ئایا: ناڕەزایەتیی‌و خۆپیشاندانەکان، بەهەڵبژاردن کۆتایی دێن؟

د. رزگار ئاغا
  2020-08-14     702
چۆن لەم هەموو ناڕەزایەتییانە تێ بگەین؟ ئایا ئاماژەن بۆ گۆڕیینی رەگ و ریشەیی سیاسەت, یان تەنها چەند دیمانە و نمایشێکی سەر شاشەکانی رۆژانەی گشتیین و, شۆڕشێکی هەڵگییرساوە بەڵام لە ئاکام دا هییچ گرنگییەکی ئەوتۆی نیە لە تووڕەکردنی گشتیی دا؟ چی وای کردووە کە سیاسەتی شڵەژاندن و نارەزایەتیی, بەو شێوەیە, بەخواست بێت لە لای زۆرێک لە کۆمەڵگە جیاجیاکان؟

چاوخشانێک بە دە ساڵی رابردووی خۆپیشاندان لە جیهان دا
لەم ساڵانەی دوایی دا, جووڵانەوەی کۆمەڵایەتیی "بێ سەرکردە" لە جیهان دا تەنییەوە, هەر لە باکووری ئەفەریقا و, رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەتا ئەوروپا و, هەردوو ئەمەریکا و, رۆژهەڵاتی ئاسیا. هەندێک لەم جوڵانەوانە, دەستکەوتی بەرچاو و بە بەهایان هێنایەدیی؛ لە رووخاندنی دیکتاتۆرەکان و هێنانە ئارای سیاسەتی نوێ و, نەهێشتنی سیاسەتی داپڵۆسیین. زۆرجار, رۆژنامەنووس و, چاودێری سیاسیی و, شرۆڤەکاران, گاڵتەیان بەم "جووڵانەوە ئاسۆییانە" هاتووە؛ پێیان وابووە, جوڵانەوە و ناڕەزاییەتی جەماوەریی ناڕێکخراو ناگاتە ئامانج, بەڵکو زوو بە زوو لە لایەن حوکوومەتە داپڵۆسێنەرەکانیان کپ ئەکرێن و بڵاوەیان پێ ئەکرێت. باشە بۆچیی, ئەم جوڵانەوە ئاسۆییانە, نەیانتوانییوە بگەن بە ئامانج بە هێنانەدیی گۆڕانکارییەکی ریشەیی و بەردەوام, تەنانەت لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیی دا؟ هەندێک, ئەڵێن, دەستخەڕۆی چاوەڕێکردنی سەرکردەیەکی کارییزما و, خەونی گەڕانەوە بۆ بەدەستهێنانی سەروەرییەکانی رابردوون. بۆیە, پێ دەچێت بە دوای غاندی و مارتن لۆپەر و بیکۆس و هتد.. بگەڕین.

لەهەڵکشانی پارتە راستڕەوەکانی زۆربەی وڵاتان دا, چۆنیەتی رێکخستنی دیموکراسییانەی حوکومڕانیی نەک کۆمەڵگە, لەو وڵاتانەدا, کێشە و مۆڵەقییەکی بەردەوامی داوە بە سیستەمی حوکمڕانیی. سەرباری ئەوەی, کە زۆربەی ئەو رێکخراوە سیاسییانەی سەرکردەیان نییە, بەس نیین و, بەڵام گەڕانەوەشیان بۆ شێوازە  کۆنە باوەکەش مایەی پەسەند و جێبوونەوەی نییە لە کۆمەڵگەکان دا. لە جیاتی ئەمانە, هەروەک مایکل هاردت و ئەنتۆنیۆ نیگریی لە کتێبی (الامبراگور) دا ئاماژەیان پێداوە "ئەو رۆژانە نەمان, کە تاقمێک خۆیان بکەن بە پێشەنگی سیاسیی و دەسەڵات بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبەرن بە ناوی جەماوەرەوە", بەڵکە ئەڵێن: " ئێستا, پێویستی بە ئاوەژووکردنەوەی رۆڵە کاراکتەرییەکانە, پێویستە سەرکردە بەرپرسەکان ئیشی تەکنییکی کورت بیین بەجێبهێنن و, بەڵام جەماوەر پێشەنگیی بەڕیوەبردنی ستراتییجەکان بکات. بە واتایەکی تر؛ ئەگەر ئەم جوڵانەوە کۆمەڵایەتییە نوێیانە, ئامانجەکانی شۆڕش بهێنێتەدیی, ئەوا پێویستە کە شێوازیی کارییگەرانە بەردەست بکات, هەر لە پەیکەری گردبوونەوە و, بڕیاردان بەو شێوەیەی کە فراوانتریین بنچیینەی دیموکراسیی لەخۆبگرێـت". بە ڕای ئەو دوو نووسەرە, هێشتا ئەم جووڵانەوە ئاسۆییانـە, نەیانتوانییوە ئەمانە بهێننە دیی.(١)

لە ساڵی ٢٠٠٩ هەتاوەکو ٢٠١٤, ناڕەزایی سیاسیی لە زیاتر لە ٧٠ وڵاتی جیهان دا بەرپابووە, بە هەردوو سیستەمی دیموکراسیی و نادیموکراسییەوە. لە زۆربەی دۆخەکان دا, ناڕەزاییەکان لە لایەن پارتە سیاسییەکان یان سەندیکا کرێکارییەکانەوە پێشەنگیی نەکراون, بەڵکو ناڕازییەکان خۆیان بەرهەڵستی دامەزراوەکانیان کردووە بە شێوەیەکی ئاشکرایانە و, متمانەیان بە حوکوومەت و دەوڵەت نەماوە و, ئایدۆلۆجیایەکی هاوڕایان نەبووە. بەڵام سەرباری ئەوەی ئەم "ناڕازییانە متمانەیان بە حوکمڕانیی نەمابوو", داوای دەسەڵاتیشیان نەکردووە و, هییچ ئەڵتەناتیڤێکیشیان بۆ حوکوومەت پێ نەبووە, بەڵکو نوێنەرایەتی ستراتییجییەتێکی کارییگەریان کردووە بۆ هاوڵاتییەکانی خۆیان لە سەردەمی جیهانگەریی دا, لەوکاتەی کە هێزوتوانای هاوڵاتیی بەشێوەیەکی بەرچاوانە داڕووتێنراوە و پەکخراون.

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان(٢) کە هەڵگییرسان, بە نموونە ئەوانەبوون, لە تونس لە دوادوایی ساڵی ٢٠١٠ و سەرەتای ساڵی٢٠١١ و, لە رووسیا لە دوادوایی ساڵی ٢٠١١ و هەتاوەک ٢٠١٢, لە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٣, لە ئۆکرانیا لە دوادوایی ئەو ساڵە و سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٤ و, لە فەنزوێڵا لە شوباتی ساڵی ٢٠١٤. هەرهەموویان ناڕەزایەتیی گەرم و ئاگراویی بوون, بەڵام هەریەک بە شیواز و ریکاری خۆی و, بەهۆکاری تایبەت بە وڵاتی خۆیان. بەڵام, ئەم ناڕەزایەتییانە سەرنانێکی (اچافه‌) نوێ بوون بۆ سەر دیاردەیەکی جیهانیی, کە بوون بە مایەی گۆڕیینی بۆچوون و تێگەیشتنی نوێ لەبارەی ئەو شێواز و لێکەوتانەی کە لە داهاتوودا لە دونیادا دەرئەکەون. ناڕەزایەتییەکان, پرسی گەورە گەورە بوون, کە سەدان هەزار کەسی کۆکردبووە. لە ئیسرائییل, لە تەمووز هەتا تشریینی یەکەمی  ساڵی٢٠١١ گەورەتریین کۆبوونەوەی جەماوەریی رووی دا لە مێژووی ئیسرائییل دا. لە هەمان ساڵ دا, لە نارەزایەتییەکانی ئیسپانیا دا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس کۆبوونەوە, لە ساڵی ٢٠١٣ دا لە بەرازییل زیاتر لە سی ملیۆن کەس ناڕەزایەتییان دەربڕیی. ئەم نارەزایەتییانە, لێکەوتەی دەروونیی زۆری خستە سەر گەنجان لە هەموو دونیادا.

لە ١٥ی شوباتی ٢٠٠٣ دا, گەورەتریین ناڕەزایەتیی لە نیۆیۆرک و لەندەن و حەفتا دەوڵەتی تر دژ بە شەڕی عێراق سازدرا, وە ئەوترێـت گەورەتریین خۆپیشان دان بووە لە چەند دەیەی رابردوودا. زۆر بە خێرایی رێکخرا و هاتنە سەر شەقام, بەڵام ئەوە مەبەست نەبوو کە ئایا هییچ  کاریگەرییەکی ئەبێـت, بەڵکو زیاتر ئامانجەکە تۆمارکردنی ناڕەزایی و پەسەندنەکردنی سیاسەتێکە کە هیوایەکت نییە بۆ گۆڕیینی. هەر بە گردبوونەوەکە, پێشەنگەکانی ناڕەزایەتییەکان دیار نەمان لە ناو ئاپۆرەی خەڵک و جۆش و خرۆشی خەڵکی تردا, بەڵام پەیڤی تووڕەبوون و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون لەو چەند کاژێرە گەرمەدا. ئەمە, لە خۆیدا سەرکەوتنە بۆ میللەت, ئەگەرچیی هێرشەکە هەر رووی دا.(٣)

بۆ یەکەمجار, نووسەری پۆرتۆگاڵی خۆسیی ساراماگۆ, رۆمانێکی نووسیی لە ساڵی ٢٠٠٤ بە ناوی " رۆمانی بینیین"(٤). پۆختەی رۆمانەکە؛ وڵاتێک دیموکراسیی پڕوپووچە, هەڵبژاردن لە نێوان خواستی پارتی سەردەسەڵات و خواستی خەڵک دا. خەڵکیی درەنگوەختێ, لە دوایین سەعاتی رۆژی هەڵبژاردن بەڕێ کەوتن بۆ سەر سندووقەکان, کە سەرکردە سیاسییەکان لە نیگەرانیی و تۆقاوییەکی شپرزەدا بەدیار سندووقە بە تاڵەکانەوە مابوونەوە. دەنگدان کرا, ئەنجامەکان سەرسووڕهێنەر بوون بۆ دەسەڵات. ئەو کاتەی کە دەنگەکان جیاکرانەوە, دەرکەوت کە ژمارەی دەنگە پەسەندەکان تەنها ٢٥%ی کۆی دەنگە دراوەکان بوون. پارتی راست ١٣%ی بردەوە, پارتی ناوەند ٩% و پارتی چەپیش ٥.٢%. هەندێ دەنگیش پووچەڵکرانەوە. سێ لە سەر چواریشیان بە بەتاڵی خرابوونە سندووقەکانەوە. دەسەلاتە سیاسییەکە بە تەواوی بێتاقەت بوون. دۆشدامان لەبەردەم پرسیارگەلێک: بۆچی هاوڵاتیی هاتووە و, بەڵام بە سپێتیی دەنگی داوە؟ چییان ئەوێت؟ چۆن ئەم دەنگدەرە سپپیانە رێککەوتوون لە نێوخۆیان دا؟

جوزیە ساراماجو, روایه‌ البصیره‌, ترجمه‌: احمد عبداللگیف, الهیئه‌ المصریه‌ العامه‌ للکتاب, ٢٠٠٨
پارتی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکە, نەیتوانی دەستی بگاتە سەرکردەی ئەو پییلانگێڕییەی کە رێکخەری ئەو دەنگە سپییانەبووە, نائومێد و دەستەوسان بوو. بەڵام, دەرکەوت کە ئەوەی لە پشت ئەو دەنگە سپییانەوەیە, خەڵکی ئایدۆلۆجیی و رێکخراو نیین. هەروەها پییلانگێڕییش نەبووە و, هییچ پلان و ئامادەسازییشی بۆ نەکراوە و, تەنانەت بە نامەگۆڕیینەوەش نەبووە. بەڵکو لێکدانەوەیەکی ئەقڵلانیی خەڵک خۆی بووە لە هەمان کات دا (کە خەڵک هەمووی دوور لەیەکتریی بوون) بریاریان داوە کە کارتی سپیی بخەنە سندووقەکانەوە. ئەنجامی ئەمەش, حوکوومەت کەسی شک نەبرد کە دانوستانیان لەتەک بکات, کەسیشیان پەلبەست نەکرد, کەسیش نەوروژێنرا بە تۆمەتی هاندان یان گێرەشێوێنیی. دوای هەفتەیەک لە نیگەرانیی, دەسەڵات هەڵبژاردنی دووبارە کردەوە. ئەمجارەیان, ٨٣%ی خەڵک کارتەکانیان بە سپێتیی خستە سندووقەکانەوە.

سڵاڤۆیج ژیژێک(٥), وەک بڵاوکراوەیەکی توندوتییژ سەیری ئەم رۆمانە ئەکات, کە سوورە لەسەر گۆڕیینی باری سیاسیی. بەپێی ئەم فەیلەسووفە: "رێگرییکردن لە دەنگدەران زۆر دوورترە لە دوورخراوەکردن لەناو سیاسەت دا, دەنگدان بە لێسەندنەوەی متمانە, مانای بەرپەرچەکردنی (رەفز)ی چوارچێوەی حوکمڕانیی یەکە". ئەم بڵاوکراوەیە و دووبارەکردنەوەی دەنگدان, لە یەکەمجاردا ٧٠% ی کارتی سپیی؛ هەفتەی داواتریش, لەدوای لێپێچیینەوە و تەنگپێهەڵچنیین و زۆربۆهێنان, خراپتر بوو, کارتە سپییەکان گەیشتە ٨٣%, سەرباری زۆرتریین بەشدارییکردنیش. ئەم جۆرە لەڕووداوەستانەوەیەی خەڵک, واقیعێکی دووجەمسەریی هێنایە کایەوە, ئەوانەی لە دەسەڵات بوون هەوڵی پێکهێنانەوە و پێداچوونەوەی ئەو سیستەمەیان کرد کە لەسەری بوون و متمانەیان لەسەر بوو, هەتا وەک خۆی بەرهەمی بهێننەوە بە تۆکمەترانە. بەڵام دەنگدەران لەسەر ئەو بییروباوەڕە سووربوون کە بەگۆڕانکارییان تیا ئەبیینییەوە و, پێداگییرییان ئەکرد لەسەر دەستبەردابوونی ئەوانەی کە لە حوکمڕانیییدا بوون. ئەنجامی ئەم بژاردەیەی خەڵک, بنەمای واقیعێکی نوێیان دروستکرد, پێوەری تریان داڕشت, ئەگەرچی هەندێکی زیاتر بە خەیاڵیی لێک ئەدرانەوە.

لەتەک ئەمانەدا, هەمان شت بڵاوبۆتەوە, کە "یاخییبوونی کارتە سپییەکان" لە خەیاڵەوە بوو- ون بە واقیع. رەنگە ئەو خەڵکانەی کە کە "تۆماس فرییدمان" - گۆشەنووسی ئەمەریکایی- ناوی "خەڵکی گۆرەپان"ە ی لێناوە(٦), بە شێوەیەکی نەویستانەوە رژاونەتە سەر شەقامەکان, فەزایەکی جیا لە حوکوومەت و ئۆپۆزسیۆنە هەبووەکان داگییرکردووە.

ئەشێت ئەو "گۆرەپانە" مەیدانی ئازادیی بێـت لە قاهییرە, مەیدانی سەربەخۆیی بێت لە کییف, مەیدانی تەقسیم بێـت لە ئەستنەبووڵ, شەقامی ئەبورقێبە بێت لە تونس, گۆڕەپانی پۆلۆتنایا بێت لە مۆسکۆ, رۆچێڵد بۆڵیڤارد بێـت لە تەل ئەبییب, بویرتادیل سۆڵ بێت لە مەدریید, مەیدانی سینتاگما بێـت لە ئەپیینا یان باخچەی زووکۆتیی بێت لە مانهاتنی خوارەوە, یان گۆڕەپانی ئەڵتامییرا بێت لە کاراکاس, یان هەر شوێنێکی تری کۆبوونەوە بێـت لە هەر کوێیەک. لە زیاتر لە حەفتا وڵات لە سەرانسەری دونیا, خەڵک رژانە شوێنە گشتییەکان و, بەردەوام دەنگی ناڕەزایەتییەکانیان بە بەردەوامیی بەرزکردەوە کە فەرامۆشی پارتە سیاسییەکان و بێ متمانەبوون بە میدیای ئەهلیی و حوکوومیی, تاکە تاکە پێشەنگیان هەبوو, زۆرترینییان ئەوانەبوون کە بە فەرمیی لە رێکخراو و پارتەکانیان کشابوونەوە, زیاتر متمانەیان لەسەر ئینتەرنێـت و کۆمەڵە تایبەتمەندەکانی خۆیان بوو بۆ گفتۆگۆ و بریاردان.

ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزاییە, بێ هییچ دنەدنەیەکی ئایدۆلۆجیی دیارییکراو, یان کۆمەڵە و لایەنێکی سیاسیی بەرپابووە. بە وتەکانی فریدمان, زیاتر لە گەنجان پێکهاتبوون "ئەوانەی کە خوازیاری ژیانێکی شکۆدارانە و ئازادیی زیاتر بوون. پێوەستبوون بەیەکترییەوە, یان لە رێی ئەو کۆبوونەوەی ئەو شوێنە گشتییانەوە یان لە رێی گرووپە تەرخانکراوەکانی ناڕەزاییەوە یان هەردووکیان, کەمتر لە رێی بەرنامەی داڕێژراوی هاوبەش و زیاتر لە رێی ئاراستەی هاوبەش, بۆ مەبەستی کۆبوونەوە و نارەزایەتییەکانیان بوون.

زەینەب تۆفیسکی ( Tufekci)(٧) ئەڵێت: ئەشێت ئەو "گۆرەپانە" مەیدانی ئازادیی بێـت لە هەر شوێنێک, لە قاهییرە, مەیدانی سەربەخۆیی بێت لە کییف, مەیدانی تەقسیم بێـت لە ئەستنەبووڵ, شەقامی ئەبورقێبە بێت لە تونس, گۆڕەپانی پۆلۆتنایا بێت لە مۆسکۆ, رۆچێڵد بۆڵیڤارد بێـت لە تەل ئەبییب, بویرتادیل سۆڵ بێت لە مەدریید, مەیدانی سینتاگما بێـت لە ئەپیینا یان باخچەی زووکۆتیی بێت لە مانهاتنی خوارەوە, یان گۆڕەپانی ئەڵتامییرا بێت لە کاراکاس, یان هەر شوێنێکی تری کۆبوونەوە بێـت لە هەر کوێیەک. لە زیاتر لە حەفتا وڵات لە سەرانسەری دونیا, خەڵک رژانە شوێنە گشتییەکان و, بەردەوام دەنگی ناڕەزایەتییەکانیان بە بەردەوامیی بەرزکردەوە کە فەرامۆشی پارتە سیاسییەکان و بێ متمانەبوون بە میدیای ئەهلیی و حوکوومیی, تاکە تاکە پێشەنگیان هەبوو, زۆرترینییان ئەوانەبوون کە بە فەرمیی لە رێکخراو و پارتەکانیان کشابوونەوە, زیاتر متمانەیان لەسەر ئینتەرنێـت و کۆمەڵە تایبەتمەندەکانی خۆیان بوو بۆ گفتۆگۆ و بریاردان.

تۆفیسکی پێی وایە, نارەزایەتییەکانی سەردەمیی دیجیتاڵیی, هەر بە تەنها خێرایی گردبوونەوە و گەیشتنی نامە ئەلیکترۆنیی و ئاسانکارییە لۆجیستییکییەکان نیین, بەڵکو, زۆر جیاوازتر و کاراترن, خۆسازدانی بێ بەرنامە و ئەجێندای پارتی سیاسیی یەکێکە لە جیاکەرەوەکانیی. خەڵکانی تری رێبوار و دانیشتووی ناو باخچە و کافێیکانیش رژانە ناویان. خۆپیشاندانی رێکخراوی نافەرمیی بوون.


لە سەرجەم ئەم ناڕەزایەتیانەدا, خۆپیشاندەران دژایەتییەکی ئاشکرایان بەرامبەر دام و دەستگاکانی حوکوومەت دەربڕیی و, بە روونی بێمتمانەبوونی خۆیان بەرامبەر بازاڕ و دەوڵەت پیشان دەدا. لە رابردوودا, جوڵانەوە نارەزایەتییەکان زیاتر مەیلی سەربەستیی و پاریزگارییکردن لە مافی کرێکار و ژن و کەمایەتییەکان بوون, ڕێپێوانەکانیان لە شەقامەکان دا زیاتر بۆ گەیشتن بوو بە دەسەڵات و حوکمڕانیی,  بەڵام رێپێوانەکانی ئێستا لە هەستێکی جیاوازەوەیە. ئەمانە, لە لایەن ئەوانەوە هان نەدراون کە ئەیانەوێت بێنە سەر تەختی دەسەڵات, بەڵکو, نەوەیەکی تازەی یاخیبووی سەردەمن, کە ئەیانەوێت دەستبەرداری تەواوی دام و دەستاگا دەسەڵاتدارەکە بن. نارەزایەتییەکانیان مایەی دروستکردنی تەنگژەیەک بووە, بۆ ناشەرعییەتبوونی دەسەڵاتەکە بەو حوکمرانییەی پیادەی ئەکات و,  داخوازیی بوو بۆ جێبەجێکردنی دیموکراسیی راستەقیینە وەک ئەوەی کە پێویستە ئیش بکات.

بێ متمانەیی بە دام و دەستگا حوکوومییەکان, نەبووە خواستی خۆپیشاندەران بۆ دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات. راپەریینەکەیان دژ لە حوکوومەت نەبوو, بەڵام دژی حوکمڕانیی بوو. ئەم گیانە لیبراڵییە, یان تەنانەت "ئەو ئەنارکییەی کە قەوارەکەیشی بچووک بوو", وای لە ۆڵ سترییت کرد کە هاودەنگ بێت لەتەک راپەڕیینی میسریەکان دا دژی موبارەک ی دیکتاتۆر. بەڵام کاتێک ئەم راپەڕیینانە سەرکەوتوو بوون لە جۆشدانی خەڵکیی تر بۆ راپەڕیین دژ بە دامەزراوەکان, بەڵام هاوڵاتیانی وڵاتانی تریشی پڕکرد لە دژی حوکوومەتەکانیانو, لە بەرامبەردا دەسەڵات خۆسەپێنەکانیش, داوا دیموکراسییەکانی خەڵکییان بە هەڕەشەکردن بۆ سیستەمی گشتیی لێکدایەوە.

نە شۆڕش و نە چاکسازیی
ئایا کەلتوورەکانی دژە- دام و دەستگای فەرمیی لە ناڕەزایەتییەکان و, سرووشتی دژە- سیاسەت لە سیاسەتەکانیان دا هێزە یان لاوازیی؟ ئایا نارەزایەتییەکان شکست پێ دەهێنێت یان سەرکەوتوویان ئەکات؟ ئایا شڵەژان, باشتریین ئامڕازی گۆڕانکاریی ریشەییە وەک لە شۆڕش و چاکسازیی؟
 وەڵامی ئەم پرسیارانە بە ئاسانیی نادرێنەوە. ئەگەر تەقیینەوەی گەورەی تووڕەیی جەماوەر بە شۆڕش دابنرێت, وەک هەندێک وەهای ناو دەنێـت, ئەوا بەپێی پێناسە و مەدلوولی شۆڕش, جۆرێکی نامۆیە. لە سەدەی بیست دا, شۆڕشەکان زیاتر هەڵگریی لۆگۆی ئایدۆلۆجیی بوون. کۆمۆنیستەکان وەک لێنیین و, فاشییەکان وەک مۆسۆلینیی و, ئیسلامیی وەک خومەینیی. بەڵام ئەمڕۆ, زۆر بە پێچەوانەوەی ئەوانەوە, ناڕەزاییەکان لە رێی فەیس بووک و توویتەر و ئینستاگرام و هتد, لێرەوە بەسەر خەیاڵی جەماوەردا زاڵبوون, بەبێ دروستکردنی ئایدۆلۆجیی نوێ, یان کاریزمای نوێ. زیاتر بڕگەی ڤیدیۆیین نەک داتا و خشتەکاریی, رووداوون نەک وتاری سەر سەکۆ و, کۆڕ و, میهرەجانەکان. زیاتر بەپێی بییردۆزی پییلانگێڕیی زاڵ ئەبن و ئەتەنێنەوە, نەکە رێچکە سیاسییەکان. 

بۆیە, سەرباری ئەوەی داوای دەسەڵات ناکەن, بەڵام ستراتییجێتێکی کارییگەر پێشکەشی هاولاتیی ئەکەن لەم سەردەمی جیهانگییرییەدا. لەم جیهانەدا, حوکوومەتەکان کەمتر توانا و دەسەڵاتیان هەیە وەک پێشتر. کۆمپانیاکان بەوەی توانای جووڵەکردنیان زیاترە, باڵادەستترن لە کێشانی نەخشەڕێگای چالاکتر بۆ داهاتوو, وەک لە پارتە سیاسییەکان کە چییتر ناتوان پێناسی سیاسیی خۆیان بە جۆرێک لە جەماوەر بگۆڕن, کە کەسێیتییە کۆنەکەیان بییربەرنەوە. خۆپیشاندەران لە هەندێ شوێن, دیاردەی مانگرتنیشیان تێپەڕاند و, بەڵکو شوێنە گشتیی و فەرمییەکان داگییرئەکەن. هەر کرێکار و خوێندکار نییە لە خۆپیشاندانەکان دا, هەموو چیینەکانی کۆمەڵگە بەشدارن. خۆپیشاندانەکان, چوونە دەرەوەی سنووری نیشتیمانەکانیان. ترسیان خستە دڵ و, ژیانی بژاردە سیاسییەکان و بەپرسەکانەوە.

ناڕەزاییەکان ئەوەیان دەرخست, کە شتەکان مایەی گۆڕانن. کاتێکیش کە هییچ شتێکی بەر چاویان بەدی نەهێناوە, بەڵام ئەوەیان جەختکردۆتەوە کە ئەگەری گۆڕانگاریی زاڵە و شتێکی ئەوتۆی بەدیهێناوە, کە رۆژێک لە رۆژان دیموکراسیی بەدی هێنابێت – ئێستا داهاتوو کراوەیە بۆ دەستتێوەدان. ئەو خەڵکانەی کە گۆڕەپان و مەیدان و شەقامەسەرەکییەکانیان گرت, ئێستا هەست بە هێز و توانایەک ئەکەن, کە زۆر زیاترە لە کابیینەکەی ژووری دەنگدان. ناڕەزاییەکان کۆمەڵگەیەکی نوێیان درووستکردووە, کە وا لە بەشداربووەکان ئەکات, کە چالاکییە ناڕەزایەتییەکانیان بکەنە پێناسی سیاسییان. نارەزایەتییە جەماوەرییەکان, ئابڕوویەکی جوان و فراوانیان بەدەستهێناوە. ناوەندێکن, ترس رەوێن و هاندەرن, رۆژ بەرۆژ هێزی کێشکردنی بۆ هەموو بەشخوراو و, ستەملێکراو و, ناڕازییەک زیاتر ئەبێت. 

ناڕەزاییەکان باشترن لە هەڵبژاردنەکان بۆ وروژاندنی لێکترازانی رییزی دەستەبژێرەکان, لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوەندیش. دەستەبژیرەکان هەمیشە لەو گردبوونەوە تووڕەییانە سڵئەکەنەوە و ئەترسن, کە بێ پێشەنگ و پێشەوان. بۆیە, نارەزایەتییەکان ئەبنە مایەی جیاکردنەوەی ئەو دەستبژێرانەی, کە ئەیانەوێت هاوسۆز و هاودەنگ بن, وەک لەوانەی کە ئەیانەوێت دژبن, جیاکردنەوەی ئەوانەی ئەیانەوێت لەتەک خۆپیشاندەران قسەبکەن و ئەوانەی هانی گرتن و پەرشوبلاوەکردنیان ئەیەن. سەرباری ئەوەش, کە هەڵبژاردنەکان کەمتر میدیاکان داگییرئەکەن, وەک لەوەی ناڕەزایەتییە گەورەکان رۆژنامە جیهانییەکانیش داگییرئەکەن. هڵبژاردن ساختە بێـت و پاکژ بێت, لە ئاستی نێودەوڵەتیی وەک یەک ئەکەوێـتەوە, بەڵام نارەزایەتییەکان رەنگە لێکەوتە و, پشتیووانی و تیشکۆی زیاتری سیاسیی لێ بکەوێتەوە.

بەڵام چوون بۆ دەنگدان خۆی, ساتەوەختی جووڵەی سازانی مەعریفی کۆمەڵگەیە, بە تەنیاباڵیی و دوور لە هییچ ئەجێندا و هاندان و پشتییوانییەکی حیزبیی. ئەمە, خاڵی وەرچەرخانەکەیە کە کۆدەنگیی و رێکەوتنێک بۆ ئەم وەرچەرخانە مێژووییە نەکراوە. بێگومان, هییچ موئامەرەیەکیش لە ئارادا نەبووە بە لۆژیکی حزبە موئامەرەچییەکان خۆیان, کە هەمیشە بەها دیموکراسییەکان لە هەڵبژاردن دا پووچ و بێ بایەخ ئەکەن (٨). 

ناڕەزایەتییەکان ژانی هەڵبژاردنەکانن 
زۆرتر لە حەفتا وڵات, کەوتنە ژێر شەپۆلی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە لە پێنج ساڵی پێشوودا, هەر لە ئۆتۆکراتەکانی وەک میسری موبارەک و تونس ی بن عەلیی, بەڵام دیموکراسییەکانی وەک ئینگلتەرە و هندستان وئیسرائییل یش رووبەڕووی بوونەتەوە. هەندێکی تریش, وەک بۆسنە, لە هەژاریی دا راپەڕییون. هەندێکی  تری وەک یۆنان و ئیسپانیا لە ئەنجامی ئەو داتەپیینە ئابوورییە بوو کە وڵاتەکانیان تووشی هاتوون و, بەرکەوتەی تەنگژەی ئابووریی جیهانییەوە.
ئاسانە ئەوە تێ بگەین, بۆچیی هاوڵاتیانی دەوڵەتێک کاتێک کە رێگرییان لێ ئەکرێت بە ئیرادە و خواستی خۆیان نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن, روو لە شەقام و شوێنەگشتییەگان ئەکەن بۆ راپەڕیین و نارەزایەتیی. بەڵام ئەی لە وڵاتە دیموکراسییە درووستەکاندا, کە هەڵبژاردن تا ئاستی زۆر بەرز پاکژە, بۆچی ناڕەزایەتیی هەیە؟ ئەم پرسیارە زۆر کارییگەرە کە هەڵگری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانە. ئایا, لەو شوێنانەی کە هەل دراوە بە گەل, را و بۆچوونی خۆیان لەسەر ستندووقی دەنگدان دەرببرن و, بە شێوازێک لە کورتهێنان و دەستەوسانی جەماوەریی دائەنێن و, وا ئەکات بییر لە فۆرمێکی گردکۆیی (جماعی) بکەنەوە بۆ کاریگەرییەک کە جیاوازتر لە رابردوو یان ئەوەی کە باو بووە؟

هەڵبژاردن مەرج نییە دیموکراسیی بێـت, چونکە کەس ناتوانێت لە هەڵبژاردن تێبگات بەبێ ئەوەی لە مەبەستی پیادەکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن تێبگات. دیموکراسیی, لە یەک کات دا, بانگەوازیی سنووردارکردنی کاریگەریی سیاسەتکارەکان و زیادەڕەویی یاریی سیاسیی ئەکات. ئەوەی چاوەڕوان ئەکرێت لە دیموکراسیی, کە لە تەنگژەی حوکوکمڕانیی بێـتە دەنگ لە رێی هەلبژاردنەوە, بە ئامادەسازییەک کە زۆرجار لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەستییان پێکردووە بە ئاشتی و کرژییشەوە. لە هەمان کات دا, سۆز و هەڵچوونی دەمارگییرەکان سارد بکەنەوە و, هاوسەنگ راگرتنی دیاردە ناجۆرەکان لە کاتی خامۆشکردنی شڵەژانەکان دا. بەڵام, هەڵبژاردن داوای ئەوەشمان لێ ئەکات, کە بڕیار لەسەر سیاسەتکارەکان بدەین, نەک لەسەر بنەمای ئەوەی کە چییان کردووە, بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوەی کە گفتی لەسەر ئەیەن. بەم مانایە, هەڵبژاردن ئامرازێکی بەرهەمهێنانی خەونی گردکۆییە. قەدەغەکردنی هەڵبژاردن, بە مانای ئەوەیە تۆ رازییت بە ژیانت لە ئێستادا و, داهاتوو نادیارە, یان داهتوو لە لای حوکوومەتەوە بۆت کێشراوە. هەڵبژاردن پرۆسەیەکە بۆ هێشتنەوەی داهاتوو بە کراوەیی و نامسۆگەریی, هەڵبژێڕاوەکان گۆڕانکاریی ئەخەنەوە؛ نەک رێگر بن.

ئەلێکس دی تۆکیوڤییڵ(٩), یەکێکە لەو یەکەمیین کەسانەیە کە پێشنیاری ئەوەیان کردووە, کە گوتاری تەنگژە سیاسییەکان, زمانی دایکی هەموو دیموکراسییەکی راستەقیینەیە. پێی وایە, سیاسەتی دیموکراسیی پێویستی بە دراما هەیە. ئەڵێت" لەتەک نزییکبوونەوەی هەڵبژاردن, پییلانگێڕییەکە چالاکتر ئەبێت, وروژاندن کاریگەریی زیاتر ئەبێت و ئەتەنێتەوە, میللەت تایەکی بەرچاو ئەیگرێتەوە.. تەنها بە دەرکەوتنی پارە و دیاریی و دەهەنە, هەموو شت هێمن ئەبێـتەوە, رووبار سەرڕێژ ئەبێـت, رۆژگارێکی لییپە, هەمووی بە خۆشییەوە بۆ جێگەخەوەکەش ئەگەڕێتەوە.

دەیڤد رونسیمان(١٠), ئەنووسێت: "تۆکۆڤییڵ لە گەشتەکەی بۆ ئەمەریکا, ئەوەی دۆزییەوە کە ژیانی دیموکراسیی, جۆرێکە لە زنجییرەیەکی یەک لە دوای یەکی تەنگژەکان, کە گۆڕاون بۆ شتێک لەم شێوەیە". دیموکراسیی لە رێی بەرجەستەکردنی واقیعەوە وەک کارەسات, گفت ئەدات کە هەموو تەنگژەکان مایەی تێپەڕاندنن, رۆڵی نۆریینگەی چارەسەر ئەبیینن, کاتێک دەنگدەرەکان بە هەموو رەشبیینییەکانیانەوە رووی تی ئەکەن, کێشە دیموگرافیی و ئابووریی و ژینگەییەکانیان ئەبەنە بەردەم ئەوان, جەنگێکی نوێ دەستپێدەکەنەوە و, دڵنییا ئەکرێنەوە کە ئەتوانن بەسەر دارووخان دا زال بن. کاتێک, هەلبژاردنیش تەواو ئەبێت, دنیا بە رێگەیەکی ئەفسووناویی ئەگەڕێتەوە دۆخی جارانیی. هەرچی سیاسەتکاران و میدیاکانە ئەکەونە شرۆڤەی نادرووست, کە ئەم هەڵبژاردنە خاڵی وەرچەرخانە و, داهاتووی نەوەیەکی نوێ دیاریی ئەکات.
سیاسەتی دیموکراسیی,  ئەستەمە ببێت بە بێ بوونی هەڵبەز و دابەزی ئەو دراما زیادڕەوە و, جوانکردنی کێشەکان کە رووبەڕووی ئەبێتەوە. هەڵبژاردن هێزی خۆی ون ئەکات, کاتێک ناتوانێت هەستێکی بە ئێش و ئازار وێنا بکات بەدەست ئەو کێشانەوە کە لە ئارادا هەن و, بەڵام هەڵپەهەڵپی گەیاندنی هەستێکی گەشبیینانەی هەیە بۆ چارەسەرکردنیان. هەروەک ستییڤ هۆڵمز حەز ئەکات ئەوە بڵێت: بۆ ئەوەی هەڵبژاردن سەربگرێت و سەرکەوتووبێت, پێویستە هات و نەهاتەکان گەورە بن و نابێت کەم دییدە بکرێن.

هەندێک لە وڵاتە ئەوروپاییەکانی ئەمرۆ(١١), وەک نموونەیەکی کڵاسیکیی ئەوەستنەوە, لە بەردەم ئەو تەنگژە و قەیرانە دیموکراسییەی, کە دەرکەوتەی هات و نەهاتە کەم رەچاوکراوەکانە. یۆنانییەکان و پۆرتوگالییەکان, بۆچی بچن بۆ دەنگدان, کە سوور بزانێـت حوکوومەتی داهاتووی هەڵژێرراو هەمان سیاسەت پیادە ئەکاتەوە کە ئەم لێی ناڕازیی و زەرەرمەندبووە؟ لە رۆژگاری جەنگی سارد دا, هاوڵاتی چووە بۆ هەڵبژاردن بۆ دەنگدان لەسەر ئەو بنەما و باوەڕەی کە دەنگی ئەو, هۆکارە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەوەی ئایا وڵاتەکەی سەر بە رۆژهەڵات ئەمێنێتەەوە یان وەک بەشێک لە ئەوروپا ئەبێت, یان دەنگدانی بۆ مسۆگەرکردنی خۆماڵییکردنی پیشەسازیی و, سەرچاوەی سرووشتییە. ئەوەی مایەی پرسیاری گەورەن لەمڕۆدا, ئەم ویستانە بە هەڵم بوون, دەنگدان کەمتر  تامی ئایدۆلۆجیی ئەدات و, زیاتر رووی لە پێداویستیی تر کردووە کە پێوەستن بە حومکمڕانییەوە.

هەڵبژێراوەکان, نەک هەر ناتوانن ئەو خەیاڵە جەماوەرییە بکەن بەو واقیع, بەڵکو شکستیش ئەهێنن لە زاڵبوون بەسەر قەیرانەکان دا. ئییتر, خەڵک بایەخیان پێ نایەن و بە گەمەیەکی ناشریینیان ئەبیین. بە خەڵکانێکی هەلپەرست و مووچەبەرز و بێ منەت و ریمۆتکراو ئەیان بیینن. بۆیە, لە ناو وڵاتە دیموکراسییە درووستەکانیش, وای لێهاتووە هەڵبژاردن بووە بە رێ و شوێنێکی بەسەرچوو و ناحەز, هەر لە چوونە دەسەڵاتەوە, مایەی هێنانە بەرهەمی حوکوومەتی رەزاگرانن.

ونبوونی دراما لە هەڵبژاردنەکان دا, کاریگەرییەکی دژەوەستانی (پارادۆکس) لەتەک خۆی دا هێناوە, کاتێک پارتی سیاسیی ئالوودەی سەردەسەڵات ئەبێـت, نەک متمانەبەخشیین بە ئۆپۆزسیۆن. زۆر ئەستەمە حوکوومەتیک بدۆزییتەوە کە بە پشتییوانی جەماوەریی هاتبێتە سەر تەخت و, هەمان ئەو پشتییوانیەی لە پشتەوە مابێت لە دوای ساڵێک لە هەڵبژاردن. بییرمەندی سیاسیی فەرەنسایی رۆزائینڤلۆن تانەی خۆی هەیە و, ئەڵێت: "ئییتر, هییچ کەسێک نەماوە هەڵنەبژێررا بێت". "ئییتر, دەسەڵاتدارەکان پشتییوانیی دەنگدەرەکانیان نەماوە؛ بەڵکو تەنها بەری بێمتمانەبوونی خەڵک بە نەیارەکانی ئەم دەسەڵاتدارە یان پێشیینەکان, ئەچنێتەوە".

کاریگەرییەکی تری بەئێشی نەبوونی درامای هەڵبژاردن, لە بریاردانەکانی دوای گرتنەدەسەڵات دەرئەکەون؛ کاتێک دەنگدەرەکان, دابڕانێکی هاوڵاتیبوون و پابەندبوونی هەڵبژێراوەکان ئەبینن. ئییتر, چاری ئەوەیان لە دەستا نییە, لەسەر دەسەڵات لایان بەن, بەڵام تۆڵەسەندنەوەیەک وەک گڕکان لێرەو لەوێ ئەتەقێن و, لە دەستگاکانی راگەیاندن و رای گشتیی و نووسیین و خۆپیشاندان و مانگرتنی کار و چالاکیی دا, ناڕەزایەتییەکانیان هەڵدەڕێژن, بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی کە بڵێن ئەم حوکوومەتە شکستخواردووە و پشتییوانیی جەماوەریی نەماوە. ئییتر, بێ بەهایی هەڵبژاردن ئەبێـتە راستییەک لای هاوڵاتیی لە لایەک و, لای پارتە سیاسییەکانی دەسەڵاتیش یەکلا ئەبێتەوە, کە چییتر ئەو رێگەیە نەماوە جەماوەری پێ فرییوبدەن و, لە رێی ئەوانەوە دەسەڵات بگرنەوە دەست.

دەستگایەکی نوێی رابەرایەتیی
ئایا ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان, بوو- ون بە دەستگایەکی نوێ بە مەبەستی جڵەوگییرکردنی سیاسەتکارەکان لە هەڵبژاردنەکان دا؟ یان ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسەتی هەڵبژاردنن؟ ئەی بۆچی چیینی ناوەڕات باوەڕی بە هەڵبژاردن نامێنێت؟ ئەگەر لە سرووشتی نارەزایەتییەکانی ئێستاوە بڕوانیین, ئەوا پێویستمان بەوەیە سەیرێکی وردی دەرئەنجامی بێباوەڕیی هاوڵاتیی بدەین, کە چییتر هەڵبژاردنەکان سیاسەت ناگۆڕن بە خواستی دەنگدەران؟

لە رووسیادا, لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١١(١٢), ئەنجامی هەڵبژاردنەکان مایەی نیگەرانی و پرسیار بوون, خەڵکی چیینی ناوەراست رژانە سەر شەقامەکان و داوای هەڵبژاردنیان کرد کە ئازاد و پاکژ بێت. خۆ هەموو خەڵک, ئەیانزانی کە پارتەکەی پۆتیین ئەیباتەوە, بەڵام خاڵەکە ئەوەیە, چیینی ناوەڕاستی رووسەکان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات ئەوەیان نەکرد, بەڵکو تەنها وەک رووبەڕووبوونەوەیەکی شەرعیەتیی پۆتیین, هاتنە سەر شەقامەکان. لە تایڵاند, داواکاری چیینی ناوەڕاست ئەوە بوو "نا بۆ هەڵبژاردن". سووربوون لەسەر پێکهێنانی " لێژنەیەکی دیارییکراو" بۆ چاکسازیی سیاسەتی تایڵاندیی, دروشمی " چاکسازیی پێش هەلبژاردن" یان بەرزکردەوە. لە کۆتاییدا, ئەوەبوو کودەتای سەربازیی لە مایس ی ساڵی ٢٠١٤ رووی دا, و زۆر بە خۆشحاڵییەوە پشتییوانییان کرد. لە تورکیا, نارەزاییەکانی Gezi Par کە لە مایس ی ساڵی٢٠١٣ بەرزبووەوە دژ بە ئۆردوگان لە پای نەخشەی کەمکردنەوەی سەوزایی لە ئەستنەبوڵ دا, کەوتە سەر ئەوەی کە داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران بکەن. سەیر ئەوەبوو, خۆپیشاندەران داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان نەکرد, چونکە بە گومان بوون کە ناڕەزایەتییەکانیان وەڵامی زۆریینەی دەنگدەران بێـت! بەڵام, هەوڵیان دا کە سنوورێک بۆ دەسەڵاتی ئەم زۆریینەیە دابنێن.

لە بوڵگاریا, دۆخێکی سەیر کەوتەوە. لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٣دا, هەزاران خۆپیشاندەر هاتنە سەر شەقامی سەرەکی سۆفیای پایتەخت, دژ بە دامەزراندنی چەند کەسێکی بەدناوی گەندەڵ لە سەرۆکایەتی دەستەی دەستپاکیی نیشتمانیی. بەپێی داتای راپرسییەکی گشتیی, ٧٠% ی خەڵک پشتییوانییان بۆ ئەو خۆپیشاندەرانە دەربڕی, هەرچەندە نەیشهاتبوونە سەر شەقام. ئەم جووڵە ناڕەزاییە بە گەرمییەوە داوای هەلبژاردنی نوێیان کرد, بەڵام هەر بە پێی هەمان راپرسیی گشتیی, ئەوە دەرکەوت کە پشتییوانییەکی گەورە لە پشت ئەم داخوازییەوەیە, زۆربەی بەشدارەکانی ئەو ڕاپرسییە, پێییان وانەبوو کە بەشداریی دەنگدانی ئەو هەڵبژاردنە نوێیە ئەکەن, بەوەی هییچ پارتێکی سیاسیی, یان هەڵبژاردەیەکی شایستە نابییننەوە هەتا دەنگی پێ بدەن.

چیینی ناوەڕاستەوە ئاماژەیەکی نوێی پیشاندا, دەربارەی هەڵبژاردن و بەهاکان و, بەم پێیە چەندیین شرۆڤەی جیاجیای ورد, بەپێی بارودۆخی وڵاتەکانیان هاتنە ئاراوە. بەلام لەتەک ئەمەش دا, هێشتا بۆچوونێکی جیهانیی روون هەیە, کە ئەڵێت هەڵبژاردن ئەو یەکلاییکەرەوە مسۆگەرە نییە. چیینی ناوەراست لە سەرانسەری جیهان دا, زۆریینەی بەربڵاوی دانیشتوانن, کە بازار و بەکاربردن لەسەر ئەوان ساغ ئەبێـتەوە - ئەو چیینەیە کە فۆکۆیاما بە بزوێنەری ناڕەزایەتییە جیهانییەکانی داناوە-, باوەڕیان بە حوکوومەتەکان نەماوە, ئییتر بێگومان, باوەڕیان بە هەڵبژاردن نابێت. ئەو کێشەیەی زۆر زەقانە لەمە دەکەوێـتەوە, مۆلەقبوونی پێکهێنانی ڕێکەوتنی سیاسیی براوەکانە. ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەقامگییریی وڵات لە دوای هەڵبژاردن. 

بێگومان, زمانێکی سۆزداریی ئەکرێتە بەری ناڕەزایەتییە ئومێدبەخشەکان. چەندیین خۆپیشاندەری چیینی ناوەڕاست, ناڕازیین؛ نەک لەبەر ئەوەی لە چیینی ناوەڕاستن, بەڵکو  ئەیانەوێـت لەوان بن, لە رووی خوێندن و بەهاکانەوە, بەڵام ناچاربوون کە لە تەنگژە ئابوورییەکان دا, ئیشی ناشایستە بە خۆیان بکەن, کە زۆر مەترسییدارە و لە توانای جەستەیی و پسپۆڕیی خۆیان دا نییە. کارە باشەکان دەگمەن ئەبن, تەنانەت ئەوانەی کە بەزۆر لە چیینی ناوەڕاست دا ئاخنراون, لە ژێر باری قەرزارییدان. بەسەیرکردنی ئەم دۆخانە, ناڕەزایەتییەکان هەوڵێکن بۆ بەدەستهێنان  و تەنانەت بەرگرییکردن, لەوچیینەی کە مایەی خۆشگوزەرانییە بۆ هەمووان.

رۆزانڤۆڵدن, لە کتێبەکەی دا "قەلاچۆکردنی دیموکراسیی"(١٣), چاوەڕێی دەرکەوتنی ناڕەزایەتییەکی بێ پێشەنگ ئەکات, وەک ئامڕازێک بۆ گۆڕیینی دیموکراسیی لە سەدەی بیست و یەک دا. ئەڵێت "دیموکراسیی درووست, بۆ هەڵبژاردن و دەستگا یاساییەکان" هەنگاو بە هەنگاو جێی ئەگییرێتەوە بە "دەسەڵاتێکی نەیاری کۆمەڵگەی مەدەنیی". کۆمەڵگە دەسەڵاتی خۆی زۆر بە زەبرەوە ئەسەپێنێت. ئییتر چاوەڕوانی ئەوە ناکرێـت, سیاسەتەکارەکان ببنەوە بە چاوساغ و ئامۆژگارێک, بە دییدێکی دوور مەوداوە پرۆژەی سیاسیی ئومێدبەخشانە هەڵبڕیژنەوە. ئییتر, چاوەڕیی ئەوە ناکرێـت لە پارتی سیاسیی, خۆبەختگەلیی جەماوەر بەدەستبهێێنێـتەوە. دیموکراسییش لە داهاتوودا مەبەستگەل و فۆرمی جیاوازتری ئەبێت لەوەی رابوورد. خەڵک هەنگاو بەرەو بازنەیەکی رووناکتر ئەنێت, کە چییتر سێبەری سیاسەتێکی دیارییکراو و, لەقاڵبدراوی پێشوو رێی تێ ناکەوێت, و لە رووناکیی دا هەڵدەماڵرێن.

 رۆزانفۆڵد, لەسەر ئەم بابەتە ئەڕوات: هەندێک لە چاودێرەکان, پەلەیان کرد لە تێروانیین و شرۆڤەیان بۆ ئەم نارەزاییەتە نوێیانە, بە جۆرێک لە شۆڕشی رێکخراوی ناحوکوومیی لێکیاندایەوە. لە هەندێ بارەوە, رەنگە راست بکەن. چەندیین ناڕەزایی لە کۆمەڵگەکان دا لە رێی رێکخراوە ناحوکوومییەکانەوە رێکخراون, زیاتریش سووربوون بوو لەسەر پیادەکردنی رۆشنکاریی و سەرپەرشتی راستەوخۆیانەی ئەو کۆمەڵگە مەدەنییانەی کە پێوەستن بەو بابەتانەوە. بەڵام, سەردەمی ناڕەزایەتییەکان, ئەو رێکخراوە ناحوکوومیانەشیان تێپەراندووە, کە ئەبنە دۆڕاوێکی سەخت لەم دۆخانەدا. ئینتەرنێـت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو بارە ئەڕەخسێنن, کە ئاسانتر و خێراتر رێکخستنی خۆپیشاندان سازبدرێت, وەک لەوەی رێنوومایی و چالاکی رێکخراوەکانی مەدەنیی سەرپەرشتییان بکات. بەڵام, ئەوەش لەبییر ناکرێت, کە زۆربەی دەسەڵاتەکان ئەم ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە بە سرووشتی (عەفەویی) نازانن و, هەمیشە بەدوای هاندەر و پاڵنەرەکەی دا پێجۆریان هەیە و, بەردەستترینیان ئەو رێکخراوانەی کۆمەڵگەی مەدەنیین کە گۆمانیان ئەچێتە سەر. بۆیە, لە وڵاتێکی وەک رووسیا بەنموونە, وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەکان, هاوشان بوو لەتەک سەپاندنی کۆت و پێوەندی نوێی قورس, بەسەر رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی دا.

چاودێرە سیاسییەکان(١٤), پێیان وایە, پارتە سیاسییەکان لەم رۆژگارەدا, ئییتر گەیشتوونەتە ئەو ئاستە چرووسکانەوەیەی, کە چییتر مایەی باوەشبۆکردنەوە و ئومێدی خەڵک نیین, لە حوکمڕانیی دا بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەوەی پێیان بوو, لە نەوەی خۆیان دا خاڵیی بوونەوە و, چییتر پرۆژەیەکی مەدەنیی و, حوکمرانییان لە هەناودا نییە بتوانن پەیڕەوی بکەن. بۆ لەمەو دوا, ململانیی  بنەڕەتیی کۆمەڵایەتیی سەرهەڵدەدات, کە پێکەوەژیانی سیاسیی نێوان خەڵک و بژاردەکان رێکدەخات – نەک نێوان چەپ و راست-, بەڵکو نێوان سێ چیینەکەی کۆمەڵگە بەیەک دەگەیەنێت. بە واتایەکی گشتگییرانە, دیموکراسیی نوێ ئەبێت بە دیموکراسییەتێکی رەتکردنەوە.

سووکە بەراوردێک
ئەو گۆڕانکارییە بەرچاوەی لە سرووشت و ئاراستە و پێکهاتەی خۆپیشانداندا هاتوونەتە گۆڕێ بە درێژایی بیست ساڵی رابردوو لە دونیادا, لە عێراق دا, هاتە دیی لە ساڵی پاردا. چییتر, پارتی سیاسیی خەڵکی نەبردە سەر شەقامەکان و, بە ئەجێندای ژێربەژێر, جەماوەر سواری کۆڵی سۆزداریی بکات. ئەوەی روویدا, لە لایەن جەماوەری بێ پارت و سەرکردەی سیاسیی بوو, سەدان شەهییدیشیان بەخشی بۆ گۆڕانکاریی. ئەنجامەکەیشی هەرچەندە هەڵپەسێوراوە و, روون نییە بەرەو کوێ مل ئەنێ یان ئارام ئەگرێـت, بەڵام هەنگاوێک لە ئارادایە, ئەگەرچی بە خواستی خەڵکیش نەبووە. بەو مانایەی هێشتا کازمی و کابیینەکەی (بەو پاشخانە سیاسییانەی هەیانە و مایەی نیگەرانیین بۆ خەڵکی عێراق, وەک لە میدیا و پەیجەکان دا نهێنییەکانیان هەلدەماڵن) لە تاقییکردنەوەیەکدان, داهاتوویان رۆشن نییە!بەڵام, لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان, هێشتا هاوڵاتی لە ژێر کاریگەریی ئەجێندای سیاسیی دا گردئەبنەوە, هێشتا دوورەپەرێزییە هەیە لە نێوان ئەو هاوڵاتییانەی لەسەر شەقام ئەجووڵێن و دەنگیان لێ بەرز ئەبێـتەوە و, ئەو هاوڵاتییەی لە شاشەی تەلەفیزیۆنەکانەوە سەیر ئەکات. ئەمرۆ, هەواڵی گەرمی لیستی کازمیی لە کوردستان دا, کەم نییە بۆ ئەوەی نمایشێکی جەماوەریی لە بەرپەرچدانەوەی ئەو دەنگۆیە ساز بدرێـت؛ پێ دەچێت,  بۆ گەرمکردنەوەی خەڵک بێت و ساردکردنەوەیان بێت بۆ هەر لیستەکەی ناوەند. بۆیە, ئەشێت ئەجێندایەکی گشتگییریی هەموو پارتە سیاسییەکانی کوردستانی لە پشتەوە بێـت! یان بازاڕگەرمیی تەنها پارتێکی سیاسیی بێت بۆ نمایشکردنیی قەوارە و پێگەکەی خۆی, بۆ رازییکردنی لیستەکەی ناوەند, بۆ بەشداربوون لەو دەستکەوتە سیاسییەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دا بەدەستی دێت! بەڵام, دیارە کەمێک لە خەڵک, هێشتا پەرۆشی تێدایە, چونکە رێژەی بەشدارنـــەبوون لە دوایین هەڵبژاردن دا (٦٥%), هێشتا دواتریین تۆماری بەشداریی خەڵکە لە بێمتمانەیی و باوەڕنـــەبوونیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن. نەیسا (بەهەرحاڵ), ئەگەر ئەمە مەغزای خۆ پیشاندان بێـت, تەنها رووکەشێکە, گرەنتی نییە بۆ سندووقەکانی دەنگدان, دیارە بیست سی هەزار کەسێک, ئەوپەری کورسییەک و دووان زیاتر ناباتەوە لەو ململانێ سیاسییەدا. بۆیە, ئەو گۆڕانکارییە جیهانگییرییەی لە دونیادا بەسەر خۆپیشاندان دا هاتووە, چ لە رووی پێکهاتە و, مەبەست و, میکانییزم و, دەرەئەنجامەوە, هێشتا لە گۆڕەپانی کوردیی دا سەریی هەڵنەداوە. بۆیە, ئەم تەرزە خۆپیشاندانانەی کە هەتا ئێستا پیادەئەکرێن, بە قەبارە و ناوەرۆک و ژمارە و جوگرافیاکانییەوە, کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نابێت.

 بەڵام, دوێنێ نۆبەرەیەکم بەدیی کرد, هاوڵاتییەکی کورد, خۆی و ژن و کۆرپەیەک و کچ و کوڕێکی, دوور لە چاوی میدیا و بە لاتەریکانە, خۆپیشاندانی خۆیان کردووە و, بە نووسراوێکی گەورە داوای مافی ژیان ئەکەن, مافی مووچە, بۆ بژێوی ژیان, داوای بەجێهێانی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن ئەکەن, داوای بەرنامەی چاکسازیی ئەکەن کە بەردەوام ئەم دەست و ئەودەست ئەکات و کەس پێی هەڵناسێت, وێنەکەیان میدیا کوردییەکانی پڕکردۆتەوە. ئەم تەرزە, ئەگەرچی کەم  و بچووک دیارە, بەڵام بە درووستتریین هەنگاوی دائەنێم, لە بەشداربوونی خۆرسکانەی تاکی هاوڵاتیی بۆ داخوازییەکانی. ئەمە ئەوە ئەگەیەنێـت, تەنانەت قۆناغێک و نمایشێکی بەجێیە, بەدەر لە بەشداربوونی کۆبەکۆ لە خزمەتی ئەجێندای پارتە سیاسییەکان, کە هەرکەس لە بەردەرگای ماڵی خۆیەوە, خاو وخێزان بێتە بەردەرگای خۆی و, درووشمی داخوازییەکانی بگرێت بە دەستەوە.
*دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و
  توێژیینەوەی زانستیی.

سەرچاوەکان
(1) مایکل هاردت و انگونیو نیغریی," الامبراگوریه‌: امبراگوریه‌ العولمه‌ الجدیده‌", ترجمه‌:فاچل جکتر, 
      العبیکان, گ١ , ٢٠٠٢.
(2) Ivan Krastev, “ From Politics To Protest”, Journal of Democracy, October 2014,
      Volume 25, Number 4. 
(3) G. Lakey “ Review of: Direct Action: Protest and the Reinvention of American
      Radicalism by L.A. Kauffman”,  J. of Radical Teacher, No.111, Summer 2018
(4) جوزیە ساراماجو, روایه‌ البصیره‌, ترجمه‌: احمد عبداللگیف, الهیئه‌ المصریه‌ العامه‌ للکتاب, ٢٠٠٨
(5) Lígia Bernardinoa “The threshold of democracy in José Saramago‌s
     Seeing”
      http://dx.doi.org/10.22409/gragoata.2018n45a1099
(6) Ivan Krastev, “ From Politics To Protest”, Journal of Democracy, October 2014, Volume 25, Number 4. 
(7) Nathan Heller, “We turn out in the streets and nothing seems to happen. Maybe
      we‌re doing it wrong”, The New Yorker, August 14, 2017
 (8) د. رزگار ئاغا, " کۆدەنگییەک لەسەر بێبەهابونی دەنگدان‌و هەڵبژاردن", ئاوێنە, ١/٥/٢٠١٩
       https://www.awene.com/article?no=2493&auther=170  
 (9) Ivan Krastev, “ From Politics To Protest”, Journal of Democracy, October 2014, Volume 25, Number 4. 
(10) Ibd.
(11) Ibd.
(12) Ibd.
(13) Viellechner, L." The Limits of Law (and Democracy) in the Euro Crisis: An
        Approach from Systems Theory. German Law Journal, 17(5), 2016.
(14) Ivan Krastev, “ From Politics To Protest”, Journal of Democracy, October 2014, 
       Volume 25, Number 4. 


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×