جەنگ هەڵبژاردن دەباتەوە، یان هەڵبژاردن جەنگ دەگۆڕێت؟

غازی حەسەن
  2026-09-13     31

لە سێی مانگی نۆڤێمبەری ئەمساڵ ٢٠٢٧ دەنگدانی نیوە، یان نێوەڕاست لە ئەمەریکا دەست پێ دەکات و ئەم دەنگدانە بۆ هەڵبژاردنی کۆنگرێس و سێ یەکی ئەنجوومەنی پیران (سەنا)ش دەبێت. ململانێی سیاسی و حزبی تووندە، بەمانای بەکارهێنانی هێز نا، بەڵکو گەرم و گوڕی و ناکۆکی سیاسی و فشار و ڕاگەیاندن و پڕۆژەی ئابووی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و سیاسی بەکار دەهێنرێت.

جەنگی ئەمەریکا و ئێران یەکێکە لە بابەتە گەرم و گرنگەکانی ئەم هەڵبژاردنە. ئێران بۆ ئەوەی (دۆنالد ترەمپ) و کۆمارییەکان کە هەنووکە دەسەڵاتداری یەکەمی بێ ڕکابەری ئەمەریکان، بدۆڕێن، بەهەر شێوەیەک بێت درێژە بە ململانێ و جەنگ و ئاکامەکانی دەدات. (ترەمپ)یش لەڕێگەی گوتارە بەردەوامە دژ بەیەک و ناجێگری و گۆڕاوەکانی هەمیشە دەڵێت (جەنگ کۆتایی دێت، لەگەڵ دەگەینە ڕێککەوتن و هورمز لەژێر کۆنترۆلی ئێمەیە و ئێران دۆڕاوە و لەزۆر بوردا شکستی هێناوە و سزای ئابووری تووندیان دەدەین و دەبێت ئێران خۆی ڕادەست بکات و هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی... تاد). بەجۆرێک دەئاخڤێت، کە گۆڕانی خێرا و هەندێک جار پێچەوانەی خودی قسەکانی خۆیشی لە گوتارەکانیدا بەرجەستە بکات. ئەم چەشنە گوتارە ڕەنگە لە چەند ڕوانگەیەکەوە شیکار بکرێت: یەکەم پێی وایە بەم جۆرە ترەمپ دەتوانێت سەر لە بەرانبەرەکەی بشێوێنێت و دۆخەکە لەقازانجی خۆی تێک و پێک بدات. دووەمیان پێی وایە گوتارەکەی لەسەر بنەمای درۆ، درۆ و لێکدووری قسەکانی ڕۆنرابێت. هەشە ئەمە دەبەستێتەوە بە ترەمپیزم و ئەمە بەشێوە گوتارێکی نوێی هاوچەرخی سەردەمی خێرایی و سیاسی و شێواز و تەکنیکێکی نوێی سەرۆکی ئەمەریکا دادەنێت، کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە.

پرسیاری سەرەکی هەنووکە لە ئەمەریکا ئەوەیە ئایا جەنگ هەڵبژاردن دەباتەوە، واتە ئێران دەتوانێت پاشەکشەیەکی گەورە بە کۆمارییەکان و خودی (ترەمپ) بکات و دیموکراتەکان ببنەوە زۆرینە لە (پیران و کۆنگرێس) و ئەمەش ببێتە بەربەست  لەبەردەم سەرتاپای بڕیار و پڕۆژە گرنگەکانی  وڵات و لە ئاکامیشدا لە دوو ساڵی داهاتوو سەرۆکی وڵاتیش لەدەست بدەن.

یاخود هەڵبژاردن جەنگ دەگۆڕێت و هۆکار و ئەنجامی جەنگ کاریگەری لەسەر دەنگدان نابێت و ئەنجامی هەڵبژاردن بڕیاردەری ئارستەی جەنگەکە دەبێت و کۆمارییەکان دەتوانن پارێزگاری لە پێگە و دەسەڵاتیان بکەن و بەمەش هەموو ئەو بیرۆکە و بەرنامە و ستراتیژە تێک دەشکێنن، کە دەیانەوێت لەرێگەی دژایەتی جەنگ و ئابووری و پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان کۆمارییەکان و خودی (دۆنالد ترەمپ) پاشەکشە پێ بکەن. لەسەردەمی هەموو جەنگەکاندا لە پێش دەنگدان هەندێک شتی گەورە ڕوو دەدات، ئایا (ترەمپ) لەم مانگەی دادێت، بەڵێ یەک مانگ دەتوانێت گورزێکی گەورەی یەکلاکەرەوە لە ئێران بدات و کۆتایی بە مەترسییەکانی جەنگ و دڵەڕاوکێی دەنگدەر بهێنێت و شتێک بکات، کە دەنگدانی پێ بباتەوە؟.  

ئێمە دەزانین دۆخی ئابووری و ئاستی بژێوی و هەڵاوسان و نرخی سووتەمەنی و کرێ خانوو، شتومەک و خۆراک زۆر بەرز بۆتەوە و ئەمەش دوای سێ ڕووداوی گەورە هاتووە لەوانە پەتای کرۆنا و جەنگی ئۆکرەین و ڕوسیا و ئەم جەنگەی ئێستای ئەمەریکا و ئێران و قەیرانەکانی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەنگدەر لە ئەمەریکا دۆخی ئابووری و تەندروستی و پەروەردە و یەکسانی و ئازادی ئاخاوتن و پەیوەندی نێودەوڵەتی و جەنگی لا گرنگە، بەڵام هەنووکە دۆخی ئابووری ڕەنگە لە پلەی یەکەم و هەرە گرنگەکان بێت، ئینجا جەنگی ئێران.

کۆمارییەکان مەرج نییە هەموویان لەشێواز و بیرکردنەوە و گوتار و بڕیارەکانی (ترەمپ) ڕازی بن، بەڵام ناشیانەوێت پێشەنگیی و زۆرینە لە کۆنگریس و پیران لەدەست بدەن. دیموکراتەکانیش کە بەکردەوە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی مێژوویی و گەورە بوون، دەیانەوێت لەڕێگەی دژایەتی سیاسەتی ئابووری و جەنگ لەگەڵ ئێران و پەیوەندی نێودەوڵەتی و جەنگی ئۆکرەین و نرخی سووتەمەنی و بەرگری لە مافی تاکەکەسیی و مافی ئافرەت و لەباربردنی کۆرپە پێشکەوتن بەدەست بهێنێتەوە.

ئەمە باوە (ترەمپ) بەئاسانی مل بۆ تێکشکان و دۆڕان لە هەڵبژاردن نادات، لەم چەند ساڵەی دوایی ناکۆکی و ململانێی نێوان ڕاستڕەو و دیموکرات و چەپەکان فراوان بووە و تەنیا مەترسی دابەشبوونی حزبی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەنێو شەقام هەبووە و تووندوتیژی سیاسی و غافلکوژیش زیادی کردووە. گوتاری دیموکراتەکان دوورە لە ڕووبەرووبوونەوە، بەڵام فشارێکی سیاسی زۆریشیان لە هەندێک ویڵایەت دژی کۆمارییەکان دروستکردووە. هەندێک ڕاپرسی نایشارنەوە (ترەمپ) و کۆمارییەکان لە پاشەکشەن و (ترەمپ)یش دەبێژێت ئەمەڤە دۆریە و ئێمە هەرتم لە پێشەنگداین.

چاوەڕان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین لە نۆڤێمبەری ٢٠٢٧ دەنگدەران لەڕێگەی دەنگدانەوە چۆن ستراتیژ و سیاسەت و ئیدارەی وڵات و دۆخی ئابووری و جەنگ دەگۆڕن. لەبیری نەکەین دەنگدان لە ئەمەریکا دەبێتە هۆکار بۆ داڕشتنەوە و گۆڕینی ستراتیژیەتی سیاسەتی دەوڵەت. وەکو گوتم دیموکراتەکان لەجەنگێکی شاراوەی نێوەخۆیی سەختن بۆ ئەنجامدانی ئەم گۆڕنکارییە و گێڕانەوەی پێگەی سیاسی و بەدەستهێنانەوەی زۆرینە لە یەکێک لە دوو پێگە باڵادەستەکە، یان هەردووکیان (کۆنگرێس و پیران) و دوای دوو ساڵی دیکەش کار بۆ بردنەوەی سەرۆکی وڵاتیش دەکەن.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×