یەکێتی چەوساوەی پارتییە؟

غازی حەسەن
  2026-08-02     39

لەم ڕۆژانە لە فەیس بووکی خۆمدا هەندێک سەرەقەڵەمم لەبارەی کوردستان و عێراق نووسی و ئاماژەم بە هەندێک لێدوان و ڕووداوی گەرمی سیاسی کرد. یەکێک کە وشەکانی تەژین لە کاردانەوەی تووندی کەسی و لێم تووڕە بووە و بە نۆکەر و کۆیلەی پارتیم حیساب دەکات، داوام لێ دەکات "جوێن بە بنەماڵەی دەستڕۆیشتووی هەولێر" بدەم، چونکە داکۆکیکم لە (هەرێمی کوردستانی بەخوێن بەدەستهاتوو) کردووە. پێم سەیرە بۆچی ئەندامۆکەکانی حزبێک و هەندێک لە هاوفکرەکانی هەر کەسێک باسی فکری نەتەوەیی، پارستن و مانەوە و بەردەوامی هەرێمی کوردستان بکات، یان دژی پەیوەندییە خراپەکانی هەندیک لایەن لەگەڵ حەشدو مەشد بێت، بێ بیرکردنەوە و یەکسەر و بێ وەستان و ئاوڕدانەوە و گورگەلۆقە ئاسا، ئەم بۆچونە بەدژی خۆیان حیساب دەکەن و قسەکەریش دەخەنە سەنگەری نەتەوەیی و پارتی دیموکراتی کوردستان.

دۆزەکە چییە؟ من باسی شتێک دەکەم، ئەم بەستەزمانەش هاتووە شتێکی دیکە دەورووژێنێت، کە پریتییە لە ڕق، ناوزڕاندن و گۆڕینی بابەتێکی گشتی بۆ بابەتێکی کەسیی و خودی و حزبی. سەرباری "تۆمەتبارکردنی من، گوایە قسەکانم بۆ پارە بووە". یان "بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کەسییە"، لەکاتێک ئەم شتانە هیچ بنەمایەکیان نییە و من دوورم لێیان و ئەم تۆمەتانە زۆر لە قسە زارۆکێکی مەمەبەدەم و نەخۆشێکی سیاسی و کڵاوبۆ دووراوێک دەچێت.

پێم وابوو دوور نییە ئەو ئیسلامییانەی لەم بابەتە ئاماژە بە قسەکانیان کراوە و ناویان هاتووە، تووڕە دەبن، کەچی وا دەرنەچوو ئەندامۆکەی حزبێکی عیلمانی تووڕە بووە و تۆمەت و قسەی نابەجێ و نیمچە هەڕەشە و دژ بڵاو دەکاتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەم حزبە ئەندامەکانی پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی و گفتوگۆی مەدەنی ڕاهێناوە.

دەترسم ئەم جۆرە کەسانە لەژێرەوە پارتی بن و لەنێو حزبەکانی دیکەدا خۆیان قۆزاخە کردبێت، ئەمە یەکێکە لە ئەگەرەکان، یان بەڕاستی ئەم کەسانە لەپێناو نیشاندانی دڵسۆزی و ملکەچی بۆ هەندێک کەس لەناو حزبەکەیان دەمگەرم و زمان شڕانە دەپەیڤن. یانژی لەڕووی دەروونی و مەعریفییەوە بەشێکن لە گەمژەیی. من پێم وایە بەم جۆرە قسە و ڕەفتار و کاردانەوانەیان خزمەتی سیاسەتی پارتی دەکەن و خەڵک بەرەو سەنگەر و قەناعەت و کوردایەتی هان دەدەن، کە بێ گرێش ئەمەیان وەکو تۆمەت و کۆیلایەتی بە پارتی بەستاوەتەوە.

نیشتمان پەروەریی و نەتەوەپارێزی چییە؟ بەپێی هەندێک فەرهەنگ ئەم چەمکە بریتییە لە خۆشەویستی خاک، سیاسەتی هەستکردنی ناخەکی سەبارەت بە نەتەوە و نیشتمان و پابەستبوونی هەست و نەستی تاک. پێداگرییە لەسەر سەربەخۆیی و سەلامەتی خاک و برایەتی هاووڵاتیان. سەرباری ئەوەش دیاردەیەکی دەروونی کۆمەڵایەتییە. قوربانی و دڵسۆزیی دەگەیەنێت.

دەتوانین بڵێین بریتییە لە دڵسۆزیی و ڕێزگرتنی یاسا و بەرگری لە نیشتمان. نابێت ئەوە وەشێرم، چونکە ئینتما لەزۆر شوێنی دونیا لە قەیرانە و ناسنامەی نیشتمانی و هاووڵاتی بوون پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.    

چەند نموونەیەک لە ئەمەریکا:

(لافلور ستیفن)ی خاوەنی کتبی ( Race of the Bottom: How Racial Rppeals Work in American Politics) لەبارەی نیشتمانپەروەری لە ئەمەریکای ئەم سەردەم دەبێژێت: نیشتمانپەروەری پڕە لە دژایەتی بەتایبەت بۆ ڕەشپێستەکان، وڵاتێک کە خۆشیان دەوێت، بەڵام هێشتا خەریکی خەباتن بۆ یەکسانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی. جاڕنامەی سەربەخۆیی لەلایەن (تۆماس جێفرنسەوە) نووسراوە، کە خاوەنی کۆیلە بووە. هێشتا رەشپێستەکان وەکو ویژدانی ئەخلاقی ئەمەریکا دەمێننەوە.

(ڕێچەل بلۆم) ی خاوەنی کتێبی ( How the Tea Party Captured the GOP Insurgent Factions in America Politucs) دەڵێت: دوای کوشتنی (جۆرج فلۆید و بربۆنا تایلۆر) لەلایەن حکوومەتەوە، ئاماژە بە نیشتیمانپەروەری تایبەت و کردار دەکرێت و ئەم توێژەرە ئەوەی یەکەمیان دەبەستێتەوە بە تایبەتمەندی کۆمەڵێک کەسی دیاریکراو، کە خۆیان بە ئەمەریکی ڕاستەقینە دەزانن و ئەمەش نزیکە لە ماف و پاراستنەکانی سپیپێستە ڕەسەنەکان و قسەکەری زمانی ئینگلیزیی، ئەمەش جیاکردنەوەیە لەنێوان 'ئێمە" و "ئەوان". دیدگای دووەمیش دۆخێکی چالاكە بۆ گرینگی دان بە وڵات وەکو ماڵ و ئەو خەڵکەی تێیدا دەژین. بۆیە گرینگیدان دان بە وڵات جیاوازە لە خۆشەویستی کوێرانە، یان سوێندخواردنی دڵسۆزانە بۆ سەرکردەکانی وڵات. پرسیارەکە ئەوەیە کامەیان شیاوی ئەوەیە هەڵیبژێرین.

هەروەها (بنیامن ئای پەیج)یش کە خاوەنی کتێبی (  Democrasy un America? What Has Gone wrong and what we can do about it?) دەڵێت: نیشتمانپەروەری دەکرێت بیرکردنەوەیەکی قووڵ بێت، خۆشەویستی بێت، یان دوژمنکاریی، گشتگیر بت، یان تایبەت، بەرزکردنەوە، یان دابەزاندن و خۆڕازیکردن بێت. دەکرێت پاشکۆ و ملکەچ بێت یان سەربەخۆ، تا دەبێژێت "ڕەنگە ئەمەریکییەکان ئەمڕۆ لە نزمترین جۆری نیشتمانپەروەری تایبەتمەند بن و لەبێگانەپەرستی نقووم بووبن". کێشەی پەتای کرۆنە، هەژاری، تیرۆر و قوربانی دەستی بیانییەکان، چینییەکان، موسلمانەکان و مەسکیکی ئەمانە وەکو مینبەرێکی چەوساندنەوە بەکاردەهێنرێن.

توژینەوەکان ساخیان کردۆتەوە گوتاری ڕەقی سیاسەتمەداران و هاوکارەکانیان ڕەنگدانەوەی بۆچوونی گشتی ئەمەریکییەکان نییە، زۆربەیان نیشیمانپەروەرن و گرنگی بەخۆشەویستی بۆ خێزان و هاوڕێ و کۆمەڵگا و وڵات بە هەموو جۆر و گێژاوەکایانەوە دەدەن، بێ ڕق لەئەوی تر و بایەخدان بەهاوکاری، نەک ململانێ لەشتەکان دەڕوانن.

ئەم بۆچوون و لێکدانەوەم بۆ ئەوەبوو کە بەداخەوە هەندێک دیاردەی سیاسی و دابەشبوونی نەرێنی و خراپ لە کۆمەڵگەی کوردیش هەیە، کە هەندێکی پێشینەیەکی کۆنی مێژوویی هەیە، وەکو:

یەکەم: یەکێتییەکان و هەندێک لە گرووپەکان بەردەوام وەکو ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا هەمیشە بانگەشەی یەکسانی و هاوسەنگی و بەدەستهێنانی مافی زیاتری حزبەکەیان دەکەن. لەهەندێک بواردا هێشتان لەسەر بنەمای ململانێی شەشتەکان کار و ڕەفتار دەکەن، بۆیە ئاساییە لەنێو ئەم کەشەدا ئەم چەشنە بۆچوونانە بەرجەستە بکرێت، کە هەستکردنە بە غەدرلێکراوی.

دووەم: نیشتمانپەروەری هی هەمووانە و هیچ تایبەتمەندییەکی قۆرخکراو تێیدا باڵا دەست نییە و نابێت. ئەم ئیرهابە فکرییەی دروستکراوە سەبارەت بەوەی هەرکەسێک داکۆکی لەنەتەوە و سەربەخۆیی و پاراستنی کیانی دەستووری هەرێمی کوردستان بکات، ئەوە بە "کۆیلە و پاشکۆی پارتی" تۆمەتبار بکرێت. تۆمەتبارکردن بڕیارێکی زۆر قورسە، نیشتمانپەروەری هەمەجۆرە.  سێیەم: هەستکردن بە نادادپەروەریی و نەبوونی هاوبەشی و خۆ بە پاشکۆ بینین و هەستکردن بە پەراوێزکراوی، نیشانەیەکی خراپی دەروونی و هەستبارییە، ئەمە وا دەکات هەندێک هەر قسەکردنێک و گوتارێک کە داکۆکی لە هەرێمی کوردستان بکات، ببەستنەوە بە پارتی، لەوەش پتر بە دژی خۆیانی وەسف بکەن.

تۆ سەیر بکەن "تۆمەتی کۆیلەبوون بۆ پارتی، بەدژی خۆیان حیسابکردن. زەمینەسازی بۆ جۆرێک لەسانسۆر و تووندوتیژی فکری" بەڵگەیەکی زەقن، بۆ ڕەفتارێکی سیاسی کوشندە.   

لەزۆر بوار و لەنیو گوتاری ئەم سەردەمی یەکێتی و هەتا هەندێک گرووپی دیکە کە تازەن دروستبوون وا پێناسەی خۆیان و بەرانبەرەکەیان دەکەن، کە ئەوان چەوساوەی دەستی پارتی دیموکراتی کوردستانن، ئەم وەسف و پێناسەیە لەناخدا ئازار و لاوازی و ڕق و هەتا جۆرێک لە تۆڵە و تۆمەتیش لەخۆ دەگرێت. بۆیە دەمەوێت بڵێم ئەم لێکدانەوە و ڕەفتارانە هی سەردەمە جیاوازەکان و وڵاتە جیاوازەکانیشە. لەزۆر شوێن بەهۆی گومان و گریمانە لەبارەی مافی هاووڵاتی بوون و ئازادی بیروڕا و سیستەمی تۆقاندنی بەڕێوەبردن و کالبوونەوەی دۆی ناسنانە، نیشتمانپەروەری دەخاتە قەیران و گریمانە و پاشەکشەوە.

لەم کاردانەوانە شتێکی نادیارم بۆ دەردەکەوێت کە نەست و مەبەستی ئەم قسانەیان گوزارشتە لەوەی کە خۆیان بەچەوساوەی دەستی پارتی دەزانن، بێ ئەوەی دان بەوەدا بنێن، کە ئەوان خۆشیان چەوسێنەرێکی تۆقێنەرن و بەردەوام وەکو هێزێکی جەنگاوەر خۆیان نمایش دەکەن، ئێمە دەزانین دەروونی جەنگاوەر هەڵگری چ جۆرە ڕەفتار و پەیامێکە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×