لێکەوتەکانی حوکومڕانیی تاڵانکاریی (کلیپتۆکراسیی) لەناوەوەو لەدەرەوە

د. رزگار ئاغا
  2020-07-26     293
بەشی حەوتەم:

١.پێداچوونەوەیەک:
   بەپێی پێناسەی تاڵانکاریی (کلیپتۆکراسیی), دەوڵەت بێت یان حوکوومەت, بەرپرسیارە لە لێکەوتەکانی تاڵانکاریی لەسەر کۆمەڵگە و لەسەر پێگە و ئابڕووی لە دەرەوە. دیارە لێکەوتتەکان بە تەنها لایەنی دارایی ناگرنەوە, ئەگەرچیی ئاگرەکە لێرەوە بەرئەدرێـتە باخ و بۆلاخی نیشتمان و دواجار هەمووی ئەبێـتە سووتماک.(١) 
     لە راستیی دا, دیموکراسیی خۆی لە خۆی دا, تۆڕێکی فراوانی خزمەتگوزاریی و کارئاسانیی خێرا بۆ کلیپتۆکراسیی بەردەست ئەکات. لە رێی دامەزراوە دیموکراسییەکانی دەوڵەت و کۆمپانیا تایبەتەکان و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە, پارێزەر و ژمێریار و بانکدار و بانکەوان و بریکاری پەیوەندییە گشتییەکان, میکانییزمی زۆر ورد و ئاڵۆز دەخەنە خزمەت بەرژەوەندییەکانی کلیپتۆکراتەکانەوە. هەر لە, شاردنەوە و سپپیکردنەوەی پارە پییسەکان و, سپییکردنەوەی ئابڕوو لە رێی بەخشیینی پارە بۆ زانکۆ و دامەزراوە مرۆییەکان, سازکردنی بۆنەکانی بەخشیینی خەڵات و مەدالییای شەرەفداریی و شکۆداریی لە زۆر لایەن و دەوڵەتە گەورەکانەوە. لە تەنگانە و لێپرسیینەوەش دا, رێکاری تایبەت ئەگرنە بەر لە دوورخستنەوەیان لە سزا و دادوەریی.(٢) 
ئەگەرچیی, کلیپتۆکراسیی رەگی خۆی داکوتییووە و, هەوڵە نێودەوڵەتیی و تاکەکەسییەکانیش لە زووەوە خەریکن, بە کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکیومێنت و, هاوشان هەوڵی تیرۆزەکردن بۆ سەرهەڵدان و میکانییزم و قۆناغەکانی نەهێشتنی کلیپتۆکراسیی بە باشی هاتوون, بەڵام رێگریی جیددی و دەستتێوەردانی ژێربەژێرانە هەن بۆ سەرنەگرتنی ئەم کۆشش و هەوڵانە بە بەردەوامیی(٣).ئەم دەستێوەرادانانە مەبەستدارن و, کاریگەرییەکی زۆر خراپییان خستۆتەوە لەسەر جێبوونەوە و قووڵبوونەوەی بریینی تاڵانکاریی بە هەموو رەهەندەکانییەوە, لە جەستەی کۆمەڵگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دا. ئەو کاریگەریی و لێکەوتانەی کە توێژەرەکان کۆیانکردۆتەوە و بووە بە خەمی گران گران لایان, لە وڵاتە دیموکراسییەکانیش دا, وەک   خۆرەیەک لە جەستەی کۆمەڵگەکانیان دا تانەی داوە و بەرە بەرە ماکەکانی ئەتەننەوە.
   پرۆسەی رۆشنکاریی ( الشفافیه‌), لە هەناوی ئەم هەوڵە دژە گەندەڵیانەدا, وەک دڵ لە جەستەدا, رۆڵی خۆی بیینییووە, بەڵام هەر ئەو رێگریانەی کە بە یاسا رێیان خۆشکردووە بۆ لەباربردنی دادپەروەریی و ساغکردنەوەی گەندەڵیی و سەپاندنی سزا دادوەرییەکان, بە هەمان میکانییزم, دەستیان ناوەتە رێی پرۆسەکانی رۆشنکاریی و لەباربردنییان. یەکێک لە هەرە مەترسسیدارتریین رێگرییەکان, دانانی سزای ناوزڕاندن و ئابڕووبردن بۆ هەر کەس و کۆمپانیایەک, کە بە کارێک هەستێت و سنوورەکانی ئەم یاسایە بیگرێـتەوە. واتە,چاو و دەم و دەستبەستنی هەواڵدەرەکان (Whistleblowers) لە هەر شوێن و کاتێک لە ئاستی گەندەڵیی و سەرپێچیی یاسایی دا. زۆر راپۆرتی لێکۆڵیینەوە هەن, کە تۆڕە گەندەڵییەکانی هەڵماڵییوە, بەڵام هەڕەشەی یاسا لە دادگاکانەوە بە تۆمەتی ناوزڕاندن, رێگرییەکی تەواو بوون بۆ لێکۆڵیینەوە درووستەکان. بۆیە, کۆمپانیا و کەسەگەندەڵەکان, بە تایبەت لە بەریتانیا کە ئەم یاسایانە بە توندیی جێبەجێ ئەکرێن, داوای سزایی بەرزکراونەتەوە بۆ ئیفلییجکردنی توانای رۆژنامەنووسان, بۆ لێکۆڵیینەوە و پێجۆریی و هەڵماڵیینی تاوانەکانی پێوەست بە گەندەڵییەوە. (٤)
    حوکوومەتە کلیپتۆکراسییەکان, رەنگە, لە حوکوومەتەکانی تر زیاتر هەڵپەیان کردبێـت بۆ خۆبردنەپێشەوەی دژەگەندەڵیی, بە مەبەستی بەدەستهێنانی رووسپێتیی و قۆستنەوە رێزێکی نێودەوڵەتیی بوون. بەڵام, لە راستیی دا, خراپ بەکارهێنانی ئەم هەڵمەت و دەستگایانەیان بووە بۆ لەباربردنی گوتاری ئۆپۆزسیۆن و تۆکمەکردنی رەفتاری تاڵانکاریی خۆیان لە وکاتەی کە شەرعیەتییان لە بەری ئۆپۆزسیۆن داماڵییوە و هەموو کەیسە گەندەڵییەگانیان لە دادگاکانی دەستپاکیی دا سپییکردۆتەوە و, بە شێوەی کۆتایی دایانخستووە کە جارێکی تر هەڵنەدرێنەوە.
بەرنامە و پلانەکانی حوکوومەتی کلیپتۆکراسیی, لە رێی تۆڕی فراوانی بەیەکداچوودا؛ لە کەرتی تایبەتەوە بۆ ناو حوکوومەت و لە ناو حوککومەتیش دا, لە نێو وەزارەت و داستگاکان  بۆ پەرلەمان و دامەزراوە  دادوەرییەکان, زۆر و زەبەند و ئاڵۆزن و, بەردەوام دووبارەش ئەبنەوە, کە زەفەر پێبردنیان ئەستەمن.

٢.لێکەوتە مەترسسیدارەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە
   توێژەرەکان, چاودێرەکان, دەستگاکانی دژە گەندەڵیی و رێکخراوی رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی, هەر هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی سیستەمە کلیپتۆکراسەکان, تەنها لەناوخۆی وڵاتەکانیان دا کارەساتیان نەخولقاندووە, بەڵکوو مەترسیییەکانیان زۆر بەخێرایی بۆ دەرەوەی خۆیان و, بەرەو وڵاتە دیموکراسییە تۆکمەکان لە رۆژئاوا و ئەمەریکادا, تەنییونەتەوە. بۆیە لێکەوتە و دەرهاویشتەکانی شلەن و داینامیکییانە بۆ شوێنی سەقامگییر ئەچن, بەڵام لە تەک خۆشیان دا, گرانیی و سەختیی ژیانیش, بۆ دانیشتووانی ئارامگرتووی ئەو ولاتانە ئەبەن.

   ئۆلیڤەر بڵۆ لە نووسینێکی دا, بۆ سایتی دۆکیومێنتاریی ئەلجەزیرە(٥), ئەڵێت: زیاتر لە ترلیۆن دۆڵار, ساڵانە لە وڵاتە هەژارتریینەکانی جیهان ئەدزرێـت, کە بڕێکی ئەوەندە زەبەلاحە, بە گران بڕوای پێ ئەکرێـت. ئەم دزییە زەبەلاحە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و تەندرووستیی و دیموکراسیی. واتە, سێ رەهەندی زۆرگرنگ, لەبەردەم هەڕەشەی گەورەدان, بە هۆی دزیی کلیپتۆکراسیی و کلیپتۆکراتەکانی جیهانی سێ, بۆ ناو ئەوروپا و ئەمەریکا.
 چارەنووسی ئەم پارە تاڵانکراوانە, لە خزمەتی مرۆڤ و بەرنامەکانی ئاسایشی خۆراک و ژینگەدا نیین, بەڵکو ئەڕژێنە کۆشی ئاژانسەکانی خانووبەرە و, پشکی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و, خۆشڕابوێریی چینێک لە سیاسەتکار و بزنسمانە گەورەجیهانییەکان و, ژیانی شاهانەی خێزانی کلیپتۆکراتەکانەوە.
   بڵۆو, وەڵامی پرسیارێکی گرنگی وروژاو ئەداتەوە؛ ئەگەرچیی تاڵانکاریی زیانبەخشە بە گوێرەی خەڵکی وڵاتەکانی خۆیانەوە , بەڵام ئایا بۆ ئێمەی وڵاتانی دیموکراسیی گونجاو و لەبارە؟ وەڵامی نەخێرە, بەوەی گەندەڵیی خراپە بۆ هەموو. بڵۆ, شانبەشانی ئەو هەموو هەوڵە تاکەکەسیی و رێکخراوەییەی کە هەنو بە رۆشنکاریی نێودەوڵەتییەوە, کۆکن لەسەر دەستنیشانکردنی رەهەندی لێکەوتەکانی گەندەڵیی لەسەر کۆمەڵگە و حوکومەتەکان, لەمسەری جیهان بۆ ئەوسەریی. 

لێکەوتەکان بریتیین لە:


یەکەم- گەندەڵیی مایەی خوێنڕشتنە:
   ئەوەی مایەی هەڵوەستە وەرگرتنە, گوتاری گروپە چەکدارەکانە لە بارەی حوکووماتەکانەوە کە بە گەندەڵیان دائەنێـن, چونکە ئەوان زیاتر مەبەستیان راکێشانی سۆزی شوێنکەوتووەکانیان و پشتییوانییەکە بۆ یاخیبوونەکانیان. بەڵام, قسەی ئەو کەسانە مایەی بایەخن, کە زۆر ورد و گرنگ, لە قەڵاچۆکردنی تیرۆریستی تێگەیشتوون, بەلایانەوە گەورەتریین دوژمن هەبێت گەندەڵییە. مارشاڵ جۆن ئاڵن, لە پیادەی دەریایی ئەمەریکایی, کە سەرۆکی هێزی نێودەوڵەتیی بووە لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠١٤ دا, ئەڵێت: "بۆ ماوەیەکی درێژ, هەموو چاوێکمان لەسەر تاڵیبان بووە وەک مەترسییتریین هەڕەشەی هەبووی ئەفغانستان. ئەوانن مایەی کرژیی و پەشێویی بە هێندەی قەوارەی گەندەڵیی".
رەنگە هەمان, ئاگادارکردنەوە ببیستیین لە مارشاڵە سەربازییەکانی ترەوە, لە بارەی گرووپی بۆکۆی حەرام لە نەیجییریا, داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و, هەر جۆوڵانەوەیکی تر هاوشێوە لە هەر کوێیەکی تری جیهان.
کێشەکە ئەوەیە, گەندەڵیی مایەی بێزراویی و, رقی ئەستوور و, هەڵچوونی بەردەوامی هاوڵاتییانە, بۆیە ئاسان ئەچن بەدەم هەموو بەرەنگاربوونەوە و گرووپێکی چەکدارییەوە, کە دژە گەندەڵیی بکات بە درووشمێک بۆ یاخیبوون و لەڕووداوەستانەوەکانی. ئەوە, جگە لەوەی کە زۆرێک لە هاوڵاتیان, تەنها چارەسەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی, شێوازی چەکدارییە و, بە چارەسەرێکی بنەبڕ و یەکڵاییکەرەوەی ئەزانن.
بۆیە, بە مەودای درێژ, باشتریین ڕێگەچارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر, پشتییوانییکردن و دامەزراندنی حوکوومەتە پاک و دادپەرەوەرەکانە. ئەمە کێشەی هەمووانە, کە تیرۆر ئازادانە بە سنوورە نیشتمانییەکان دا هاتوچۆ ئەکەن, بۆیە ئەو جوڵانەوەیەی لە عێراق دا, لە دایک ئەبێـت, بە ئاسانی ئەتوانێـت لە مانچستەر, یان پاریس , یان برۆکسل هێرشمان بکاتە سەر.
پێداگییریی چاییز(٦), لەسەر رێگرییکردن لە قەڵەمرەویی کلیپتۆکراتە گەندەڵەکان, بەو مەبەستە بوو کە لە هاندان و بزوێنەرەکانی تری شەڕی ناوخۆ کەمبکاتەوە. هەروەها, بۆ رازییکردنی کۆمەڵناسە مێشک پراکتیکییەکان بوو, کە حەزیان بە بەڵگەی زیاتربوو, بۆ سەلماندنی پەیوەندیی نێوان گەندەڵیی و شەڕی ناوخۆ و, ئەو هۆکارە ئامادەبووانەی کە لە نێوان گەندەڵیی بەربڵاو و ململانێی مەدەنیی دا هەن. چاییز سوورە لەسەر ئەوەی, گەندەڵیی گرنگییپێدانی زۆر زیاتری شایانە, لە گفتوگۆکانی بابەتی ئاسایشی جیهانیی دا.
زۆرێک لە توخمەکانی  کتێبی"دزەکانی دەوڵەت", پەیوەندیی هەیە بە زاناکانی تاوانی قڕکردنی بەکۆمەڵ و کارەساتەکانەوە. گومان نییە, ئەو ترسانەی پەیوەستن بە گەندەڵییەوە نادیار نیین.  رێکخراوی قەدەغەکردنی رەشەکوژیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شیکردنەوەی تاوانی کارە دڕندەکان (Prevention of Genocide and The Responsibility to Protect - OSAPG), پێداگییرە, لەسەر ئەوەی گەندەڵیی دۆخێک ئەخاتەوە, کە تواناکانی دەوڵەت کرمۆڵ ئەکات بۆ رێگریی لە تاوانە توقێنەرەکان. ئەگەر چاییز لەسەر هەق بێت, لەسەر مەسەلەی پەیوەندیی ڕیژەیی نێوان کلپیتۆکراسیی و ململانێی مەدەنیی, ئەوا گەندەڵیی ئەوهۆکارە بنەڕەتییەیە, کە دەوڵەتان ئەخاتە ژێر فشارەوە و, زەبوونیشی ئەکات بۆ داڕوخانی نەخوازراوی رەهەندە کۆمەڵایەتییەکان.
چاییز, هێرشی ١١ی سێپتێمبەریش لە لایەن عەتییە عەبدولرەحمانی ئەندامی دیاری قاعییدە, بە دەرئەنجامی پشتییوانی ئەمەریکا دائەنێـت, بۆ حوکوومەتە خۆسەپێنە کلیپتۆکراسییە عەرەبییەکان. ئەمەش بەو تێڕوانیینەوە, کە حوکوومەتەکانی رۆژئاوا رۆڵێکی گەورە ئەبینن لە هاوکاریی و کۆمەکی حوکوومەتە گەندەڵەکان دا, کە گەندەڵییان هییچی کەمتر نییە لە حوکوومەتە رۆژئاواییەکان.
پرسیاری سەرەکیی لەم تاوتوێیەدا, ئەگەر گەندەڵیی بەربڵاو و تەشەنەسەندوو, ببێتە مایەی ئەوەی کە بەرەنگاریی (ئۆپۆزسیۆن یان بەرەنگاربوونەوە) زییت بکاتەوە, بۆ ئاستی یاخیبوون و تیرۆری توندوتیژ, ئەوا بەم پێیە, بەشدار ئەبێـت لە داڕمانی سەرتاسەریی لە ئەدای کۆمەڵایەتیی,  کە زۆرجار بە تاوانە ئابڕووبەرەکان ئەناسرێنرێن. بەڵام, لەوکاتەی کە توێژینەوەیەکی زۆر هەیە لەسەر ئەم پرسیارە, ئیشەکەی چاییز, هەندێ هۆکار و بەڵگەی سەرەتایی رۆشنی خستۆتە بەردەم گرنگییدەرانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵییەوە, کە زۆرئەچنە ئەقڵەوە راست بن.

دووەم- گەندەڵیی مایەی تەنیینەوەی نەخۆشییە
گەندەڵیی, مایەی دەستگرتنەوەیە لە تەرخانکردنی بووجەی پێویست و, خەرجکردن لە بواری کەرتی تەندرووستی لە وڵاتە تاڵانکارییەکان دا. کەمتریین بایەخ بە کوتانی مناڵ دژ بە نەخۆشییە هەمەجۆرەکان, سەرباری بڵاوبوونەوەی ئالوودەبوون بە مادە بێهۆشکەرەکان و تەنیینەوەی  نەخۆشییە سێکسییەکان. 
رووسیا, بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەک لە ساڵی ٢٠١٧ دا, زیاتر لە سەد هەزار تووشبووی بە ڤایرۆسی بێ تەنە بەرگریی تۆمارکرد. لە ئۆکرانیادا, گەندەڵیی بوو بە مایەی تەنیینەوەی ئیفلیجیی مناڵان, نەخۆشی سییل لە ئاسیای ناوەڕاست و, ئەستەمبوونی چارەسەکردنی ئیبۆلا لە لیبریا دا. ئەمانە, ئاماژەن بۆ ئەوەی تەنیینەوەی ڤایرۆس و میکرۆب سنووری وڵات نازانێ و, تەنیینەوەی لە هەر وڵاتێک بە هۆی گەندەڵیی حوکوومەتەکانیانەوە, تەواوی وڵاتانی تریش ئەخاتە مەترسیی و هەڕەشەی جیددییەوە.

سێیەم- گەندەڵیی مایەی پەکخستنی دیموکراسییە
توێژیینەوەکان, زۆر لەسەر ئەم بابەتە قسەی بە بەڵگە و داتایان گەیاندووە بە رای گشتی و حوکوومات و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان, هەر لە مردنی دیموکراسیی رووسیاییەوە لە نەوەدەکان, هەتا سیستەمە سیاسییەکانی نەیجیریا و باشووری ئەفەریقا و مالییزیا و ئۆکرانیا و زۆر شوێنی تر, کە بە شێوەیەکی مەترسییدارانە قڵپبوونەتەوە بەرەو جۆرێک لە دیکتاتۆریی و رەنگە پاشاگەردانیی.
کێشەی شکستی دیموکراسیی لە حوکمڕانیی دا, ئەو ناکۆکییانەیە کە لە نێوان گفتوگۆیەکی دیموکراسییانەی ئۆپۆزسیۆن یان کۆمەڵگەی مەدەنیی, لەتەک حوکوومەتەکانیان گەرمەی هەیە, بەڵام ئەو کاتە شکیت ئەهێنێـت, کە بڕیارەکان هەمووی لە پێناوی بەدەستهێنانی پارەی نامەشرووع و کڕیین و فرۆشتنی پێگەکانی دەسەڵات دا ساغدەبنەوە. دیموکراسیی لەبەردەم هەڕەشەی گەندەڵیی دایە, کە کەسە کلیپتۆکراتەکان زیندوون و, لەسەر چزن بۆ ملبادانی دەسەڵاتی یاسا, بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییەکانیان, بە بێ بەرپەرچ یان لێپرسیینەوە.
لە لایەکی ترەوە, وڵاتە تاڵانکارییەکان, پشتییوانیی رۆژئاوایی و بەتایبەتی ئەمەریکاییان هەیە, بۆ شەڕ دیموکراسیی لەناوخۆی وڵاتەکانیان. چاییز(٧), پەنجە ئەخاتە سەر ئەم پارادۆکسییەی سیاسەتی ئەمەریکا. لە ئەفغانستان کە بەهۆی تاڵانکەرە ئەفغانییەکانی حوکمڕانییەوە, بەرتییلخۆریی بووە بە دیارەدەی ئاسایی و راهاتوو, بەڵام ئەمەریکا خۆی هەڵدەستێت بە پێدانی بەرتییل بە بەرپرسە حکوومییە گەندەڵەکانت. ئەگەرچیی ئەمەریکا لە ناوخۆییدا, سزای توندی هەیە بۆ بەرتییلخۆریی, لە لایەن هەر کەسێکەوە لە هەر پێگە و دەسەڵاتێک دا بێت. ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆیانە ئەمە ئەکات, لە شێوەی پارەی دەستی بۆ سی ئای ئەی (CIA), بەشێوەیەکی زۆر خەڵەتێنەرانە بەجێی دەهێنێت, لە رێی بەکارهێنانی هاوکارییە دەرەکییەکانەوە بە سیاسەتی "پارە بدە و یاری بکە" لەتەک حکوومەتە تاڵانکارییەکان دا ئەجووڵێتەوە. کۆمەکی دارایی بۆ میسر بەرامبەر رێکەوتنی کامپ دەیڤد, نموونەیەکی رۆشن و جوانە بۆ ئەمجۆرە بەرتییل دانە, نموونەی تریش هەن و, کەمتر رۆشنن. 
نەیت سبڵیی و بن جۆدە, ترسی کرمۆڵبوونی دیموکراسیی لە رۆژئاوادا بە مەترسییەکی هەنووکەیی ئەزانن. ئەمەش لە هەلقۆستنەوەی تاڵانکەرەکان بۆ خۆجێکردنەوە و شاردنەوە و بەگەرخستنی دزییەکانیان, بە پشتییوانیی ئەو تۆکمەیی و متمانە دیموکراسییەی لە سیستەمی حوکمڕانیی و ئابووریی رۆژئاوادایە. لە نووسیینی "رۆژئاوا دەرگای لەسەر پشتە بۆ بزنسی پییس"(٨) دا, بەوە دەستپێدەکەن:"تارماییەک بەسەر رۆژئاواوەیە, ئەویش تارمایی حوکومڕانیی تاڵانکارییە", تارماییەک باڵی کێشاوە, لە رێی سیاسەتمەدار و, راگەیەنداکارەکانەوە لە واشنتۆن و لەندەن و برۆسڵ وبەرلینەوە؛ لە سوپایەک خەڵکی لۆبییکراو و, پارێزەران, کارمەندانی سەرچاوە مرۆییەکانەوە, کە هەموویان بۆ بەرژەوەندی کەمیینەیەکی دەستەبژێری دەوڵەمەندی تاڵانکەر, دامەزراوە دارایی و یاساییەکان ئەخەنە گەڕ. لە دەرەوەی پایتەختە گەورەکانیشەوە, ترسێک چواردەوری رۆژئاوای داوە, ئەویش بەهۆی ئەندامە لاوازە زەبوونەکانی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپاوە, کە نەرمن لە ئاستی چنگی هێزی رووسیا و چیین دا.
لە پشتی رۆژئاوایشەوە, کلیپتۆکراتەکان - نەک ئایدۆلۆجیا و توندڕەویی- سەرەکیتریین تەنگوچەڵەمەن لەبەردەم بەرقەرابوونی دیموکراسیی, لە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکاندا. هەست و هەڵوێستی نوخبە دەستڕۆیشتووەکان گۆڕاون؛ ئیتر لەوەدا نەماون, چیتر وەڵامی داخوازییەکانی میللەت بدەنەوە, لەوکاتەی کە ملیاران دۆلاریان لە بانکە سویسیرییەکاندا هەیە و, دوا رێگەیشیان هەڵهاتنی کۆتایی بێت بۆ رۆژئاوا؟ ئیتر شەقڵی مێژوو شکێنراوە: دەستەبژێرە ئەمەریکایی و ئەوروپاییەکان لە سەدەی نۆزدەدا, ناچارکران کە ئیمیتازاتەکانیان لە وڵاتەکانی خۆیاندا, بەرە بەرە فراوان بکەن, لە پێناوی پاراستنی سامانەکانیان. چونکە ئەوکاتە, فڕۆکەیەکی تایبەتیان نەبوو, یان شوێنێکی تری باشتریان شک نەئەبرد, کە ببێتە پەناگەیەکی سەلامەت بۆیان.
بەڵام, ئەمە تەنها مەترسیی نییە. بەڵکو, سرووشتی نیهادی کلیپتۆکراتەکانە, کە دەست لە هەر شتێکەوە بدەن ژەهراویی ئەکەن: نەک تەنها ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەژار و زەبوون, لە جیهاندا, بەڵکو ئەو وڵاتانەش کە وەریان ئەگرن و, ئەمان پارە پییسەکانیانی تیادا ئەشۆرنەوە و, ئەشارنەوە. لە تەک گەشەسەندنی هێزی گەندەڵیی, نەک تەنها دیموکراسیی کڵۆم ئەدرێت لە وڵاتە تازەگەشەسەندووەکاندا, بەڵکو لە رۆژئاواشدا دیموکراسیی تووشی بەربەست و کاڵبوونەوە ئەکات.
ستراتیجدارەکان, بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست پێداگیریی ئەکەن, لەسەر هەڕەشە ئاساییە سەختەکان. ئۆپۆزسیۆنە چەپەکان لایان وایە بوون بە قوربانیی, لە دژایەتییکردنی گێلانەی ئێمپرالیست دا, کە هێشتا روانییان بۆ دەسەڵاتدارە کلیپتۆکراتە پارەدارەکان, ئەوەیە کە دژوارترین کەسانی سەر زەوین. لە  بەرەی راستیشەوە, ئایدۆلۆجیاکان وایان کرد, کە ڕێبدەن سەربەستی بۆ هاتوچۆی سەرمایە هەبێت, کە ئەمیش بوو بە مایەی نابییناکردنی  خەڵک و پارتە پارێزگارەکان, لە بینیینی مەترسیی قوڵپدانی دارایی نایاسایی. تەنها لەم چەند ساڵەی دواییدا نەبێـت, پێزانینێکی بەرەبەرەیی دەرکەوتووە, کە چۆن چۆنی پارەی نایاسایی پڕچەک ئەکرێت, بۆ باربووکردنی نایاسایی, کە بووەتە بەشێک لە جەنگێکی ناچییزە لە جیهاندا.
ئەم دیاردەیە, زیاتر لەو تاریکییەی دەوری رووسیای داوە ئەبیینرێـت, کە لە خراپترین حاڵەتییدایە. چەند دەیەیەکە, تۆڕی کلیپتۆکراتەکانی رووسیا, گەیشتوونەتە دەریای بەڵتیک و وڵاتانی رۆژهەلاتی ئەوروپا: هەر لە دەستکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی لیتوانیا لە  ٢٠٠٣دا, بەهۆی پەیوەندیی لەتەک مافیا رووسیاییەکانەوە, هەتا ئەگاتە ئەو پەیوەندییە بەردەوامانەی, لە نێوان هێزە یاریکەرەکانی مۆڵدیڤییا و ئۆکرانیا و کەرەملیین دان.
توانای یاساداڕیژە رۆژئاواییەکان بۆ پێزانیینی ئەم هەڕەشەیە, بەهۆی هەڵوێستە کۆنەکانیان لەگەڵ هاوشێوە ستەمکارەکانیانەوە, لاواز ئەبینرێتت. کەمێکیان هەن, کە ئەزموونێکی راستەوخۆیان هەبێت, لەو ژیانەی لە دەرەوەی دیموکراسییەتی رۆژئاوایی دا هەیە. لە رۆژئاوا, جیاوازیی روون و ئاشکرا هەیە لە نێوان دەسەڵاتی سیاسیی و, پارەی کەسیی فەرمانبەر بە ئاسایی و پێگەدارەوە, کە بەدرێژایی چەند سەدەیەکە لە رۆژئاوادا رێکخراوە بە یاسا و, لایان وایە لە وڵاتە ستەمکارییەکانیش دا, کە رواڵەتی دیموکراسییان پۆشییوە, هەمان سیستەم بەو وردەکارییەوە پیادە ئەکرێت. بەڵام لە رووسیا و چیین دا, یاسای گەورەی یارییەکە, لە لایەن دامەزراوەی حزبیی و ئارەزووی ستەماکارانەوە داڕێژراوە, ئەم جیاوازیە گەورەیە یان روون نییە لای یاسا دارێژە رۆژئاواییەکان, یان خۆیانی لێ گێل ئەکەن.
لە هەمان کاتدا, زەبوونیی لە سیستەمی دارایی رۆژئاوایی دا, تەنها ڕێپێدان نەبوو بە  ئاسانکاریی بۆ ئەو هەڕەشەکردنەی لە ئەنجامی قوڵپدانی پارەی نایاساییەوە روویدا, بەڵکو بوو بە مایەی بەهەژموونکردنی دەستەبژێرە دەسەڵاتدارە گەندەڵەکانی سیستەمە حوکومڕانەکان, کە هیچ هێڵێکیان نیە لە نێوان رژێمەکانیان و دەسەڵاتی کۆمپانیاکان دا.
ئەشێت لێکدانەوەی قووڵتر و وردتر بکرێت, لە دۆخی دیموکراسییکردنی وڵاتانی دەرەوەی ئەوروپای رۆژئاوا و ئەمەریکا. مێژووی سیاسەتی رۆژئاوا لە وڵاتە تاڵانکاریی و ستەمکارییەکان دا, ئەوە ئەبەخسن کە ویستێکی بە بەرنامە هەیە لە خەمساردیی گوێزانەوەی دیمکراسیی رۆژئاوایی بۆ ئەم وڵاتانە. نووسینێک لەسەر ئەم پرسە لە لایەن نووسەرەوە " ترس لەدیموکراسیی: هێز لە نێوان ئەمەریکاو چیین دابەش ئەکرێت"(٩) هەیە بۆ شرۆڤەی زیاتر و هەڵوێستە لەسەرکردن.

چوارەم- گەندەڵیی نرخی خانووبەرەو و خانووی نیشتەجێبوون بەرزئەکاتەوە
توێژیینەوە ئەکادیمییەکان, بە وردی دەریانخستووە کە پارەی دزراوی وڵاتێک و, گوێزانەوەی بۆ وڵاتێکی تر, هەمیشە مایەی بەرزبوونەوەی  نرخی خانوو بەرە و جێگەی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەیە, کە داڵدەی پارەی دزراوی کلیپتۆکراتەکانی تیا ئەدرێت و, ئەمەش بە سپییکردنەوەی ئەو پارە رەشە پیسانەیە لە بزنسی خانووبەرەدا. لێکۆڵەرەوەکان بە نیگەرانییەوە, سەیری هۆکاری سەرەکیی لە پاشووهاتنەوەی گەشەی شارەکانی ئەو وڵاتانە ئەکەن, لە جیهان دا, کە بە هۆی تێڕژانی پارەی دزراوی وڵاتە کلیپتۆکراسییەکانە. بە مەبەستی سەلامەتکردنی پارەکانیان, کاریگەرییان لەسەر کڕیینی خانووبەرە, جگە لەبەرزکردنەوەی نرخەکەیان, کرێی بەکرێدانیشیان بەرزکردۆتەوە کە بوون بە ئەستەم و ڕێگر لەبەردەم دانیشتووانەکانیان دا. نموونەی زۆر هەن, لەم سەوداومامەڵە پییسەی کە بە ئاسانیی ئەگوزەرێت لە ئەوروپ و ئەمەریکا دا, ئێرە شوێنی دووبارەکردنەوەیان نییە, بڕوانە بۆ بەشی سێیەم لەم زنجییرەیە بە ناونیشانی " خۆشاردنەوەو پرۆژە وەهمییەکانی فەرمانڕەوا تاڵانکەرەکان (کلیپتۆکراتەکان)"(١٠).

پێنجەم-  خۆپیشاندان و راپەڕیین و شۆڕشە مەدەنییەکان
زۆر گرنگە, کە راپەڕیین و پرۆسە خاو و هەندێکجار لەپڕەکانی گۆڕانکاریی حوکوومەتەکان, بە لێکەوتەی وەرچەرخێنەری کلیپتۆکراسیی بێت, بەڵام مەرج نییە بەرەو تێپەڕاندنی کلیپتۆکراسییەکی دیارییکراو بێت, ئەشێت لە کلیپتۆکراسییەکی شێنەیی سەقامگییرەوە بەرەو کلیپتۆکراسییەکی توندی پاشاگەردانیی بچێت..
ئەوە چەسپاوە, کە حوکوومەتە تاڵانکارییەکان, وڵاتیان تەنها بۆ خۆیان قۆرخکردووە, تەنها جێی خۆیانی تێدا ئەبێتەوە و, هەر کەس و بەرەو لایەن و پارتێکی سیاسی, لە دەرەوەی ئەو بازنەی تاڵانکارییە,  هەر نیهاد و ویستێکی هەبێت, رووبەڕووی سیاسەتێک ئەبێـتەوە کە تۆمەتی دژە دەسەڵاتی ئەدرێتە پاڵ و, رووبەڕووبوونەوەی قورسی تووش ئەبێـت. بۆیە, هێز و لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەم وڵاتانە, هەمیشە لە جووڵەدا بوون, هەتا گەیشتوونەتە ئاستی تەقیینەوە و راپەڕیینەوە. دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانەش, زۆر بە توندی و بە هێز و, گەیشتووەتە گرتن و کوشتن, رووبەڕووی راپەڕیینە جەماوەرییەکان بوونەتەوە. لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەنووس ستیفانیی باندییک(١١) لە بارەی کتێبی "دزەکانی دەوڵەت" لەتەک چاییز, گرنگیی ئەدات بە رەفتاری حوکوومەتە تاڵانکارییەکان, لە راونان و تێکشاندنی کەسێتییە ناڕازییە خاوەن جەماوەرەکان و, چارەنووسی ئەو رەفتارە نادیموکراسییانە. چاییز, بە دیارییکراوی ناوی  ئەفغانستان و عێراق ئەبات, بەڵام  پێی وایە نایجیریا تا رادەیەکی زۆر, خۆی لە هەڵدێر رزگارکردووە, ئەویش لە ڕێی  دوایین هەڵبژاردنێکەوە, کە  ناوازەوە بووە. بەوەی, کە لایەنێکی رکابەر دەسەڵاتی گرتە دەست, کە هەمیشە لە لایەن دەسەڵاتەوە لە میدیا و کۆڕە نێودەوڵەتییەکان دا, بە توندوتیژیی و  دژە- گەندەڵیی ناسێنرابوون. بە گوێرەی  وڵاتەکانی تریشەوە , کە بێگومان مایەی نیگەرانیین بۆ چاییز, ئەوانەن کە هاوپەیمانی ئەمەریکان, وەک جەزائیر, ئەسیوبیا و, ئۆگەندا و میسر, لە شەڕی دەستویەخەیەیی بەهێزدایە و کەمتر لەبارەیانەوە ئەبیسرێـت جگە لەوەی میدیاکانی ئەو حوکوومەتانە بە شێ,اندنەوە گفتوگۆ و دانووستانەکان ئەگوێزنەوە. بەڵام, ئەوەی مایەی سەرسووڕمانە, لەم وڵاتانەدا, هات و نەهاتەکان, هەڕەشەی توندڕەوەکان و, تەقینەوەکان, لە کۆتاییدا لە تەک لێکەوتە ئیقلیمییە گەورەکان دا, شەقڵە سیاسییەکانیان بەدەرئەکەون. 
چاییز, ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی ئەمەریکای لاتیین (بەرازیل و چیللی و گواتیمالا) و ئەرمینیا و مۆڵدۆڤا, زۆر بە ئومێدبەخش  و بونیادنەر سەیر ئەکات و, بە  دووەمیین شەپۆلی راپەڕیینی جیهانیی دژبە گەندەڵیی دائەنێـت لە دوای بەهاری عەرەبییەوە, کە سەرنجێکی کەمتری دراوەتێ. جگە, لە هەبوونی هەندێ هاندانی کۆبەکۆیی رۆژئاوا, کە رەنگە زیاتر لە لایەن هاوڵاتییانەوە بوو بن, لە پەنا بەرپرسە بەجۆشەکان کە زیاتر سەر بە دەسەڵاتە دادوەرییەکانن و, رەنگە توانای سەپاندنی هەندێک چاکسازیی گرنگیان هەبێـت, کە زۆر باشترە لەو شکستیی و نائومێدبوونانەی کە نارەزاییەکان بە ئاراستەیەکی تووندڕەوییدا دەبات.
 هۆ بریکلیی(١٢), لە سەر بۆچوونەکانی چاییز, لەسەر راپەڕیینە جەماوەرییەکانی بەهاری عەرەبیی, تیشک و سەرنجی وردی هەیە, کە  بەهاری عەرەبیی - بە لایەنی کەمەوە لە سەرەتاکەیدا – پیشانی دا, کە رەنگە ئەو جووڵانەوە ترازاوانە عەلمانی بن. پێی وایە, بانگەشەکانی چاییز رەنگە لە زۆرتریین بارییدا وروژێنەرێک بوو بن, کە مایەی گرنگیی بووبن, لە پەیوەستکردنی گەندەڵیی تەشەنەسەندوو و, پەڕگییریی ئایینیی توندڕەوەوە - ئەویش ئەو پەیوەندییەیە کە پێداگیریی ئەکات لەسەر ئەوەی, کە بەهییچ شێوەیەک پابەست نیە بە پەڕگییریی ئیسلامییەوە, یان تەنانەت بە مێژووی نوێشەوە. "گەندەڵیی" لە هەموو زمانێکدا گەندەڵیی مەعنەویی و مادیی لە خۆ گرتووە و, پاکژیی ئایین رەنگە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا باشتریین چەک بێـت, یان تەنها چەک بێـت بۆ شەڕکردن. لە قاعیدەوە بۆ (بۆکۆ حەرام لە سوودان), لە هەڵگەڕانەوە پرۆتستانتییەکانەوە بۆ کەنیسە نەیجییرییەکان, گەندەڵیی ئابڕووبەرانەی دەستەبژێرە سیاسییەکانیش, زۆرجار وەڵامدانەوەیەکی زۆر توندوتیژانە ئەگرنەخۆی.
لەم بنەمایانەوە, چاییز, ئامانجدەری هەڵڕشتنی مەترسییەکانی گەندەڵیی بوو, لە بیر و هزری هەموو لایەنە چالاکەکانی سەر بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی جیهانیی و, بۆیە ستراتییجییەتێکی وردی بۆ داڕشت لەو کتێبەی دا. یەکێک لە وانە سەرەکییەکان, وازهێنانە لە کورت بینینی رۆژئاوا بۆ ململانێی مەدەنیی لە وڵاتە بیانییەکان دا, بە هۆی سەرقاڵبوونیان بە توندوتیژیی و پەڕگییریی ئایینییەوە. مەدەنییەکان لە ئەرزی واقیعدا لە خەمی شتگەلێکدان, کە  زۆرجیاوازتر و لە پێشترە, لەو خەمەی داگییرگەر, یان ئەوەی بەرژەوەندیخوازەکان هەیانە لە وڵاتەکانی ئەماندا. بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیستەمە تاوانکارە توندوتیژەکان, خەڵکیی مەدەنیی لایان وایە شەیتان  هێشتا بچووکترە, لە هەردوو دەستەبژێری ستەماکار و تیۆکراتەکان.
بەگوێرەی سیاسەتی راگەیاندنیشەوە, بە تایبەت لە دەستتێوەردانی سەربازیی لە عێراق و ئەفغانستاندا, چاییز, پێداگییریی ئەکات لەسەر دوو هێندە بوونی هێزی یاخیبووەکان لە سایەی گەندەڵیی دا. لە پشتیوانیی و پارێزگارییکردن لە حکومەتەکان, هێزە بیانییەکان دەستییان هەیە لە وروژاندن و تووڕەکردنیان دا. وەهایە, چونکە دانیشتوانی ئەو وڵاتانە بە داگییرکەر و, لایەنی ڕێخۆشکەریان دائەنێن, لەو وێرانکاریی و شڵەژانانەی کە تووشی وڵاتەکەیان بووە, لە دوای داگییرکردنیان و, دزینی سەرچاوە نیشتمانییەکانیان. هەر هەمان تێڕوانیینیان هەیە, بۆ هەوڵە دیبلۆماسیی و گەشەپێدان و مرۆییەکانیان؛ گاڵتەیان بە بێلایەنییان دێت و, چاییز پێیوایە, لە خودی گەندەڵیی تەشەنەسەندووەوەیە وئەڵێت "پشتییوانە ئابووریی و, تەنانەت پشتیوانیکردنی پێگەیاندنی تواناکانیش, هەمیشە سیاسەتکارانەن". دواجار, پێویستە لەسەر ئەو لایەنە نێودەوڵەتییانە, لە ئامادەباشیی دا بن, بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی بە هێندی ئەوەی, کە بانگەشەی بۆ ئەکەن گوایە " گەندەڵیی دەستدرێژییە بۆ مافەکانی مرۆڤ و پەککەوتنی دیموکراسیی". ئەتوانرێت,  پەیامی چاییز لە سێ خاڵ دا بخرێنە روو:
یەکەم: مشتومڕ لەسەر ئەوەی کە گەندەڵی بەربڵاو, زیاتر پەڕگییریی ئایینی توندوتیژ ئەوروژێنێت, ئەوەیشی لە بیر نەچووە کە قسەی هەبێت لەسەر دروستی ئەو پێوانەیە لە بارەی پاکژییەوە, وەک بەرپەرچێک بۆ گەندەڵیی رەوشتانە و مادییانەی حکومەتە عەلمانییەکان. پێی وایە, ئەم پەڕگییرییانە ئەبنە بژێنی جۆرێک لە سیاسەتیی شوناسیی و بیروباوەڕ, دەربارەی پۆخڵەواتی رەوشتانەی کەسانی تر - ئیتر لە ناوەوەی تاقمەکەدا بێت یان لە دەروەوەیدا- کە ئەبنە مایەی دۆزینەوەی چارەسەری توندوتییژانە.
دووەم: کلیپتۆکراسیی تەنها هۆکار نییە بۆ هەڵگەڕانەوە و یاخیبوون, بەڵکو ونکردنی متمانەیە بە هەموو دامودەزگا پەیوەستەکان بەو گەندەڵییە بەربڵاوەوە. لە زۆربەی جارەکاندا, هەوڵەکان ئەوەیە حکومەتی عەلمانی بشێوێنرێت و, گەشەی ئابووریی و, دیموکراسیی و, خوێندن لەسەر رێوشوێنی رۆژئاوایی و, مافی مرۆڤ بە هەمان فڵچە وێنە بکێشرێـت. رەفزکردنی ئەم هزر و دامەزراوانە, ئەبنە مایەی رووتکردنەوەی کۆمەڵگەکان لە سەرچاوەی رۆشنبیریی زیندوو, کە لە توانایدایە داڕمانێک بهێنێتە ئاراوە, کە سەر بکێشێتە توندوتییژیی نەژادی و ئایینیی و, دواتریش دەستتیوەردانی نێودەوڵەتییش.
سێیەم: ئاشتیخواز و مرۆڤدۆستەکان, ئەتوانن ببنە کاراکتەرێکی گرنگ لە هەوڵ و کۆششی رێگرییکردن لە  دەستدرێژیی خوێناوییەکانی ئەم سیستەمانە دژ بە خەڵکی سیڤییل. بەڵام, ئەم تاقمانە بە شێوەیەکی رۆتیینانە ناچار ئەکرێن کە لە پەنا حکومەتەکاندا کاربکەن, پشتیوانیی و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی حکومەتەکان بن. بەم شێوەیە, زۆرێک لە مەترسیی هەیە کە  پێیان زانراوە و, پەیوەستن بە خەمساردیی و سستی بەدەمەوەچوونی کۆمەڵگای مەدەنیی و وڵاتە دیموکراسییەکان لە رۆژئاوادا, لەبەرامبەر دەستێوەردانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان بەشێوەیەک کە مایەی نیگەرانیی قوولیان لە مێژووی دیموکراسیی جێهێشتووە

٣. کوشتن و  گرتن و فڕاندن و رەدوونانی  رۆژنامەنووس و هەواڵدەرەکانی گەندەڵیی
حوکووماتە کلیپتۆکراسییەکان, بە سرووشت زۆربەیان مافیایین, لە تاڵانکردن و رووبەڕووبوونەوەی نەیار و دژەکانیان, هەتا ئاستی پاکتاوکردنی جەستەیی. رۆژانە لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانەوە, هەواڵی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان و, هەواڵدەرە گەندەڵییەکان و, چالاکیوانانی مەدەنیی ئەبیستیین و ئەخوێنیینەوە. دۆسیەی دادگا نێودەوڵەتییەکان و راپۆرتی ئاژانس و رێکخراوە مەدەنیی و نێودەوڵەتییەکان, ئەم تاوانانە ئەکەن بە داتا و لێکۆڵیینەوەی ئەکادیمیی و پێجۆریی ئەنجامدانی تاوانکاریی, لەسەر ئەکرێن. لە یەکێک لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دا, ئەوەیە کە لە لایەن کۆمییتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (Committee to Protect Journalist - CPJ) , دەرکراوە, بە ناوی "هێرش بۆ سەر رۆژنامەنووسیی", "Attacks on Press "(١٣) برییتە لە کۆمەڵە وتارێکی پڕ لە دۆکیومێنت و داتا, لەسەر هەموو جۆرەکانی دەستدرێژیی بۆ سەر رۆژنامەنووسانی دژە گەندەڵیی لە جیهان دا, هەر لە تەنگپێهەڵچنیین و, رەدوونانی ئەلیکترۆنیی و, گرتن و, کوشتن و, ئاوارەکردن و, سزادانی یاسایی, لە وڵاتەکان دا. جگە لە تۆڕی نهێنی کوشتن لە لایەن دەزگا هەواڵدەرییەکانی حوکوومەتە تاڵانکارییەکان و, رێکخراوە تاوانکارییەکانی سەر بە مافیای کەسە تاڵانکەرەکان و, گروپە سیاسییە توندوتییژەکان و, خودی حوکوومەتە خۆسەپێنەکانەوە, کە هەرە مەترسییتریین هەڕەشەن بۆ گیانی رۆژنامەنووسان, وەک لە مەکسیک و باراگوای و ئەفغانستان و, زۆر وڵاتی تری ئەم پێکهاتە تاوانکارییانە. جویڵ سیمۆن, بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی لێژنەی پارێزگارییکردنی رۆژنامەنووسان, ئەڵێت: "رۆژنامەنووسان باڵبەستی دینامیکێتی تیرۆرن, کاتێک رووبەڕووی هەڕەشەی گرووپە مافیاکانی تیرۆر ئەبنەوە, لە لایەن ئەو دەوڵەتانەی کە بە ئامانج ئەیانگرن, یان ئەو حوکووماتە تاڵانکارییە خۆسەپێنانەی کە ئازادییە مەدەنییەکان تەلبەند ئەکەن, بە ناوی دژە تیرۆرەوە". هێرشەکان بۆ سەر رۆژنامەنووسیی, بەم دیمەنە و بەم پاساوەوە سازئەکرێن. ئەم رۆژانە, دونیا تەنراوە و تەسککراوتەوە بۆ رۆژنامەنووسان, کە وەکو پێویست بتوانن ئیشەکانیان جێبەجێبکەن.
لەم رووبەڕوونەوەی دژە- گەندەڵییەدا, یاسا, وەک چەکێکی سووکە بەکار ئەهێنرێت, لە دارشتنی یاسا بە قەرەبووکردنەوەی دارایی گەورە و گرتن و بەندکردن, بۆ هەر سەرپێچییەکی رۆژنامەنووسیی, کە ئەو یاسایانە سنووری ئازادییەکانی رۆژنامەنووسانی تیادا تەسک کردۆتەوە. لەهەمووی قورستریش لەم یاسایانە, پاساوی قەلاچۆکردنی توندوتیژیی (الارهاب), لە لایەن ئەو وڵاتانەوە دەرکراون بۆ تێوەگلاندنی رۆژنامەنووسان لە تاوانەکانی تیرۆر و هاندانی تیرۆرەوە, لە ئەسیوبیا و ئەفغانستان و میسر, بە دەیان رۆژنامەنووس کەوتوونەتە بەر هێرشی سزای زیندانکردنی هەتاهەتایی.
 لە دوایین راپۆرتی "کۆمییتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ", مێژووی ئەم دەستدرێژییانە ئەگێڕێتەوە بۆ سەدەی شانزە, زانیاری تەواو لەسەر ١٣٧٦ رۆژنامەنووسی بلاوکردۆتەوە لە جیهان دا و, داتەبەیسێکیش لە سایتەکەیان دایە بۆ هەر کەس کە بیەوێـت بە ناو و, رەگەز و, ناونیشان و, وڵات و, شێوەی تیرۆر و, مێژوو بیەوێت زانیاریی دەست بکەوێت. ئەم قوربانییانە, لە لایەن وڵاتە تاڵانکەرەکان و کەسە تاڵانکەرەکانەوە, بە پییلانی تۆکمە, لەناوخۆی وڵاتەکانیان یان لە دەرەوەدا, تیرۆر کراون بە شێوازی جۆراو جۆر. هەر بەنموونە؛ داڤنی کارونا گالیزیا بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبییلی بۆمبڕێژ لە ماڵتا(١٤),  جان کوچویاک بە فیشەک کوژراویی لە سلۆڤاکیا, پارچەپارچەکردنی قاشقچی رۆژنامەنووسی واشنتۆن پۆست لە تورکیا, فڕاندن و کوشتنی رۆژنامەنووسی فەرەنسایی لە مالیی(١٥). ئەحمەد عبد الصمد و شهاب احمد لە عێراق(١٧,١٦).هەواڵدەرەکانی گەندەڵییش قوربانیی دەستی تیرۆرن, نزیکتریینیان دکتۆرەکەی وەهان کە هەواڵی لە هەبوونی ڤایرۆسی کرۆنا دا, لە لایەن حوکوومەتی "چیین"ەوە, کوشتنی ئەلکساندەر پێریپلیچنیی لەسەر هەواڵی گەندەڵییە داراییەکانی پۆتیین لە لایەن حوکوومەتی رووسیاییەوە لە شوقەکەی خۆیدا لە لە لەندەن, دوای ئەوەی لە پاریس گەرابووەوە. دەهای تریش لەسەر هەواڵدەرییان لەسەر گەندەڵیی تیرۆرکراون بە نموونە(١٨):  مێندا ئەڵمۆنتی لە ٢٠٠٩ دا, ئەلیکساندەر بارانکۆڤ لە ٢٠٠٩, رۆدۆڵف ئیڵکەر لە ٢٠٠٨, جۆن کریاکۆ لە ٢٠٠٧ و هی تریش.
بۆیە, تاڵانکاریی دوژمنێکی ئاشکرا و نهێنگری مەترسییدارە بۆ سەر هەموو, لە خودی وڵاتە تاڵانکارییەکان و لە وڵاتەنەش کە ئەبنە پشتییوان و داڵدە بۆ پارەی پییسەکان و, بەرژەوەندییە نامرۆییەکان. لێکەوتەکان لەسەر تاکی هاوڵاتیی زۆر قورس کەوتوونەتەوە, پێش ئەوەی هییچ دەستە  و لایەن و حوکوومەتێک بگرێـتەوە. بەڵام, تاڵە دەزوویەک لە هیوا چنگ خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنیی نەکەوتووە, جگە لە کۆششیان بۆ پێجۆریی و کۆکردنەوەی دۆکیوکمێنتی تۆکمە لەسەر تاڵانکاریی و تاڵانکەرەکان. بەڵام, هەتا ئێستا تاڵانکەرەکان, بێ لێپرسیینەوەن, کە ئەرکی دیموکراسییە بەو کارە گرنگە مێژووییە هەڵسێـت.

دوایین بەش, تایبەت ئەبێت بە دەرئەنجام و چیی بکرێت؟

سەرچاوەکان
------------
(١) د.رزگار ئاغا, خۆشاردنەوە و, پرۆژە وەهمییەکانی فەرمانڕەوا تاڵانکەرەکان ( کلیپتۆکراتەکان), ئاوێنە, تەمووز ١ , ٢٠٢٠
(٢) د.رزگار ئاغا, تەونەکانی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی),ئاوێنە, حوزە یران ٢٧ , ٢٠٢٠
(٣) د.رزگار ئاغا, تەونەکانی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی), ئاوێنە, حوزە یران ١١ , ٢٠٢٠
(4) E. Peraldi, Kleptocracy – a global phenomenon, with local consequences, Global  Integrity, June 13, 2019
(5) O. Bullough, Four reasons why corruption matters, Al-Jazeera, 9 Jan 2018
      https://www.aljazeera.com/indepth/opinion/reasons-corruption-matters-171220083147134.html
(6) H. Breakey, Review of “Thieves of State: Why Corruption Threatens 
       Global Security”,  Journal of Genocide Studies and Prevention, Oct.2016.
(7) R. Bistrong, “Corruption, Compliance & Criminal Regimes: An Interview with
    Sarah Chayes”, A Front-Line Perspective on FCPA, Anti-Bribery and Compliance
     Jan 26, 2015
(8) B. Judah and N. Sibley, “The West Is Open for Dirty Business”, Hudston Institute,
     Foreign Policy, Oct. 7, 2019.
(٩) د. رزگار ئاغا, ترس لەدیموکراسیی:هێز لە نێوان ئەمەریکاو چیین دابەش ئەکرێت, ئاوێنە, نیسان ٧, ٢٠٢٠
     https://www.awene.com/article?no=8754&auther=170
(١٠) د. رزگار ئاغا, خۆشاردنەوەو پرۆژە وەهمییەکانی فەرمانڕەوا تاڵانکەرەکان (کلیپتۆکراتەکان), حوزەیران ٣٠, ٢٠٢٠
https://www.awene.com/article?no=12173&auther=170
(11) S. Bandyk, Corruption Q&A with Sarah Chayes, Anti-Corruption & Governance  Center, July. 20. 2015.
(12) H. Breakey, Review of “Thieves of State: Why Corruption Threatens Global Security”,  Journal of Genocide Studies and Prevention, Oct.2016.
(13) CPJ, Attacks on Press, Bloomberg Press, 2nd edition, 2015
ئەم کتێبە: "هێرشەکانی سەر رۆژنامەنووسیی", کۆمەڵە وتارێکی زانستی پڕ دۆکیومێنت و زانیاریی درووستن, لە لایەن کۆمەڵێک شارەزای ئیقلیمیی و فەرمانبەرەکانی لێژنەی پارێزگاریی لە رۆژنامەنووسان, کە پێجۆری کۆمەڵە لەرووداوەستانەوەیەک ئەکەن کە رووبەڕووی  رۆژنامەنووسان ئەبێتەوە. چاپیی دووەمی ٢٠١٥ی ئەم  کتێبە, لە لایەن گریستیان ئەمانبوور, گەورە هەواڵنێری رۆژنامەنووسە نێودەوڵەتیی سی ئێن ئێن, ئەندامی ئەنجوومەنی لێژنەی پارێزگاریکردنی رۆژنامەنووسان, پێشەکیی بۆ نووسراوە.
(14) M. Swart ,Killings and attacks against journalists on the rise, Nov 2nd 
       2019.
      https://www.aljazeera.com/news/2019/11/killings-attacks-journalists-rise-191101073617629.html 
(15) Juliette Garside, Murdered Maltese reporter faced threat of libel action in UK, The
       Guardian, June 11 2018.  
 (16) A. Ibrahim   & A. Al-Rubaie, Iraqi journalists fear for lives after Basra reporters 
        killed, Al-Jazeera, Jan 12 2020. 
(17) https://www.aljazeera.com/news/2020/01/iraqi-journalists-fear-lives-basra- reporters-killed-200112190231977.html
 (18) https://en.wikipedia.org/wiki/List_of_whistleblowers




وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×