"دەسەڵات، بەڵام..."، "ئۆپۆزسیۆن، بەڵام..."، "بێلایەن، یان، سەربەخۆ، بەڵام..."

د. رزگار ئاغا
  2023-12-15     289

خەڵک لە نێوان دوو دەسەڵات دا تووشی قەتیسمانی سیاسیی ئەبێت, کاتێک حزبەکانی دەسەڵات لە حوکومەت دا لە هاوپەیمانێتییەک دا ئەبن و بەرەی دەستەبژێرە نوێنەرەکان وەک تاکی حزبەکانی حوکومەت و ئۆپۆزسیۆن, دەسەڵاتێکی تر ئەبن بەسەر خەڵکەوە. بەو مانایەی کە بەرەی دەستەبژێر لە هەمبانەیەکی (پاکێجێکی) سیاسیی دا لە هەوڵی هەڵگرتنی داواکاریی و جووڵەی خەڵکدایە. گرتنەبەری ستراتییجێتی «خۆشاردنەوە», «لۆجییکی ناڕوون» و, «گوتاری هاوبەش» وەک بابەتگەلێک کە پێوەست بن بە دۆخێکی جوانکارییەوە, ئەوا راشکاوییەکانیان - بەدەنگی بەرز- ناکرێت ئەوە بێت کە زۆریینەی خەڵک بە بێ دەنگیی بییری لێ ئەکەنەوە. بەم شێوەیە, سیاسەتێکی دووفاقیی زەق پێڕەو ئەکەن لەجووڵەیەکی ناشریینی گوتار و هەڵوێستی دژانە, دواتر دۆستانە و, زیادەڕەویی لە نمایش لە جێگەی متمانە و راستگۆیی, هەتا ئەو ئاستەی هەمان گوتار بەرهەم ئەهێننەوە بەوپەڕیی متمانەیەکی سەرسوڕهێنەرەوە.
لەم دواییانەدا لە ئەورووپا و ئەمەریکای باکوور, رەوشێکی سیاسیی تووشی «چەپ» و راست»ەکان بووەتەوە, لە ژێر فشاری بەرژەوەندیی و چاوچنۆکیی کەسێتیی دا, خۆیان لە نێو چەپ و راست دا گییرسانۆتەوە. بەجۆرێک تاک و گرۆی سیاسیی بەرت بوون بۆ «چەپ» و «چەپ, بەلام..» لە نێوانیشیان دا «چەپی پەڕگییر», هەروەها «راست», «راست, بەڵام..» و لە نێوانیشیان دا «راستی پەڕگییر». ئەوەی مەترسییدارە لەو بزووتنەوە و پارتانەدا «چەپ, بەڵام..» یان «راست, بەڵام..» بوون, کە تەراتێنی سیاسیی و دووفاقیی وتە و هەڵوێست بە پێی بەرژەوەندییەکانیان دییوەتەوە بۆخۆیان, کەی ویستییان «چەپ» ئەبن وەک هەموو «چەپ» ێک یان «راست» ئەبن وەک هەموو «راست» ێک, هەرکاتیش بەرژەوەندیی بە جۆرێکی تر بوو ئەوا «بەڵام..» بەکارئەهێنێت و لە «چەپ/راست» باز ئەدات بۆ بەرەی ئەولا و هاوکێشە و هاوسەنگییەکان و, ئاراستەی روودا و بریارەکان ئەگۆڕێت.
لە دوای بەهاری عەرەبییەوە, هەمان حاڵەت گوێزراوەتەوە ناو وڵاتانی ناوچەکەوە, حاڵەتەکە شەرمهێنەرترە, سێ لایەن درووستبووە «دەسەڵات» , «ئۆپۆزسیۆن, بەڵام...» یان «دەسەڵات, بەڵام...», "بێلایەن، یان، سەربەخۆ، بەڵام..."، ئییتر خۆساغکردنەوەی ئینتیمای سیاسیی ئەبێت بە بابەتێک, کە تەرزێک لە دەستەبژێری درووستکراوی ناو حیزبەکانی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆنی دۆڕاو، دوای رێپێدان (ئیزن) وەرگرتن لە حیزبەکەی یان راسپاردنی لەلایەن حزبەکەیەوە، پەڕگیرییەکی پێ ئەسپێررێت و خۆی وەک سیاسەتمەدار یان چاودیری سیاسیی یان پیشە کۆنەکەی رائەگەیەنێت. ئەوەی لە ئەستۆیەتی؛ گرنگە کە بتوانێت لە ئاستی ئەو نمایشەدا بێت کە خۆی بگونجێنێت؛ چەندە سەر بەدەسەڵات بێت یان بوو بێت، سەربە ئۆپۆسیۆنی شكستهاتوو بوو بێت, بتوانێت قسە بە جۆرێک بکات کە تەنها مەبەست لێی سپییکردنەوەی رووی سیاسیی و کەسێتی خۆی و پارتەکەشی بێت. چونکە, دواجار دەستەبژێری دەسەڵات و دەستەبژێری ئۆپۆزسیۆن لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دا ئەکەونە ناو خەڵکەوە بۆ دەنگ کۆکردنەوە و, درووشمەکانیان لە خواستەکانی خەڵک دا چڕکردۆتەوە و, ناڕازییبوون و سەرکۆنەکردنی دەسەڵات لەو ستەم و نادادپەروەرییانەی کە کردوویانە.
لە هەردوو دۆخەکەدا, دۆخی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن, گرفتی قووڵ هەیە لە ئەقڵی سیاسیی دا, کە خۆ زاڵکردن لەسەر بنەمای چەواشەکردن و گەوجاندن نۆژەن ئەکرێـتەوە. ئەمە مەترسییەکی شاراوەیە, هێشتا نمایشکارە دەستەبژێرەکان داوای خاوەندارێتیی خەڵک ئەکەن, بە خۆجیاکردنەوەیان لە دەستەبژێرەکانی دەسەڵات, کە بەهۆی کارامەیی سیاسەیی و نوێنەرایەتی دامەزراوەییەوە کە لە لایەن دەسەڵاتەوە پێیان دراوە؛ پێیان وایە هەمیشە رۆژگارێکی لەبارە بۆ چەواشەکاریی سیاسیی و, درووشمەکان بەسن بۆ تێپەراندنی تەنگژەکان.
کاتێک رووبەڕووی ئەم ئەقڵیەتە ئەبیتەوە کە خواستی زاڵبوونە و کەمی نییە لەوەی دەسەڵات ئەیکات, ئییتر دەستەوسانبوونێکی ئەقڵیی دەرئەکەوێت وەک بڵێی تەنها بژاردەیە, پەلەپەلەیەکی خۆسەپاندن سەرلە نوێ دەستپێدەکاتەوە, کە هەتاسەر، خەڵکی بێچارە ئەوان وەک پاڵەوان ببینێت و لە ژێر باڵیان دا بمێنێتەوە.
ئەو هۆکارە سەرەکییەی وای کردووە ئەم جۆرە سیاسەتە بتوانێت بەردەوام خۆی لە فۆرمێکی نوێ دا پیشان باتەوە, بەڵام بەهەمان ناوەڕۆک, ئەو دۆخەیە هێشتا رووبەڕووبوونەوەی نەیاری راستەقیینە نەهاتۆتە ئاراوە؛ ئەگەر هەڵشاخان و گرژییەکی سیاسیی یان تائیفیی و مەزهەبیی  لێرە و لەوێ سەرهەڵبات, هەر لە خودی خۆیانەوە بەرەی جیا جیای بۆ رائەسپێرن هەتا ئیش بکەن بن بۆ قووتدانی یان مژیینی هەر بییرکردنەوە و جموجوڵێکی بێزارکەر، ئیتر ئەم نەیارە رواڵەتییانەش, بە هێندی نزییکییان لەوانەوە، وەک ئەوان بەشدار ئەبن لە نادادپەروەریی دا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×