هاوڵاتیی بەشدار: لەپرۆسەی چاکسازیی یان دژە-گەندەڵییدا؟

د. رزگار ئاغا
  2022-12-04     460

بەشدارییکردن لەدژە - گەندەڵییدا

لە وڵاتە نادیموکراسیی یان تاڵانکارییەکان دا، کاتێک کە هاوڵاتیان و بەرپرسانی کەرتی گشتیی هەوڵی خراپ بەکارهێنان و ئاڵوگۆڕی سامان و دەسەڵات ئەکەن، لە سایەی نەبوون یان نائامادەیی میکانیزمی لێپرسینەوەی گونجاودا، رەوشی باو ئەوەیە، کە بە چاوی سەر و بە ئاشکرا ئەبینیین،  لێکەوتەکانی گەندەڵیی بریتیین لە دەرکەوتن و دامەزراوبوونی ئەو دەسەڵاتانەی، کە ئەبن بە قەڵەمڕەوی سیستەمی حوکومڕانیی گەندەڵیی  لەبریی دەسەڵاتی فەرمیی حوکومەتە سیستەماتییکە دیموکراسێتییەکان، کە خۆیان ئەبیننەوە لە پێنج گرووپی سیستەماتییکدا؛ دەسەڵاتدارانی بازاڕ، دەستەبژێرە مافیاکان، ئؤلیگارە دەستەبژێرەکان، دەسەڵاتی خێڵەکان و، بەرپرسە فەرمییەکان.

لە هەموو وڵاتاندا، ئەوەی زۆر گرنگە کە هاوڵاتییەکانی بتوانن گەندەڵیی بناسنەوە و توانای بەشدارییکردنیان هەبێت، بە مەبەستی دورکەوتنەوە لە دەرئەنجامە بێ سێ و دووەکانی گەندەڵیی، کە لەلایەن چەند توێژەرەێکەوە دەسنیشانکراون لەو راپۆرتەی (UNODC)(١) دا،  وەک: نایەکسانییە قوڵەکان و، بەرزبوونەوەی ئاستی ناپاکیی (خیانەت) تایبەت، بێهوابوونی رەوشی گشتیی و، ناجێگیریی و تەنانەت پەڕگیریی توندڕەویی (هەریەک لەمانە دەرئەنجامی توێژەرێکن).

بەشدارییکردن لە  دژە-گەندەڵیی لە چەند دەیەی ڕابردوودا، لە دووتوێ و فۆرمی دامەزراوەیی و رێکخراوەییدا، رووهەڵماڵینێکی ئاشکرای پەیداکردووە، هەرچۆن لەلایەن پەیمانگای نەتەوەیی دیموکراسێتیی (- National Democratic Institute- NDI رێکخراوێکی مەدەنییە بنکەکەی لە ئەمەریکایە)(٢) جەختی لێکراوەتەوە، کە لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ، هاوڵاتیی مافی بەشدارییکردنی هەیە لەو بڕیارانەی کە کاریگەرییان لەسەر خۆشگوزەرانیی گشتیی و لەناویدا خودی خۆی لەو فەزا گشتییەدا هەیە . بۆیە لای وەهایە کە  "ئەم مافە و ئەم جووڵەی بەشدارییکردنە، بزوێنەری ئامڕازی تۆکمەبوونی دیموکراسییی و تەندرووستبوونی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سەقامگییربوونی ئابوورییە و، لە کۆکردەیەدا،  حوکومڕانیی رەند (رەشید) هەبوونی ئەبێت و رێگەیەکی بنەڕەت و چارەنووسساز ئەبێت بۆ تۆکمەکردنی مافی هاوڵاتیی". هەروەها ئەم بەشدارییکردنەی هاوڵاتیی بە "پرۆسەیەک وەسفکراوە کە دەرفەتێک بۆ تاکەکان دابیین ئەکات هەتا کاریگەریی لەسەر بڕیاری گشتیی هەبێت و، دەمێکیشە لە گەلە دیموکراسێتییەکاندا بووە بە توخمی چالاکی پرۆسەی بڕیاردانی دیموکراسێتیی" . بەشداریی هاوڵاتیی بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ پیادەئەبێت؛ بەشدارییکردنی راستەوخۆی هاوڵاتیی "ئەو پرۆسەیەیە کە ئەندامانی کۆمەڵگەیەک لەگەڵ بەرپرسانی گشتیی دا، دەسەڵاتی هاوبەشییان هەیە لە دەرکردنی بڕیاری بابەتییانە پەیوەست بە کۆمەڵگە و شوێنی کارکردنەوە"، تەنانەت پەیمانی نێودەوڵەتییش هەن ،کە تیشک ئەخەنە سەر گرنگییبوونی بەشدارییکردنی هاوڵاتیی، وەک پەیماننامەی ئاڕهوس (Aarhus Convention)(٣) بۆ دەستکەوتنی زانیاریی، بەشدارییکردنی فەزای گشتیی لە سازدانی بڕیار و بەرپاکردنی دادپەروەریی.

گوتاری بەشدارییکردنی هاوڵاتیی بەشێوەیەکی نەریتییانە، جەختی لەسەر بەشدارییکردن لە بڕیاردانی دیموکراسێتییدا کردووەتەوە و، رێگەی جیاوازیش هەیە کە بەشداریی هاوڵاتیی لەپرۆسە دیموکراسێتییەکاندا پیادەیانکردووە. ئەمەش ئەتوانێت لە رێگەی پێوەرە سەرەوژوورەکانەوە بێت، وەک دەنگدان، یان لە رێگەی میکانیزمەکانی بەرەوخوارەوە بێت کە لەلایەن رێکخراوەکانەوە درووستکراوە، لەرێیەوە بەشداریی هاوڵاتیی بەرجەستە ئەکەن وەک هاوبەشییکردنێک لە حوکومەتی کراوەدا (کە لە یەکەی ١٠ ی زنجییرەی مۆجیووڵە زانکۆییەکانی دژە-گەندەڵیی شرۆڤەکراوە) (٤) و، هەر لەم یەکەیەدا، ئینس و بوهێر (2004) پێنج زەمینەسازییان دیاریکردووە بۆ پشتییوانییکردنی بەشداریی هاوڵاتیی لە بڕیاردانی گشتییدا:

 ١) بۆ بەهەندوەرگرتنی پێشکاریی خواستە گشتییەکان (public preferences) لە بڕیارداندا.

 ٢) بۆ باشترکردنی بڕیارەکان بە لێکدانی (دەمجکردنی) زانیاریی ناوخۆیی هاوڵاتییان.

 ٣) بۆ بەرزڕاگرتنی دادپەروەریی و گوێگرتن لە دەنگە پەراوێزخراوەکان.

 ٤) بۆ شەرعییەتدان بە بڕیاری گشتیی و،

 ٥) بۆ تەواو جێبەجێکردنی داواکارییەکانی یاساکە.

ئەم بەشدارییانە لەو هەنگاوە گرنگانەن کە لە سیستەمە دیموکراسێتییەکاندا گوڕ و تیین و کاریگەریی هەیە لە دوای هەر هەڵبژاردنێکەوە و، بەردەوامیان هەیە لەگەڵ پیادەی حوکومڕانیی شارەوانییەکان و هەرێمە پێوەندییدارەکانەوە.

 بەڵام، کاتێک لە سیستەمە نا-دیموکراسێتییەکاندا، یان راستتر لەو سیستەمانەدا کە رووکەشانە دیموکراسێتیی مانشێتی سیاسەتی حوکومڕانییە و، بانگەشەی بەردەوامی بۆ ئەکرێ و لە ئاستی نێوەدەوڵەتییدا بەو ناونیشانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا ئەکرێت، ئەم مافانە لە سەر کاغەزیش شەڕی لە دژ ئەکرێت و ئەکوژێنرێنەوە و، بگرە سەرکوتکردن و گرتن و شوێنکەوتنی بەدواوەیە! بۆیە ئاراستەی جووڵەی دژە گەندەڵیی ناسەقامگییر ئەبێ و لە تەرز و شێوەی تردا خۆی ئەدۆزێتەوە، باوتریینیان "بەشدارییی هاوڵاتیی" یە ، کە چەمکێکی نوێ نییە و زیاتر لە ئەدەبیاتی کۆمەڵایەتیی و میدیایی و سیاسیی دا باوە؛ لێکەوتەی ئەو هەوڵە کەسییانەیە لە چاکسازیی و دژە گەندەڵیی دا بە هەر میکانیزمێک کە لەناو دەستگایەکی چاکسازیی دا دەنگ و کاریان کۆئەبێتەوە، کە ئەشیت رێکخراوێکی مەدەنیی بێت یان میدیاییەک بێت یان ئاژانسێکی نا-حوکومیی گەورە یان حوکومیی دەرەکیی، یان پارتكی ئۆپۆسیۆنیی بێت.دواتر لێیان ئەدوێین.

"بەشداریی هاوڵاتیی" هەموو ئەوانە ئەگرێتەوە، کە پەیوەندییان هەیە بە هەوڵەکانی دژە گەندەڵیی، بە داینامیک و ئەو رێگایانەوە کە دەیگرێتەخۆ، ئەشێت کە جیاوازیی هەبێت لە "بەشداریی هاوڵاتیی" لە پرۆسە گشتییەکانی تردا، لە ئەنجامی کورتهێنانی گەیشتن بە زانیارییەکان وەک خۆیان، بەو پێیەی کە رەنگە دەوڵەت نەتوانێت یان بەربەست بێت بۆ ئەوەی کە رێگە سانا و فەرمییەکان بۆ هاوڵاتییان دەستەبەر بکات بۆ گەیشتنی بە زانیارییەکان، کە پێوەندییان بە قەلاچۆکردنی گەندەڵییەوە هەیە.

بەشدارییکردن بە راپۆرتدان لەسەر گەندەڵیی، رێگەیەکی شوێنکەوتووانەی بەشدارییکردنی هاوڵاتییە لە رێگەی میدیاکانەوە و، پشتگیرییکردنی بەرنامەکانی راهێنان و هەڵمەتەکانی هەستیاریی کە ئامانج لێیان درووستکردنی کەلتوورێکی دەستپاکیی و، ورەدان بۆ بەرگەگرتنی سەختیی و ئازەرەکانی راونان و گرتن و رفاندن لەلایەن دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکانەوە. ئەگەرچیی یەکێک لە رێگا گرنگەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی لەسەر راپۆرتکردنی گەندەڵیی، کە لە رێگەیەوە تاکی هاووڵاتی ئەتوانێت بەشداریی لە هەوڵەکانی دژە-گەندەڵیی دا بکات، ئەویش بەردەستبوونی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووە، وەک شێوازی نوێی راپۆرتدانی هاوڵاتیی. زۆربەی ئاژانسەکانی دژە- گەندەڵیی ئێستا رێگە بە راپۆرتەکان ئەدەن، کە لە سەرهێڵ (ئۆنلاین) جێبەجێبکرێن و داتاکان لەسەر گەندەڵیی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە مەشرووعەکان کۆبکەنەوە. لە زۆربەی وڵاتان دا، بەرنامەی مۆبایڵە زیرەکەکان ئاسانتریین و هەرزانتریین ئامڕازە، کە وا لە هاوڵاتیان ئەکەن کە بە ئاسانیی هەواڵی رووداوەکانی گەندەڵیی بگەیەننە جێی مەبەست.

 

بەشدارییکردن لە رێی سەکۆ و کاربەرنامەی "دژە-گەندەڵیی"ەوە:

هەتا ئێستا، چەند بەرنامەیەکی کرداریی لە هەڵمەتی دژە-گەندەڵیی لە رێی کەس و رێکخراو و حوکومەتدا دیزایینکراون، هەتاوەکوو لە رێگەیانەوە بەشدارییکردنی هاوڵاتیی بکەن بە سەرچاوەی درووست و دەستخستنی داتاکان. لەوانە:

١. لە ساڵی 2012دا، بانکی نێودەوڵەتیی(٥) کاربەرنامەی (ئەپڵیکەیشن) دەستپاکیی خۆی بڵاوکردەوە. ئەم کاربەرنامەیە رێگە بە بەکارهێنەرانی ئەدات کە راپۆرتی نهێنیی دەربارەی ساختەکاریی و گەندەڵیی لە پرۆژەکانی بانکی نێودەڵەتیی دا جێبەجێ بکەن. هەروەها بەستەری بۆ دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەستەبەربکات

٢. رێبازێکی ترییش هەیە بۆ راپۆرتکردنی گەندەڵیی لەدەرەوەی کەناڵە فەرمییەکانەوە لە رێگەی بەکارهێنانی سەرچاوەی ئاپۆرە-خەڵکیی (crowdsourcing) و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە. بۆ نموونە، لە هیندستان سواتی و رامش راماناتان هاتن پلاتفۆرمی ئۆنلاینیان درووست کرد بە ناوی "" I Paid a Bribe" – من بەرتیلێکم دا" بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵیی رۆژانە، بە رێگەدان بە خەڵک بۆ بڵاوکردنەوەی چیرۆکە ناخوازرەواکانیان لە ناچارکردنیان بۆ پێدانی بەرتییل بۆ راییکردنی مامەڵە مەشرووع و نامەشرووعەکانیان، بەڵام بە شێوەیەکی گومناوانە. ماڵپەڕەکە نەک تەنها خزمەتی بە بەڵگەدارکردنی گەندەڵیی کردووە، بەڵکو بووە بە مایەی زیاترکردنی هۆشیاریی لە ناو خەڵکدا.

٣.نموونەیەکی تریش، بریتییە لە درووستکردنی پۆرتاڵێک و  تەکنەلۆجیای کاربەرنامەی مۆبایل بە ناوی  (Digiwhist) (٦)کە لە ئەوروپا بۆ "کۆکردنەوەیەکی سیستەماتیک و، بنیاتنانەوە و شییکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی فراوان، لەسەر کڕیینداریی گشتیی و لەسەر میکانیزمەکان، کە ئامانجی زیاترکردنی لێپرسینەوەی بەرپرسانی گشتییە لەو مامەڵە ئابوورییانەی ئەیکەن لەگەڵ کەرتی تایبەت دا، لە هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و هەندێک لە وڵاتانی دراوسێدا. Digiwhist جەخت لەسەر هەڵسەنگاندنی شەفافییەتی دارایی و خەمڵاندنی مەترسیی و کاریگەریی لەسەر تۆکمەیی سیاسەتی حوکومڕانی رەند (رەشید) ئەکاتەوە.

 

ئاسییکردنەوەی گەندەڵیی و لێکەوتەکانی:

لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دا، مەترسییەکی زاڵ هەیە لە ئاساییکردنیی گەندەڵیی و کەمبوونەوەی رەخنەی گشتیی لە دیاردە و رەوشەکانی گەندەڵیی. لە وەرچەرخانێکی گاڵتەجاڕیانەدا، گەندەڵیی بەوە کۆتایی دێت کە نالەبارییەکی (خراپەکارییەکی) ناچارییە، یان تەنانەت کورتەڕێیەکە (a shortcut) بۆ گەیشتن بە هەندێک دەستکەوت یان شتومەک و پێداویستیی گرنگ. لەو دووتوێیانەدا، هەڵوێستی رەخنەیی هاوڵاتییان بەرامبەر بە گەندەڵیی لاواز ئەبێت یان هەر بە تەواویی نامێنێت و، لە جێی ئەوە پاساودۆزیینەوە ئەبێت بە لێزانیین یان زیرەکیی بۆ قوتاربوون لە لۆمەی خەڵک یان  لە بەرپرسیاسێتیی ئایینیی. لە حاڵەتەکانی تریشدا، ئاستی بەرزی گەندەڵیی و نائومێدیی هاوڵاتیان لەبەرامبەر بەرزهەڵچوونی گەندەڵیی لە کەرتی گشتیی و ئەدای حوکومڕانیی خراپ (کە زۆرجار لێکەوتەی یەکاویەکی ئاستی بەرزی گەندەڵییە)، لەوانەیە ببێت بە هۆکاری زیاتری بێئاگابوونی هاوڵاتییان و کەمبوونەوەی بەشداریی کۆمەڵگەی مەدەنیی و نەمانی متمانە بە پرۆسەی سیاسیی و هەوڵەکانی دیموکراسێتیی، کە دواجار، کزیی و بێدەنگیی کۆمەڵگەی مەدەنیی و خۆبەخاوەننەکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی لە بەشدارییپێکردنی رێکخراوە دژە گەندەڵییە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت هێنانە بەر پرسیارێتیی وڵاتە زلهێزە خاوەن دیموکراسێتییەکان، مایەی  بێ بایەخیی و دەربەستنەبوونی رەوشی حوکومڕانییە، کە هەردووکیان مەترسییدارن، چونکە لەو شوێنەی کە هاوڵاتیان شکستئەهێنن لە لێپرسینەوەی بەرپرسانی کەرتی گشتیی، کەس نییە لەسەر گەندەڵیی هەڵبداتێ و، لێرەوەیە کە گەندەڵیی وەک پەتا کوشندەکان زیاتر تەشەنەئەسەنێت و، بەدەمیەوە دەربازبوون لە سزای گەندەڵیی مسۆگەرییەکی مەشرووع بەدەستئەهێنێت.

ئەکرێت، دەربەستنەبوونی هاوڵاتیان یان نەبوونی فشاری مەدەنیی هەتا رادەیەک چارەسەربکرێت؛ بە توانادارکردنی هاوڵاتییان و هێنانەئارای رێبازی نوێ بۆ بەشدارییپێکردنی هاوڵاتیان. بۆ نموونە، رێکخراوی ئین جی ئۆی رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی (Transparency International)، ئامڕازێکی دژە گەندەڵیی بە ناوی سەنتەری داکۆکیی و راوێژکاریی یاسایی (ALAC) دەستپێکرد، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گەندەڵی و ئەنجامە نەرێنییەکانی و، ئاسانکردنی راپۆرتکردنی گەندەڵیی لە رۆمانیا و مەسەدۆنیای باکوور و بۆسنیا و هەرزەگۆڤین. ئەم بەرنامەیە بە سێ لقی (ALAC) سەرەتایی دەستیپێکرد و، دواتر زیاتر لە 60 ناوەندی لە هەموو کیشوەرەکاندا دامەزراند. ئەم سەنتەرانە قوربانیی و شایەتحاڵی گەندەڵیی لەگەڵ هاوکاریی کرداریی بۆ بەدواداچوونی سکاڵاکان و چارەسەرکردنی ستەممەکان. لە رێگەی دابیینکردنی ئەم پشتیوانییانەوە، ناوەندەکان وا لە هاوڵاتیان دەکەن کە سەرکۆنەی گەندەڵیی بکەن و بەشداریی کۆششە دژە گەندەڵییەکان بکەن. بەڵام ئەم رێکخراوە، کە یەکێکە لە دەیان رێکخراوی کوششکار لەم بوارەدا و رەنگە جێدەستیان بەرچاو بێت لەو وڵاتاندا کە تیایدا ئیش ئەکەن، هێشتا نەهاتوونەتە عێراق و کوردستان کە بەپێی راپۆرتە نیودەوڵەتییەکانیش بێت، ئەم وڵاتە بە هەردوو بەشەکەیەوە، لە رییزبەندیی گەندەڵییدا لە پێشەوەن و نیگەرانیی نێودەوڵەتیی هەیە لە ئاستیاندا.

 

هاوڵاتیی دوورە-بەشدار:

لە دییدی نووسەری ئەم وتارەوە هەوڵێکی تر هەیە، کە هییچ گرنگیی لە "بەشداریی هاوڵاتیی" کەمتر نەبێت لە ئەدا و رۆڵیدا بۆ چاکسازیی  بەڕێ، ئەویش "هاوڵاتیی دوورە-بەشدار"ە. پێویستە هەمیشە بییربکرێتەوە لەو رێگە یان شێوازە کۆنکریتییەی کە  تاکی هاوڵاتیی بتوانێت لە پێگە بچووکەکەی خۆیەوە، بەشدارییەکی گەورە لە چاکسازیی بکات کە دییوێکی تری شەڕی دژە گەندەڵییە بەڵام بە ئاشتییانە و بە شینەیی. ئەم دییوە، ئەگەرچیی لە تاکێکی چالاک و باوەڕ سەقانگییرەوە سەرهەڵدەدات و سەرچاوئەگرێت، بەڵام پۆلێک هاوڵاتیی تر بە ناڕاستەوخۆ بەشدارئەکات کە رەگی قووڵیان شۆڕئەبێتەوە و، لە ئاکامدا درەنگتر ئەکەونە بەر هێرشی رەشەبا و لافاو. ئەم شێوازە، بە دییوێکی تردا ئیش ئەکات، نەک وەک رێوشوێنی کاری دژە- گەندەڵیی کە بەشدارییکردنی هاوڵاتیی خۆی ئەبینێتەوە لە رەتکردنەوەی بەشدارییکردن لە کارە گەندەڵییەکاندا کە ئەمە کارێکی گرنگە و مایەی پەرەپیدانە و، شۆڕشێکی نەرمی دژە-گەندەڵییە.

"هاوڵاتیی دوورە-بەشدار"، وەک پێناسەیەکە بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگە کە لە پێگە و کاری پیشەیی، یان بەرپرسیارێتییەکی بچووک، یان دەسەڵاتی بەرتەسکی خۆیەوە بەشداریی هەیە لە بەڕێوەچوون و کارگێڕیی بەشێک لە کاری کەرتی گشتیی یان کەرتی تایبەتیی دا، یان نووسەرێکی  بوێر و ئازادە، یان پزیشکێکی راستگۆ و، پارێزەر و دادوەرێکی بە وێژدانە، یان خێرخوایەکی ماڵی خۆیەتی، ئەمانە ئەو کەسانە نیین کە پێگەیەکیی بەرپرسیارێتیی دیاریان هەبێت یان پارەدارێکی گۆمانلێکراو بن و هەوڵی رووسپییکردنەوە بن. دواجاریش، کەسانی سەربەخۆن و کارەکانیان بە ئاراستەکردنی هییچ دەستگایەکی سیاسیی یان مەدەنیی نییە! بەڵام، شوێن دەستیان دیار و بیینراوە!

بۆیە، ئا لێرەوەیە، کە "بەشداریی هاوڵاتیی دوورە- بەشدار" پابەندە بە تەکنییکی مانەوە و خۆشاردنەوەیەکی زییرەکانە، هەم لە خۆپاراستن لە تێكشکاندن و دوورخستنەوەی راستەوخۆی دەسەلات. ئەم توانایە گرنگە بۆ زیاتر مانەوە هەتا بتوانن دوور لە لێپرسیینەوەیان لە لایەن تۆڕە گەندەڵییەکانەوە، ئەمان دەستیان بگات بە چارەسەرەکان و، هەم دەسەڵاتیشیان  بەسەر بڕیار و پیادەکردنی سیستەمەکە هەبێت بە درووستیی.  چونکە ئەمە ئەو ئاراستەیەی تری چاکسازییە کە ئەتوانرێت لێوەی بەشداریی کاریگەر درووستبکرێت لەسەر هەر پێگەیەکی خزمەتی گشتیی، یان مامەڵەی درووست لەگەڵ هاوڵاتیی و پاراستنی لە ستەم و نالەبارییەکانی ئەوانی تر. بە کۆی ئەم پرۆسەیە، کە لە زۆرترین هاولاتیی توانادارەوە ئەکرێت، باری ئەو شڵەژانە سووکتر ئەکرێت کە لەسەر کۆی پێوەر و بەها کۆمەڵایەتیی و رۆشنبییریی و ئابوورییەکان هاتووە. لە لایەکی ترەوە، دەسەڵات بە ئاسانی ناتوانێت شوێندەستی کارە چاکسازییەکانیان رەشبکاتەوە.

 

ئاستەنگ و بەگژاچوون:

بۆ ئەوەی راڤەیەکی ئەم رەوشە بکەین، جارێک بە مەبەستی بییرخستنەوەی خوێنەر و، جارێکی تریش بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو سیستەمە حوکومڕانییە. ئەوە زانراوە کە گەندەڵیی کارێکی هەڕەمکییانە نییە و، سیستەماتییکە و، بەهێندی حوکومەتداریی رەند (رەشید) و بگرە زیاتر و تۆکمەتریشە! چونکە بازنەی کارکردنی گەندەڵیی لە دوو ناوچەدایە، لە ناوەوەی حوکومەتدا هەڵوەشاندنی ستراکچەرە دیموکراسێتییەکەی حوکومڕانییە، بە دوو هەنگاو؛ کار لەسەر تێپەڕکردنی یاسا و رێسا و رێنماییەکان ئەکات و بەدوایدا تێکشکاندنی بۆندەکانی (بەستەرەکان)ی ئەو یاسایانەیە کە دیموکراسێتیی دایڕشتوون لە پیادەکردنی تەندرووستانەی حوکومڕانییەکەدا، بە دوورخستنەوە و لابردنی ئەو کەس و بەربەستانەیە کە رێگرن لە بەزاندنی یاسا و رێنماییەکان. لە  ناوچەی دەرەوەی حوکومەتەکەش، لەناو خەڵک یان "کۆمەڵگەی مەدەنیی" شەوە، هەوڵەکانی گەندەڵیی بە بەزاندنی میکانیزمەکانی دیموکراسیی کارئەکات، کە  بریتیین لە تێکشکاندنی ئەو شیرازە تانوپۆکراوەیە کە چاکسازیی و قەلاچۆکردن پیی ناسراون و،   ئاڵۆزتر و تێکەڵکردنێکی ئەوتۆ کە ئاسان نەگەنە مەبەست، هەروەها ناشریینکردن و ناوزڕاندن و کەمکردنەوەی ئاستی دڵسۆزیی و خەمخۆریی و بڕشتیی کەسایەتییە پێشەنگەکان و، پووچکردنی خودی کارە چاکسازییەکانە. ئەم بەرنامەیە ئەوەندە تۆکمە دائەڕێژرێت کە زۆر درەنگ پەی پێ ئەبرێت لە لایەن هاوڵاتییەوە، چونکە کە تەنها دەسەڵاتەکەیە لە ناو  حوکومەت خۆی و لە دەرەوەیشیدا، کە کۆدەکانی ئەو تێکشکاندنەی داناوە و تەنها لە ساتی دەرکەوتنی لێکەوتەکانیدا ئاشکرا ئەبن.

بێگومان دژە-گەندەڵیی هەڵمەتی نەخوازراون بەلای دەسەڵاتەکانەوە لە هەر کوێیەک بن و لە هەر تەرزێکدا بن. بەڵام دەسەلاتە ستەمکار و تالانچییەکان بەرنامەی تۆکمەیان هەیە بۆ ئاستەنگ درووستکردن و دژایەتییکردنی قورس. لێرەدا، پێوست ناکات درێژە بدەین بەم لایەنەی دژایەتییکردنە کە ناسراوە و زۆر باسکراوە. بەڵام، دژایەتییکردن و ئاستەنگی دەرەوەی دەسەڵات هەیە کە مەترسییان زیاترە لەوەی دەسەڵات راستەوخۆ خۆی پێی هەڵدەسێت، لە دوو لایەنەوە؛ یەکێکیان لەسەر ئاستی گرووپی سیاسیی یان رێکخراوی مەدەنیی، کە زۆرجار ئەتوانرێت هەڵوێستی هاوڵاتیی دژ بە گەندەڵیی بقۆزرێتەوە بۆ دژی خۆیان. چاودێرانی رێکخراوی رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی، بۆ نموونە، ئاماژەیانداوە کە گەندەڵی توخمێکی گرنگی گوتاری پۆپۆلیستییانەی سەرکردە پۆپۆلیستیەکانە، کە ئەیانەوێت تووڕەیی و ناڕەزایەتیی گشتیی بەکاربهێنن، لە رێی رەوشی باوی گەندەڵییەوە بۆ سزادانی نەیارە سیاسییەکانیان. بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان خۆیان وەک هێزێکی دژە گەندەڵیی پیشان ئەدەن، کە متمانەیان لەسەر ئەو بیرۆکەیەیە کە دەستەبژێرە گەندەڵەکان دژ بە بەرژەوەندیی خەڵک کار ئەکەن. لە زۆرتریین حاڵەتدا، ئەم جووڵانەوانە یان هەوڵە دژە-گەندەڵییانە نەک هەر تەندرووست نایەنەوە لەگەڵ ستراتیژێتیی دژە گەندەڵیی راستەقینەدا، کە دەیان ساڵە لەسەر ئەزموون و داتا دائەڕێژرێن، بەڵکو تەنانەت رێگەخۆشکەرن بۆ رێگە نوێیەکانی گەندەڵیی لە لایەن ئەو پێنج گرووپە سیستەماتییکەوە کە لە سەرەوە دەستنیشانکراون.

ئاستی دووەم، دژایەتییکردنی "هاوڵاتیی دوورە-بەشدار"ە، لە لایەن تاکی هاوڵاتی ترەوە کە شەڕەنگێزیی ئەنێنەوە. ئەمجۆرە هاوڵاتییە شەڕەنگێزانە هەن کە خۆیان ئەکەن بە دەمسپیی دژە-گەندەڵیی و، لەسەر ئەم پرسە دێنە دەنگ و ژاوەژاوێک درووست ئەکەن. ئەمانە زیاتر، ئیشیان گومان خستنە سەر ئیشی ئەو بەشدارە دڵسۆزانەیە و بە کەم سەیری هەوڵەکانیان ئەکەن و، لەوە زیاتریش دەستدرێژیی ئەکەنە سەر کەسێتیی و تەرخان ئەبن بۆ هەڵکوتانەسەر ئابڕوو و پاکێتیی ئەم هاوڵاتییە بەشدارە بە ناوی خەمخۆریی و دژە-گەندەڵییەوە. ئەمانە زۆر بێ وێژدانانە کەسانی دەوروبەری خۆیان لە بەرپرسە ئیداریی و خزم و خوێش و کەسە گەندەڵە زەقەکان ئەبوێرن و فززە ناکەن لە ئاستیی گەندەڵیی و تا؛انچێتییەکانیان، ئەگەر بە یەک وشەش بێت!

پییسکرداریی ئەم شەڕەنگێزانە ئەوەیە لە ناو باسی گەندەڵکاراندا ئاماژەیەک ئەدەن بە ناو و پێگە و کاری "هاوڵاتی دوورە-بەشدار". لێکدانەوەش بۆ ئەم دەروون نەخۆشانە لە کردنی ئەم جۆرە دژایەتییەدا، ئەشێت لە ئیرەیی و هییچ لەبارانەبوویی خۆیانەوە بێت کە هەر دەمەوەریی و بوودەڵەیی پاڵنەریانە، یان دەسەڵاتیان لە پشتەوەیە بەوەی ئەم کەسانە بە لەبارتر ئەزانێت بەریانباتە ئەو کەسە دڵسۆزانە و ئەم شەڕەیان پێ بکات، نەک خۆی بەو کارە هەستێت و بە پێچەوانەوە بشکێتەوە.

----------------------

(١) :UNODCئۆفیسێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ساڵی 1997 دامەزراوە وەک نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان و نەهێشتنی تاوان بە تێهەڵکێشکردنی لەگەڵ پرۆگرامی نێودەوڵەتیی کۆنترۆلی دەرمانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDCP) و بەشی نەهێشتنی تاوان و دادوەریی تاوان لە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڤییەننا.

تۆڕی بەرنامەی نەهێشتنی تاوان و دادپەروەریی تاوان لە نەتەوە یەکگرتووەکان (PNI] تۆڕێکە کە پێکهاتووە لە UNODC و هەروەها چەندین پەیمانگای پەیوەندییدار بە تاوان و ناوەندەکانی تری جیهان. ئامانجیشی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتییە لە بوارەکانی نەهێشتنی تاوان و دادوەریی تاوان. تۆڕەکە ئاسانکاری دەکات بۆ "ئاڵوگۆڕی زانیاریی، توێژینەوە، راهێنان و پەروەردەی گشتیی.

(٢)ئێن دی ئای (NDI)، پێگەی سەرەکیی لە ئەمەریکایە. رێکخراوێکی قازانج نەویست و، نا-سیاسیی و نا-حوکومییە، کە بە هاوبەشیی لە هەموو جیهاندا کار ئەکات بۆ بەهێزکردن و پاراستنی دامەزراوە دیموکراسییەکان، بە پرۆسەکان و نۆرمەکان و بەهاکانەوە بۆ دەستەبەرکردنی باشترکردن چۆنایەتیی ژیان بۆ هەمووان. ئێن دی ئای، جیهانێک وێنا ئەکات کە دیموکراسێتیی و ئازادیی تێیدا زاڵە، بە شکۆدارییەوە بۆ هەمووان.

ئێن دی ئای لە ساڵی 1983ەوە، لە 156 وڵات و ناوچەدا لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییەکان کار ئەکاتو، تاک و گرووپەکان کۆئەکاتەوە بۆ هاوبەشییپێکردنی بیرۆکە و زانیاریی و ئەزموون و شارەزایەی هاوبەشەکان. لێرەوە، هاوبەشدارەکان بەرکەوتنی فراوانیان بۆ ئەلوێت لە پێناوی باشترکردنی راهێنانەکان بۆ پەرەسەندنی دیموکراسێتیی نێودەوڵەتیی، کە ئەتوانرێ بگونجێرێن لەگەڵ پێداویستییەکانی وڵاتەکانی خۆیان. رێبازی فرە نەتەوەیی ئێن دی ئای، ئەو پەیامە دووپات ئەکاتەوە، کە سەرباری نەبوونی مۆدێلێکی دیموکراسێتیی تاک، هەندێک بنەمای سەرەکیی هاوبەش هەیە لەنێوان هەموو دیموکراسێتییەکاندا.

(٣) کۆنگرەی UNECE بۆ گەیشتن بە زانیاریی، بەشداریی گشتیی لە بڕیاردان و گەیشتن بە دادپەروەریی لە مەسەلە ژینگەییەکان، کە بەزۆری بە کۆنگرەی ئارهوس ناسراوە، لە 25ی حوزەیرانی 1998 لە شاری ئاڕهۆسی دانیمارک واژۆکرا. لە 30ی تشرینی یەکەمی 2001 هاتە ناوەوە لە مانگی ئازاری 2014دا، 47 پارت- 46 دەوڵەت و یەکێتی ئەورووپای هەبوو. هەموو دەوڵەتە پەسەندکەرەکان لە ئەورووپا و ئاسیای ناوەڕاستن. یەکێتی ئەورووپا دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی بنەماکانی ئارهۆس لە یاسادانانەکەیدا، لەناویاندا بە شێوەیەکی بەرچاو رێنمایی پەیکەری ئاوە. لیشتنشتاین و مۆناکۆ پەیمانەکەیان واژۆکردووە بەڵام پەسەندیان نەکردووە.

پەیماننامەی ئارهوس، مافی گشتیی ئەدات سەبارەت بە دەستگەیشتن بە زانیاریی و بەشداریی گشتیی و گەیشتن بە دادپەروەریی، لە پرۆسەی بڕیاردانی حکومی سەبارەت بە مەسەلەکانی تایبەت بە ژینگەی ناوخۆیی و نەتەوەیی و سنووریی و، تیشک دەخاتە سەر کارلێککردنەکانی نێوان  خەڵک و دەسەڵاتدارانی گشتیی.

(٤)Module 10 Citizen Participation in Anti-Corruption Efforts, Knowledge tools for academics and professionals Module Series on Anti-Corruption, UNODC, Vienna International Centre, Vienna, Austria, www.unodc.org.

(٥)www.worldbank.org/en/news/press-release/2012/11/08/world-bankintroduces-new-integrity-app-international-anti-corruption-conference.

(6) http://digiwhist.eu/

*سکرتێری نووسینی گۆڤاری کوردستانیی بۆ لێکۆڵیینەوەی سترایجیی (KJSS)

پرۆفیسۆری یارییدەدەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتیجیی و توێژیینەوەی زانستیی

https://kissr.edu.iq/english/

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×