بانگه‌شه‌ی پۆپۆلیستی له‌ ئاست گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم

عیماد عه‌لی
  2021-10-24     580
دیارده‌ی پۆپۆلیستی دیارده‌یه‌كی تازه‌ نیه‌ و ئه‌م شێوه‌ و جۆره‌ی ئێستای، له‌ بنه‌ڕه‌تدا زیاتر له‌ دوو سه‌ده‌یه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و به‌تایبه‌تی له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ چه‌ندین شه‌پۆڵ له‌م دیارده‌یه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌، كه‌ كاریگه‌ریی سه‌لبی له‌سه‌ر ره‌وتی سیاسی وڵاتان و گه‌له‌كه‌شیان به‌جێهێشتوه‌ و ره‌گه‌كه‌شی بۆ قوڵایی مێژووی نزیك ده‌گه‌ڕیته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌باری سیاسیی ئه‌م چه‌مك و دیارده‌یه‌ بڕوانین كه‌ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌ و هیچ ئایدیۆلۆجیه‌تێكی داخراوی نیه‌،  له‌ كاتی قه‌یران و نابوتی و بڵاوبونه‌وه‌ی ره‌فتاری سیاسی ناباو و كاریگه‌ریی سیاسه‌تی نابه‌جێ له‌سه‌ر گه‌لان  و به‌مه‌به‌ستی سودوه‌رگرتن له‌ ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك له‌و ره‌وشه‌ی تێدان ، دێته‌ئاراوه‌ .
ئه‌و كه‌سانه‌ی پشت به‌م دیارده‌یه‌ ده‌به‌ستن چ كه‌سایه‌تی سیاسی بن یان مه‌عنه‌وی یان قۆرخكاری هه‌مه‌چه‌شن، بۆ مه‌به‌ستی كه‌سی و سودی شه‌خسی رووت یان بۆ پشتگیری میلی بۆ ئامانجێكی تایبه‌ت به‌كاری دێنن، ئینجا ئه‌گه‌ر ئامانجه‌كه‌یان سیاسی بێت یان ئابووری یان ته‌نانه‌ت رۆشنبیری. مه‌رج نیه‌ خه‌ڵك و لایه‌نی پۆپۆلیست هیچ رابردویه‌كی پاك و بێگه‌ردی هه‌بێت و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكانێكی گه‌نده‌ڵیش هه‌لی له‌بار بۆ  به‌كارهێنانی ئه‌و دیارده‌یه‌ ده‌قۆزنه‌وه‌ و له‌ زۆر لاوه‌ قازانج له‌ ئیدعای پۆپۆلیستانه‌ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌دا كۆده‌نگی گه‌ل بۆ مه‌رامی سیاسی پێویسته‌ و هه‌ڵبژاردنیش قه‌ناعه‌ت و بۆچونی دروستی خه‌ڵك له‌مه‌ڕ كه‌س و لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی ده‌وێت و ده‌كرێت به‌ ئیدعای پۆپۆلیستانه‌ ئه‌و مه‌رامه‌ بێته‌دی.
تۆ ته‌ماشای بارودۆخی هه‌ریمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی و وه‌زعی سیاسی و هۆشیاری گه‌له‌كه‌ی بكه‌ و به‌ وردی له‌ ده‌نگدان و ده‌ره‌ئه‌نجامه‌كان و خه‌ڵكانی به‌شداربوو و رای خه‌ڵك به‌گشتی بخوێنه‌وه‌، باش بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئیدعای پۆپۆلیستانه‌ چه‌ند كاریگه‌ریی هه‌بووه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كاندا، به‌ تایبه‌تی له‌كورستاندا كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ زیاتر ده‌بیستێت له‌وه‌ی ببینێت.
خه‌ڵكێك خۆی فریوده‌ر بێت و قۆرخكار و خه‌ڵه‌تێنه‌ر بێت و ئیسغلالی سۆزی خه‌ڵكی نارازی بكات و به‌خۆیشی گه‌نده‌ڵی هه‌ڵكه‌وتووی نێو گه‌نده‌ڵكاران بێت و له‌سه‌ر بنه‌ما و بناغه‌یه‌كی فریوده‌رانه‌ خۆی دروستكردبێت و پۆپۆلیستانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ پێشهات و پرۆسه‌كاندا كردبێت و زۆرێك خه‌لكیش باوه‌ڕی پێبكات، ئه‌مه‌ چی ده‌گه‌یه‌نێت جگه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ی سۆزدارانه‌ی دوور له‌ بیكردنه‌وه‌ی عه‌قڵانی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ گشتیه‌كاندا.
ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و حزبه‌ قۆرخكار و خۆسه‌پێنه‌كانی هێشتۆته‌وه‌، نه‌بوونی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ی هه‌ڵقوڵاوی ناخی پاكی خه‌ڵك و بوونی كه‌سانێكی خۆ به‌ ئۆپۆزسیۆن زان له‌ سه‌ر رێسای واقعی شێواو و ژه‌نینی ژێێ سۆزی خه‌ڵكی گشتی و خۆ به‌ پاڵه‌وانی ساحه‌كه‌ یه‌. تۆ وه‌ره‌ خۆت له‌ده‌سه‌لات نه‌بیت وخۆت به‌ ئۆپۆزسیۆن بزانیت و قه‌رزاری خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ بیت و هه‌موو فرتوفێلێك بكه‌یت ،  وای رابگه‌یه‌نیت كه‌ تا ئێستاش ده‌سه‌ڵاتت نه‌بێت، جاوه‌ره‌ به‌یانی ده‌سه‌ڵاتت به‌ده‌سته‌وه‌ بێت و هه‌موو داهاتی ده‌وڵه‌ت و موڵكو ماڵی حكومه‌تت له‌به‌رده‌ستدا بێت.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، تۆیه‌كی حكومه‌تی ناله‌بار، ئه‌گه‌ر راست بكه‌یت و ئه‌م ئیدعا فشۆڵانه‌ی پۆپۆلیستانه‌ له‌ قازانجی تۆدا نه‌بێت و خزمه‌تی به‌رده‌وامی تۆدا نه‌كات، وا پیشان بده‌یت كه‌  ناتوانیت مافی گشتی و حه‌قی خه‌ڵك له‌و پۆپۆلیستانه‌ وه‌ربگریت، ته‌نها بۆ هه‌ڵسوراوێك و مامۆتایه‌ك و فه‌رمانبه‌ركی ناڕازی ئازابیت زیندانی بكه‌یت كه‌ جگه‌ له‌ ره‌خنه‌ و قسه‌ی سه‌ر زار هیچ زیانێكی به‌كه‌س نه‌گه‌یاندبێت.
بۆیه‌، گه‌وره‌ترین زوڵم له‌م میله‌ته‌ ته‌نها له‌ لایه‌ن خودی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ناكرێت،  به‌ڵكو جگه‌ له‌ خه‌ڵكان و لایه‌نی پۆپۆلیستیش، نه‌بوونی راده‌یه‌كی به‌رزی هۆشیاریی خه‌ڵك له‌ جیاكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی سیاسه‌تمه‌دار و پازرگان و راستگۆ و درۆزن و پۆپۆلیسته‌، كه‌ له‌ چركه‌ساتێكدا به‌ بێ وردبونه‌وه‌ و قووڵبونه‌وه‌ و به‌ نه‌خوێندنه‌وه‌ی ره‌فتاری كاره‌كته‌ره‌كان باوه‌ڕ به‌ فه‌رمایشته‌كانیان! ده‌كه‌ن و سه‌ربورده‌ی ژیانینان له‌به‌ر چاو ناگرن. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ری ئه‌م قسانه‌یه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×