هەڵبژاردن لەرژێمە ئۆتۆکراسییەکاندا، پێشبیینییەکی خێرا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو

د. رزگار ئاغا
  2024-03-23     251

   (١)

 ئاماژەدانێکی مێژوویی هەڵبژاردن لە رژێمە ئۆکراسییەکاندا، لە توێژیینەوەی میللەردا (1)هاتووە کە هەڵبژاردنی فرەپارتیی رژێمە ئۆتۆکراسییەکان یەکەم جار لە ئەورووپا و ئەمەریکای باکوور دەرکەوتووە، بەڵام لە ساڵی ١٨٨٠ هەتا ساڵانی ناوەڕاستی جەنگەکان بە شیوەیەکی سەرەکیی بوو بە دیاردەیەکی دیاری وڵاتانی ئەمەریکای لاتین. لەگەڵ بلاوبوونەوەی نۆرمە دیموکراتییەکاندا لە ماوەی نێوانی هەردوو جەنگەکە و دوای دووەم جەنگی جیهانی بە تایبەتیی و کۆتاییهاتنی سەردەمی کۆلۆنیالیزمیی، وای لە زۆرێک لە نەتەوەکانی دوای داگیرکاریی لە ئەفریقا و ئاسیا کرد کە رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی داگیرکەرانی پێشوویان پەسند بکەن، هەرچەندە تەنها بە هەڵبژاردنێکی سنووردار یان بێ کێبڕکێ بوو. بەڵام لە ئەمڕۆدا، هەرچۆنێک بێت، رژێمەکانی ناوچەی دوای کۆمۆنیزم و بەشێک لە ئەفریقا، کە تێیدا بەرزبوونەوەی هەڵبژاردنی رژێمە ئۆتۆتارییەکان لە ساڵی ۱۹۹۰ ەوە روویاندا و وەک ئەنجامێکی ئازادیخوازیی لە دۆخێکی وەستاو یان پچڕاوی ئۆتۆکراتیی یەک حیزبییەوە هاتە مەیدانەوە.

بەم پێیە، ئەو ڕژێمە ئۆتۆکراتییانەی کە ڕێگە بە هەڵبژاردنی فرەپارتیی ئەدەن بۆ چەندین دەیە بوونیان هەیە، بەڵام لە کۆتایی جەنگی ساردەوە لە ژمارە و رێژەیییان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە لە ١٦ وڵاتەوە لە ۱۹۸۸ بۆ ٤٧ وڵات لە ٢٠١٢دا. بەڵام رەوشی هەڵبژاردن لە رژێمە ئۆتۆکراتییەکاندا، بە پێی جۆری رژێمەکان گۆڕاون. بۆیە توێژەران لەهەمان کاتدا پۆلێنکارییەکیان کردووە بۆ جیاکردنەوەی جۆری هەلبژاردنەکان و لێکۆڵیینەوە لەسەر ئامانج و کاریگەرییەکانیان. بۆیە کەوتنە سەر ئەو رایەی، کە لە ناو ئەو رژێمانەی کە سیاسەتیان دژی ئۆپۆزسیۆن هەیە، پێشبڕکێی راستەقینە هەیە و حیزبەکانی تر جگە لە حیزبی دەسەڵات لە ئەنجومەنی یاسادانان نوێنەرایەتیی ئەکەن و، ئێستا باوترین جۆری رژێمی نا-دیموکراسیی پێک ئەهێنن بە پێچەوانەی رێگاکانی تر لە سیاسەتی بەراوردکارییدا، ئەو رژێمانەن کە وەها ناسێنراوان کە "نە بەتەواویی دیموکراتن و نە ئۆتۆکراتی کلاسییکن"(2)، کەوتوونەتە ناو پۆلێنێکی ترەوە یان نیمچە دیموکراسیین (Subtypes of democracy) یان بە "رژێمە خۆڵەمێشییەکان-Hybrid regimes " پۆلێن کراون، بۆیە توێژەران بە گوێرەی هەڵبژاردنەوە ئەم رژێمانەیان لە دوو پۆلێندا یەکخستووە، یەکێکیان؛ رێگە بە هەڵبژاردنی فرەپارتیی ئەدات بۆ ئەنجومەنی یاسادانان (و دەسەڵاتی جێبەجێکاریی) کە تیایدا پارتی ئۆپۆزسیۆن ئەتوانن رکابەری بکەن و، جۆری دووەمیان؛ ئەو رژێمە ئۆتۆکراتییانەیە کە رێگە بە پێشبڕکێی فرەپارت ی (سنووردار) ئەدەن لە هەڵبژاردنەکاندا (کە زۆرجار بە " هەڵبژاردنی ئۆتوکراتییانە" ناوئەبرێت) و ئەو رژێمانەن کە تیایدا حیزبە سیاسییەکانی جگە لە حزبی دەسەڵات قەدەغەکراون یان تەنها پارتی دەسەڵات رێگە/یان پێ ئەدرێت کاندید بۆ پەرلەمان تۆمار بکەن و تیادا تەواوی ئەنجومەنی یاسادانان لە نوێنەرانی نا حیزبیی یان ئەندامانی پارتی دەسەڵات پێک ئەهێنرێت.  بە گوێرەی جۆری یەکەمەوە، ئۆتۆکراتیی فرەپارت رێگە بە کەمترین پێشبڕکێی فرەپارت ی سنووردار و جۆرێک لە پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەدات، بەبێ ئەوەی واز لە بانگەشەی دیکتاتۆریی رژێمەکەی بهێنێت. جیاوازی نێوان هەڵبژاردنی فرەپارت لە رژێمە ئۆتۆکراتەکاندا بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی لە دیموکراسییەکاندا هەیە ئەوەیە کە لە دەسەڵاتەکانی هەڵبژاردندا "مەیدانی یارییکردن" تەخت نییە و ئەگەری شکستی پارتی دەسەڵات زۆر کەمە کە چاوەڕوان بکرێت. بەم شێوەیە، هەڵبژاردن مەبەست نییە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەیەکی سیاسی نوێ، بەڵکو پشتڕاستکردنەوەی دۆخی ئارایە.(3)

پرسیاری گرنگ لە لای توێژەران ئەوە بووە، ئەبێت چ مەبەت و ئامانجێک لەودیو "هەڵبژاردنی فرەپارت" ەوە هەبێت لە لایەن ئەو رژێمانەوە کە پیادەی ئەکەن، لەکاتێکدا رژێمە ئۆتۆکراتییەکان تەنها دەربەستی رۆڵی دامەزراوە میراتییەکانی کۆلۆنیالیزمن بۆ تەنهاییبوونی سیاسەت و بڕیاردان و زیاتر بەرکەوتنی بەرژەوەندییەکان! بەڵام، توێژەران چوار هۆکاری سەرەکییان دییوەتەوە(4):

یەکەمیان؛ شێدلەر (Schedler) ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەوانەیە رژێمەکان رەوا بکات بەبێ ئەوەی مەترسییەکی زۆر هەبێت بۆ دەستبەرداربوونی دەسەڵات. دووەمیان؛  لێڤیتسکی و وەی و، شیرا (Levitsky and Way (2010) and Shirah) ئەڵێن کە لە سەردەمی دوای جەنگی ساردەوە دیکتاتۆرەکان لەوانەیە مەبەستیان لە هەڵبژاردن بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی نێودەوڵەتیی یان رازیکردنی پێداویستییەکانی رێکخراوەکانی فریاگوزاریی نێودەوڵەتیی بووە، بەتایبەتی کاتێک ئابوورییەکانیان بە توندیی پەیوەست بوون بە دیموکراسییە رۆژئاواییەکانەوە. سییەمیان؛ زانایانی تری وەک گاندی، مگالۆنیی (Gandhi, and  Magaloni)، هەر یەک لە توێژیینەوەیەکدا، تیشکیان خستە سەر رۆڵی دابەشکردنی دەسەڵات لە هەڵبژاردنە ئۆتۆکراتییەکان و سوودە زانیارییەکانی هەڵبژاردنی فرەپارت لەژێر دەسەڵاتی ئۆتۆکراتییدا واتە هەڵبژاردنی فرەپارت ئەتوانرێت بەکاربهێنرێت وەک ئامرازێک بۆ پیشاندانی هەژموون و زاڵێتیی رژێم و چاودێرییکردنی خەڵکانی بەدەسەڵاتی رژێمە ژێردەستەکان و دابەشکردنی بەرژەوەندیی و پلە و پۆستەکان بۆ لایەن و کەس و خێڵە دڵسۆز و پشتییوانەکان. چوارەمیشیان؛ میللەر (Miller) پێی وایە، هەڵبژاردنە ئۆتۆکراتییەکان کار بۆ کەناڵکردنی داواکارییە گشتییەکانی هاووڵاتییان و دڵنیابوون لە وەرگرتنی بۆچوونی هاووڵاتییان و دەستکەوتنی زانیاریی پێویست بۆ ئۆتۆکراتەکان، کە پێویستییانە بۆ پەرەپێدانی سیاسەتە نوێیەکان و رێکخستن و پیاچوونەوەی ی ئەوانەی کە پێشتر هەبوون.

 

(٢) کاریگەرییەکانی "هەڵبژاردنی فرەپارت" لەسەر خۆڕاگریی رژێمی ئۆتۆکرات

توێژەران(5)، پشکنیینی وردیان بۆ دۆخی ئەو وڵاتانە ئۆتۆکراتییانە کردووە کە لە باشتریین حاڵەتدا "هەڵبژاردنی فرەپارت" ی تیادا کراوە، لەسەر سێ دەرکەوتەی سیاسیی بڕیارەکانیان لەسەر ئەنجام و کاریگەریی هەڵبژاردن کردووە لەو رژێمانەدا ، ئەو دەرکەوتانەش بریتیین لە بەردەوامیی رژێمەکەو، رووخاندنی رژێمەکە و سەقامگیریی رژێمەکەیە. بۆیە توێژەران لە دوو بەرەوە کارەکانیان خستووەتە روو: بەرەی یەکەم بایەخیان بەو مەرج و رێکارە سیاسییانە داوە کە هەڵبژاردنەکان هەنگاوی درووست و جیددین بۆ دیموکراسییبوون لە ژێر ناونیشانی تێزێکدا "دیموکراسییبوون بە هەڵبژاردن". ئەم توێژاەرانە پێیان وایە کە دووبارەبوونەوەی بەردەوامی هەڵبژاردنی لە چوارچێوەی هەر رژێمێکدا، لە کۆتاییدا ئاکامەکەی ئەبێت بە هۆی تێکشکاندنی دەسەڵاتی ئۆتۆکراتیی و دەرکەوتنی بۆشاییەکی راستەقینەی دیموکراسیی . میڵەر(Miller) بەم دواییانە بۆی دەرکەوتووە کە ئەزموون لەگەڵ هەڵبژاردنی ئۆتۆکراتییدا، نیشاندەرێکی ئەرێنییە بۆ دیموکراسیی و سەقامگیریی دیموکراسیی. توێژەرانی تری وەک هاوارد و ڕۆسلەر (Howard and Roessler) بۆیان دەرکەوت کە "هەڵبژاردنی فرەپارت" لەژێر بارودۆخی ئۆتۆکراتییدا لەوانەیە ببێت بە پەنجەرەیەک بۆ لیبراڵییبوون، کاتێک لە ماوەی خۆپیشاندانی چڕتری خەڵکدا دژ بە کاربەدەست باڵادەستەکان، ئۆپۆزسیۆنەکان یەکگرتوو ئەبن بۆ پێشبڕکێکردن لە هەڵبژاردنەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموون لەگەڵ "هەڵبژاردنی فرەپارت" ئەتوانێت هاندەرێک بۆ کەس و لایەنی تر کە پارتی سیاسیی تر دابمەزرێنن کە بەدەم داواکانی هاوڵاتییانەوە بچن. بەم پێیە، دابەشبوونە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان ئەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و دواجار لە دەنگهێناندا بە بەرژەوەندیی سیستەمی حوکومڕانیی ئەشكێتەوە. بەم پێیە کۆڵەکەکانی دیموکراسیی بەرەبەرە تۆکمەتر و پتەوتر دائەمەزرێن.بە هەمان شێوە، مۆرس (Morse) باسی ئەوە ئەکات کە کردنەوەی نوسینگەی سەرەکیی زیاتر بۆ ململانێ و کێبڕکێ لە سایەی رژێمە ئۆتۆکراتییەکاندا، ئەو هاندەرانە ئەگۆڕێت کە رووبەڕووی پارتی ئۆپۆزسیۆن ئەبنەوە و خاڵی ناوەندی زیاتریان بۆ دابین ئەکات بۆ ململانێکردن، کە لەوانەیە ببێتە هۆی دیموکراسییکردن.

بەرەی دووەم، لە لایەکی ترەوە، لە ئەنجامی توێژیینەوەکانیان هییچ کاریگەرییەکی مێژوویی "هەڵبژاردنی فرەپارت"یان نەدۆزییەوە چ لە واقیع و چ ئاماژە لەسەر ئەگەری گواستنەوە بەرەو دیموکراسیی، یان ئاماژە بن بۆ  هەبوونی بەرەنگاربوونەوەی رەوایەتیی میکانیزمەکانی ئۆتۆکراتیی. بۆ نموونە، بووگاردس (Boogards) پرسیار لە ئەنجامەکانی ئەم دواییانە دەکات بۆ ئەفریقای باشوور، مککۆی و هارتلین (McCoy and Hartlyn) و کایا و بێرنھارد (Kaya and Bernhard) هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر هەڵبژاردنی ئۆتۆکراتیی لەسەر دیموکراسیی لە ئەمریکای لاتین و کۆمارەکانی دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤێت نەدۆزیوەتەوە. لە راستیدا، لەوانەیە کۆدەنگییەک هەبێت لەنێوان توێژەرانی هەڵبژاردنەکانی رژێمە ئۆتۆکراتییەکان دا،  کە "هەڵبژاردنی فرەپارت" ئەتوانێت هەردوو دەرئەنجامی بەردەوامبوونی رژێم و رووخاندنی رژێمەکەی بە دەمەوە هەبێت، هەروەها کە هییچ کاریگەرییەکی روون و ئاشکرای هەڵبژاردنیش لەسەر سەقامگیریی رژێم نەبێت. بۆ نموونە، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەلایەن ئێجێڵ و ئەوانی تر (Edgell et al) بەڵگەی بەهێز ئەدۆزێتەوە بۆ کاریگەریی ئەرێنیی بەردەوامی "هەڵبژاردنی فرەپارت" ی رژێمە ئۆتۆکراتییەکان لەسەر دیموکراسیی لەسەر ئاستی جیهاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا بە رەچاوکردنی جیاوازییە هەرێمیی و سەردەمییەکان: کاریگەرییەکە زۆر بەهێزترە بۆ "شەپۆلی سێیەمی"(6) دیموکراسییبوون - بەتایبەتی سەردەمی دوای جەنگی سارد - بە بەراورد بە ماوەکانی پێشوو. وا دیارە، ئەفریقای باشوور و وڵاتانی دوای کۆمۆنیزم زۆربەی کاریگەرییە جیهانییەکان لەخۆ ئەگرن، لە کاتێکدا لە ئەمریکای لاتین ئەم کاریگەرییە تەنها بۆ سەردەمی شەپۆلی سێیەم گرنگە. لە کۆتاییدا، ئەنجامی توێژیینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا (Middle East and North Africa -MENA) ناڕوونترن، لە کاتێکدا ئۆتۆکراتیی لە ئاسیادا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەنگاریی دیموکراسییبوون ئەکات وەک لێکەوتەیەکی ئەرێنیی کاریگەریی "هەڵبژاردنەی فرەپارت". فوکویاما Fukuyama)) پێی وایە: بە رەچاوکردنی ئەوەی کە دیمەنی سیاسیی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیای هەیەتی بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی تری جیهان، دەوڵەتی تا رادەیەک بەهێزی تێدایە و، ئەو هێزەی کە رژێمە ئۆتۆکراتییەکان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا  -MENA)) هەیانە، زیاتر ئەوەیە کە ئامێری ئاسایشی پێشکەوتووی بێمانایان هەیە- کە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەم دەوڵەتانە ئاستێکی بەرزی "توانای سەرکوتکردن و داپڵۆسین"یان هەیە – ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئەم دەوڵەتانە کە لە چواردەورێکدا هاوکارە  بۆ هەبوونی ئەم هۆکارەی ناوی توانای دەوڵەتە.(7)

 

(٣) پێوەندیی توانای دەوڵەت  و هەڵبژاردن لە رژێمە ئۆتۆکراتییەکاندا

پێویستە توانای دەوڵەت بە پێی سازکردن و بەکارهێنانی رژێمی ئۆتۆکرات بناسێنێین، ئەویش بە پێی هانسان و سگمان(7) کە کۆمەڵێک دامەزراوەی گشتیی و رێکخراوی گشتیی ترن، کە پێکەوە کۆنترۆڵی یاسایی و بەکارهێنان و دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر ناوچەیەکی دیاریکراوی سەروەریی و خەڵکدا ئەکەن و، پوختەکەیشی توانای دەوڵەتێکە بۆ "بەجێهێنانی شتەکان"، کە پێکەوە تێگەیشتنیان لەم چەمکە، بۆ سێ ڕەهەند کورت کردووەتەوە: (١) توانای زۆرەملێی وڵات(coercive capacity). (٢) توانای کارگێڕیی (administrative capacity)و (٣) تواناى دەرکێشان (extractive capacity).

پێوەندییەکی دینامیکیی بەردەوام هەیە لە نێوان ئەم سێ رەهەندەی توانای دەوڵەت و هەڵبژاردنە ئۆتۆکراتییەکاندا، کە وەها بینراوە بە هەردوو  ئاراستەکەدا ئەجووڵێت؛ واتە کاریگەریی توانای دەوڵەت لەسەر میکانیزمی سازدان و رێکخستنی هەڵبژاردنەکان و ئەنجام و لێکەوتەکانی و، لە هەمان کاتدا بە ئاراستەکەی تریشدا کاریگەریی ئەنجام و لێکەوتەکانی هەڵبژاردن لەسەر رێکخستنەوە و ئاستی توانای دەوڵەت لە هەر سێ رەهەندەکەیدا لە دوای هەڵبژاردن. ئەتوانرێت بوترێت کە لە رێی رەهەندە جیاوازەکانی توانای دەوڵەتەوە هەردوولایەنەکە کاریگەریی ئەکەن و کاریگەرییان لەسەر ئەکرێت لەلایەن ئەو ستراتیجییانەی کە رژێمە دەسەڵاتدارەکان بەکاریان دەهێنن بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکانیان"، بە مانایایەکی روونتر، هەڵبژاردن ئەتوانێت دەوڵەت بەهێز بکات یان لاواز بکات. سلاتەر (9) ئەڵێ: کە رێکخستن و کردنی "هەڵبژاردنی فرەپارت" لەژێر هەلومەرجی نادیموکراسیی دا، ئەتوانێت کاریگەریی راستەوخۆی بونیاتنانی دەوڵەتی هەبێت. بە شێوەیەکی دیاریکراو، هەڵبژاردنەکان نەک تەنها وەک هاندەرێک کار بکەن بۆ بونیاتنانی حیزبە دەسەڵاتدارە جەماوەرییەکان و زاڵبوون بەسەر هاوڵاتی سادە و شەقام و پەراوێزخراو، بەڵکو دەستێوەردانی حوکومەتیش لە دەسەڵاتی دام و دەستگا ناوخۆییە خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتییشدا. بەم شێوەیە، "هەڵبژاردنی کێبڕكێی نیشتمانیی هاندەرە بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵات بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت". لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵبژاردنی کێبڕكێ ئەتوانێت توانای دەوڵەت تێک بدات و بەشداریی بکات لە داڕمانی دەوڵەتدا. بەپێی مانسفێڵد و سنەیدەر (Mansfield and Snyder)، کردنەوەی گۆڕەپانی هەڵبژاردن بۆ ناکۆکیی لەسەر ئاستی  بەدەر لە نیشتمانیی لە یەکێتی سۆڤیەت و یوگسلاڤیا، هێزی ناوەندی لەو ناوچانەدا درووست کرد کە حکومەتە ناوەندییەکانیان لاواز کرد و لە کۆتاییدا رژێمە ئۆتۆکراتەکانیان لاواز کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، لە حاڵەتی دەوڵەتە فرەنەتەوەییە ئاڵۆزەکاندا، ئەوەی کە زۆرجار لە هەڵبژاردنەکاندا لە مەترسییدایە، تەنها مانەوەی رژێم نییە، بەڵکو مانەوەی دەوڵەتە لە بەرامبەر فشارەکان بۆ تێکچوون، لەوانە بەرەنگاریی جووڵانەوە جۆربەجۆرە سەربەخۆکانن.(10)

لەگەڵ ئەوەشدا، تیشک خستنە سەر ئەو پرسیارەی کە ئایا و چۆن توانای دەوڵەت کاریگەریی لەسەر بەهێزکردنی رژێم یان لاوازبوونی هەڵبژاردنەکان هەیە. فێنەر و سلاتەر جەخت ئەکەنەوە، "دەوڵەت کۆتا چەکی دامەزراوەییە لە چەکی ئۆتۆکراتییدا." لەبەر ئەوە دانایی باو ئەوەیە کە پێی وایە دەوڵەتە بەهێزە ئۆتۆکراتییەکان رژێمە ئۆتۆکراتییەکەیان بەهێز ئەکەن، لە کاتێکدا لاوازیی دەوڵەت ئەگەرێکی زیاترە بۆ لەناوبردنی رژێم لە ئاکامی "هەڵبژاردنی فرەپارت"ەکان لەو رژێمانەدا، بە تایبەتی لە رێی ئەو کەسانەی کە سەرۆکایەتیی دەوڵەتێکی زۆر توانادار ئەکەن، رەنگە بە شێوەیەکی ژێربەژێرانە بیرۆکراسییەکی خراپ بەکاربهێنن بۆ یارییپێکردنی دەنگی دەنگدەر و دەستگاکای هەڵبژاردن، هەروەها بەکارهێنانی ترس و تۆقی بەهێزیش بۆ رێگریی لە جوولەی ئۆپۆزسیۆن و ناڕەزایەتییەکانی دوای هەڵبژاردنەکان. بەم شێوەیە، هەڵبژاردنەکان ئەگەری زیاتریان هەیە بۆ سەقامگیرکردنی رژێمە ئۆتۆکراتەکان کە ئاستێکی بەرزی توانای دەوڵەتیان پێ دراوە. لە لایەکی ترەوە، کاتێک توانای دەوڵەت نزمە، ئەگەری ئەوە هەیە هەڵبژاردنەکان لە کۆنترۆڵ دەربچن، رژێم ناچار ئەکات بەرەو شێوەیەکی ئاشکراتر. ئەم توێژیینەوانە ئەوە پیشان ئەدەن کە توانای دەوڵەت بە راستیی مەیلی سەقامگیریی رژێمی ئۆتۆکراتیی باشتر ئەکات، شیکردنەوەکەیان ئەوەش ئاشکرا ئەکات کە ئەوەی بە شێوەیەکی سەرەکیی کاریگەریی هەیە ئەو توانای زۆرەملێیەیە نەک کاریگەریی ئیداریی ئەم دەوڵەتانە.(11)

 

(٤) دەسەڵاتی پارتیی و هەڵبژاردنی حوزەیرانی ٢٠٢٤ی هەرێمی کوردستان

با لەویوە دەستپێ بکەین، مێرێت سیبێرگ(12) لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر بنەمای چەند پرسیارێکەوە کردووە، کە چۆن هەڵبژاردنەکان کارئەکەن بۆ ناسەقامگیرکردنی ئۆتۆکراسییەکان و کاریگەریی "هەڵبژاردنی فرەپارت" بە دیاریکراویی- بە لاوازبوونی کۆنترۆڵکردنی پارتی دەسڵاتەوە- لەسەر دیموکراسیبوون چییە؟ سیبێرگ لە رووانگەی ئابوورییەوە لە وەڵامەکان نزیک بووەتەوە، ئەو پێشنیاری ئەوە ئەکات کە کۆنترۆڵکردنی دیکتاتۆرێک بەسەر ئابووری وڵاتدا لەوانەیە گرنگ بێت بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان دەسەڵات و هەڵبژاردن و گۆڕینی رژێم. بە شێوەیەکی دیاریکراو، ئەو بیردۆزە ئەخاتەڕوو کە نەهێشتنی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتدار بەسەر ئابوورییدا ئەگەری ئەوە کەم ئەکاتەوە کە هەڵبژاردن ببێتە هۆی سەقامگیریی و مانەوەی ڕژێم، چونکە کۆنترۆڵی ئابووریی وشککردنی سەرچاوەی هێز و توانا دەوڵەتییەکانی دەسەڵاتی ئۆتۆکراتە و دەستکارییکردنی گرنگ ئەخاتەوە. سستکردن و وشککردنی ئەم جۆرە سەرچاوانە رێگە بە دەرکەوتنی  شێوازی جۆراوجۆری هەڵبژاردن ئەنجامەکانی ئەدەن و، بەم شێوەیە کۆنترۆڵی ئابووریی ئەگۆڕدرێت بۆ کۆنترۆڵی هەڵبژاردن.

لەمەوە دەرئەکەوێت کە "دادگای فیدراڵیی" کە لە سەرەتای درووستبوونی عێراقی فیدراڵییەوە  دامەزراوە و تەرخان کراوە بۆ هەر دەستکارییەک یان گۆڕیینێکی جەوهەریی لە هاوکێشەی دەسەلاتەکانی عێراقی فیدراڵییدا، لەم قۆناگەدا هەنگاوی جیددی بێ گەڕانەوە و رێگرییکردنی ناوەی ناوە بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی دارایی و ئابووریی و سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-ناچیینە ناو بڕیارەکانەوە- لە بەڕێوەبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە عێراقی فیدراڵییدا. بۆیە بەپێی لێکۆڵیینەوەکان، ئەم چاکسازییە سیاسیی و ئابوورییانەی دادگای فیدراڵیی گرتوویەتییەتە دەست لە بەئاگابوونی ئەمەریکا بەدەر نییە و مایەی نەهێشتنی کارە نایاسایی و قەڵەمڕەوییە ئۆتۆکراتییەکانی پارتییە لەسەر ئاستی قۆرخکردنی حوکومڕانیی کوردستان  و لەسەر ئاستیی عێراقی ناوەند، وەک ئامادەسازییەک دەرئەکەوێ لە دامەزراندنی حوکومەتێک بۆ عێراقێکی یەکگگرتوو لە داهاتوودا. بەم، پێیە هەژموونی ئۆتۆکراتیی پارتی دیموکراتی کوردستانە بە تایبەتیی و بە یەکجاریی ئاوا ئەبێ و لەگەڵیشیدا نەمانی ئەو دەسەڵاتە ئۆتۆکراتییەی هەرێمیشە کە پارتی و یەکێتیی سەپانیان بەسەر خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی تردا و بە تۆکەمییانە لە پەیمانی ستراتییجیی نێوان پارتیی و یەکێتیی شووڵی تاک دەسەڵاتیی و بێ منەتیی لێ هەڵماڵییوە، بۆیە، بە ئەوپەڕی ئۆتۆکراتیی هاتە مەیدانەوە کە زۆربەی نەهامەتیی و زۆرەملێی و سەرکوتکردن و گرتن و بڕیین و داڕمانی ئابووریی و  بەناو قەرزاییەی کە ئەیڵێن، لێرەوە سەرچاوەی گرتووە.

هۆکارەکان زۆر سادەن، بەو پێیەی قەوارەی هەرێم بنەمایەکی نێودەوڵەتیی کاتیی پێدراوە لە سەرەتای درووستبوونییەوە، بۆیە پێناسە وناساندنی لەسەر ئاستی دیپلۆماسیی و ئابووریی لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەشدا لەسەر ئاستێکی بەرتەسک و لە دووتوێی ستراتییجێکدا داڕێژراوە کە روون نین یان نەخراونەتە بەر دەست و بەو ژێربەژێرییەوە ماوەتەوە. هەرچەند لە نووسینی تردا بۆچوونی نووسەری ئەم باسە هەیە لەسەر درووستبوون و تەمەنی قەوارەکە، بەڵام بەشێکی ئەمەی خوارەوەیە:

"... پێ ئەچێت ئەم سەردەمە تارییکترین و مەترسییدارتریینیان شكستی قۆناغی سێیەم بێت (قۆناغی ١ شۆڕشێ شێخ مەحموود، قۆناگی ٢ ئۆتۆنۆمیی  ٧٠-٧٤، قۆناغی  قەوارەی هەرێم٣ ٩١-٢٠٢٤ ) و ئەمجارە چوارەمی نەبێت! بەو مانایەی قۆناغێکی تر بەناوی قۆناغێ چوارەمەوە بۆ دۆخی کورد و حوکومڕانیی کورد ناڕەخسێتەوە، کە ببێت بە شوێنگرەوەیەکی یەک لەدواییەکی نەرییتگرانە، کە هەر دۆخێک یان هەر دەستێک هەبێت مسۆگەری بکاتەوە! چونکە سیی ساڵ هەل هەبووە کە حوکوومەتێکی نوێ لە تەرزی (وەک خۆیان ناویان لێناوە حوکومەتی فیدراڵیی لە عێراق دا)، دامەزرێت بە مانا پڕاوپڕەکەی، بەڵام نەبوو! چونکە دەسەڵاتێکی پاوانخواز لە خەمی خێزانیی و خێلەکییدا، خۆی بە خاوەنی پێدانی دەسەلات بە سێ دەسەڵاتە دیموکراسییەکە زانییوە، کە شەرعییەتەکەی لە تێگەیشتن و بەشدارییکردن و هزر وپەرۆشیی کۆمەڵگەکەیەوە وەرنەگرێت. ئەم قۆناغە درێژتر لەوانی تر، بەریەککەوتنی ئارایی خەڵک و حزبە دەسەڵاتدارەکانە، کە ناتەبا وەستانەوە، کۆک نەبوون لەسەر یەک بەرژەوەندیی، کە جۆراوجۆرێتیی ئاییندە و داهاتوو بەرجەستە بکات لەناو دەوڵەتێکی نوێدا وەک ئەوانەی لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئاسیادا هەن.

رەنگە وەڵام و چاوەڕوانیی ئەم نەوەیەی لە قۆناغی سێ دا هاتنە دنیاوە و تیادا ژیان، لە داهاتوودا، پشتکردن بێ لەو هەموو مێژووە بێت و، بەو مانایەی بییرچوونەوەیەکی لۆجیکییانەی سەردەمانە بەڕێوەیە، بۆ سڕیینەوەی ئەم مەرگەساتە سیی ساڵییە لەبیر و یادەوەریی دا، هەرچۆن کارەسات و مەرگەساتەکانی شەڕی عێراق-ئێران و جەنگەکانی کەنداو و راپەڕینەکانی گەلی عیراق لەسەر دەستی بەعس و سەددام لە واقیعیکی تاڵتردا لەبیربرانەوە. نەوەیەک دێتە بەرەوە کە هەر بە نووسین ئەم قۆناغە دەخوێنێتەوە وەک ژمارە و رووداوگەلێک، بە هەموو کەس و هێز و مێژووییەوە ئەچنە دوو توێی کتێبەوە و، رۆژگارێکی تر بەڕێوەیە کە چارەنووس و ژیانکردن لە سفرەوە دەست پێ ئەکاتەوە!" (13)

 هەڵبژاردنی ئەمجارە، لەگەڵ ئەوەدا کە پارتی دەسەڵات کە پارتی دیموکراتیی کوردستانە بەشدار بێت یان بەشدار نەبێت، رۆژی ئاوا ئەبێ و چیتر زاڵبوونی بەسەر حوکومڕانیی دوای ئەم هەڵبژاردنە نابێ! کە خۆی لە خۆیدا وەرچەرخانێکی ئەرێنیی بێ گەڕانەوەیە.

لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەش، براوەکان نابن بە جێگرەوەیەکی گونجاو و حوکومڕانییەکی تەمەن کورت ئەگرنە دەست،  بۆ ساڵێک یان زیاتر کاتیی ئەبن و خۆڕاگر نابن و، لە جۆرێک لە گەڕەلاوژەی حوکومڕانیی و تەنگژەی سیاسیی دا ئەژین کە ناتوانن هییچ دەستکارییەکی حوکومڕانیی بکەن بە پێی داواکارییەکانی ئەو رژێمە سیاسییە عێراق کە بەرنامەکراوە، کە شێوازی حوکومڕانیی هەرێم تیادا دائەڕێژرێتەوە.

هۆکاری لەقێتیی و ناجێگرییەکە، رەنگە لە چەند روویەکەوە راڤە بکرێ:

 ١. ئەم جۆرە دابەشبوونە پەرلەمانییەی کە ئەکەوێتەوە، بەرکەوتەیەکی بێ رەهەندی نیشتمانییە و زیاتر بەرهەمهاتووی ناکۆکییە ئۆتۆکراتییەکەی پێشووە.

٢.ئەو پێکهاتە پەرلەمانییە تێک هەڵشێلراوە ئەبن، کە تێکشکانێکی دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی راستەقیینە نابن کە بتوانن لە جەرگەی هاوڵاتییەوە بچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و، دواجار لە دەنگهێناندا بە بەرژەوەندیی سیستەمی حوکومڕانیی دەنگدانەکان بشکێنەوە. رەنگە، ئەوەی ئەبینرێت شێوەی حزبێکی ئۆپۆزسیۆنیی دا، چەند کەسێکی جیابووەوە یان نائومێدبووی ئەو پارتە سیاسییە شکستخواردووانە بن لە رابردوودا، بەڵام دەریانخستووە کە ئەوانە رزگارکەری ئەو دۆخە شلۆق و شڵەقاوانە نابن، بەڵکو هەندێکیان زۆرجار بە ویست و بەرنامەی پارتە دەسەڵاتدارەکان لە پێشتردا کردوویانن بە دەمسپیی و رێنیشاندەر، یان کورتبییانە ئەجێندایەکی مردوو یان ئازارشکێن ئەکەن بە ئاگری کڵپەسەندووی ناڕەزایەتییەکان دا و، لەبەرئەوەی زۆرجاریش، رابەر و پێشەنگی ئەم جۆرە چالاکییانە، کەسانی قاڵبوو و بەرنامەکراوی ئەجێندایەکی هزریی، یان سکرابێکی رێکخراوێکی بەسەرچووی رابردوون و، نەیانتوانییوە وەرچەرخان لە هزر و ویژدان و خواست و هیوای کۆمەڵگەدا بکەن.

٣. لە هەمووی گرنگتر، ئەوە دیارە، براوەکانی هەڵبژاردنەکە ئەوانەن لەسەر بنەمایەکی زۆر لۆکاڵیی و ئایدۆلۆجیی و رەهەندی تەنکاو هاتوونەتە مەیدانەوە و، کە مایەی متمانەی نێودەوڵەتیی نین. بۆیە، بە زەحمەت پشتییوانی دەرەکیی بەردەست ئەکەن بۆ سەقامگییریی سیاسیی. بۆیە لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دا، داڕشتنەوەی عێراقێکی نوێ بە پیاچوونەوەیەکی ترەوە بۆ دەستوور و پێوەندییەکانی نێوان لایەن و پێکهاتە تائیفیی و نەتەوەییەکانی عێراق، بێگومان متمانە بۆ ئەو پارتە سیاسییانە ئەبن کە بە فەرمیی لەسەر ئاستی نیودەوڵەتیی و لە دووتوێی عێراقێکی دامەزراوەییدا ئەناسرێن و پشتییوانیی ئەکرێن و، لەگەڵ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دا لە چوارچێوە و ئاراستەی زۆر جیاوزتر لەم سیی ساڵەی پێشوو یەتە ئاراوە.

کەس غەیب نازانێ، ئەمانە  خوێندنەوە و بۆچوونن!!

---------------------------------------------------

پەراوێز و سەرچاوەکان

(1) K.M.Miller, "Democratic Pieces: Autocratic elections and democratic development since 1815.

   British Journal of Political Science 45(3), 2015.

 (2) Boogards, Matthijs How to Classify Hybrid Regimes? Defective democracy and electoral

       authoritarianism. Democratization 16(2), 2009.

(3) A. Edgell, M. Valeriya, A. David, B. Michael and I.L. Staffan, "When and Where do Elections

      Matter? A Global Test of the Democratization by Elections Hypothesis", 1900–2012. V-Dem

      Working Paper .No. 8. Gothenburg, Sweden: University of Gothenburg.2015.

(4)A. Croissant, O. Hellmann," Introduction: State capacity and elections in the study of

       authoritarian regimes", International Political Science Review, Vol. 39(1). 2018.

 (5)D. Donno, "Elections and Democratization in Authoritarian Regimes", American Journal of

      Politics , 57(3), 2013.

 (6)S. P. Huntington, "DEMOCRACY'S THIRD WAVE", Journal of Democracy, Vol.2. No.2 Spring 1991.

شەپۆلی سێیەمی دیموکراسیی- Democracy's Third Wave

سەردەمی ئێستای گواستنەوەی دیموکراسی شەپۆلی سێیەمی دیموکراسییە لە مێژووی جیهانی مۆدێرندا. یەکەم شەپۆلی "درێژخایەن"ی دیموکراسی لە ساڵی ۱۸۲۰ دەستی پێ کرد، لەگەڵ فراوانبوونی مافی دەنگدان بۆ رێژەیەکی زۆر لە دانیشتوانی نێریینە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و، بۆ نزیکەی سەدەیەک بەردەوام بوو تا ساڵی ۱۹۲٦، کە بوو بە هۆی ئەوەی ببێت بە ۲۹ وڵاتی دیموکراسیی. بەڵام لە ساڵی ۱۹۲۲،  بە هاتنی مۆسۆلینیی لە ئیتاڵیادا، دەستپێکی یەکەم شەپۆلی پێچەوانە دەستی پێ کرد کە لە ساڵی ۱۹٤۲ دا و ژمارەی دەوڵەتە دیموکراتەکان لە جیهاندا ۱۲ ی کەم کرد. سەرکەوتنی هاوپەیمانان لە دووەم جەنگی جیهاندا، شەپۆلێکی دووەمی دیموکراسییبوون دەستی پێ کرد کە لە ساڵی ۱۹٦۲ گەیشتە لوتکە و ۳٤ وڵات بە شێوەیەکی دیموکراسیی حوکمڕانییان کرد، بەڵام دوای شەپۆلی دووەمی پێچەوانە (۱۹٦۰-۱۹۷۵) دیسان ژمارەی دیموکراسییەکان بۆ ۳۰ وڵات کەم بووەوە.

ئایا شەپۆلی سێیەم لە چ قۆناغێکدایە؟ ئایا لە سەرەتای شەپۆلێکی درێژدایە، یان لە نزیک کۆتاییەکی کورت؟ ئەگەر شەپۆلی سێیەم بوەستێت، ئایا شەپۆلی سێیەمی پێچەوانە بەدوای خۆیدا دێت، کە زۆرێک لە دەستکەوتەکانی دیموکراسیی لە حەفتاکان و هەشتاکاندا لەناوبرد؟ زانستیی کۆمەڵایەتیی ناتوانێت وەڵامی باوەڕپێکراو بۆ ئەم پرسیارانە دابین بکات، هەروەها هییچ زانایەکی کۆمەڵایەتییش ناتوانێت. بەڵام لەوانەیە بتوانرێت هەندێک لەو فاکتەرانە دیاری بکرێت کە کاریگەرییان لەسەر فراوانبوون یان کەمبوونەوەی داهاتووی دیموکراسیی لە جیهاندا هەیە و ئەو پرسیارانە درووست بکەین کە زۆر گرنگن بۆ داهاتووی دیموکراسیی.(ئێرە شوێنی وەڵامدانەوە و پێجۆری ئەو پرسیارانە نییە)

ئەوەندە هەیە کە بوترێت؛ لە رووی مێژووییەوە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان مەسیحییەتی رۆژئاوا و دیموکراسییدا. لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا، زۆربەی وڵاتانی پرۆتستانت لە جیهاندا بوون بە دیموکراسیی. شەپۆلی سێیەمی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان شەپۆلێکی کاسۆلیکیی بوو. لە پورتوگال و ئیسپانیاوە شەش وڵاتی ئەمریکای باشوور و سێ وڵاتی ئەمریکای ناوەڕاستی گرتەوە و بەرەو فلیپین ۆیشت و گەڕایەوە مەکسیک و چیلیی و دواتر لە دوو وڵاتی کاسۆلیکی ئەورووپای رۆژهەڵات و پۆڵەندا و هەنگاریا تەقییەوە. نزیکەی سێ کەس لەو وڵاتانەی کە لە نێوان ساڵانی ۱۹۷٤ بۆ ۱۹۸۹ بۆ دیموکراسی گواستنەوە، زۆربەیان کاسۆلیک بوون. لە شەپۆلی سێیەمدا، کۆمەڵگەی ئەورووپا (EC) رۆڵێکی سەرەکیی گێڕا لە پتەوکردنی دیموکراسیی لە باشووری ئەورووپا. لە یۆنان و ئیسپانیا و پورتوگال، دامەزراندنی دیموکراسیی بە پێویست ئەبینرا بۆ دەستەبەرکردنی سوودە ئابوورییەکانی ئەندامێتیی لە یەکێتی ئەورووپا، لە کاتێکدا ئەندامێتیی کۆمەڵگا لە بەرامبەریشدا وەک مسۆگەرکردنی سەقامگیریی دیموکراسیی ئەبینرا. لە ساڵی ۱۹۸۱ یۆنان بوو بە ئەندامێکی تەواوی کۆمەڵگە، و پێنج ساڵ دواتر ئیسپانیا و پورتوگالیش ئەو کارەیان کرد.

(7) F. Fukuyama, " States and Democracy". Democratization 21(7), Dec. 2014.

(8) J. K. Hanson, and R. Sigman, " Leviathan’s Latent Dimensions: Measuring state capacity for

       comparative political research. Unpublished manuscript presented at the World Bank Political

       Economy Brown Bag Lunch Series, March 21, 2013.

توانای زۆرەملێ و زۆرداریی ئاماژە بە توانای دەوڵەت ئەکات بۆ پاراستنی مۆنۆپۆلی خۆی بەسەر بەکارهێنانی رەوای هێزدا، پیدانی هەقێکی رەها بەدەر لە ئازادییەکان، لەوانە توانای پاراستنی سیستەم لەناو سنوورەکانی دەوڵەت و بەرگرییکردن لە خاکەکە لە دژی هەڕەشە دەرەکییەکان.

توانای بەڕێوەبردن چەمکێکی پێوانەیی رێژەییە (scalar)، کە ئاماژە بەو ئاستە ئەکات کە دەستگاکانی دەوڵەت تا چ رادەیەک بەڕێوەئەبرێن بە دامەزراندنی "لێهاتوویی شایستەیی" مێریتۆکراسیی و یاسای دامەزراوە فەرمییەکان، نەک بە شێوەکانی تایبەتمەندیی وەک گەندەڵیی، کڕیارخوازیی، خزم و خوێشایەتیی (nepotism and cronyism)، حیزبایەتیی و خێڵایەتیی یان پاڵپشتیی.

لە کۆتاییدا، جۆری سێیەمی توانای دەوڵەت توانای دەوڵەتە بۆ زیادکردنی داهات (توانای دەرکێشان). هەروەک هانسۆن (لەم کێشە تایبەتەدا) تێبینی ئەوە دەکات کە توانای دەرکێشان "نەک تەنها گرنگە بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییەکانی دەوڵەت لە هەموو جۆرەکاندا، بەڵکو وەک نیشانەیەک خزمەت ئەکات بۆ ئەو توانایانەی کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدان." لەبەر ئەوە، لە رووی شیکردنەوەوە جیاوازە لە دوو تواناکەی تر، بەڵام لە هەمان کاتدا پشت ئەبەستێت و کاریگەریی لەسەر توانای دەوڵەت هەیە بۆ زۆرکردنی بابەتەکان بۆ پارەدان و هەروەها رێکخستنی بواری حیزبایەتیی و کڕیینی دڵسۆزیی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی

(9) D. Slater, Can Leviathan be Democratic? Competitive elections, robust mass politics, and state

       infrastructural power. Studies in Comparative International Development 43(3), 2008.

(10) Ibid (٨١)

(11) M.cAlbertus and M. Victor, " Coercive Capacity and the Prospects for Democratization",

       Comparative Politics, 44(2), 2012.

(12) B.M. Seeberg, " State Capacity and the Paradox of Authoritarian Elections", Democratization21

      (7), 2014

(١٣) رزگار ئاغا، " لە دوای شکستی حوکومڕانیی کوردیی، ئیترکاتی وەرچەخانە! "، ئاوێنە،  ١٦-٤-٢٠٢٢ .

https://www.awene.com/article?no=18346&auther=170

------------------------------------

نوسەر ئەم بابەتە پرۆفیسۆری یارییدەدەرە لەدەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی- وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان

سکرتێری نووسینی گۆڤاری کوردستانیی بۆ لێکۆڵیینەوەی ستراتییجیی (JKSS)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×