جورفسەخر پارتی و یەكێتیی كۆدەكاتەوە

سەرتیپ جەوهەر
  2026-11-21   

بڕیاربوو كۆتایی ئەم هەفتەیە پارتی و یەكێتیی كۆببنەوە، بەڵام رووداوەكانی جورفسەخرو لێدوانەكانی عەلی زەیدیی كۆبونەوەی نێوان هەردوولا پێشخرا، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ترسی هەردوولا لەپەرەسەندنەكانی بەغداو ئەگەری درێژبوونەوەی لێكەوتەكانی ئەو پەرەسەندنانە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە ترسێكی جددی هەیە كە بەغدا دوای كۆنترۆڵكردنی بەشێك لەمۆڵگەكانی حەشدی شەعبی و بۆری نەوتی بەسرە، روو لەهەرێمی كوردستان بكات و داوای كۆنترۆڵی بیرە نەوتەكان و سنورەكان و واوەتر بكات، هەروەك چۆن لە كۆتایی 2017 لەدوای كۆنترۆڵكردنی موسڵ و حەویجە حەشدی شەعبیی و هێزە عیراقییەكان پەلاماری ناوچە كوردستانیەكانیانداو داگیریان كرد.

جگە لەم كۆبونەوەیەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتیی، بەپێی زانیاریی چەند كەسایەتییەكی دیاری (سیاسی) كوردستانیش لەهەوڵی دیداری هەردوولایەنن (پارتی و یەكێتیی) تابتوانن كەمێك لەو گرژیانە كەمبكەنەوەو هەردوولا لەیەكتر نزیكبكەنەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە چی لێ‌ شین دەبێت، چونكە قەبارەی ناكۆكییەكان زۆر گەورەترە بووە.

ئەو كۆبونەوەیەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتیی بۆ گەیاندنی پەیامی رەسمیی و ئامادەكاریی كۆبونەوەیەكی دیكەی باڵاتری هەردوو حزب بوو، بۆیە هیچ بڕیارێكی لێنادرێت، بەڵام بەپێی زانیاریی پێشوەختە پێدەچێت پارتی رازیبووبێت وەزارەتی ناوخۆ بداتە یەكێتیی، یەكێتیش یەكێك لەمەرجە پێشوەختەكانی بریتیە لەدەستلەكاركێشانەوەی ئەو سێ‌ پەرلەمانتارەی لەكۆبونەوەی 4ی مانگ چوونە پاڵ پارتی و هەڵوەشاندنەوەی دوایین كۆبونەوەی پەرلەمان، دواتر دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ.

ئێستا گرێ و ناكۆكیی نێوان پارتی و یەكێتیی زۆر زیاتربووە، لەدوای كۆبونەوەكەی پەرلەمانی كوردستان گەیشتە زروەت، ئێستا تەنها دابەشكردنی پۆستی وەزارەتەكان نییە، بەڵكو پرسی دەسەڵاتدارێتیی و نفوزە! بۆیە بەر لەقسەكردن لەسەر پێكهێنانی حكومەت، هەردوولا پێویستیان بەرێككەوتنێكی سیاسی هەیە بۆ كاركردن لەگەڵ یەكتر. پێشتریش چەندینجار پێشبینیمان كردبوو كە ئەگەر پارتی و یەكێتیی لەدوای هەڵبژاردنی 2024 نەگەنە رێككەوتن ئەوا دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پێكهێنانی حكومەتی هەرێم زۆر زەحمەتتر دەبێت.

ئەو ترسەی ئێست هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان بەر لەساڵێك هەموو باسمان دەكرد كە بەغدا دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ دەست بەزنجیرەیەك هەنگاو دەكات، بەشێكیان پەیوەندی بەحەشدی شەعبی و نفوزی ئێرانەوە هەیە، بەشەكەی دیكەیان پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە. دیارترین ئەو مەترسیانە بریتین لەداواكردنی بەڕێوەبردنی كێلگە نەوتییەكان و پرسی پێشمەرگەو سنورەكانی هەرێمی كوردستان، هیچ مەنتقیش نییە ئێمە وەك رۆژنامەنوس یان چاودێری بارودۆخەكە پێشبینی ئەو گۆڕانكارییانە بكەین و كەچی دەسەڵاتداران لێی بێئاگابن! هیچ مەنتقیش نییە بەیانی پێمان بڵێین پێشبینیمان نەدەكرد؟! هەروەك چۆن بەر لەریفراندۆمی 2017 هەموومان هاوارمان كرد پرۆژەیەكی ناوەختەو لێكەوتەو عاقیبەتی خراپ دەبێت، بەڵام بەردەوامبوون! ئەوەی ئێستاش روودەدات هەر لێكەوتەو لەرەلەری ئەو شەپۆلەیە كەلەوكاتەوە دەستیپێكردووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×