێشچوونی دانووستانەکانی ئاشتیی، حوکوومەتی ئەفغانستانیی خۆی وەها وێناکرد کە بەرگرییکاری بەها لیبراڵییەکانە دژ بە جووڵانەوەی تالییبانی پەڕگییر، کە هەوڵی درووستکردنی ئیمارەتی ئیسلامیی دەدات. زۆر هەن کە ترسیان لە بەکارهێنانی وشەی لیبراڵییە لە لایەن حوکوومەتەوە وەک پەردەیەک؛ بۆ شاردنەوەی هەوڵەکانی لە بەدەست‌هێنانی ئەوپەڕی هێز لە بەشبەشێنەی دەسەڵات لەتەک تالییبان دا. هەروەها وتی: "هەتا ئەو بەهایانە لە خزمەتی ئەواندا بێت، ئەوا بەهاکان بەرگرییان لێکراوە". "ئێمە مامەڵە لەتەک دوو کۆمەڵی بێ بنەما بییروباوەڕ دەکەین کە هەردووکیان هەوڵی قۆرخکردنی دەسەڵات دەدەن".
لە لایەکی ترەوە، تاڵییبان هییچ خواستێکی پیشان نەدا بۆ دەستبەرداربوون لە ئیسلامێتییەکەیان. بە درێژایی دوو ساڵ لە کۆششی رەنگکێشراو بۆ بەدەستخستنی شەرعییەتی نێودەوڵەتیی، وتەبێژەکانی تاڵییبان باسیان لە پابەندبوونی تاڵیبان کردووە بە بەهاکانی مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ و ئازادیی دەربڕیین "لەژێر رۆشنایی ئیسلام دا". بەڵام لەتەک ئەوەشدا، ژێر رۆشنایی ئیسلام بە مانای لێکدانەوەی تاڵییبان نەک بەها لییبراڵییەکان.
ئەمەریکا بڕیاری کشانەوە و کۆتاییهێنان بە ململانێکەی داوە، بەڵام بە دەنگی دلێرەوە باس لەدەستبەردارنەبوونی بەها لیبراڵییەکان دەکات و، بە تایبەتیی دیموکراسیی. بەڵام، ئەمەریکا جارێکی تر خۆی وەک بەرگرییکارێکی دیموکراسیی وێنادەکاتەوە لە جیهان دا، لەو کاتەی کە جیهان پاشەکشە لە دیموکراسیی دەکات، ئیدارەی بایدن هەژموونێکی هەیە بۆ پاڵنانێکی دیموکراسیی بەرەوپێشەوە بۆ پاک و پیسکردنی ئەوەی هەیە لە نێوان حوکوومەتی ئەفغانستانییی و تاڵییبان دا.
شارەزایان مشت و مڕیانە لەسەر ئەوەی کە نە حوکوومەتی ئەفغانستانیی و نە تاڵییبان هییچیان ناتوانن حوکمی ئەفغانستان بکەن بە بێ پارەی ئەمەریکا. لیبراڵییە ئەفغانستانییەکان لەسەر ئەو بۆچوونەن کە دەبیت ئەو پارانەی لە ئەمەریکای وەردەگرن مەرجدار بێت بە پابەندکردنی دەڵاڵەکانی دەسەڵاتەوە بۆ رێزگرتنی فەزای دیموکراسیی، کە ڕێبدات بە لاوانی ئەفغانستانیی بە پێکهێنانی کۆمەڵەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە ناو خەڵکەوە کە لە مەودای درێژدا بگەشێتەوە.
لەبرییەکە (بدیل) تەڵخ و تارییکە: بە بێ پشتییوانییکردنێکی راستەقیینەی ئەمەریکایی بۆ بەها لیبراڵییەکان، ئەوا وڵات لەبارە بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی تاڵییبان – ئەمجارە لەتەک حوکوومەتی ئەفغانستانیی ئێستادا و وەک بە شێک لە سیستەمی تاڵییبان.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێزیینەوەی زانستیی
- سکرتێری نوسیین ی گۆڤاری کوردستانیی بۆ لێکۆڵیینەوەی ستراتییجیی (JKSS)
http://kissr.edu.iq/english/academic-journals
By Ezzatullah Mehrdad and Griff Witte, "The Taliban insists it has changed. Afghanistan’s future hinges on whether that’s true." The Washington Post. 17th Aug. 2021
https://www.washingtonpost.com/world/asia_pacific/afghanistan-taliban-kabul-views/2021/08/17/8c8a663c-ff6d-11eb-87e0-7e07bd9ce270_story.html
Ezzatullah Mehrdad, " How Liberal Values Became a Business in Afghanistan ", Foreign Policy, 6th April, 2021.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×