ناتوانێت له‌قوڕه‌كه‌ی عه‌لیاوا دره‌بازی بێت

عیماد عه‌لی
  2020-07-24     975
با دوور له‌ بێ ئومێدی و ره‌شبینی و به‌ ژماردنی ئاسایی و ئاسانی ماتماتیكانه‌ بیخوێنینه‌وه‌،  ئایا ئه‌م حكومه‌ته‌ ده‌توانێت باری خۆی له‌سه‌رتاوه‌ و دواتریش قه‌یرانی زۆری تایبه‌ت به‌خه‌ڵك چاره‌سه‌ر بكات و ئه‌و چاكسازیه‌ ناچاكسازیه‌ی ئیدعای ده‌كات رێگه‌یه‌ بۆ قوتاربوون و ده‌رچه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی له‌م وه‌زعه‌ هه‌یه‌ یان نا. هیچ هیلاكیه‌كی ناوێت با بیژمێرین:
* كابینه‌كانی پیش ئێستا له‌سه‌ر زگی تێر و ملیاره‌هاه‌ دۆلار و ژێرخانی باشتر و پاره‌ی زۆری رژاوی به‌غدا و داهاتی نێوخۆی زیاتر و نرخی نه‌وتی به‌رز نه‌ك بناغه‌یه‌كی باشیان نه‌نا بۆ به‌رگه‌گرتن له‌ رۆژی ره‌ش به‌ڵكو به‌ ئابووری سه‌ربه‌خۆ و فرۆشتنی سه‌رزه‌وی و بن زه‌وی و هه‌ڵه‌خه‌له‌تاندنیان له‌ لایه‌ن توركیاوه‌  هیچ توله‌ رێگه‌یه‌كی باریكیشیان نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆ دوای خۆیان بیگریته‌به‌ر و  به‌ ئاسانی له‌ قه‌یرانه‌كان ده‌ربچیت، ئه‌مه‌ سه‌رباری به‌رده‌وامی گه‌نده‌ڵی و به‌فیرۆدانی سه‌رجه‌م سه‌روه‌ت و داهاته‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ ته‌نانه‌ت له‌م كاته‌ زۆر ئاڵۆز و ره‌شه‌دا.
* حكومه‌تێك بۆ بڕیاری ئیداری و سیاسی و بۆ داهاتیش به‌خۆی چاوه‌رێی ده‌ستی حزب بكات و حزب باڵاده‌ست و ده‌وڵه‌مه‌ندتر بێت و داهات به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسان بڕواته‌ گیرفانی حزبه‌وه‌ و سه‌رجه‌م حزبه‌كان بێ ریزبه‌ده‌ر خه‌ریكی خۆیان بن و دوا شتیش بیر له‌ حكومه‌ت و خه‌ڵك نه‌كه‌نه‌وه‌، ئا پێم بڵێ كاكی گه‌وره‌ به‌چی قه‌یران تیده‌په‌ڕێنیت.
* گه‌نده‌ڵی به‌رده‌وام بێت و چاكسازی ته‌نها بۆ پروپانگه‌نده‌ی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ و بۆ كاری پۆپۆلیستانه‌ی خزبی و كه‌سی  به‌كاربێت، چۆن ئه‌م حكومه‌ته‌ سه‌ری خۆی له‌ قوڕی عه‌لیئاوا ده‌ربكات.
* كیبڕكێ و ململانێی حزبی ئاسایی نه‌بێت و هه‌ر یه‌كه‌و له‌ ژێر ركیڤ و فه‌رمانی ئه‌م و ئه‌وی ده‌ره‌كی بێت، چۆن به‌ سروشتی كار ده‌كرێت و رێگه‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌ بۆ خۆقوتاركردن له‌م چڵپاوه‌ خه‌سته‌.
* قه‌رزاری زۆر بیت و ملكه‌چی مه‌رجه‌كانی ئه‌م و ئه‌وی دوژمن بیت و نه‌توانیت هیچ رێگه‌یه‌ك بگریته‌ به‌ر ( واته‌ نه‌ به‌رده‌وام بیت له‌ ئابووری سه‌ربه‌خۆ و نه‌ش رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینیته‌ ده‌رئه‌نجامێكی باش و، له‌ ژێر ره‌حمه‌تی ده‌ستی ده‌ره‌كی بیت كه‌ له‌ مێژه‌ وه‌ مه‌رجه‌كانی خۆی وا فه‌رزكردووه‌ كه‌ په‌نجا ساڵ ده‌ستی خۆتت بستبێته‌وه‌ و  نه‌توانیت نقه‌ت لێوه‌ هه‌ڵسێت و هه‌ناسه‌یه‌كی ئازادی بده‌یت، به‌ تایبه‌تی كوته‌كی  توركیات به‌سه‌ره‌وه‌ بێت له‌ باری داراییدا، چۆن سه‌ر له‌ ته‌ڵه‌ی ئه‌ردوگان ده‌رده‌كه‌یت و ده‌توانیت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وێت.
* خۆت به‌م حاڵه‌وه‌ و به‌و قه‌رزه‌وه‌ كه‌ باسی ده‌كه‌یت و به‌م روحیه‌ته‌ ناكوردستانی و دوور له‌ دڵسۆزی و میله‌ت په‌رستیه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سرجه‌م لایه‌نی پرسه‌كه‌ بكه‌یت، چۆن ده‌توانیت متمانه‌ی گه‌ل به‌ده‌ست بێنیت كه‌ مه‌رجی یه‌كه‌می هاوكاری نێوان گه‌ل و حكومه‌تێكی باوه‌ڕ پێكراوه‌ و پێشمه‌رجی هه‌موو چاكسازی و هه‌وڵدانێكه‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ی باره‌ لاره‌كه‌.
* تۆیه‌ك له‌ قوڕاو و چڵپاوی وڵاتانی ده‌وره‌به‌ر و هه‌ڵه‌ و نه‌زانی و ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵه‌خڵه‌تاندنی ده‌وروبه‌ر و كاری هه‌رزه‌كاری و  منداڵبازی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كابینه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان نغرۆ بیت،  بێگومان به‌ خۆت پێویستت به‌ یه‌كێكه‌ خۆت رزگار بكات نه‌ك تۆ خه‌ڵكی كوردستان له‌ قه‌یرانه‌كه‌ رزگاری بكه‌یت( هه‌ر كه‌سێك هیچ شتێكی نه‌بێت ناتوانێت هیچ ببه‌خشێت و، هه‌ر كه‌سێك هیچ شاره‌زاییه‌كی نه‌بێت ناتوانێت  هیچ هه‌ڵه‌ و په‌ڵه‌یه‌ك راست بكاته‌وه‌ و رێگه‌ی راست بگرێته‌به‌ر و، هه‌ر كه‌سێك گیرۆده‌ی ده‌ستی ئه‌ویتر بێت ناتوانێت هیچ كه‌سێكی تری گیرۆده‌ نه‌جات بدات)
بۆیه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی حزبه‌كانی به‌ دوور له‌ خه‌ڵك  به‌خۆی پێویستی به‌ رزگاركه‌ره‌ كه‌ وه‌زعی خۆی قچێك راستبكاته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خۆی ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكردیش بووه‌ له‌م گیانه‌ڵایه‌ رزگاری بێت. هه‌ر بۆیه‌ كه‌ ئه‌مه‌ حاڵی بێت به‌ ئاسانی بۆ هه‌مووان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ناتوانێت كێشه‌ و قه‌یرانی میله‌ت چاره‌سه‌ر بكات ( كه‌چه‌ڵ كه‌ هیچی پێكیرابا سه‌ری خۆی چاره‌سه‌ر ده‌كرد كه‌ به‌ ئاواتی تاكه‌ مویه‌كهوه‌یه‌‌). بۆیه‌ له‌ هیچ لاوه‌ هیچ ئومێدێك نیه‌ حكومه‌تی ئێستا، نه‌خۆشی درێژ خایه‌ن و ترسناكی خۆی نه‌ك میله‌ت چاره‌سه‌ر بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌م گیانه‌ڵایه‌ رزگاری بێت، به‌مه‌ش هیچ بیركردنه‌وه‌یكی ناوێت كه‌ به‌م پێكهاته‌ و عه‌قڵیه‌ته‌ و به‌م ململانێ یه‌ و به‌و حزب و به‌ناو سه‌ركردانه‌ جگه‌ له‌ ئاشبه‌تاڵێكی هێواشی و له‌سه‌رخۆی بنكردایه‌تی و سه‌ركردایه‌تی  و ته‌نانه‌ت خه‌لكیش هیچ ده‌ره‌تانێكی تر نابینرێت. ئه‌گه‌ر بكرێت و له‌ توانای خه‌ڵكدا بێت ده‌رزی مردنی به‌ ره‌حمه‌تی له‌م ده‌سه‌لاته‌ بدات هه‌م خۆی و پرسی گه‌لی كوردستان و هه‌م هه‌ژار و داماو ده‌كونه‌ قۆناغێكی دیكه‌ی دیسان ئاسۆ نادیاره‌وه‌ و له‌وانه‌یه‌ بكه‌ونه‌‌ سه‌ر رێگه‌یه‌ك بتوانن به‌ خۆیان بۆ چاره‌سه‌ری دیكه‌ی به‌دوور به‌ پشتبه‌ستن به‌  حكومه‌ت و به‌ڵكو ته‌نها  به‌خۆیان بیرێكی لێبكه‌نه‌وه‌ .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×