بەرپرسانی بەغدا و گەنمی كورد 

عیماد عه‌لی
  2022-10-19     441

لەسەردانەكەی كازمی بۆ هەولێر، وەكو ئەوەی تاجی زێرینی بە خەڵات بۆ كورد هێنابێت، مژدەی ئەوەی بە گوێی كوردا دا، كە پارەی گەنمەكەی جوتیارانی خەرج كردووە، وەكو ئەوەی بودجەكەی كوردستانی لەگەڵ خۆیدا هێنابێت، بەرپرسانی كوردیش نقەیان لێوە نەهات، بەڵكو ئەوەشی بە منەت و بە زۆر زانی. تۆ وەرە حسابی ئەوە بكە كە گەنمی بەری رەنجی خۆت بێت و بەو بیفرۆشیت و ئەمە پێنج بۆ شەش ساڵە لە وەرگرتنی حەقەكەت دواكەوتبیت و دواجار بە منەت و فیزكردن بەسەرتەوە ئەوجا بە قیست و بە نیوەناچڵی بیدەنەوە, كە لەولاشەوە تەماشای ئەو تەخشان و پەخشانەی پارە و سەروەت و سامان و گەندەڵی و دزیە زەبەلاحانەی بەغداش دەكەیت، پارەی گەنمەكەی كورد ناكاتە هیچ لەچاویدا. كاكی سەركردەش بە بەرزەفرٍی بێت و لە ماڵەكەی خۆتدا وەك خێرت پێبكات منەتت بەسەردا بكات. ئاست نزمی بیركردنەوە و رەفتاری سەركردەكانی كورد لەوەدا دەبینینرێت، كە ئەو پارەیەش وەك حەقی جوتیاران، هەر رۆژە و یەكێك لە بەرپرسە نابەرپرسەكانی كوردستان وەكو مژدانە بە جوتیاران دەبەخشنەوە وخۆیان دەكەن بە خاوەن كارەكە لە رازیكردنی بەغدا بۆ ناردنی پارەی گەنمەكە. 
با باش بزانن كە ئەگەر ئەوانەی بەغدا پێشبینی ساڵی داهاتووی دابەزینی بەرهەمی گەنمیان نەكردایە، تا ئێستاش ئەو مافەی جوتیارانمان نەدیبوو. ئەمساڵ لە بێ ئاوی عیراق بەرهمی گەنمی تا نزیكەی نیوە و زیاتریش كەم دەكات و پێویستی بە زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن گەنمە بۆ ئەوەی  بیكرێت و بە هۆی شەری روسیا و ئۆكرانیاوە،هیچ ئومێدێك نیە كە نرخی گەنم لە بازارەكانی جیهان لەم كاتەدا  یان لەئایندەیكی نزیكدا نزم بێتەوە، بۆیە دەبێت جوتیارانی كوردستان لەو بارەوە ئەمساڵ فریونەخۆن و بەرهەمی خۆیان بە شێوەیەكی باش بخەنە بازارەوە و بە كاش بیفرۆشن نەك بەغدا بیكرێت و دواتر بە قەرز و  منەت بیداتەوە.  
هەر لەو روانگەوە، كە تەماشای عیراق لە بارە سیاسیەكەی دەكەیت، دەزانیت بە شێوەی كرین و فرۆشتنی گەنمەكە مامەڵەی سیاسیشت  لەگەڵدا دەكات, كە رەوشی باش بوو و پێویستیی پێت نەبوو بێ منەتە و كە باری لار بوو نزیك دەبێتەوە و ملكەچ دەبێت.
مێژووی ئەم دەوڵەتە و پەیوەندیەكانی لەگەڵ میلەتی كورد و سیاسەتی عیراق لەمەر كرٍین و فرۆشتنی گەنمەكەی كورد بەراورد بكە. ئەوجا عەقڵیەت و رەفتار و پەیوەندیەكانی عیراقت بۆ دەردەكەوێت و چۆنی بیركردنەوەی ئەم دەوڵەتەت بۆ روون دەبێتەوە و لەوەدا یەكلایی دەبیتەوە كە دیموكراسیبونی عیراق  و دابینكردنی مافی ئەویتر و دادی كۆمەڵایەتی و یەكسانی خەونی چۆلەكەیە. 
كە لە مێژووی عیراق و عەقڵیەتی سەركردە وخەڵكەكەشی ورددەبیتەوە و ئەو پێویستیە گرنگانەی بەرجەستە كردنی دیموكراسی لێكدەدەیتەوە و ئەو زەمینە سازیە وێنادەكەیت كە پێویستە مەیسەر بوبێت بۆ دەستپێكردن بە هەنگاوی یەكەمی دیموكراسی ، لەگەڵ خۆتدا دەڵێیت ئەم خەڵكە و دیموكراسی كوجا مەرحەبا. كەچی بەدبەختیەكە لەوەدایە كە سەركردایەتی كورد هەموو ئاواتەكانی بە دیموكراسیبونی عیراقە وە بەستۆتەوە و چاوەرێ یە لە ناوەندی عیراقەوە دیموكراسیی بەش بدەن و مافەكانی بێننەدی. ئەم خەیاڵپڵاویەی سەركردایەتی بە بەستنەوەی هێنانەدی ئامانجە سەرەكیەكانی كورد و ئازادی و دیموكراسی و بریاردانی چارەنوس لەبەغداوە جگە لەوەی جێگەی كوتربینی و خۆخەڵتەنادن بێت هیچیتر نیە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×