ده‌نگدان له‌ خانه‌قین به‌هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه‌ بوو نه‌ك حزبایه‌تی

عیماد عه‌لی
  2021-10-11     582
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، تاڕاده‌یه‌كی باش بیركردنه‌وه‌ و هه‌ستی هه‌مه‌جۆری خه‌ڵك و گوڕوتین و بوژاندنه‌وه‌ی  یادگه‌ و خۆشه‌ویستیی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانی خه‌ڵكی زۆرێك له‌ شاره‌كانی كوردستان ده‌رخست. ئه‌وه‌تا ڕێژه‌ی ده‌نگدان و شێوه‌ و روحیه‌تی خه‌ڵك و باوه‌ربوون به‌ خود و خستنه‌لاوه‌ی گله‌یی و گازنده‌ له‌ كاتی پێویستدا، بووه‌ هێمای جوان و بێگه‌ردی خه‌ڵكی زۆرێك له‌ شاره‌كانی ناوچه‌ دابڕینراوه‌كان و له‌ پێشه‌وه‌یاندا خانه‌قین. ئه‌وه‌تا دوێنی پشكۆی به‌ تینی هه‌سته‌ به‌هاداره‌كان له‌ كاتی هه‌ڵبژاردن و ركابه‌ریی راسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وی نه‌یاری سه‌رسه‌ختدا دره‌وشایه‌وه.
‌به‌ڵێ،  خۆری هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی راسته‌قینه‌ له‌ كاتی پێویستی به‌گه‌ڕخستنی ناخی تاك له‌ خانه‌قینه‌وه‌ هه‌ڵهات و به‌ ده‌نگی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، ره‌سه‌نایه‌تی كوردبون و ئینتیمای كوردستانیبونی خانه‌قینیه‌كان سه‌لمێنرا..به‌ڵی ئه‌مه‌ ده‌نگدان نه‌بوو به‌ تاكه‌ كه‌س و حزبێك و، به‌ راده‌یه‌كی باش و به‌ تایبه‌تی له‌ فكر و عه‌قڵی خه‌ڵكه‌ عامه‌كه‌، زۆر به‌دوور بوو  له‌ حزبایه‌تی ته‌سك و به‌ روحیه‌تی نه‌دۆڕان به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌بی سه‌رده‌ستی  ركابه‌ر ده‌نگدرا، ئه‌گینا حزبه‌كان خانه‌قینیشیان وێرانكردووه‌ و ده‌ردان و ده‌رهاویشته‌كانیان دونیای ته‌نیوه‌.
ئه‌و توانایه‌ی حزب له‌ قۆرخكاری سه‌رجه‌م جومگه‌كاندا پیاده‌ی ده‌كات و لاپه‌ڕ و نه‌بوژانه‌وه‌ی ئابووری شاره‌كه‌، ئابووری ته‌پیوی دروستكردووه‌ و، نه‌بوونی توانای تاكه‌كه‌سی و لاته‌ریكی رۆشنبیران و نه‌بوونی ده‌رفه‌تی ململانێی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع، نه‌ك ته‌نها له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌ڵكو له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان بواری سه‌ركه‌وتنی بۆ هیچ  بێلایه‌نێكی نه‌هێشتۆته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌نگدان به‌ كوردێكی خانه‌قینی حزبی بێت (هه‌ر حزبێك) بێت وه‌كو( شه‌ڕێك بوو ده‌بێت خۆتی لێبده‌یت)،جگه‌ له‌وه‌ هیچ بوارێك واته‌ ڕێگه‌ی سێیه‌م ( له‌ نێوان ده‌نگدان و ده‌نگنه‌دان) له‌به‌رده‌م خه‌ڵكی ره‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانپه‌رستی شاره‌كه‌ نه‌مابووه‌وه‌، به‌ڵێ به‌ته‌واوه‌تی بوار بۆ بێده‌نگی و ده‌نگ نه‌دان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌مابووه‌ه‌وه‌.
بۆیه‌ ده‌بێت هیچ كه‌س و حزبێكی كوردی ئه‌و ده‌نگانه‌ به‌ ده‌نگی تاك حزبیی خۆی نه‌زانێت و با باش بزانێت دووركه‌وتنه‌وه‌ی مه‌ترسی زوڵمی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ و میلیشیای مه‌زهه‌بگه‌رایی، حه‌قیقه‌ت و مه‌عده‌ن و ڕێژه‌ی جه‌ماوه‌ریی ئه‌وان ده‌ردخات، ئه‌گینا به‌دوركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ خانه‌قینیش له‌م پرۆسانه‌دا باش سزای ئه‌م حزبانه‌  ده‌دات .. پیرۆزه‌ سه‌ركه‌وتنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی كوردی ره‌سه‌ن له‌ خانه‌قین و سه‌رجه‌م ناوچه‌ دابڕاوه‌كان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×