ده‌شێت باوه‌ڕ به‌ترامپ بكه‌ین؟

عیماد عه‌لی
  2019-01-18     1392

بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی توندو راسته‌وخۆ له‌هاوئه‌ندامێكی له‌هاوپه‌یمانی ئه‌تڵه‌سی بكات‌و نه‌خاسما توركیای كۆنه‌ كوڕه‌ به‌نازه‌كه‌ی خۆی‌و خاوه‌ن پێگه‌ ستراتیجیه‌كه‌ی له‌ململانێی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤێت‌و روسیای ئێستادا. ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ترامپ ئاسایی بێت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ره‌فتارو قسه‌و لێدوانه‌كانی تردا به‌راورد بكرێت، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ بێ وێنه‌یه‌ زۆر شتی نهێنی په‌وه‌ندیه‌ دیبلۆماسیه‌ نوێكانمان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ لێكه‌وته‌ی كارلێكه‌ تازه‌كانی گۆڕانكاریه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی جیهان به‌گشتی‌و ناوچه‌كه‌ن به‌تایبه‌تی.

هه‌رچه‌ند ده‌توانرێت هۆكاری كورتمه‌ودای خودیی ترامپ و ئه‌مریكای پشت ئه‌م بریاره‌ باس بكرێت، ئه‌گه‌ر زۆر ره‌شبین بین به‌ خۆقوتاركردنی ترامب له‌و فشاره نێوخۆییه‌ی له‌ ده‌ره‌ئه‌نجامی بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مركیا بێت له‌ سوریا بیخوێنینه‌وه‌، به‌تایبه‌تی بۆ ماوه‌یه‌كه‌ زۆرێك له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی له‌كارخراوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ته‌نها پاساو بۆ ئه‌و لێدوانه‌ نادات به‌ده‌سته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پێشهاته‌ نوێیه‌كان له‌ناوچه‌كه‌ به‌روونی ده‌رده‌كه‌ون و ده‌ركه‌وته‌ی زۆری لێ ده‌بینرێت.

به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ترامپ راستگۆیه‌و ده‌شێت باوه‌ڕی پێ بكه‌ین یان قسه‌یه‌كی سه‌رپێیه‌و بۆ دره‌بازبون و زه‌مینه‌سازی و ئاسانكاریه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی سوپاكه‌ی له‌سوریاو خۆ سه‌رقاڵكردن ترامپه‌ به‌ئێرانه‌وه‌.

لێره‌دا ده‌بێت له‌ روانگه‌ی چۆنێتی دروستبونی بڕیار له‌ئه‌مریكاو هه‌ڵبواردنی ترامب له‌وباره‌وه‌ قسه‌ بكه‌ین، یان له‌جموجوڵ و لێدوان و ره‌فتاره‌ سیاسیه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ی بڕوانین، ئینجا ده‌كرێت لێدوانه‌كه‌ی ترامپ وه‌كو خۆی بخوێنینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر گۆڕانی كتوپری ناوچه‌كه‌ له‌ئارادابێت و ئه‌مریكا و روسیا ژوورێكی پرۆسه‌كان و موبه‌قێكی هاوبه‌شی نهێنی بۆ جێگیربون و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ دورمه‌وداكانیان ریكخستبێت، ئه‌وا به‌و پێیه‌ ده‌بێت به‌رژوه‌ندیه‌كانی گه‌لی كورد له‌ نێو هاوكێشه‌و پێشهاته‌كان بخوێنرێته‌وه‌ و ره‌فتاری پشت لێدوان و جموجوڵه‌كان بخوێنرێته‌وه‌ و راڤه‌ بكرێت و زه‌مانی رێكه‌وتنه‌ی سایكس بێكۆ بێنینه‌وه‌ یادی خۆمان و لێی بروانین. 

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێتی ترامپ وه‌كو بازرگانێكی سیاسی رووت و قسه‌كانی سه‌رزمانی به‌و سه‌رپێیه‌ بخوێنینه‌وه‌، ئه‌وه‌ پێشتر ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و قسه‌ راسته‌وخۆیانه‌ی وه‌كو خۆی و به‌ تۆزێك دوور له‌ دیبلۆماسیه‌تی بێ پێشینه‌ جێبه‌جێ كردووه‌، به‌ڵام لێره‌دا قسه‌یه‌كی ئاوا له‌ مه‌ڕ توركیا ده‌بێت زۆر به‌ وردی بخوێنرێته‌وه‌.

بۆیه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و ره‌خنه‌ توندانه‌ی رووبه‌رووی ترامپ بۆته‌وه‌ له‌ده‌رئه‌نجامی بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌رۆژهه‌ڵاتی فورات به‌تایبه‌تی زۆر گه‌روه‌بوون‌و به‌به‌راورد به‌هه‌ڵوێستی ئه‌مریكای پیشتر له‌مه‌ڕ داگیركردنی عه‌فرین له‌ لایه‌ن توركیاوه‌. هه‌ر بۆیه‌ راستگۆیی ئه‌مریكا له‌ رووی په‌یوه‌ندی هاورێتی و هاوپه‌یمانێتی له‌م بریاره‌ی ترامپ كه‌وته‌ ژێر پرسیارگه‌لێكه‌وه‌ كه‌ وا ده‌ركه‌وت كاریگه‌ریه‌كانی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر دوورودرێژ له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ده‌روه‌و ناوه‌وه‌ی ئه‌مریكا بمێنێته‌وه‌. بۆیه‌ په‌شیمانبونه‌وه‌ به‌روسوری له‌ره‌فتاره‌ پراگماتیه‌كانی سه‌ركرده‌كانی سه‌رده‌مه‌و به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ندێك ئه‌خلاقی سیاسی و ره‌فتاری رۆژهه‌ڵاتانه‌ له‌به‌رچاو نه‌گرین.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ده‌شێت ترسمان له‌وه‌ بێت كه‌ رێكه‌وتنێكی توركیا ئه‌مریكا به‌خۆی سیناریۆمان بخاته‌وه‌ بیر، كه‌ ته‌قینه‌وه‌ی چاوه‌روانكراوی پاش گه‌رمكردنی مه‌یدانه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش بۆ گه‌لی كورد نه‌كه‌وێته‌وه‌و ترامپ و ئه‌ردۆگانیش چه‌ندین چۆله‌كه‌ به‌یه‌ك به‌رد بكوژن و ببن به‌تاكه‌ هێزی عاوبه‌شی ناوچه‌كه‌ له‌ كارێكدا كه‌ شۆك بێت بۆ هه‌مووان. 

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌روی مه‌عنه‌ویشه‌وه‌ بێت و، لێدوانه‌كه‌ی ترامپ قازانجی هه‌بێت بۆ ئێمه‌ومانانی كورد، ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كانی بخوێنرێته‌وه‌ و هێزه‌كانی رۆژئاوا دوباره‌ هێلكه‌كانیان به‌ ته‌نها نه‌خه‌نه‌ سه‌به‌ته‌كه‌ی ئه‌مریكاوه‌و پاڵی لێبده‌نه‌وه‌ له‌مامه‌ڵه‌ كردنیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریا كه‌مته‌رخه‌م بن‌و له‌كاتی رووگیری ئاوادا به‌هه‌ڵه‌كه‌داوان روو بكه‌نه‌ حكومه‌تی سوریا بۆ پاراستنیان له‌ توركیا..

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تائێستا سیاسه‌تی په‌یه‌ده‌ تا راده‌یه‌كی باش به‌جوانی هاوكێشه‌كانی خوێندۆته‌وه‌و دڵسۆزی و یه‌كانگیری و دیسپلینی نێوخۆیی و به‌دوور له‌گه‌نده‌ڵی و خۆخۆری وای لێكردووه‌ دوور بێت له‌شكست و نسكۆ، ئه‌مه‌ش هه‌لێكی باشه‌ بۆ دووباره‌ به‌خۆداچونه‌وه‌و پشتبه‌ستن به‌ئه‌و لایه‌نانه‌ی  ده‌توانرێت ته‌كتیكیان له‌گه‌ڵ بكات.
ده‌كرێت بڵێین ده‌بێت زۆر خۆشباوه‌ر نه‌بین و ره‌شبینیش نه‌بین و ئه‌م قۆناغه‌ی ناوچه‌كه‌ و ره‌فتار و جموجوڵه‌ تازه‌كان‌و به‌تیابه‌تی ئه‌وانه‌ی  په‌یوه‌ندی به‌كورد به‌گشتی‌و رۆژئاوا به‌تایبه‌تی هه‌بێت،  لێكبده‌نه‌وه‌و له‌مه‌شدا له‌ ده‌سه‌ڵاتی باشوور باشتر بوون تاوه‌كو ئێستاو ده‌توانن له‌و قه‌یرانه‌ كاتیه‌ ده‌ربازیان بێت و هه‌ردو بڕیارو لێدوانه‌كه‌ی ترامپ وه‌كو خۆی بخوێننه‌وه‌.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×