پەرتەوازەیی كورد و بەرنامەكەی سودانی

عیماد عه‌لی
  2022-10-27     368

ئەوەی بەرنامەی كاری حكومەتەكەی سودانی لەمەر هەرێمی كوردستان، لە لایەنی پەیوەندیەكانی هەرێم و ناوەندی عیراق و  یاسای نەوت و غاز و پركردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان هەرێم و بەغدا و مادەی 140 و كێشەكانی ناوچە دابراوەكان و یاسای ئەنحومەنی فیدراڵی و یاسای دادگای فیدراڵی بینیبێت، دەزانێت بە گوفتار كۆمەڵێك خاڵی ئەرێنی تێدایە، بەڵام وەك دەزانین فسە شتێكە و كرداریش شتێكی دیكەیە، ئەمە لە لایەك، لە لایەكی دیكەوە ئەو ترسە بەردەوام لە ئارادایە و بە گرفتە گەورەكەی كورد ناسراوە ئەویش ئەوەیە كە لایەنەكانی كوردستان لە لوتكەی پەرتەوازەیی و نا یەكگرتووییدا خۆی دەبینێت، كە ئەمەش واداەكات هیچ پاڵنەرێك یان فشارێك لە هەرێمەوە نەبێت لەسەر سودانی بۆ ئەوەی بە كردارحكومەتەی راستەرێ بكات لەكاتی جێبەجێ نەكردنی بەرنامەكەی  و ناچاربكرێت بۆ راییكردنی كردەیی ئەو  گوفتارە تیۆریانەی كە ئەمرٍۆ بەكوردی داوە. وەك پێشتر ئەوەمان بۆ یەكلابۆتەوە كە بەم وەزعەی ئێمەوە، ناوەند دەستكراوەیە لە كاری سیاسی و مامەڵەی لەگەڵ سەرجەم پرسەكانی هەرێم لە سەرجەم بوارەكانی بودجە و پێشمەرگە و غاز و نەوت و ناوچە دابرٍاوەكان و بەم     قسەی ئێستاش بێت بەرنامەكەیشی وەكو بڵقی سەرئاوی لێدێت. ئەمرٍۆ رەوشی كەركوك و خانەقین و ناوچە كێشەلەسەرەكان بەدژوارترین بارودۆخدا تێدەپەرٍن و ئەوەی نەشێت لە نیازی شۆفینیەت و فاشیەت بە ئاسانی لەو ناوچانە پەیرٍەو دەكرێت و كەسیش پێیان ناڵێت بەری چاوتان كلی پێوەیە.
ئەوەی جێگەی داخە كە لەم قۆناغە تا رادەیەكی درێژ مەودای پاش روخانی سەدام، كورد هەل لە دوای هەل لەدەست دەدات و بەخۆی بۆتە گرفت بۆ چارەسەری كێشەكانی. هەمووان رەفتاری ئەم حزبانە لە بەغدا و ئەو پەیوەندیەی نێوان خۆیان و لەگەڵ حزبە سیاسیەكانی بەغدا و چۆنێتی مامەڵەیان لەگەڵا پرسە سەرەكی و بنەرٍەتیەكەی كورد دەبینن كە نەك ناماقوڵی زۆر دەكەن بەڵكو لە هیچ كاتێكدا ئەوەندە نەزان و نایەكگرتوو و نەبوون، ئەمەش وادەكات هیچ متمانەیەك بە كەسیان نەكرێت لە راییكردنی سیاسەتی كونجاو و راست و دروست لەم كاتەدا. ئەگەر بەرنامەی كاری سودانی ئومێدێكی تیۆری تێدا بێت، دەكرێت بە نیازپاكیەوە هەنگاوی جددی بۆ چارەسەری بنەرٍەتیی كێشەی سەرەكیی دەیان ساڵەی كورد بنرێت، بەڵام كە پەیوەندیی نێوان ئەم حزبانەی لەمەرٍ خۆمان دەبینیت و عەقڵیەت و رەفتار و گوفتاریان لێكدەدەیتەوە، یەكبار رەشبینی داتدەگرێت و نەفرەت لە سیاسەت و بیركرنەوەیان دەكەیت و لەوەشدا یەكلایی دەبیتەوە كە ئەم هەلە زێرینەی ئەم كاتە لە رێكبونەوەی هاوكێشەكان بۆ كورد لەدەست دەدەن و پەند لە مێژووی نزیكیش وەرناگرن.     

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×