تۆ حه‌قت چه‌س خاڵۆم خۆی وتی

عیماد عه‌لی
  2021-12-24     567

ئیدیۆمه‌ شیعرێكی خانه‌قینی هه‌یه‌ ده‌ڵێت: (ئه‌وسا زانستم كاره‌گه‌ی تیزه‌ خوازمه‌نیكه‌ره‌گه‌ی گوڵگه‌ خیزه) به‌واتای سه‌رپه‌شتیكار ئه‌وه‌ ناوبانگی بێت كاره‌كه‌ له‌وه‌ باشتر نابێت.

له‌ كاتی گفتوگۆكه‌ی یه‌كێتی و حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌ ساڵی 1984 خوێنكاری پۆلی سێی زانكۆ بووم، له‌ كاتی شكستهێنانی گفته‌وگۆكان، به‌ هاندان و پشتگیری رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران و زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و ره‌وته‌، خوێنكاران خۆیشاندانیان كرد و مانیان گرت و ساڵێكمان له‌و كاره‌ حه‌ماسیه‌ فه‌وتا. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باسه‌ لێره‌دا، خوشكه‌زایه‌كی سه‌ركرده‌یه‌كی خانه‌قینی مامناوه‌ندی كۆمه‌له‌ی ره‌نجده‌رانی ئه‌وكاته‌ و باڵای دوای راپه‌رینی خوێندكار بوو له‌گه‌ڵماندا، كه‌چی ئه‌و بۆخۆی مانی نه‌گرت و تاقیكردنه‌وه‌ی خۆی كرد و ده‌رچوو و ساڵه‌كه‌ی نه‌فه‌وتا، ئه‌وه‌ش حه‌قی خۆی بوو  و ئازادبوو له‌ بریاردانی خۆی و به‌ پێی بارودۆخی خۆیرێ\ه‌ی خۆی گرته‌به‌ر، به‌ڵام كه‌ پرسیارم لێكرد و وتم هه‌ر نه‌بێ له‌به‌ر سومعه‌ت و ناوی خاڵت ده‌بوو به‌شدار بیت له‌م چالاكیه‌ و ته‌نها تۆ به‌به‌رزكی بانان لێیده‌رنه‌چیت و ته‌نانه‌ت زیان له‌سومعه‌ی خاڵت نه‌ده‌یت، ئه‌ویش وتی: تۆ حه‌قت چه‌س خاڵۆم خۆی وتی بڕۆ تاقیكردنه‌وه‌ی خۆت بكه‌ و مان مه‌گره‌ و حه‌قت به‌ خه‌ڵكی تره‌وه‌ نه‌بێت. ئا كڕۆكی مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ و ئه‌وه‌ی دواتر باسی ده‌كه‌م لێره‌دایه‌. ئه‌گه‌ر به‌ئیراده‌ی خۆی ئه‌وه‌ی بكردایه‌ زۆر ئاسایی بوو، به‌ڵام به‌قسه‌ی خاڵی كه‌ هانی كوڕی فه‌قیر و هه‌ژار و نه‌دار بدات خۆپیشاندان بكه‌ن و مانبگرن و له‌ ده‌رئه‌نجامدا سالێكیان بفه‌وتێت لای ئه‌و ئاسایی بێت و به‌ خوشكه‌زاكه‌ی خۆی بڵێت تۆ حه‌قت به‌وانه‌وه‌  نه‌بێت بڕۆ ده‌وام و تاقیكردنه‌وه‌ی خۆت بكه‌ با ساڵه‌كه‌ت نه‌فه‌وتێت. ئه‌مه‌ زۆر شت هه‌ڵده‌گرێت.

له‌م ڕۆژانه‌ براده‌رێكم بینی و دوای قسه‌وباس وتم: ده‌زانیت ئه‌و كارانه‌ی له‌سه‌ر تۆ باس ده‌كرێت له‌ بازرگانی نابه‌جێ و بێ حساب بۆ هیچ شتێك جگه‌ له‌ قازانجكردن له‌ قۆرخكاری وبێ حسابكردن بۆ زیانگه‌یاندن به‌ خه‌لك له‌ دواجاردا نابوت ده‌بیت، پێت بڵێم هه‌ر بۆخۆت نا به‌ڵكو ئه‌مه‌ زیان له‌سومعه‌ت و ناوبانگی مامت ده‌دات كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی دیاره‌ و له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر تۆخه‌ڵك گومان له‌ویش بكه‌ن، ئه‌م برازی سه‌ركرده‌یه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی خوشكه‌زای به‌رپرسه‌كه‌ی تر وتی: تۆ حه‌قت چیه‌ تۆ چوزانیت ئه‌ویش غه‌رقی ئه‌م ئیشانه‌ نیه‌، ده‌زانیت تۆ له‌ گوێی گادا نوستویت.

ئالێره‌ ئه‌م تۆ حه‌قت چه‌س و تۆحه‌قت چیه‌ زه‌نگێكی گه‌وره‌ی له‌ مێشكی دام و ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كلایی كردمه‌وه‌ كه‌ ئه‌م شۆڕشه‌ی شاخ و درێژكراوه‌ی بۆحكومڕانی له‌ شار له‌زۆر لاوه‌ هاو شێوه‌ و هاوته‌ریب و هاوتان.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌وجۆره‌  به‌ناو سه‌ركردانه‌ رۆژ له‌دوای ڕۆژ باڵاتر ده‌بن و له‌زه‌ت له‌ خۆشیه‌كانی ژیان وه‌رده‌گرن و وه‌كو پاشا ده‌ژین و له‌ولاشه‌وه‌ شاسواری گه‌رمیان و ئازادی فه‌قێ عه‌لی و كاوه‌ خانه‌قینی و رێبوار پێنجوێنی شه‌هید ده‌كرێن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×