کیسنجەر، کەسایەتییەکی دیار لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا

د. رزگار ئاغا
  2020-04-21     545
بەشی شەشەم:
کیسنجەر، کەسایەتییەکی دیار لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا
                        
                                               
باسکردنی ململانێکانی ئەمەریکا, راستتر, سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا, لە ماوەی شەست ساڵی رابردوو, بە بێ تیشکخستنە سەر کەسایەتی دیار و کاریگەری کیسنجەر نابێت. کیسنجەر  (١٩٢٣), بە یەکێکە لە دیارتریین کەسایەتییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی و گەورە دەوڵەتمەداری ئەمەریکا, لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیی ناسراوە. بە درێژایی دەرکەوتنی لە سیاسەتی ئەمەریکادا, رۆڵی بەرچاوی لە سەکۆ سیاسییەکانی ناوەوە و دەرەوەدا دییوە. قسە و دییدی هەبووە لە زۆرینەی گۆرانکارییە گرنگەکانی نیوەی دووەمی سەدەی پێشوو و, سەرەتاکانی ئەم سەدەیەوە. 

دەرکەوتن و هەڵکشانی سیاسیی (١):
کیسنجەر لە ١٩٣٨, لە تەک خێزانەکەیدا, لە ئەڵمانیاوە بەرەو ئەمەریکا کۆچیان کردوە, لە تاو چەوسانەوەی جوولەکە لە سەردەستی نازییەکان. لە ١٩٤٣ رەگەزنامەی ئەمەریکای وەرگرتووە. لە ١٩٥٤ دکتۆرای لە هارڤەرد وەرگرتووە و, لە ١٩٦٢ بووە بە پرۆفیسۆر. پاشان, وەک راوێژکار لە کاروباری ئاسایش, کاری کردووە بۆ چەندیین ئاژانسی ئەمەریکایی لە ١٩٥٥ هەتا ١٩٦٨. کاری بۆ ئیدارەکانی ئەیزنهاوەر و , کێنێدیی و, جۆنسۆن کردووە. 

ناو و ناوبانگی کیسنجەر, لەسەرەتادا, وەک زانایەکی سیاسەت, رێخۆشکەربوو بۆ ئەوەی ببێتە راوێژکار بۆ پارێزگاری نیۆیۆرک و, بژاردەی کۆماریی نیڵسۆن و رۆکەفڵەر. لە سەردەمی نیکسۆن, بێ ئەوەی کیسنجەری لە نزیکەوە دیبێت؛ لەو کاتەی کە راوێژکاری رۆکەفڵەر- کە رکابەری سیاسیی سەرۆکایەتی نیکسۆن بووە- بووە, دەیکاتە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی, بەڵام, دواتریش, راوێژی داوە بە هۆبێڕ هەمفری کە هەڵبژاردنەکەی ١٩٨٦ی بە نیکسۆن دۆڕاند.(2)
 نیکسۆن, لە ١٩٧٣,  کردی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا, و لە دوای دەست لەکارکێشانەوەی نیکسۆن ( ١٩٧٤), کیسنجەر, لە سەردەمی فۆرد, هەرلە پۆستەکەیدا مایەوە و, جڵەوگییری کاروباری دەرەوەی کرد, هەتا ساڵی١٩٧٧.
دواتر, رۆناڵد ڕیگەن, کردی بە سەرۆکی لێژنەی نیشتمانیی ئەمەریکای ناوەڕاست لە ١٩٨٣. دواتر, هەتا کۆتایی هەشتاکان, راوێژکاری ئەنجوومەنی هەواڵگریی بیانیی سەرۆکی ئەمەریکا بووە.
هەتا ئێستا, زیاتر لە ٤٠٠٠ لاپەڕە لە یاداشتەکانی خۆی نووسییوە و, لە چەندیین کتێبدا چاپی کردوون و, بە هەزاران چاوپێکەوتنی رۆژنامەنووسیی کردووە. دوایین کتێبەکانیشی بریتیین لە(3): سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا (١٩٦٩), ساڵانی کۆشکی سپیی (١٩٧٩), بۆ تۆمارکردن (١٩٨١), ساڵانی راپەڕیین (١٩٨٢), دیبلۆماسیی (١٩٩٤), ساڵانی نوێبوونەوە (١٩٩٩), ئایا ئەمەریکا پێویستیی بە سیاسەتی دەرەوە هەیە؟ بەرەو دیبلۆماسێتی سەدەی بیست و یەک (٢٠٠١), کۆتاییپێهێنانی جەنگی ڤێتنام: مێژووی تێوەهەڵچوونی ئەمەریکا لە جەنگی ڤیتنام و چوونەدەرەوە لێی (٢٠٠٣), تەنگژە: توێکاریی دوو تەنگژەی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوە (٢٠٠٣),  لە چیین (٢٠١١), سیاسەتی نێودەوڵەتیی (٢٠١٤).

نیاڵیی فێرگەسۆن(4), ئەڵێت: "بەهرەی فیتریی زیرەکیی و بییرتییژیی کیسنجەر, پەیوەندیی سۆزداریی و هزریی لە تەک کەس و لایەنی زۆردا بۆ رەخساند, تەنانەت لەتەک ئەوانەشدا کە گۆشەگییر بوون. بۆیە, بوو بە کەسایەتییەک کە رکابەری کەم بوو, کە بگاتە سەر ئاستی بەرزی سەکۆی سیاسیی, لە رۆژگاری کاڵبوونەوەی پەلوپۆکێشانی ئایدۆلۆجیی و, سەرهەڵدانی جەنگی سارد. قسەی هەبووە لەسەر ساڵانی دوادوایی جەنگی ڤیتنام, هەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤییەت, کرانەوە بە رووی رووسیا و چیین, سەرەتاکانی ئاشتیی عەرەبیی  - ئیسرائییلیی."

نیاڵیی, ئەگاتە ئەوەی کە دان بنێت بە مانشێـتی گۆڤاری تایم, کە کیسنجەر وەسف بکات بە  "کەسی گونجاو لە شوێن و کاتی گوجاو".

 دیارە, لەناو ئەو هەموو ململانێی و رکابەرییەی دوو حیزبی سەرەکی ئەمەریکادا, ئەم جووڵە دینامییکیی و, بەردەوام و, کارییەگەرە, لە لایەن کەسێکەوە ناکرێـت وەک رێکەوتێک, یان یاوەربوونی بەخت سەیر بکرێت. کەم نییە, پێ سپاردنی ئەرکی راوێژکاریی بۆ هەشت سەرۆکی ئەمەریکایی یەک لە دوای یەک و, لە هەمان کاتدا,  رێکخەری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان لەتەک پێنج سەرکردەی چیینی کۆمۆنیستییی.

گومانەکان, هەتا تۆمەتبارکردن
ئەو پیاوەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەگێڕێت لە ١٩٦٩ وە. لیبڕاڵییەکان, خۆشیان ناوێـت. بۆچوونێکی باو هەیە لە ناو رۆشنبییرە لیبراڵییەکاندا, کە کیسنجەر, کەسێکی خراپ بووە لە ١٩٦٩ هەتا ١٩٧٧, سیاسەتکارێکی بێ بەزەییە لە سیاسەتی واقیعی جیهانییدا. بەڵکو, بە پیاوی جەنگ ناوی ئەبەن.(5)

لە سەرچاوەی (4) دا, تۆمارێکی ئەو بەڵگە و نارەزاییە نووسراوانە هەن, کە لێرەدا, گرنگە ئاماژە بە هەندێکیان بدرێن. ئەو تاوانانەی کە ناویان ئەبەن: تۆپبارانی ڤیتنامی باکوور و کەمبۆدیا. پشتییوانی نهێنیی کودەتا لە دژی لیندیی -سەرۆکی چیڵی, لە ١٩٧٣؛ پشتییوانی سیستەمی یەمەنیی؛ تێهەڵچوونی بە پاساو بۆ هەڵمەتی کوشتن و فڕاندنی بەناوبانگ بە ناوی پرۆسەی کۆندۆر. زۆرێک لە رەخنەگرە تووڕەکان, لەناویاندا, کریستۆفەر هێچنز, داوای دادگاییکردنیان ئەکرد. دادەوەرێکی فەرەنسایی لە ٢٠٠١ دا, داوای شایەتی بەڵگەی فڕاندنی خەڵکی سیڤیڵی چیڵی ئەکرد لێی. بۆیە, چەندە خەڵکێک لە دژین و رقیان لێیەتی. خەڵکانی تریش هەن, خۆشیان ئەوێت و باسی بەشدارییەکانی ئەکەن لە ئاشتیی جیهاندا.
یاداشتنووسی بەریتانیی, فلییپ زیگڵەر, ئەڵێت سەرباری هەموو شتێک: "کیسنجەر پیاوێکی مەزن بوو", ئەڵێت, سەرباری ئەوەی لە چەندین چاوپێکەوتنماندا تووڕەم کردووە, بەڵام ئەو هەرگییز تووڕەی نەکردووم. بەڵام ئەوەی ئەوی بەدناو کردووە, رووداوی ئابڕووبەری ۆترگەیت, جەنگی رۆژی ڵێخۆشبوون (یوم العفران) ی عەرەب - ئیسرائییل, کێشەکانی ڤیتنام بوون.
وەک چالاکییە سیاسییەکانیشی, گومان لەسەر هەندێک چالاکی و هەڵسوکەوتی سیاسییشی هەن: پەیوەندییە توندوتۆڵەکەی لەتەک نیکسۆن, وەرگرتنی سکۆڵەرشپێک لە ئۆکسفۆرد بۆ نووسیینەوەی یاداشتەکانی, سەردانە نهێنییەکەی بۆ پاریس بۆ دانانی دوا رێکارەکانی لەتەک ڤێتنامییە باکوورەکان, کە بە پەیمانێک, جەنگی ڤیتنامی پێ کۆتایی هات. دوای ئەمە, دوو گەشتی تری بۆ پەکیین کرد, بۆ تۆکمەکردنی کرانەوەی نوێ بەسەر "ماو"ی چیین دا, کە نیکسۆن و کیسنجەر لە ساڵی پێشوویاندا کۆکبوون لەسەر بەجێهێنانی. رەنگە ئەمە گەورەترین دزەکردنی مێژوویی بێـت لە هەموو جەنگی ساردا.
لە هەموویان هەستیارتر, ئابڕووچوونەکەی ۆتەرگەیت, کە نیکسۆن ناچاری دەست لەکارکێشانەوە کرا, دیموکراسەکان زۆرترین کورسییەکانی کۆنگرێسیان دەستکەوت. بەڵام, سەرسووڕمانەکە ئەوەبوو, تەنها کیسنجەر لەناو تیمی کۆمارییەکانی کۆشکی سپیی, بەسەلامەت دەرچوو, بە وەزیریی مایەوە.

جوان سمیس, رۆژنامەنووس و نووسەری بەریتانیی, ئەڵێت: بە گوێرەی نەوەی ئێمەوە, کیسنجەر یەکێکە لە کەسایەتییە مەزنە شەیتانییەکان, پێی وایە, یەکێکە لە تیۆرناسەکانی جەنگی سارد, بەڵام بە شێوەیەکی خراپ: بەستوویەتییەوە بە سیاسەتێکی دەرەکیی دوژمنکارانەوە, کە بەرپرسە لە زۆرینەی ئەو رق و بێزراوییانەی خەڵکیی بەرامبەر ئەمەریکا, کە هەتا ئێستا بەردەوامیی هەیە.
 
جۆن بێلگەر, رۆژنامەنووسی بەریتانیی و میدیاکار, ئەڵێـت: لە نێوان ساڵانی ١٩٦٩-١٩٧٣, کیسنجەر و نیکسۆن, تۆپبارانی نهێنی نایاسایی کەمبۆدیایان کرد, کە حەوت سەد هەزار کەمبۆدیایی تیا کوژرا. لە ژێر بارووتی پێنج ئەوەندەیی بەسەر هێرۆشیمادا.
لە ١٩٧٣, کیسنجەر, پشتییوانیی لابردنی جەنەراڵ بینووشێی فاشستی کرد و, گۆڕی بە حوکوومەتێکی دیموکراسیی.
لە ١٩٧٥ دا, کیسنجەر و فۆرد – سەرۆکی ئەمەریکا لە دوای نیکسۆن-, گڵۆپی سەوزی بۆ دیکتاتۆری ئەنەدەنووسیایی و سۆهارتۆ, هەڵکرد کە تەیمووری رۆژهەڵات داگییربکات, پڕچەکی ئەمەریکایی کرد, بە نهێنی و بە نایاسایی.  دووسەد هەزار کەسی تیادا کوژرا.

تیموسی ڵینش, ئوستازی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە زانکۆی لەندەن, ئەڵێـت: شێوازە دیبلۆماسییەکەی کیسنجەر, کارییگەرییەکانی ئەمەریکای لاواز کرد. ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەتەک چیین و یەکێتیی سۆڤییەت باشتر کرد, بەڵام هەژموونی خۆی فراوانتر کرد لە ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتیینیی, ئەمەش بوو بە جوڵاندنی دوژمنەکانی ئەمەریکا لە رۆژئاوا.

هییچ هۆکارێک نەبوو, لە دەرنەکردنی بڕیاری دادگاییکردنی کیسنجەر, بۆ هەموو ئەو تاوانانەی درانە پاڵی, کە خرابوونە لیستی تۆمەتبارکردنیەوە:
رەشەکوژیی ئەنقەستانەی دانیشتوانی سڤیڵ لە هندی چیینیی, خۆدزیینەوە لە رەشەکوژییەکەی بەنگڵادیش, پلاندانان بۆ کوشتنی ئەفسەرێکی دەستووریی گەورە لە چیڵی, کە وڵاتێکی دیموکراسیی بوو و, لە شەڕدا نەبوو لە تەک ئەمەریکادا. تێوەچوون لە پلانی کوشتنی سەرۆکی دەوڵەتی قوبرس, هاندانی رەشەکوژیی لە تەیمووری رۆژهەڵات.


دەربەستبوون بەرامبەر پرسەکانی دیموکراسیی و مافی مرۆڤ
کیسنجەر, لە نووسیین و چاوپێکەوتنەکانییدا, هەمیشە خۆی دزیوەتەوە, لە رۆڵی ئەمەریکا لە گوێزانەوە و پشتییوانی دیموکراسیی و مافی مرۆڤدا. ئەم, هەڵوێستانە بەسن بۆ ئەوەی مەرام و ستراتییجیی ئەمەریکا پیشان بدات, کە بە جوانی لە رەوشی ئەو وڵاتانە دا رەنگی داوەتەوە, کە ئەمەریکا, بەشێوەیەکی مەیدانیی چووەتە ناو گۆڕانکارییەکانەوە.

جۆزێف بۆسکۆ (6), لە نووسیینە رەخنەییەکیەدا, باسی ئەم بێ هەڵوێستییە, لە وتارە کورتەکەی ئەم دواییەی کیسنجەردا ئەکات. دوو فاقیی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەتەک هەر وڵاتێکی جیهاندا لە ئەرزی واقیعدا, جۆرێک لە نەخوازیی تێوەئاڵانی ئەمەریکا هەڵدەگرێت, کە لەم دوواییەدا گەیشتۆتە دوا ئەنجامەکان, ناجۆر دێتەوە لە تەک ئاگادارکردنەوەی کیسنجەر لە پێناوی            "پاراستنی بنەماکانی سیستەمی لیبراڵیی جیهانیی... دیموکراسییەکانی جیهان پێویستییان بە بەرگریی لێکردنی بەها رۆشنگەرییەکان و پاراستنییانە." کیسنجەر, "دادپەروەریی" لەتەک بەرپرسیارێتی چەندیین دەوڵەتدا ریز ئەکات, لە دەستبەرکردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانیی ئابووریی. بەڵام بێدەنگە, لە ئاستی ئەوەدا, ئایا پێویست ئەکات بەدواداچوون بۆ مافەکانی مرۆڤ و, بەرفراوانکردنی دیموکراسیی بکرێت؟

کیسنجەر, خۆی لەم  بابەتە بەدوور ئەگرێت و, بەوپەڕی ئاسانییەوە هەڵی ئەپەسێرێت و, ئەڵێت: " ناتوانیین بابەتی شەرعیەتی دوو هەزارەکان ,لە یەک کاتدا, لە تەک هەوڵی زاڵبوون بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا, یەکلایی بکەینەوە. پێویستە پێشکارەکان دیاریی بکەین." کێشە لەم پێرەوەدا, هەروەک کیسنجەر لە رابردووشدا بەکاریهێناوە, ئەوەیە, هەمیشە پێشکاریی (ئەولەویەت) بە رژێمە دەسەڵاتدارەکان ئەدات, بەسەر شەرعیەتپێدان یان دادپەروەریی ئەم رژێمانە لە حوکمرانیاندا. لە دوای قەسابخانەی رژێمی کۆمۆنیستیی دژ بە ناڕەزاییە ئاشتییەکەی خوێندکاران, لە گۆڕەپانی تیانانمن, کیسنجەر, زۆر ناشرینانە هاتە قسە و, وتی: Deng Xiaoping وەک هەر سەرکردیەکی تر رەفتاری کردووە لە دۆخێکی هەمان شێوەدا."

سارا چییز(7) لە "دزەکانی دەوڵەت" نیگەرانییەکی قووڵ بەرامبەر ئەم ستراتییجە بێ مۆڕاڵە دەرئەبڕێت, کە ئەیگەیەنێـتە ئەوپەڕی بێ هیوایی لە دەستبردن بۆ هییچ چارەسەرێک, لە ئەفغانستاندا. رووبەڕووی بەرپرسە ئەمەریکاییەکان بووەتەوە و, بە وردی دەرئەنجامی لێکۆلیینەوەکانی پێ راگەیاندوون, کە پێشێلکارییەکان بەرامبەر مافی مرۆڤ و, گەندەڵیی حوکمڕانیی, یەکێکە لە هۆکارەکانی تیرۆریزمی جیهانیی و بە تایبەت لە ئەفغانستان. بەڵام لە وەڵامی بەرپرسەکاندا, هەمیشە, ئەم پێشکارییە زاڵبووە بەسەر, گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ داواکاریەکانی خەڵک و بنەبڕکردن یاخود  بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی.

کیسنجەر,لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەنووسیی لەتەک گۆڵدبیرک دا(8), کە لەسەروبەندی هەڵبژاردنی ترەمپ دا سازییداوە, پرسیارگەلێکی لێ ئەکرێت, ئایا, کاری بێ چەندوچوون, چییە, کە سەرۆکی ئەمەریکای نوێ, بەجێی بهێنێت بۆ گێرانەوەی متمانە و باوەڕبوون بە ئەمەریکا, لە لایەن وڵاتانی ترەوە؟ هەروەها,  ئایا سەرۆکی نوێ, چی پێیە, بۆ چارەنووسی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی دەرەوەی ئەمەریکا, بەوپێیەی یەکێکە لە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا؟

کیسنجەر, زۆر راشکاوانە, بەرپرسیارێتی ئەمەریکا بەدوور ئەگرێـت, لە چارەنووسی مافی مرۆڤ و چەسپاندنی دیموکراسیی, چ بە گوێزانەوە و چ بە پشتییوانییکردنی. وەڵامی ئەوەیە, کە پێداگییریی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا, لەسەر ستراتییجە چاوەڕوانکراو و مسۆگەرەکانە. بۆیە سەرۆکی نوێ, لە رێی دیدی خۆیەوە, کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر ئەو قەیران و تەنگژانەی کە دێنە پێشەوە بۆی. بە دیارییکراویش, پێداگییرە لەسەر چۆنیەتی ئاراستەکردنی سیاسەتی ئەمەریکا, رووە و شۆرشە هەڵگییرساوەکانی هەموو جیهان و, زاڵبوونە بەسەر تیرۆردا. کیسنجەر- بە گوێرەی خەمخۆریی ئەمەریکا بۆ دیموکراسیی و مافی مرۆڤ- نموونەی دەستتێوەردان و جڵەوگییریی پەشێویی و, گۆڕانکارییەکانی سووریا و, عێراق و, ئەفغانستان و, ڤێتنام ئەهێنێتەوە, کە پاساوی ئەمەریکا, نائامادەیی ئەو وڵاتانە خۆیانە بۆ خواستی دیموکراسیی, بەهۆی ئەو فرە نەتەوەیی و کەمیینە دژ بەیەکانەیە لەو وڵاتانەدا. بۆیە زۆر بە روونی ئەڵێت: "ئەوە بەجوانی دیارە, هییچ لە کەمیینە دژ بەیەکەکانی سووریا, لەبەر خاتری سەپاندنی هەژموونی خۆیان, ئامادە نەبوون پابەندی هەڵبژاردن بن." پاشان ئەڵێت: "لە ئەنجامی لێکەوتەکانی شەر لە عێراق و ئەفغانستان و ڤێتنام, ئێمە هییچ خواستمان نەبوو خۆمان مەجبووری ئەوە بکەین, تفاقی سەربازیی پێویست دەستبەربکەین, بۆ سەپاندنی سیستەمی دیموکراسیی لەو وڵاتانەدا. ئەوەی مایەی ئاماژە پێدانە, چەسپاندنی بنەما و چەمکەکانی دیموکراسیی لە ژاپۆن و ئەڵمانیا, لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیی, پێویستیی بە بەزاندنی تەواوی نەیارەکان هەبوو, بێجگە لە پاراستنی وەبەرهێنانی ئەمەریکا لە هەردوو ولاتەکەدا. بەڵام گرتنەبەری هەر سیاسەتێک لە سووریادا لە لایەن ئەمەریکاوە, بێگومان چارەنووسێکی نائومێدانەی ئەبوو, چونکە تیرۆر هەلی خۆی قۆستبووەوە و, بۆشایش هەبوو لە نێوان ئامانج و تواناکان و تێگەیشتنی ستراتییجییدا"

ئەم وتانە, بەدەر لە خۆدزیینەوە, کە ئاسانتریین شێوازە, بەڵام لە راستییدا شێواندنی راستییەکانە, ئەمەریکا هەمیشە بە ستراتییجی بەرژەوەندیی و, زاڵبوونەوە هاتۆتە ناوجەرگەی کێشەکانەوە, بۆیە هەمیشە, ئەوەی ویستبێتی بە زیادەوە دەستی کەوتووە. عێراق, لە بەرچاومانەوە, بە بەرژەوەندیی ئەمەریکا شە و رۆژ ئەکاتەوە هەر لە ٢٠٠٣, ئیتر, وڵاتەکانی تریش بە هەمان شێوە. بۆیە, پارادۆکسییەکی زەق لەم وتانەدا هەن, کاتێک باس لە ئەوروپای دوای جەنگ و, رەوشی جیهانی سێ ئەکات. ویستی ئەمەریکا بۆ بەرقەراربوونی دیموکراسیی لە رۆژئاوا و, لەو رۆژگارە جەنجاڵە پڕ کێشەمەکێش و ناتەباییەدا, تەنها خواست بووە بۆ ستراتییجێکی گەورە و هەژموونێکی فراوان لە جیهاندا.

گوڵدبیرک, لە پرسیارێکی تردا, کە پەیوەستێک ئەبینێتەوە لە نێوان سەقامگییریی - لە وڵاتە کێشەدارە ستەمدیدەکاندا- و مافی مرۆڤ دا, ئەپرسێت: هەتا چ ئاستێک, پێویستە لەسەر سەرکردەیەکی ئەمەریکایی, پابەندبێت بە پەرۆشییەکانی بۆ مافی مرۆڤ, یان پابەندبوونیی رەوشتانەی لە پێناوی سەقامگییریی, بە بەراوورد بە دەسەڵاتە باڵاکانی؟
کیسنجەر, لە ناواخنی پرسیارەکەوە وەڵام ئەداتەوە کە سەقامگییرییە, و باش ئەزانێـت نەسرەوتیی هەر وڵاتێک, بەندە بە مافی مرۆڤ و دیموکراسییەوە. بۆیە وەڵامەکەی ئەوەیە: "تۆ زاراوەی سەقامگییرییت بەکارهێنا لە پرسیارەکەتدا. سیستەمی نێودەوڵەتیی بە سەقامگییریی ئەمێنێتەوە, هەتا پێداگییرییەکی پێویست لە ئارادا نەبێت بۆ گۆڕانکاریی, کە جێبەجێ بکرێـت بە بێ ئەوەی دەسەڵاتێک لەسەر حوکم لاببرێـت. ئیتر, رەنگە سیستەمەکە مل بۆ گەڕەلاوژە بنێت, کاتێک گرەوە گەورەکان لە دەوری ئەم سیستەمە خولبخوات, پاشان, لەتەک پەیدابوونی هاوسەنگیی نوێدا. بۆیە, کەمجار, بژاردەی روون دێتە پێشەوە, چونکە هەمیشە پێویستی بە دۆزیینەوەی هاوسەنگیی پراوپڕ هەیە, لە نێوان ئاسایش و مافی مرۆڤدا."

گوڵدبییرک, سەرنجێک ئەگرێتە ئەم قسانە,: "پێم وایە, تۆ یەکێکی لەوانەی  باوەڕت بە گرنگیی سەقامگییریی جیهانیی هەیە."
کیسنجەر: بەڵێ راستە, بەڵام باوەڕیشم بە بییردۆزەی سەقامگییریی پێشکەوتوو هەیە, هەرچۆن باوەڕ ناکەم بتوانرێـت لە کاتی ئێستادا, پارێزگاریی لێ بکرێت بۆ هەتا هەتایە. ئەشێت گرەو لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی سیستەم بکرێـت, بە شێوەیەک کە هییچ گۆڕانکارییەکی کتوپرانە رووبدات, بە بێ ئەوەی گەڕەلاوژەیەکی شوورەییانە نەهێنێتە دیی.
گوڵدبیرک: "تێگەیشتنی تایبەتت بە بییردۆزەی گەشەسەندوویی سەقامگییریی, مایەی گرنگییە."
کیسنجەر: "ئەوە لە چەمکە سەرەکییەکانی بییرکردنەوەمە. بە گوێرەی مێژووی کەسیی خۆمەوە, مافی مرۆڤ هەمیشە و بۆ تاسەر, مایەی گرنگییمە, بەڵام لەتەک قووڵبوونەوە لە لێکۆڵیینەوەی مێژوو و ئەنجامدانی ئەزموون لەو بوارەدا, ئەوە فێر ئەبییت کە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بەدوور نابێـت لە پێچلێدان و ناجۆریی. پیشەسازیی سیاسەت پێویستیی بە لێکنزیکبوونەوە و, هەندێکجار, قوربانیی گەورەیشی ئەوێت. باشتریین دەرئەنجام, بێگومان, سەرکەوتنی بەها دیموکراسییەکانە, کە بە سایەی پەیرەوییکردنی ئەو رێ و شوێنانەوە بووە کە  لەماوەی درێژدا, خۆی راگرتووە بەرامبەر سەختییەکان."

گوڵبیرک: "ئایا کرانەوە بەڕووی چیین دا, ئەو هەموو قوربانیی و گیان فیداکردنەی ئەهێنا, بەهۆی ئەو ئەزموونەی ئەمەریکا هەیبوو, لە تەنگژەکانی هند و چیین و بەنگلادیش؟"
کیسنجەر: "مافی مرۆڤ لە مەبەستە باڵاکانی سیاسەتی ئەمەریکایە. بەڵام گرنگییەکی گەورەش بە ئاسایش نەتەوەیی ئەدەین. بەڵام لە هەندێ بارودۆخدا, ئێمە ناچارنین یەک لەو دووانە هەلبژێریین و پرسی رەوشت بە سادەیی وەرئەگرین. بارودۆخ هەیە, ناچارمان ئەکات کە هەلبژاردن بکەین لە نێوان پاراستنی ئاسایش نەتەوەیی لە هەڕەشە دەرەکییەکان و, لە نێوان چەسپاندنی رۆشنبیریی مافی مرۆڤ.  هەندێ بارودۆخی تریش هەیە, کە لە ئەنجامی کێشە و ململانێی هەڵگییرساوە و کەوتوونەتەوە, لەو وڵاتانەدا کە گرنگن بە لای ئەمەریکا یان سیستەمی نێودەوڵەتییەوە, سیاسەتێک تیایدا پەیڕەوئە کرێت کە دژ بە بنەماکانی ئێمەیە و, سەرۆک دەبێت هەڵوێست وەربگرێـت. لەمجۆرە, هەڵوێستانەش لە دووتوێی ئەو بریارانەیە, کە سەرکردایەتی ئەمەریکا ئەیگرێتـە بەر لە بارەی؛ قەوارەی ململانێکە و ئەو سەرچاوانەی بەردەستن بۆی, بێگومان, سەرۆک ئەو لێکەوتانەش بە هەند وەرئەگرێـت کە دەکەونەوە و, ئەو راگوزەرەی ئەیگرێـتە بەر, هەتا پشتییوانیی خەڵکی ئەمەریکایی بەدەستبهێنێت.
ئەوەی شایانی باسە, تیشکۆخستنە سەری زیاد لە پێویست, لەسەر پرسی مافی مرۆڤ, ئەوەبوو دەوڵەتی ناسەقامگییری لێ کەوتەوە لە عێراقدا. هەرچۆن چاوپۆشییکردنیش لەم پرسە, ئەو کارەساتانە بوون, کە بوون بە هۆی ئەنجامدانی رەشەکوژیی لە راوندا. هێشتا, سیاسەتداڕێژە هاوچەرخەکان لە ئەمەریکا, رووبەڕووی لە رووداوەستانەوەی گەورەن بۆ ئەم پرسە لە هەموو جیهاندا و, بە تایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
دەوڵەتمەدارێک, ناتوانێـت بگاتە ئەو مەبەستانەی کە پەرۆشی بەدیهێنانیانە, بە بێ ئەوەی بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ ببێت, بێگومان, بە پێی ئەو بنەمایانەی کە هونەری سیاسەتی لەسەر بوونیادنراوە. ئەوەی ئاشکرایە, کە سەرکەوتن لەم بوارەدا, پێویستیی بە پلە پلەیی هەیە لە قادرمەی سیاسەتدا, بە تێپەڕبوون, بە بەرزی و نشێوییەکاندا هەتا ئەگاتە سەرکەوتنەکان."

بۆیە, ئەم تێرڕوانیین و گرنگییدانانەی کیسنجەر کەسیی و تاکبییرانە نیین, ئەوەتا دوای ئەم چاوپێکەوتنە, لە هاتنی ترەمپ بۆ سەر حوکم, لە یەکەمیین وتاریدا, دییدی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکای داڕشت: "یەکەم شت ئەمەریکا", پەیمانی دا تیرۆر ببەزێنێـت, سوپای ئەمەریکایی تۆکمە بکات, دیبلۆماسێتێک دابمەزرێنێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا. لە نێو ئەو کەسایەتییە بیانییانەی کە بانگهێشتی کۆشکی سپیی کران, لەو سەرەتای دەستبەرکاربوونەیدا, ئەوانەبوون کە بەدناو بوون لە بواری مافی مرۆڤ, وەک نەجییب رەزاق- سەرۆک وەزیرانی مالییزیا و, رەجەب تەییب ئۆردۆگان – سەرۆکی توورکیا و, عەبدولفەتاح سیسیی – سەرۆکی میسر.
لە گەشتەکەیشی بۆ ئاسیا, سەردانی چیین و ژاپۆن و کۆریای باشوور و ڤێتنامی کرد, ترەمپ, شانازیی بە پەیوەندییە نوێیەکانی کرد لە تەک سەرکردە دەسەڵاتسەپێنەکادا و, هییچ سەرنجێکی نەدا لەسەر مەترسییەکانی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ."(9)
لاری دایمۆند(10) , ئەڵێت: "ئەمڕۆ جیهان لە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییدایە, کاتێک پێویست ئەبێـت لەسەر ئەمەریکاییەکان, سەرلەنوێ بە کۆدەنگیی بڕیاربدەنەوە - بە سەرچاوەی دیبلۆماسیی و داراییەوە-, بۆ بەرگرییکردن لە ئازادیی یان پاشەکشەی تەواو! با راشکاوانە بڵێن: "ئەمە شەڕی ئێمە نییە؛ هییچ پەیوەندیشمان پێوەی نییە", لە بریتی ئەوەی, لە خەمی خۆمانداین, بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندیی تەسکی نیشتمانیی خۆمان, ئیتر چەندە قێزەون و نەخوازراویش بێـتە بەرچاو.

قسەیەک هەیە بە دەمی فرانکڵن رۆزەڤێلت - سەرۆکی ئەمەریکا (١٩٣٣-١٩٤٥) – کراوە, گوایە لە وەڵامی پشتییوانیکردنی دیکتاتۆرێکی وەک سامۆزای سەرۆکی نیکاراگوا دا, ووتوویەتی: " رەنگە کوڕی سۆزانیی بێـت, بەڵام ئەو, کوڕە سۆزانییەکەی ئێمەیە"

د. برایان کڵاس(11) , هاورێ لە سیاسەتی بەراووردکاریی, سکووڵی لەندەن بۆ ئابووریی, ئەڵێت:
"کیسنجەر بەشداربووە لە رووخاندنی ئەو رژێمانەش کە تەنانەت هەڵبژێراوی دیموکراسیشن, وەک ئەوەی لە کۆنگۆ  و چیڵیی روویدا , کە کیسنجەر ئەو رژێمە دیموکراسییەی  ناو بردووە بە " نموونە پیسەکە". سووربوون لەسەر پشتییوانی دیموکراسیی لە وڵاتە دەستەڵاتسەپێن و دیکتاتۆرەکان, لە کۆڕبەندە جیهانییەکان و, نەتەوەیەکگرتووەکان و, مییدا و, هەر دەنگێکی سیاسییانەوە, مەترسیی بۆ سەر بریارەکانی رۆژئاوا کردووە لەم بارەیەوە. ئەوەتا,  د. برایان نووسییوویەتی: "مەترسییەکانی هاندانی بەردەوام و جەختکارانە, بۆ بەرقەرابوونی دیموکراسیی گەیشتە ئەوەی, کۆبوونەوەکانی برۆسڵ و ڵەندەن و واشنتۆن و پاریس, کۆک بن لەسەر ئەوەی شەیتانی دکتاتۆریی, کە خۆیان باش ئەیناسن, زۆر باشترە لە شەیتانێکی دیموکراسیی کە نایناسن."

 کوهین, لە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی کتێبی "لە چیین" ی کیسنجەر دا(12): کیسنجەر لە بارەی مامەڵەکردنی لە تەک چیین, بیروباوەڕی وەها بوو, بەها رەوشتیی و مرۆییەکانی خستبووە لاوە و بە گرنگی نەزانییون, بەڵکو بە بێسوودی زانییون لە ستراتییجێتی ئەمەریکادا. بۆیە, هەر لە دەرکەوتنی چیین, هەمیشە مشت ومڕی گەرمی هەبووە لەسەر دانانی سنوورێگ بۆ رەخنە ئەمەریکاییەکان لە سەر دیکتاتۆرێتی تاک حیزبیی لە چیین و, کۆتاییهێنان بەو سکاڵایانەی کە دەرهەق بە دەستدرێژییەکانی مافۆ مرۆڤ ئەگرێت لە چیین دا. هەمیشە, پەنجەیەکی بەرز بوو بۆ واشنتۆن, کە دوورکەوێـتەوە لە ململانێ لەتەک چیین دا و, ئامۆژگاریی ئەکردن کە تیشکۆ بخەنە سەر ئەو بابەتانەی کە بەدیارییکراویی لە بەرژەوەندیی ئەمەریکایە.

سەروەسێـتیی کرانەوە بە رووی چیین دا
کیسنجەر, لە ئاهەنگی ئێوارەخوانی ساڵانەی لێژنەی نیشتمانیی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و چیین(13), لە ١٤ی تشرینی دووەم لە نیۆیۆرک, لە ووتەیەکدا, ئاگاداریی دا لەبارەی کۆتاییهاتنی ململانێی هەمیشەیی نێوان پەکیین و واشنتۆن, کە بە پێچەوانەوە "دەرئەنجامی کارەستئامێز"ی   "خراپتر" دەبێت لە جەنگی یەکەمی جیهانی, کە شارستانێتی ئەوروپایی وێرانکرد. ئەم سەرنجانە, گرنگییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیی, لە نێو میدیا و زانایان و سیاسەتداڕێژەکان لە هەریەک لە چیین و ئەمەریکادا.
کیسنجەر وتی "بێگومان, لە زۆر لایەنەوە چیین پێشکەوتووە, کە وەک رکابەرێکی ئەمەریکا خۆی دەبینێتەوە", "هەتا ئێستا, رووی نەداوە لە شوێنی جیا جیای گەردووندا, دوو دەوڵەت لە هەمان پێگەی هاوشێوەدا بن".
سەرنجەکانی ئەم دواییەی کیسنجەر, کە لە زۆر بۆنەدا خستوویەتییە روو, زیاتر دووبارەی کردوونەتەوە: هەردوو وڵات گۆڕاون, پەیوەندیی خۆیان هەیە, هییچ گەڕانەوەی بۆ دواوە نییە".
لەم ماوەیەدا,  کیسنجەر, بە تەواوی هەست بەو دۆخە مەترسییدارە ئەکات, کە کرژییەکانی نێوان چیین و ئەمەریکا رووی تێ ئەکەن. ئەمە, بە پێچەوانەی بۆچوونی جۆن مییرشایمر - زانای رێزداری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمەریکا-, پێی وایە, چیین ناتوانێت بە ئاشتییانە هەڵکشێت و, "بێگومان, پانتاییەکی گەورە لە دۆخی ئێستای جیهاندا نییە, کە بوار بدات بە خواستی وڵاتان, بۆ هەبوونی هەلێک لە دەستکەوتنی دەسەڵاتێکی زۆرتر لەوەی هەیانە. کیسنجەر, پێی وایە سەرکردەی هەردوو لا, ئەتوانن رێگەچارەیەک بۆ چارەسەری کێشەکانیان بدۆزنەوە و بەدوور بن لە لێکەوتە کارەساتئامێزەکانی."
کیسنجەر, باوەری بەو ڕاگوزەرە ئاشتییەی چیین هەیە, بۆیە, هییچ پەنجەیەکی تۆمبەتبارانەی بۆ چیین رانەکێشاوە, بە گوێرەی ئەوەی پێویستە بیکات لە پەیوەندییەکانی لە تەک ئەمەریکادا. هەروەها, وتی"ئیتر ئەوە نەماوە, هییچ لایەکیان بییرلەوە بکاتەوە, هەتا بەسەر ئەوی تریاندا زاڵ ببێت" و, هەر لایەکیشیان لەسەریەتی "رابێت لەسەر ئەو راستییەی کە جۆرێک لەم کێبرکێیەیان هەبووە." ئەم وتانە, ئەکرێت وەک بیرخستەوەیەکی ورد سەیر بکرێت, بۆ سیاسەتدارێژە ئەمەریکاییەکان, کە نابێت لەمەودوا, بە چیین بڵێن چی بکات و چی نەکات؟ وەک لەمەوبەر لەسەری راهاتبوون, بەڵکو پێویستییان بە مامەڵەکردنێکی زۆر ژییرانەتر هەیە, لە بەرامبەر ئەو  لەڕووداوەستانانەی کە چیین ئەینێنەوە. کیسنجەر, ئەوەیشی وت: "کاتێک ئەم پەیوەندییەمان بەست, پەیوەندییەکە ستراتییجانە بوو. بەڵێ, لەسەرەتای ئەم پەیوەندییەدا, ناتەبابوونێک هەبوو, بەڵام, توانیمان فێربیین بە درێژایی چەند دەیەیەک لەتەکیاندا بژیین." 

چەند پرسیار و وەڵامێک لەو چاوپێکەوتنە رۆژنامەنووسییەی کە گۆڵدبییرک (14) سازیکرد لە تەک کیسنجەردا, هەندێک, نەک تەواویی, لە تێروانیینەکانی ستراتییجێتی ئەمەریکا, دەخاتە روو. پرسیارەکان زۆر مانادار و قووڵن بۆ تێگەیشتنێکی مێژوویی و, سیاسییانەی کرانەوەی چیین و, جێ خۆشکردن بۆ جەمسەرگییریی لە سیستەمی نێودەوڵەتییدا, نەک تەنها هاتنە ژوورەوەی ناو سیستەمەکە, وەک کیسنجەر هەمیشە ئاماژەی لابەلای بۆئەکات. بەڵام وەڵامەکانی کیسنجەر, زیاتر سەرپێیانەن, بە مەبەستی نەدرکاندنی ئەو راستییانەی کە لە واقیعدا لەماوەی پەنجا ساڵی رابردوو دا, لە مێزی بریارەکانەوە ئاراستە کراون, هەتا ئەمرۆ.

گوڵدبیرگ: چۆن لە ستراتییجیەتی چیین دەگەن لە کاتی ئێستادا؟
کیسنجەر: دوو ئەگەری لێکدانەوە هەن بۆ ستراتییجییەتی چیین, یەکەمیان, ئەوەی وا دائەنرێـت کە چیین پێی وایە جیهان بە بەرژەوەندیی ئەو ئەشکێتەوە و, لە کۆتایشدا بە شێوەیەکی تەواوی دەست ئەگرێت بەسەریدا, بۆیە ئامانجی ستراتییجییەکەیان ئەوەیە, کە وامان لێ بکەن بێدەنگ بیین لە ئاستی ئەم گۆڕانکاریانە, بە سوودی ئەوان.

گوڵدبیرگ: جا پێت وایە, کە مێژوو بە سوودی ئەوان ئەسووڕێت؟
کیسنجەر: هەندێک لە ستراتییجداڕێژانی چیینیی باوەڕەیان وایە. یان ئەتوانییت بڵێیت کە جموجووڵیان وەها لێکبدرێـتەوە, وا ئەزانن کە رەوتی مێژوو, ململانێی نێوان ئەو وڵاتانەیە کە تەکنۆلۆجیایان هەیە, وەک هەردوو لامان, لە پێناوی خۆپارێزیی لە بەکارهێنانە خراپەکانی, پێوستە لەسەرمان کە هاوکاریی یەکتریی بکەین. بە بڕوای من, ئەمە بۆچوونی سەرەکیی چیینە. بەڵام پێش بیست ساڵ, نەمان ئەتوانی ئەگەری راست دیاریی بکەین. لەو ماوەیەدا, ئەبووسیاسەتەکانمان زۆر گشتگییر و نەرمتر بن, هەتا هەردوو لا تێی بگەین.

گوڵدبیرگ: لەو بڕوایەدایت, کە چیین لە مێژوویدا, هییچ رۆژگاری کەوتنی بەخۆیەوە دیبێت؟
کیسنجەر: بەڵێ چیین رۆژگاری کەوتنی لە مێژووی خۆیدا دییوە. چونکە, چیینییەکان وایان ئەزانی وڵاتەکەیان لە ناوجەرگەی ئاسیایە, بەجۆرێک داگییرکردنی ئەوروپایی بۆ هەندێک بەشی هەرێمەکانی لە سەدەی نۆزدەدا, وەک دڵەکوتێیەک بوو بۆیان و, هەتا ئەمڕۆ, هەر بەدەست ئەو دڵەکوتێیەوە ئەناڵێنن. )چیین (ی هاوچەرخ بڕوای وایە, رۆژێک دێت ئەگەڕێتەوە بۆ پێگە ناسراوە شکۆدارەکەی. لێرەدا جیاوازییەک هەیە, نابێت بەسەرماندا تێپەڕێت, ئەویش ئەوەیە هەردوو وڵات خۆیان بە تایبەت ئەزانن؛  ئێمەی ئەمەریکا باوەڕمان وایە "تایبەتییەکمان" هەیە کە سەرپشکمان ئەکات, بۆ گرتنە ئەستۆی رۆشنبییرکردنی کەسانی تر, چونکە لەو حاڵەتەدا کە گەلانی تر بیروباوەرەکانمان هەڵگرن, ئەوسا جیهان زیاتر ئاسایش و سەقامگییر ئەبێـت.
بەڵام چیینییەکان, خەمی ئەوەیان نییە کە گەلانی تر بیروباوەڕەکانیان هەڵبگرن, چونکە بەپێی تێڕوانیینی ئەوان, ئەگەر یەکێک نەبیت لە کەلتووری چیینیی, ئەوا ئیتر ناتوانیت ببیتە چیینیی. بەم شێوەیە, ئەوان هەستییان وایە کە ئەمەریکاییەکان هییچ مافێکیان نییە دەست وەربدەنە کاروباری ناوخۆی چیین. ئەم لێکچوونە هاوشێوەیە, بەرزیی ئەدای چیینییەکانە, کە بووەتا مایەی ئەوەی کە پێیان وابێت گەلانی تر ملکەچ بکەن, بۆ هەڵگرتنی بیروباوەڕەکانیان و, سووربن لەسەر پێڕەوکردنیان بۆ شێوازی چیینیی, هەتا ببنە لقە رووباری سیاسیی و کەلتووریی یەکسان لە تەکییدا, ئیتر تەنها ئەو کاتە, ئەم هێزە ئەبێتە ئەوەی دانی پێدابنرێت و, لێوەی وەربگیرێت.
گوڵدبیرگ: پێت وایە "شیی جنپن – سەرۆکی چیین" کەسێکی میانڕەوە؟
کیسنجەر: سەرۆک "شیی", لە لای خۆیەوە, دوو ئامانجی چیین ی خستۆتە روو. یەکەمیان       " ئاسیا بۆ ئاسیاییەکان بێت". دووەمیشیان بریتییە لەو هەوڵەی کە نەیارەکان بکاتە شەریک. بە بۆچوونی من, پێویستە وا بکەین ئەم فۆرمەی دووەم بابەتی زاڵی پەیوەندیی ئەمەریکا – چیین بێت. چیینیەکان بەجۆرێکی جیاواز سەیری دونیا ئەکەن, کە بە تەواوی جیاوازترە لە بۆچوونی ئێمەوە. پێویستە, توانا دیبلۆماسیی و سەربازییەکانمان کۆکەینەوە, بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم واقیعە. بەڵام ئایا ئەمە لەم جیهانەی ئێستادا شیاوە, کە چەکی سەراپا وێرانکەر و توانا سیبرانییەکان لە وپەڕییدا بن؟
یەکێک لە بەربەستەکان, ئەو بۆشاییە رۆشنبیرییەیە کە هەیە: هەڵوێستی سەرەکیی ئەمەریکا ئەوەیە, کە دۆخی سرووشتیی جیهانیی, ئاشتیی بێت, بۆیە ئەگەر کێشەیەک هەبێـت, ئەوا  تەنها کەسێکە هۆکارەکەی. ئەگەر ئەو کەسەمان بەزاند, یان ئەو وڵاتەمان بەزاند, ئەوا شتەکان جارێکی تر هەموویان هەمئاهەنگ ئەبن. لە بەرامبەردا, چیینییەکان باوەڕیان بە چارەسەری هەمیشەیی نییە. بە گوێرەی پەکیین, چارەسەر, زۆر بە سادەیی, بەدوای تکتێکی تری چوونەژوورەوەی ناو کێشەیەکی ترا ئەگەڕێن. بەم پێیە, چیینییەکان حەزیان لە ئاراستەکارییە, لە ئێمە ئەپرسن, "ئێوە بەرەو کوێ دەچن؟ بە بۆچوونی ئێوە, لە دوای ١٥ ساڵی تر جیهان چۆن دەبێت؟"
لە ئەنجامی ئەم بۆشاییە کلتوورییە, کاتێک هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و چیین بەیەک گەیشتن, زیاتر ئەوەیە, کە ئەنجامەکان ناڕۆشن ئەبن. بەرەوپێشەوەچوونێک لە بابەتە یەکسەرییە کورت مەوداکان جێبەجێ بوون – گۆڕانی کەش وهەوا و, بابەتە هاوچەرخە نزیک مەوداکان و, هەندێ ترسی ئابووریی. بەڵام لەبەر فشاری کات و کارییگەریی راگەیاندن, خشتەی کارە سەرەکییەکان, بۆ برەودانی تێگەیشتنێکی هاوبەش, بۆ داهاتوو کەمتر بەخت یاوەریان بوو, کە تێروانینێکی داهاتووانەی هاوبەشیان لەسەر دابڕێژرێت. 

گوڵدبیرگ: بەڵام ئەمەریکا, لە ئامادەسازییدایە بۆ جۆرێک لەم دونیابیینییەی چیین, واتە "ئاسیا بۆ ئاسیاییەکان", کە مەبەست لێی ئەوەیە, ئاسیا قۆرخە بۆ چیینییەکان.
کیسنجەر: چیینییەکان لە مێژووەوە باوەڕیان وایە, کە هەموو لایەنێکی دانا و ژییر, بەوپەڕی سنگ فراوانییەوە ئەم راستییەی پەسەندە و, بۆ جێبەجێکردنی ئەوەیشی کە بەتەمایین, هێزی سەربازیی بەکارئەهێنن. بەپێچەوانەی رووسیاوە؛ ئەوان ئامانجیان قاییلکردنی لایەنەکانی ترە نەک داگییرکردنیان. بەڵام بەگوێرەی ئێمەوە, جەنگمان لەتەک ڤێتنام کردووە, بۆ یارمەتییدانی ڤێتنامییەکان بۆ گوێزانەوەیەکی بەرچاو بەرەو گەلێکی دیموکراسیی. بەڵام چیین, پارێزگاکانی باکووری ڤیتنامی بۆ ماوەی چوار مانگ, داگییرکرد, بۆ فێرکردنی ڤێتنامییەکان لە یاساکانی رێزگرتن.

گوڵدبیرگ: ئەمە زۆر وردە, ئەگەر تۆ سەرۆکی ئەمەریکا بوویتایە و, هەوڵی پێکهێنانی سیستەمی هاوپەیمانیگرتن بدەیت, لە تەک وڵاتانێک کە لە چیین ئەترسن.
کیسنجەر: بە دڵنیاییەوە.

گوڵدبیرگ: ئایا هییچ تێگەیشتنێکی روون هەیە, لە بارەی ئەوەوە, کە شەڕی ئەمەریکا – چیین چۆن چۆنی ئەبێت؟
کیسنجەر: بە پێی ئەو چەکانەی کە هەر یەک لەم دوو وڵاتە هەیانە, ئەوا ململانێی سەربازیی لە نێوانیاندا کارەساتێکی گەورەی بەدوادا دێت, بەجۆرێک وا ئەکات کە جیهان دابەش بێـت. بەجۆرێکە, بە وێرانکارییەک کۆتایی دێـت و, نابێتە مایەی سەرکەوتنی هییچ لایەکیان, کە زەحمەتە دیاریی بکرێت. تەنانەت, ئەگەر توانیمان مانای سەرکەوتن دیاریی بکەین, ئەوا زەحمەتە پێشبیینی ئەوە بکەین کە براوە چی لە دۆڕاو ئەوێـت؟ من لێرەدا, تەنها باس لە چەک و تەقەمەنیی ناکەم, بەڵکو باس لە لێکەوتە بێشومارەکان ئەکەم, کە لەم چەکانە و چەکە سیبریانییەکان ئەکەونەوە. هەردوو لا, دوودڵن لە پیشاندانی تواناکانیان. بەم پێیە, هییچ رێ و شوێنێک نییە کە سنوور بۆ جەنگی سیبریانیی دابنێت. بەڵام زیرەکیی دەستکرد, ئەتوانێـت سنوورێک دابنێـت, ئامێرەکان توانای ئەوەیان هەیە, کە لە ئەزموونی خۆیان و پێوەندیان لە تەک یەکترییدا, بتوانن چارەسەرێک بۆ قەدەغەکردنی مرۆڤ لەوەی خۆی وێران بکات. بۆیە, پێویستە لەسەر ئەمەریکا و چیین, چارەسەرێکی مامناوەندیی بدۆزنەوە.

گوڵدبیرگ: سەرۆک ئەبێـت چ رێگەکی سیتەماتیکیی بگرێتەبەر, بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە تەک چیین دا؟
کیسنجەر: ئەوە گرنگە کە جیاوازیی تێڕوانیی ئێمە و تێڕوانیی چیینییەکان, لە بارەی کێشە هەڵپەسێوراوەکانەوە تێبگەین. ئەمەریکاییەکان پێیان وایە باری سرووشتیی جیهان, سەقامگییریی و پێشکەوتنە, ئەگەر هەر کێشەیەکیش هەبێـت لە ئارادا, ئەوا ئەتوانرێت بەسەریدا زاڵ ببێت, لە رێی خستنگەری هەموو توانا و سەرچاوە بەردەستەکانەوە, پاشان لە دوای تەواوبوونی ئەو ئەرکەش, ئەمەریکا ئەتوانێـت حاڵەتی خۆپەرێزیی بگرێتەوە بەر. بەڵام لەبەرمبەریشدا, چیینییەکان, پێیان وا نییە,  کە هییچ کێشەیەک لە ئارادا نییە,  هەتا بە شێوەیەکی کۆتایی زاڵ ببێت بەسەرییدا. بۆیە کاتێک لەتەک شارەزاکانیاندا قسە ئەکەیت, ئەوانەی ستراتییجە چیینییەکان دائەڕێژن, باسی راگوزەرێکی درێژت بۆ ئەکەن, نەک بارودۆخێکی کاتیی, بەڵام کاتێک لە تەک ستراتتیجدارێژانی ئەمەریکا قسە ئەکەیت, ئەوان زیاتر هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرئەدەن.

گوڵدبیرگ: تۆ بەردەوام, قسە لە تەک سەرکردە چیینییەکان ئەکەیت, ئایا کاردانەوەی ئەوان چیی بوو, بەرامبەر هەڕەشەی جەنگیی ئابووریی لە لایەن (ترەمپ) وە؟
کیسنجەر:یەکەم کاردانەوەیان بەرامبەر وتەکانی ترەمپ, مایەی حەپەسان بوو, نەک بەهۆی کەسایەتی ئەوەوە, بەڵکو لەبەر ئەوەی سەکۆی سیاسەتی ئەمەریکا, ئەم جۆرە مشت و مڕەی بەرهەم هێناوە, کە لەتەک سرووشتی ئەم وڵاتەدا ناجۆر کەوتۆتەوە, لە یەکەم کاردنەوەیاندا وتیان: "ئایا ئەمە ئەوە ئەگەیەنێـت, کە ئێمە ئەچیینە ناو رووبەڕووبوونەوەیەکی بێ چەندوچوونەوە لەتەک ئەمەریکادا؟". 

گوڵدبیرگ: ئایا ئەمە وەک  چەمکێکی ئاسایشی نێودەوڵەتییە؟
کیسنجەر: من ڕێک نییم , لەسەر ئەوەی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئێمە, یەکسان بکرێـت لەتەک سیاسەتی "باوەشگییریی ( ئیحتیواکردن) چیین"دا. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە, ئەوەیە لە ئاسیادا هەبیین, لە سەر ئاستی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی. ناتوانیین, باس لە هاوسەنگیی بکەین لە ئاسیادا, هەتا هەندێک لە مەرجەکان دەستبەر نەکەین, لە نێوان ئەوانەدا بۆ رێکەوتنی هاوبەشییکردن لە ئۆقیانووسی هێمن. بەڵام لە هەمان کاتدا, پێویستە کراوە بیین بۆ چیین. با روون بیین لەوەدا کە چیین, ئەتوانێـت ببێتە بەشێک لەم رێکەوتنە, هەتا مسۆگەر بین, ئەو کێبڕکێ ئابوورییەی نێوانمان لە سنووری چوارچێوەی خۆی تێپەر نەکات و, بژاردەی هاوکاریی و تەواوکاریی لە نێوانماندا هەمیشە لەکارا بێت. بەڵام, باوەشگییریی سەربازیی چیین, سیاسەتێکە ئەبێـت ببێتە, دوایین بژاردە کە بۆی بچیین.

گوڵدبیرگ: ئایا پێوەندیی چیین – ئەمەریکا, لێکەوتەی زیاترە لە توندڕەویی ئیسلامیی؟
کیسنجەر: توندڕەویی ئیسلامیی, لەسەر ئاسۆی سیستەمی نێودەوڵەتیی رێکخراوە, لە مەودایەکی کورتدا. پێوەندییمان لە تەک چیین, سیستەمی نێودەوڵەتیی پێکدەهێنێت لە مەودایەکی درێژدا. ئەمەریکا و چیین, دوو دەوڵەتن, لە لایەنی ئابوورییەوە زیاتر شوێنەکەوتەی یەکترن لە جیهاندا, ئەوە دۆخەکەیە لە راستییدا. بەڵام, هەردوو وڵاتەکە پێویستە ملکەچی گۆڕانکارییە ناوخۆییە نوێکان بن. وەک هەنگاوی یەکەم بۆ پێشەوە, پێویستە تێگەیشتنمان پێش بخەین بۆ چۆنییەتی کارکردنی هاوبەشی چیین – ئەمەریکا, بە سەقامگییرکردنی جیهان. بە لایەنی کەمەوە, پێویستە رێک بکەویین لەسەر سنوورداکردنی جیاوازییەکانمان. زۆر ئاڵۆزتریش, ئەوەیە پێویستە ئەو پرۆژانە سنووردار بکەین, کە ئەتوانیین پێکەوە پێی هەستیین.

قسەکردن لەسەر جیهان و, سیستەمی نێودەوڵەتیی, لە دوای کۆرۆنا:
 درەنگتر, لە هەموو سیاسەتکارێک, یان دەوڵەتمەدارێک, کیسنجەر, لە ٤ی مایس لە رۆژنامەی ۆڵ سترییت دا,  بە نووسیینێکی ٨٢٨ وشە, هاتە قسە, بە ناونیشانی: "پەتای کووشندەی ڤایرۆس سیستەمی نێودەوڵەتیی بۆ هەتا هەتایە ئەگۆڕێت".(15)
"سەرکردەکان, لەسەر بنەمایەکی نیشتمانیی گەورە, مامەڵە لەتەک قەیرانەکاندا ئەکەن, بەڵام, ڤایرۆسەکە کاریگەرییەکی بێ ئەندازەی لەسەر کۆمەڵگەکان هەیە. لەوکاتەی کە دەستدرێژییەکە بۆ سەر تەندرووستیی مرۆڤە – بەو هیوایەی – کاتیی بێـت, بەڵام ئەو پەشێوییە سیاسیی و ئابوورییانەی کە ناویەتەوە, کاریگەریی بۆ چەندیین نەوە ئەبێـت. هییچ دەوڵەتێک ناتوانێـت, تەنانەت ئەمەریکاش, بە کۆششێکی نیشتمانیی تەنیاباڵ, بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا زاڵ بێت.

بە وانە وەرگرتن, لە پێشخستنی پلانی مارشاڵ و پرۆژەی مانهاتن, ئەمەریکا لەسەریەتی کە کۆششێکی گەورە بەجێ بهێنێت لە سێ بواردا:
یەکەم: پشتییوانیی کشهاتووی جیهانیی, لە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە درمەکان. دیارە, سەرکەوتنی زانستە پزیشکییەکانی وەک ئیفلیجیی مناڵ و سەرکەوتن بەسەر ئاوڵە, یان دەستنیشانکردنی پزیشکیی زیرەکیی دەستکرد, خستیینیە مەترسیی لە خۆ رازیبوونەوە. پێویستمان بە پێشخستنی تەکنییکی نوێی قەلاچۆکردنی پەتا و کوتانە گونجاوەکان هەیە. پێویستە,  ئامادەبیین بە بەردەوامیی  لە پاراستنی شار و ویلایەت و ناوچەکان دا, لە دژی دەردەکان, لە رێی بەدواداچوون و, پیلانی هاوکاریی و, دۆزینەوە زانستییەکانەوە.

دووەم: هەوڵدان بۆ تیمارکردنی ئابووریی جیهانیی. سەرکردەکان, وانەی گرنگ فێربوون لە قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ وە. بەڵام, ئەم قەیرانە داراییەی ئێستا زۆر ئاڵۆزترە: ئەم کرژبوونەوەیەی کە کۆرۆنا ناویەتەوە, لەوپەڕی خێرایی و سنووریی جیهانییدایە, بە پێچەوانەی هەر شتێکی ترەوە لە مێژوودا. تەگبییری تەندروستیی گشتیی پێوییست, وەک, دوورختسنەوەی کۆمەڵایەتیی و داخستنی قوتابخانە و کۆمپانیاکان, بەشداریی ئەکەن لە ئازارەکانی ئابوورییدا. هەروەها, پێویستە, بەرنامەکان لە هەوڵی بارسووککردنی ئەو گەڕەڵاوژێیە بن, کە خەریکە دانیشتووانی جیهان لاواز ئەکەن.
سێیەم: دەبێت لە خەمی پاراستنی چەمکەکانی سیستەمی لیبراڵیی جیهانیی بیین. ئەفسانەی دامەزراندنی حوکوومەتی نوێ ئەو شارە شوورادارەیە, کە فەرمانڕەوای بەهێز ئەیپارێزێت. جاری وایش هەیە دەسەڵاتسەپێنەکانن, جاری وایش هەیە, بژاردەیەکی باشن, بەڵام هەمیشە ئەوەندە بەهێزن, کە بتوانن خەڵک لە دوژمنێکی دەرەکی بپارێزن. بییرمەند و رۆشنکارەکان ئەم چەمکانەیان داڕشتووە, بە پاساوی ئەوەی کە مەبەست لە دەوڵەت, دەستبەرکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانە بۆ خەڵک؛ ئاسایش, سیستەم, خۆشگوزەرانیی ئابووریی و دادپەروەریی. تاکەکانی کۆمەڵگە, خۆیان ناتوانن لە لای خۆیانەوە, ئەمانە دەستەبەربکەن, ئەم دەردە کوشندەیە جوداگەرییەکی مێژوویی وروژاندووە, ژیانەوەی شاری شوورادار لە سەردەمێکا, متمانەی لەسەر بازرگانیی جیهانیی و جووڵەی خەڵکە.

دیموکراسییەکانی جیهان, پێویستییان بە بەرگرییکردنی بەهاکانی رۆشنکاریی و پاراستنیان هەیە.  ئەم پاشەوپاشەهاتنە جیهانییە, لە هاوسەنگیی نێوان دەسەڵات لەتەک شەرعییبوونییدا, بەرەو هەڵوەشانەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتیی ئەچێت, لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی. بەڵام, ناتوانرێت بابەتی شەرعیەتپێدان و, هێزی ساڵانی دووهەزار لە یەک کاتدا, لەتەک زاڵبوون بەسەر ئەم دەردە کوشندەیەدا, یەکلایی بکرێتەوە. دان بەخۆداگرتن, پێویستە لە هەموو رەهەندەکانیەوە بێت - سیاسەتی ناوخۆیی و دیبلۆماسیی نێودەوڵەتیی, پێویستە پێشکارییەکان (ئەولەویات) دیاریی بکرێن." 

ئەم نووسیینەی کیسنجەر, وەک زۆربەی زۆری تری نووسیین و یاداشتەکانی, مانا قووڵەکانی سیاسەت و, تاریکیی بریار و, تەگبییر و, پییلانەکانی نەڕەواندۆتەوە. نووسینێک لە جاران زیاتر, سەرپێی و بگرە سادەش بوون, کەم کەس هەیە نەتوانێـت بیان نووسێت. بەڵام, لەبەر ئەوەی وتەی بەرپرسانەی گەورەتریین سیاسەتکاری سەردەمە و, هاتۆتە قسە, بوو بەمایەی سەرنجڕاکێشانی دونیا بۆی و, بەوەڵامهاتنی  بەرپرس لە دەرەوەی ئەمەریکا و, رۆژنامەنووسان و, بییرمەندان, مایەی سەرسووڕمان نەبوو. یەکێک لەو نووسیینە رەخنەییە توندانەی ئاراستەی ئەم نووسیینە کرا, لە لایەن "جۆزیف بۆسکۆ"(16)یە: 
"کیسنجەر, لە دوو کتێبی ئەم دوواییەدا, "دەربارەی چیین" و"سیستەمی نێودەوڵەتیی" و, باسی دینامکییەکانی جیۆپۆلەتیکی نیو سەدەی پێشوو ئەکات. پێی وایە کە گۆڕانکارییەکان بناغەی خۆیان داکووتاوە, بۆ گۆڕانکاریی گەورەتر لە کاریگەریی ئەمەریکا و رۆژئاوا, بۆ سەر چیینی میللیی. 

هۆکاری راستەوخۆی تەقیینەوەی ئەم پەتا چیینییە بۆ پەتایەکی کوشندەی جیهانیی, ئەو بەپەرچە شوورەییەی دەسەڵاتی کۆمۆنیستیی بوو, بە دەست بەسەرداگرتنی بەپەلە, یان رێگەنەدان بە شارەزا نێودەوڵەتییەکان بۆ چوونەژوورەوەی ناو وڵاتی چیین. بەڵام, بەگوێرەی ئامانجەکانی کیسنجەر لەم نووسیینەدا, هییچ گرنگییەکی بەم هەلسوکەوتەی چیین نەداوە. ئەنووسێت: "مشت و مڕێک بە کاروباری رابردووەوە, وا ئەکات کە ئەوەی ئێستە پێی هەستیت, سەخت بێـت"
 بەڵام, لەتەک ئەوەشدا, دوو دڵ نییە لە دیارییکردنی کەمتەرخەمییەکانی ئەمەریکا, کە چەندیین ئیدارە ئەگرێتەوە: کەمیی هەبوون پێداویستییە پزیشکییەکان, یەکەکانی چاودێریی ورد, نەبوونی پێویست لە کەرەستە پشکنیینەکان, چارەسەر, کوتان. بەڵام لە تەک ئەمانەش, ئەڵێت: "ئیدارەی ئەمەریکا بە کاری بەهێز و تۆکمە هەستاوە, بۆ دوورکەوتنەوە لە روودانی کارەساتی کتووپرانە."
بەڵام, بە پێی ئەنجامی دەردەکە, کیسنجەر پێی وایە, لێکەوتەکانی بۆ ئەمەریکا نیمچە بوونێکە. توانای ئیدارەی ترەمپ لەسەر "وەستاندنی تەنیینەوەی ڤایرۆسەکە و پێچەوانەکردنەوەی ئاراستەکەی", ئەو ئەگەرانەی "متمانەی خەڵک بە توانای ئەمەریکاییەکان بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان" دیاریی ئەکات. بەڵام بە گوێرەی گەلی چیین, بە دەسەڵاتی کۆمۆنیستیی, کە بەڕێوەیان ئەبەن, خامۆشە و کپکردنەوەیەکی تری دەنگ هەڵبریینە لەو گەلەدا. ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییە ناهێنێت, کە رژێمەکە پێی هەڵدەستێت بۆ لۆمە خستنە سەر ئەمەریکا.
لە بریی ئەوە, کیسنجەر, روو ئەکاتە بەپرسە ئەمەریکاییەکان, کە فەرامۆش نەکردنی "گرنگییەکی ئەستۆگییرانە, بۆ دانانی پرۆژەیەکی تەریب بە گوێزانەوە, بۆ سیستەمی دوای ڤایرۆسەکە." بەپێی کتێبەکانی پێشووی و چالاکییەکانی لە ماوەی ٥٠ ساڵی رابردوودا, هەر لەو کاتەوە, کە نیکسۆن ئەمی تەرخان کرد بۆ هاوکارییکردنی, لە کرانەوە بەڕووی چیین دا, ئەشێت ئەو سیستەمی نێودەوڵەتییە نوێیەی کە وێنای ئەکات, شێوەیەک بێـت لە شێوەکانی یەکە نیشتەجێبوونەکانی نێوان چیین و ئەمەریکا, لەتەک زیاتربوونی بەشدارییکردنی چیین "هاوبەشە باڵادەستەکە".
 دیسانەوە نووسیینەکەی جۆزیف, "ئەگەر, وەک کیسنجەر مشت ومڕیەتی, چاکسازیی سیاسیی نەتوانرێت ئەنجام بدرێت و, تەنانەت هەوڵیشی بۆ نەدرێـت لە کاتی تەنگژەکاندا, ئیتر چاوەڕوانی ئەوە ئەکرێت, کە پاراستنی سیستەمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتیی و, پاراستنی بەها رۆشنکارییەکانی لە پێشکارییەکانی رۆژئاوا بن لە هەر کاتێکی تردا. بەڵام, ئەمە ئامانجی حیزبی کۆمنۆنیستی فەرمانڕەوا نییە لە چیین دا. کیسنجەریش زۆربەی ژیانی سیاسیی خۆی لەوەدا بەسەر بردووە, کە  بەردەوام  هەوڵی داوە, سەرکردە رۆژئاواییەکان پەسەندی ئەم (چیین) ە بکەن, وەک ئەوەی هەیە و, رێ بدەن لە سیستەمی نێودەوڵەتیی پێشکەوتوودا جێی ببێتەوە.

بەڵام, ئەوە بە خەیاڵی نیکسۆن دا نەهات, کاتێ زانای شارەزا لە بەرنامەی ئەتۆمیی سۆڤییەت و پرۆفیسۆری هارڤەردی فێری کرد چۆن تێبگات, لە سرووشتی لەڕووداوەستانەوەی چیین و, پێداویستی دەستوبرد بۆ گۆڕیینی سیستەمەکە و دیدیان بۆ جیهان. کاتێک, کیسنجەری نارد بۆ پەکیین, بۆ ئامادەسازیی یەکەمیین سەردانی نیکسۆن, ئاگاداری کردەوە کە خۆی بەدوور بگرێـت, لە ملدانی پێشوەختە بۆ چیین.

بەڵام, ئەو ئامۆژگاریە جێبەجێ نەکرا, هەر لە دەستبەرداربوونی تایوانەوە. دوای چەند دەیەیەک و, سەرباری دیموکراسییبوونی تەواوی تایوان, کیسنجەر هێشتا خەریکی تەواوکردنی ئەم ناپاکییەیە, هێشتا پەنجەی ئاگاداریی لە حوکوومەتی تایوان و گەلی تایوان بەرز ئەکاتەوە, لە ئارامگرتنیان بەرامبەر بە چیین. "شیی جنپن", ئاگادارکردنەوەکەی کیسنجەری سەلماند و, ئامادەسازییە سەربازییەکانی دژی تایوان زیاتر کرد.

هەرچۆن چیین, سەرکێشانە و نابەرپرسیارانە, رەفتاری کردووە لە جڵەوشلکردنی دەردی ڤایرۆسی کۆرۆنا, لە جیهاندا, ئەم رەفتارانەی ئەبنە مایەی هەڵگییرساندنی جەنگ لە گەرووی تایوان. ئەگەر کار بەم شێوەیە بێـت – ئەم دەردە کوشندەیە و, کارەساتی گۆڕەپانی"تیانانمن" دژ بە خۆپیشاندەران و, سەربازگە گرتووخانەکانی یۆگۆر, دەرکێشانی ئۆرگانە جەستەییە زییندووەکان, چەوسانەوەی ئۆپۆزسیۆن و, زۆری تر لە دەستدرێژییە مەعنەوییەکانی تر, دامەزراوەکانی حیزبی کۆمۆنیستیی چیین "هێشتا خۆیان بە شکستخواردوو دانەناوە". ئیتر, لە دوا کاردا, کاتی گونجاو هاتووە بۆ ئەوەی لاچن و بڕۆن, پێویستە پێشکارییەکان دیاریی بکرێن.

دوای ئەم دوو نووسینە,  پێدەچێت مشتومڕی نێو دێڕەکانی زۆری گەیاند بێت. بۆیە, ریچارد هاس- شارەزای پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی ئەمەریکا, سێ رۆژ دواتر, بە نووسینێک بە ناونیشانی "دەردە کوشندەکە, مێژوو خێرا ئەکات نەک شێوەی پێکبهێنێتەوە, مەرج نییە هەموو قەیرانێک خاڵی وەرچەرخان بێت".(17)
"ئێمە, بە قەیرانێکدا تێئەپەڕیین, کە بە هەموو پێوەرێک گەورەتریینە, بۆیە ئاساییە, کە وای دابنێین ئەمە خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی نوێدا. لە مانگەکانی دوای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا, شرۆڤەکاران بۆچوونیی جیاجیایان هەیە, دەربارەی لێکەوتەکانی ئەم دەردە کوشندەیە لەسەر رەوشی جیهان. زۆربەیان, مشتومڕیانە لەسەر ئەوەی, ئەچیینە جیهانێکەوە, بە شێویەکی بەرچاو جیاوازتر ئەبێت لەوەی لەوەو پێش هەبوو. هەندێک, بۆچوونیان وایە, ئەم دەردە کوشندەیە, دەبێتە مایەی سیستەمێکی نێودەوڵەتی نوێ بە سەرکردایەتی چیین؛ هەندێکی تر پێیان وایە, ئەبێتە مایەی سڕیینەوەی سەرکردایەتی چیین. هەندێکی تر ئەلێن جیهانگییریی ( العولمه‌) ناهێڵێت؛ هەندێکی تر هیوای بەوەیە, کرانەوەی سەردەمێکی نوێی هاوکاری جیهانییە. بەڵام هێشتا, هەندێ بۆچوونی وایە, سەرکەوتنی نەتەوایەتیی لێ پەیدا ئەبێـت, بازرگانی جیهانیی ئازاد کەم دەبێتەوە و, دەبێتە گۆڕینی رژێمەکانی زۆر لە وڵاتان- یان ئەوانەی پێشوو هەر هەموویان دەبن.

بەڵام, ئەو جیهانەی کە دوای کۆرۆنا دێت, پێ ناچێت زۆر جیاوازیی هەبێـت لەوەی پێشوو. بۆیە کۆرۆنا, ئاراستەی بنەڕەتیی مێژووی جیهان ناگۆڕێت, بەڵکو خێرای ئەکات. دەرەکە و وەڵامدانەوە بۆی, تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی جوگرافیای سیاسیی هەڵماڵیی و تۆکمەتری کردن. ئەنجامی ئەمەش, ئەم قەیرانە, کەمتر ئەبێتە مایەی خاڵی وەرچەرخان, وەک لەوەی کە وێستگەیەکە بەدرێژایی رێگایەکەی, جیهان بۆ چەند دەیەی پێشوو, لەسەری ئەرۆیشت.

هێشتا زووە, بۆ ئەوەی پێشبیینی وادەی تەواو بوونی قەیرانەکەش بکرێت. ئیتر, لە ماوەی شەش , دوانزە یان هەژدە مانگیێکدا بێت, ئەوا ئەو کاتە دیارییکراوە, متمانە ئەکاتە سەر ئەو ئاستەی خەڵک چەندە پێرەوی رێنماییەکانی دووریی کۆمەڵایەتی و پاکژیی تەندرووستی ئەکەن؛ بەردەستبوونی پشکنیینی خێرا و, ورد, کەمتێچوو و, دەرمانی دژە ڤایرۆس و کوتان؛ مەودای فریاکەوتن و کۆمەکی ئابووریی بۆ تاک و کۆمپانیاکان.

هێشتا, ماویەتی بزانرێت ئەو جیهانەی لە دوای ئەم قەیرانەوە سەرهەڵئەدات, چییە؟ داکشانی سەرکردایەتیی ئەمەریکا, پەرشبوونەوەی هاوکاریی جیهانیی, ناکۆکی نێو زلهێزەکان: ئەمانە, خەسڵەتی ئەو ژینگە نێودەوڵەتییە بوون لە پێش دەرکەوتنی دەردەکە, ئەم دەردەش بوو بە مایەی دەرکەوتنی فریاکەوتنی زۆر پێویستتر, لە هەموو کاتێکی تر زیاتر. بۆیە, لەمەو دوا ئەگەری پەیدابوونی شەقڵی زیاتر هەیە لە جیهاندا.

 یەکێک شەقڵەکانی ئەم قەیرانە, کەمبوونەی سەرکردایەتی ئەمەریکایە بە شێوەیەکی بەرچاوانە. ئەمەریکا, جیهانی کۆنەکردەوە, لە هەوڵێکدا بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسەکە, یان هەبوونی کاریگەرییان لەسەر ئابووریی. هەروەها, ئەمەریکا, جیهانی کۆنەکردەوە بۆ پێشەنگییکردنیان بەرەو چارەسەکردنی ئەم کێشەیە. وڵاتەکانی تر, خۆیان کەوتوونەتە خەمی خۆیان, بەهەر توانایەکەوە کە هەیانبووە, یان پەنایان بردووە بۆ ئەوانەی, کە ترۆپکی دەردەکەیان تێپەراندووە, وەک چیین, بۆ داوای کۆمەککردن.

بەڵام, ئەگەر ئەو جیهانەی کە بەم قەیرانەدا تێپەڕ ئەبێت, ئەو جیهانە بێت کە ئەمەریکا بە شێوەکی کەمتر, زاڵە بەسەریدا - ئەوا زۆر ئەستەمە, ئەمڕۆ هییچ کەسێک چاوەڕێی ئەوە بکات لە بارەی "ساتی تاکجەمسەریی" بنووسێـت -. ئەم ئاراستەیە نوێ نییە, زیاتر لە یەک دەیەیە, ئەمە روون بۆتەوە.

هەتا رادەیەکیش, ئەم ئەنجامە ئەوەیە, کە فەریید زەکەرییا وەسفی کردووە بە "هەڵکشانی ئەوانی تر" (بەتایبەتیی چیین), کە ئەبێتە مایەی نزمبوونەوەی ئەدای ئەمەریکا, سەرباری بەردەوامیی برەوی هێزی رەهای ئابووریی و سەربازیی. بەڵام زیاتر لەمە, ئەنجامی هەڵنووتانی ئەمەریکاییەکانە نەک پاشەکشەی توانای ئەمەریکایی. باراک ئۆباما, سەرپەرشتی کشانەوە لە ئەفعانستان و رۆژهەڵاتی ناوەراستی کرد. ترەمپ, زیاتر هێزی ئابووریی بەکارهێنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنەکان. بەڵام بە شێوەیەکی کۆتاییانە, بوونی ئەمەریکای لە سووریادا نەهێشت, هەوڵی هەمان شت ئەدات لە ئەفغانستانیش, رەنگە لەمانە گرنگتریش, هییچ گرنگیی نەداوە, چ بە هاوپەیمانێتی یان بە پاراستنی رۆڵی پێشەنگیی ئاسایی ئەمەریکا, لە چارەسەکردنی پرسە نێودەوڵەتییەکان.

ئەگەری روودانی ئەم گۆڕانکارییە, بەشێکی زۆر بۆ وتەکەی ترەمپ ئەگەڕێتەوە "ئەمەریکا یەکەم شتە", کە پەیمانی دا, ئەمەریکا بەهێزتر ئەبێت و زیاترئەگەشێـتەوە, ئەگەر کەمتر بە دەرەوە خەریک بێـت و, توانا و وزەکانی لە ناوەوەدا بەکاربهێنێت. ئەوەی لە ناواخنی ئەم بۆچوونەدایە, ئەوەیە کە هەرچیی ئەمەریکا کردوویەتی لە دەرەوەدا, بەهەدەردان و ناپێویست بوون و, هییچ پەیوەندییان بە خۆشگوزەرانیی ناوەوە نەبووە. بە گوێرەی زۆرێک لە ئەمەریکاییەکانەوە, رەنگە ئەم دەردە, ئەم بۆچوونە پشت راست بکاتەوە کە راست بووە, کە راستتر ئەوەیە, تیشک بخرێتە سەر ئەوەی, کە چۆن خۆشگوزەرانیی ناوخۆ, کاریگەر بووە بە هەموو جیهانەوە. ئەڵێن, ئەمەریکا, لەسەریەتی کە تیشکۆ بخاتە سەر ناوخۆی و پێداویستییەکان دابین بکات نەک سەرقاڵی دەرەوە بێـت. ئەم بژاردەیە هەڵەیە, کە وڵاتەکە پێویستی پێیەتی و توانای بەرگەگرتنی هەردووکیانی هەیە, بەڵام ئەتوانێت هەموو وەک یەک تاوتوێ بکات."

هاس, لە نزیکەوە, پێگەی ئەمەریکا لە جیهاندا ئەبینێت, لە لایەک وەک کەمتەرخەمیی و, لە لایەکی ترەو هەڵکشانی نەیارەکانی ئەمەریکا, کە ئەرکی سەرشانی ئەمەریکایان قورستر کردووە, کە رابگات بە نوێبوونەوە لە ئاستی هەموو لەڕووداوەستانەوەکاندا, نووسییوویەتی: "ماوەیەکی درێژ, پێش ئەوەی کۆرۆنا زەوی وێران بکات, بە راستیی, دابەزینێکی لە ئاستی سەرنجڕاکێشیی مۆدێڵی ئەمەریکایی لە ئارادا بوو. ئەویش بە سایەی, تەنگەبەربوونی سیاسیی بەردەوام, توندوتییژیی چەکداریی, خراپی بەڕێوەبردن لە ماوەی قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨, دەردی تلیاک و هۆشبەرەکان, زۆری تر لەمانە. ئیتر,ئەمەریکا, مایەی گرنگیی نەمایەوە بۆ کەس. وەڵامدانەوەی هێواشی حوکوومەتی فیدراڵیی و ناپەیوەست و, ناچالاک لە زۆربەی دۆخەکاندا, رێخۆشکەرە بۆ ئەوەی لێکەوتەکانی دەردەکە, ئەو بۆچوونە باوەوە تۆکمە بکات, کە بەراستی ئەمەریکا رێی لێ ون بووە."
هاس, بۆچوونی زۆر وردی نموونەیی خۆی دەرئەبڕێت, کە وەک ناکۆکییەک لەسەر هەموو ئەو ژرۆڤانەی لەسەرەتای نووسیینەکەیدا ئاماژەی پێکردوون, بە بێ ناوهێنانی شرۆڤەکارەکا, کە رەنگە کیسنجەر یەکێک بێت لەوان,  ئەڵێت: " لە ڕووی تیۆرییەوە, قەیرانەکە پابەندبوونێکی نوێ لەتەک خۆیدا ئەهێنێت, بەرەو بونیادنانی سیستەمێکی نێودەوڵەتیی زۆر بەهێز تر, هەرچۆن کارەساتی جەنگی دووەمی جیهانیی, بوو بە مایەی رێکخستنەوەییەک کە ئاشتی لێکەوتەوە و, گەشانەوەی دیموکراسیی لێ هاتەدیی بۆ زیاتر لە سێ چارەکە سەدەیەک. ئەم سیستەمە, هەموو ئەو هاوکارییانە ئەگرێتەوە, بۆ رێگرتن لە تەنیینەوەی دەردەکوشندە درمەکان و مامەڵەکردن لە تەک لێکەوتەکانی, زیاتر لەمەش, ئامادەسازیی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆرانکاریی لە کەش و هەوا جیهانیی, داڕشتنی یاساگەلێک بۆ فەزای سیبرانیی و, یارمەتییدانی کۆچبەرە زۆرەملێکان و, چارەسەرکردنی بڵاوبوونەوەی تیرۆر."
 هاس, جیهانی دوای کۆرۆنا لە دۆخێکی گەڕەلاوژەی گەورەتردا ئەبینێتەوە, ئاماژەی بە کتێبەکەی سێ ساڵ لەمەوبەری ئەکات, بە ناونیشانی" جیهان لە گەڕەلاوژێدا", ئەڵێت: "دیمەنی جیهانم بەوە وەسفکرد, کە زیاتر بوونی کێبڕکێی نێوان زلهێزەکان و, بڵاوبوونەوەی ئەتۆمی و, وڵاتە لاوازەکان و, زۆربوونی هرووژمی پەنابەران و , برەودانی نەتەوەیی , لە پەنا داکشانی رۆڵی ئەمەریکا لە جیهاندا. ئەوەی ئەنجامەکانی ئەم دەردە کوشندەیە ئەیگۆڕێت, تەنها راستیی گەڕەلاوژێ نییە, بەڵکو مەوداکەیەتی."
 هاس, رۆژگاری دوای کۆرۆنا, پێشبینیی ئەکات بە گەڕانەوە بۆ رۆژگارەکانی جەنگی یەکەم و دووەم. لەوێوە, وێنەی ئەمەریکا و رۆڵی لە مەیدانی سیاسیی جیهاندا ئەخاتەوە بییر, ئەنووسێـت: " بەڵام, هییچ پاساوێک نییە, بۆ ئەو بڕوایەی کە رابردوو خۆی دووبارە ئەکاتەوە, لە دوای ئەم کارەساتە جیهانییەی دوایی. ئەمڕۆ, جیهان لەبار نییە بەو ئاسانییە پێکبهێنرێتەوە. هێز, دابەش بووە بۆ زۆر دەستی تر, ئیتر بۆ دەوڵەت بێت یان جگە لە دەوڵەت,  زیاتر لە هەموو کاتێکی پێشوو. کۆدەنگیی نەماوە. تەکنییک و لەڕووداوەستانەوە (التحیدات) نوێیەکان, توانای کۆدەنگیی تێپەڕاندوو بۆ مامەڵەکردن لە تەکییدا. یەک وڵات نییە, جێگەی ئەمەریکای ساڵی ١٩٤٥ بگرێتەوە. 

ئەوەی لەمە زیاتریشە, ئەمەریکا لەم کاتەدا, ئامادە نییە رۆڵیێکی نێودەوڵەتیی پێشەنگ ببینێت, لە ئەنجامی ئەو هەراسانییانەی  تووشی هاتووە, لە هەردوو جەنگی درێژخایەنی ئەفغانستان و عێراق و, زۆربوونی پێداویستییەکانی ناوخۆیەوە. تەنانەت, ئەگەر سیاسەتی ئاسایی دەرەوەی وەک جۆزیف بایدن- جێگری پێشووی سەرۆکه‌ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تشریینی دووەمیش سەربکەوێت. بەرەنگاربوونەوەی کۆنگرێس و خەڵک, رێگرن لە گەڕانەوەی گشتگییری ئەمەریکا لە جیهاندا. هێیچ ولاتێکی تریش نییە, نە چیین و,  نە هییچ یەکێکی تر, ئەو خواست و توانایەی هەیە, ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە ئەمەریکا درووستی کردووە.

لە دوای جەنگی دووەمەوە, لە رووبەرووی هەڕەشەی کۆمۆنیستیی, لە ئاسۆی جەماوەری ئەمەریکاییەوە, پێداویستییەک پەیدابوو بۆ پشتییوانی وڵاتەکەیان, کە رۆڵی پێشەنگ بگێرێت لە هەموو جیهاندا. دین ئاچیسۆن -وەزیری پێشەوەی دەرەوە بە شێوەیەکی هەڵەشانە, وتی: حوکوومەت لەسەریەتی پاساوی "روونتر لە راستیی" بۆ گەلی ئەمەریکایی و کۆنگرێس بدات, لە کۆششەکانیدا بۆ باوەشگییریی (ئیحتیواکردنی) رووسیا. هەندێک لە شرۆڤەکاران, وا بۆی ئەچن کە ناڕەزایی بەرامبەر هەڕەشەی چیین, ئەتوانێ سەرلەنوێ پشتییوانی جەماوەر بەدەست بهێنێێتەوە لەمرۆدا. بەڵام  سیاسەتێکی دەرەوە کە راوەستا بێت, لەسەر بەربەرکانێی چیین, بەس نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو لەڕووداوەستانەوانەی (تحدیات) لەمڕۆی جیهان هەن. لە هەمان کاتدا, بانگکردنی گەلی ئەمەریکا بۆ چارەسەکردنی کێشە جیهانییەکان لە ناوجەرگەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا, کارێکی ئەستەمە. بەم پێیە, ئەوەی کە زۆر پەیوەستە بۆ رەچاوکردن لە مێژوودا, رەنگە ئەو  رۆژگارەی دوای جەنگی دووەم نەبێت, بەڵکو رۆژگاری دوای جەنگی یەکەمە - رۆژگاری کەم دەستتێوەردانی ئەمەریکایی و, هەڵکشانی پەشێوییە نێودەوڵەتییەکانە. ئەوانەی تریش, وەک ئەڵێن, بریتییە لە مێژوو."
هاس, سوورە لەسەر ئەوەی ئەمەریکا, لە خەمساردیی خۆی بەردەوام ئەبێـت,  دۆخی رۆژگاری دوای جەنگی دووەم دووبارە نابێتەوە, بە مانای ئەمەریکا بەو زلهێزییە نابینێتەوە. بۆیە, هییچ ئامۆژگارییەکی پێ نییە بۆ ئەمەریکا. بە پێچەوانەی کیسنجەرەوە, پێداگییریی ئەکات لەسەر لیبرالییزمی ئەمەریکایی, بەڵام بە چاکسازییەکەی ورد و پرگرنگیی زیاترەوە.
تێبیینییەک: لەم نووسیینەدا, چەندیین تێکست, لە نووسیین و چاوپێکەوتنەکان, بە وەڕگێرانەوە لە دەقە بنەڕەتییەکەیەوە, گوێزراونەتەوە ناو باسەکانەوە. ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی خوێنەری بەڕێز, سوودی زیاتر وەربگرێـت, لە وردەکاریی ئەو بۆچوون و وتانەوە لە دەمی نووسەرەکانیەوە. هەروەها, پێویست نەبوونی بڵاوکردنەوەی وەرگێڕانی ئەو وتار و چاوپێکەوتنانە, وەک نووسیینی جیا و تایبەت.


سەرچاوەکان:
1. The Editors of Encyclopaedia Britannica, Henry A. Kissinger: United States
     Statesman.
     https://www.britannica.com/biography/Henry-Kissinger.
2. F. P. Sempa, Kissinger on Kissinger: Reflections on Diplomacy, Grand Strategy, and
    Leadership, New York Journal of Books.
فرانس سیمپا, یاریدەدەری داواکاری گشتی ئەمەریکا بۆ ناوچەی ناوەڕاست لە ویلایەتی بەنسڵڤانیا. بەناوبانگترین کتێبی,  گەشتی سەربازێکی جەنگاوەر لە جەنگی دووەمی جیهانییدا (A Combat Soldier's Journey through the Second World War). 
3.Ref.1
4. N. Ferguson, The secret to Henry Kissinger‌s success, Politico,20th Jan. 2018.
نیاڵ فێرگەشۆن, پرۆفیسۆری مێژووە لە زانکۆی هارڤەرد.
5. A. Horne, The case for Henry Kissinger, The Independent, 18th Oct. 2009.
6. J. Bosco, Kissinger's post-pandemic world order and the demise of the Chinese 
   Communist Party, The Hill, 4th Sept.2020 
جۆزیف بۆسکۆ, بەڕێوەبەری وەزارەتی چیین بووە لە ماوەی ٢٠٠٥ هەتا ٢٠٠٦ و, بەڕێوەبەری هاوکارییە مرۆییەکانی کارەساتەکانی ئاسیا و ئۆقیانووسی هێمن بووە لە ساڵی ٢٠٠٩ هەتا ٢٠١٠. هاورێی دامەزراوەی لێکۆڵیینەوەی کۆریا - ئەمەریکا و ئەندامی ئەنجوومەنی راوێژکاریی پەیمانگای تایوانی جیهانییە."
7. S. Chayes, This Is How Kleptocracies Work, The  Atlantic. 23th Feb. 2020.
8. J. Goldberg, World Chaos and World Order: Conversations With Henry Kissinger, 
    The Atlantic, Nov. 2016.
جێفری گۆڵدبییرگ, سەرنووسەری گۆڤاری (The  Atlantic), نووسەری چیرۆکی بەندییەکان: چیرۆکی هاوڕێیەتی و تیرۆر (Prisoners: A Story of Friendship and Terror.)
9. Human Right Watch, United States Events of 2017, Jan. 2017.
10. L. Diamond, America‌s Silence Helps Autocrats Triumph, FP,6th  Sept. 2016
11. B Klaas, Democracy is dying around the world—and the West has only itself to 
    blame, Quartz, 10th  March, 2017.
12. W. Cohen,  The United States, China, and the Kissinger Doctrine, Dissent,11th Aug.
      2011
13. By Wang Zaibang, US should heed Kissinger‌s warning on ties, Global Times,  27th 
      Nov.2019.  
14. Ref. 6.
15. H. A. Kissinger, The Coronavirus Pandemic Will Forever Alter the World 
       Order,The Wall Street Journal, 3rd April  2020.
16. Ref.4.
17. R. Haass, The Pandemic Will Accelerate History Rather Than Reshape It Not 
      Every Crisis Is  a Turning Point, 7th April  2020.


د. ڕزگار ئاغا
دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×