هەڵەیەکی کاتی باشترە لە دەستدانی هەموو شتێک

غازی حەسەن
  2026-11-17   

ئەوەی لەم ڕۆژانە ڕوودەدات، دەبوایە پێش ساڵ و نیوێك ڕووبدات، چونکە لەکردەوەدا دوو ئاراستە و ستراتیژی نمیچە جیاواز لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتی نیشتمانی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، هەندێک بەگومانەوە دەڵێن ئەم دوو لایەنە پێشوەختە لەسەر هەنگاوەکانیان و قەوماندنی ڕووداوەکان ڕێککەوتوون، هەندێکیش دەڵێن ئەم دوو حزبە وەکو یەک لەهەموو بابەت و ڕووداوەکان بەرپرسن و سەبەبکارن. هەشە ئەم هەنگاوەی پارتی بە خۆسەپاندن دادەنێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە هەردوو حزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش هەموو داوای (کاراکردنەوەی پەرلەمان، ڕێککەوتن و دانیشتن و دادپەروەریی و نەهێشتنی گەندەڵی و بابەتە سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و تەنیا شتە وردەکانی نێو خانەوادەکانیش دەکەن). کەچی کە باس دێتە سەر بڕیار و دواین هەڵوێست هەر یەکە بەلایەکدا ڕا دەکات و خۆیان لە بەرپرسیاریەتی دەشارنەوە. حزبە بچووکەکان ئەمە لەترس و خۆدزینەوە لە شەرم لەبەردەم پارتی و یەکێتی دەکەن.

یەکێتی لە زیندان لەگەڵ نەوەی نوێ ڕێککەوت، دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەش نەیانتوانی بەم هەنگاوە پارتی بگۆڕن و پارتیش دوای دوو ساڵ چاوەڕوانی پەنجا کۆ یەکی پەرلەمانی سازدا و کۆبۆوە، بەمە هیچ پێگە و هێزیکی بۆ بڕیاردانی یەكێتی و هەڕەشە بەردەوامەکانی نەهێشت کە دەڵێن ناهێلن "بێ بڕیاری ئێمە ببنە مودیر عامیش". ئەم گوتارە ڕوون و ئاشکرایە و لێکدانەوەی ناوێت. لەنێو ئەو لایەنانەی خۆیان لەدەرەوەی پارتی و یەكێتی حیساب دەکەن، گوایە نایانەوێت ببنە بەشێک لە سیاسەتی ئەم دوو حزبە، خۆیان کێشاوەتەوە دواوە و بەشداری کاراکردنەوەی پەرلەمانیان نەکرد. بەمەش نە پاڵپشتی پارتیان کرد و نە توانیان یەكێتی و بیرۆکەکانی بگۆڕن و بەرەو لێکنزیکبوونەوەیان ببەن. بەم هەڵوێستەیان ئاوی پتر لە ئاشتی بەردەوامبوونی کێشەکان دەکەن. بەڕاشکاوی بڵێم "حزبەکان باش باش لە نێوەڕۆک و مەبەست و گوتاری ئەم تەمسیلییە دەگەن، کە نەوەی نوێ و یەكێتی ئەنجامی دەدەن"، بەڵام پێ ناچێت "لە قسەکانی پارتی و فشارەکانی و درێژەپێدانی گفتوگۆکانی لەگەڵ یەكێتی گەیشتبن و پێیان وایە پارتی ناتوانێت ئەم ژمارەیەی ئەندام پەرلەمانەکان کۆ بکاتەوە". زۆر مەترسیدارە لە سیاسەت حیساب و ژمارە و لێکدانەوەت کورتبینانە بێت. ئەوەی هەنووکە ڕوویدا، نابێت پارتی تووشی غروری سیاسی بکات و خۆی بەیەکەم و براوە بزانێت، چونکە ئەمە هەنگاوی یەکەمە و کاردانەوەکان ئەنجامەکان دیار دەکەن، نەک هەنگاوی سەرکەوتووی یەکەم.      

 

وەکو یەک تاوانبارن

لە دوای یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ەوە و دواتر سەرهەڵدانی سیاسەتی هەڵەی پەنجا بەپەنجا و دواتریش شەڕی نێوەخۆ، لایەنەکانیش پەنجا بەپەنجا پێوانەی هەموو شتێکیان لەبارەی تاوانباری و هۆکار و سەبەبکاری کێشەکان بۆ پارتی و یەکێتی کردووە و ئەمەش تاکو ئەمڕۆش لەهەموو گوتارێکیان ڕەنگی داوەتەوە. کە قسەیەک بە پارتی دەڵێن ناوی یەكێتیشی بەدوادا ڕێز دەکەن، یان بەپێچەوانە لەکاتێکدا باش باش دەزانن ئەم سیاسەتە هۆکارێکە  بۆ بەردەوامبوونی هەڵەکان و لە سیاسەتی پەنجا بە پەنجا کارەساتبارترە.

 بزووتنەوەی گۆڕان کە بەرهەمی دژ بە ڕێککەوتنی ستراتیژی و پەیوەندی و قەناعەتی کۆتایی نێوان بارزانی و تاڵەبانی بوو، بیرۆکەی پێکهێنانی هەرێمی سلێمانی لەلایەن نەوشیروان مستەفا ڕوون و ئاشکرا بوو، ئەو پێی وابوو هەر پارێزگایەک دەبێت مافی بڕیاری چارەنووسی خۆی بەپێی دەستووری عێراق هەبێت. نزیکەی ساڵێک دەبێت هەندێک لە یەکێتییەکان بەناوی سەنتەری توێژینەوە باسی شێوازی بەرێوەبردنی هەرێمێکی سەربەخۆی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیان هێناوەتە گۆڕێ و پێشتریش ئەم باسە هەبووە و ساڵانێکیش لەژیر کاریگەری ئەم دابەشبوونە بەکردەوە حکوومەتی سلێمانیان دامەزراند. دواتر نزیکەکانی سەر بە قوباد تاڵەبانیش بەئاشکرا لەگەڵ بیرۆکەی هەرێمێکی جیاوازن و ڕاشكاوانە ئەمەیان باسکردووە. واتە ئەم بیرۆکەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مراندن و مردارکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و لەکارخستنی پەرلەمان و دواتر پێکنەهێنانی حکوومەت هەبووە و هەیە. ئەگەر پێویست بە داننان بە ئەنجامی هەڵبژاردن ناکات، بۆ دەبێت هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی دۆڕاو و تێکشکاو ئەنجام بدرێت.  

ئەم بیرۆکەیە لای یەکێتی جوامێرانە باس دەکرێت، لای پارتیش بەخیانەت وەسف دەکرێت. لەکاتێکدا گروپە ئۆپۆزسیۆنەکەی هەرێم کە ڕیشەیان لە زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەکێتییە و هەندێک پێیان وایە ئەم ڕیشەدارییە ڕێگەپێدان و هاندانی خودی یەکێتی تێدایە، بەکردەوە ئامانجیان و قسەیان پووتاندن و پووکانەوە و لەڕکردنی هەرێمی کوردستانە، دەتوانم بڵێم یەکێتی ئەمانە بۆ دژایەتی هەرێم لە بەغدا و لە راگەیاندنی کوردی بەکاردەهێنێت و پارتیش هەندێک لە نزیکەکانی خۆی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەکاردەهێنێت. ئەم دوو پرۆسەیە دوو هۆکار و مەبەست و ئامانجی لێک جودان.

کارەسات لەوەیە ئەمانە بەکردەوە دەیانەوێت بە پشت بەستن بە بەغدا  فشارەکانیان دژی دەسەڵاتی پارتی و حکوومەتی هەرێم بەکاربهێنن، بۆیە هەمیشە لەژێر گومان دەبن.  پارتیش هەروا بێ دەسەڵات و کارت و فشار بەدیار ڕووداوەکان گۆشەگیر دانەنیشتووە، بەڵام ناتوانرێت بڵێن پارتی ئەمەی لەگەڵ بەغدا دژی یەکێتی و لایەنەکانی دیکە کردووە، هەرچی بکات بەرنامە و فشار و گورزەکانی خۆماڵییە. دواجار سەرۆکی یەکێتیش هەمان قسە دەکات، کە دەڵێت " سەرۆکی هەرێم دانێن، ئێمەش دایدەنێین، وەزیرەکان دانێن، ئێمەش دایان دەنێین و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دانێن، ئێمەش دایدەنێین". ئەمە بەمانای ڕاگەیاندنی دوو حکوومەت و دوو هەرێم و دوو ئیدارە و دوو هەموو شتێکە.

 

هەنگاوێکی یاسایی

لە دیماهی گەمە کۆمیدی و تراژیدییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گەیشتە ئەوەی پارتی بڕیاری کارکردنەوەی پەرلەمان بدات و یەکێتیش بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات. پارتی بڕیاری خۆی دا و هەنگاوێکی یاسایی بە کۆکردنەوەی ٥٢ پەرلەمانتار نا و گورزێکی بەهێزی لە پێداگری و خۆدزینەوەی بەردەوامی یەكێتی و هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ نەوەی نوێ دا.

یەکێتی دان بەم هەنگاوەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان نانێت، بەڵام رێککەوتنی خۆی لەگەڵ شاسوار لە زیندان بە ڕەوا و نیشتمانی و لەپێناو خەڵک و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانییەکی فاشیل دەزانێت، کە خۆی نەک هەر تەنیا بەشێکی ئەم حکوومەتە فاشیلەیە، بەڵکو بەرپرسیارە و خاوەنی ئەزموونێکی فاشیلیشە. ئاخاوتنەکانی شاسوار کە وەکو گوتەبێژی یەکێتی دەردەکەوێت، لە پلەی یەک و کۆتایی و بێ شاردنەوە هێرش و لێدانی پارتییە. ئایا هیچ هێزێک ئامادەیە لەگەڵ ئەو لایەنانە هاوپەیمانی بکات، کە بە پێ داگرییەوە دروشمی لادان و لێ سەندندنەوەی دەسەڵاتەکانی ئەو لە حوکمڕانی دەکەن.

 

تەواوی دەکەین

بافل جەلال تاڵەبانی گوتی "ئێوە دەستتان پێکرد و منیش تەواوی دەکەم". ئەمە بەمانای هەڕەشە و تۆقاندن بەکارهێنراوە. پارتی هەنگاوی بەکردەوەی خۆی لەکتوپڕێکدا نا، ئەوەی پێویست بوو، لە توانای ئەودا بوو کردی، بۆیە پێویستە هەنگاوەکانی تەواو بکات، ئەو کاتە یەكێتی یان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتن و سازش و بەشدارییەکی شیاوی کارا لەگەڵ پارتی، یان "تەواوی دەکات" بە مانای تێکدان و دابەشکردن و پێکهێنانی دوو هەرێم، کە دەمێکە و لەمێژە بانگەشەی بۆ دەکەن، چونکە باسێکی مێژووییە و لەکۆنەوە تاکو ئێستا خۆیان بە پەراوێزخراوی دەستی پارتی دەزانن. لە شەستەکانەوە تاکو ئێستا هەمان هەست و لێکدانەوەیان هەیە. نە پارتی توانیویەتی ئەم ترسەیان لا بسڕێتەوە، نە خۆشیان ئامادەن لەم ترسە مێژووییە دەرچن.

 

یەکێتی چ دەکات

لەم دۆخە ئاڵۆزەدا یەکێتی بەغار بەرەو بەغدا ڕادەکات، بەمەبەستی بەکارهێنانی فشار و سزادانی هەولێر و تەسکردنەوەی بازنەکانی فشار دژی پارتی لەلایەن ئەو لایەنانەی بریتین لە گروپی سەر بە ئێران، لەپێناو:

یەکەم: ئابلووقەی پتری دارایی و ئابووری و بەتەواوی لەدەست دەرهێنانی نەوت و  غاز لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. نابێت بیشارینەوە ئەمە پتر لە پانزدە ساڵە پیادە دەکرێت و هەندێک ئەندامی باڵای یەكێتی خاوەنی ئەم کردار و بیرۆکەیە بوون.

دووەم: پەنا بردنە بەر دادگای فیدرالی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی هەولێر و هەتا ئەم کۆبوونەوەی کراویشە.

سێیەم: زامنکردنی پارە و بودجەی تایبەت بۆ سلێمانی.

چوارەم: بەدەستهێنانی متمانە و دانپیانان بە هەرێمێک ئەگەر یەکێتی لە سلێمانی ئیعلانی کرد.

پێنجەم: بەدەستهێنانی فشاری نێودەوڵەتی دژی هەنگاوەکانی پارتی و حکوومەتی هەرێم.

شەشەم: لەهەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە دوو شت بکەن:

ئەلف: هەموو ئەوانەی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستانن بگرن، لە سلێمانی دەریان بکەن، یان سزایان بدەن.

دووەم: ڕێککەوتنی سەربازی لەگەڵ بەغدا بکەن دژی هەولێر و پارتی وەکو ئەوەی لە کەرکووک کردیان.

 

پارتی چی دەکات

پارتی بەکردەوە ئەمجارە نیشانی دا، توانای کۆکردنەوەی پەنجا و یەک لە ئەندامەکانی پەرلەمانی کوردستانی هەیە و بەکردەوەش ئەمەی کرد. ئەگەر ئەمە هەڵەیەکی سیاسی بێت، لەکردەوە باشترە لەوەی هەموو شتێک لەدەست بدرێت.

 

هەنووکە بیر لە دوو شت دەکاتەوە:

یەکەم: یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بەئەمری واقیع ڕازیبن و ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکوومەت بکەن و برا بەش و بە هاوسەنگییەکی متمانەدار (کە متمانەداریی زۆر زەحمەت بووە) هەرێم بەڕێوە ببەن.

دووەم: ئەگەر نا سەرۆکی هەرێم بەم واقیعەی هەیە هەڵبژێرن و ئەویش براوەی یەکەمی هەڵبژاردن ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و ئەو کاتە یەکێتی دەبێت "شتەکان تەواو بکات، واتە کۆتایی بەهەموو پەیوەندیی و بەشدارییەک بهێنێت و ماڵی خۆی بەتەواوی لەگەڵ پارتی بکات".

سێیەم: لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا و بەغدا دانوستان بکات، کە هەرێمی کوردستان (هەولێر) وەکو نوێنەری دەستووری و یاسایی و شەرعی کوردستان بناسن و هەرێمی دیکە لەپەرواێز بهێلنەوە.

چوارەم: کار بکات سەرچاوەی دارایی و پەیوەندییە ئابووری و داراییەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات و نەکەوێتە ژێر هەڕەشە و ئابلووقەی ئابووی و دارایی. کە دڵنیام ئەگەر بەغدا ئەم هەموو فشارە دژی یەک هەرێم ئەنجام بدات، ئەگەر هەرێم بووە دوو ئیدارە ئەوە فشار و بڕیارە سەپێنراوەکانی بەغدا زۆر فراوانتر و کاریگەرتر دەبن لەوەی ئێستا دژی کوردستان هەیە.  

 

یەکێتی لەپەرواێز

ئەم هەستە نەک لەلایەن هێزێكی خاوەن هێز، بەڵکو لای تاکێکی ئاسایش جێگەی نیگەرانی و ترسە. پەراوێزی سیاسی ئازارێکی یەکجار قووڵی ترسناک بەرهەم دەهێنت. وەکو گوتم لەڕووی مێژووییەوە و لەکۆنەوە بەهۆی خۆ بەپەراوێز بینینەوە، دۆخێکی دەروونی پڕ لەکاردانەوەیان بۆ خۆیان دروستکردووە. هەموو گوتار و  ڕەفتارێکیان پەیوەندی بە کاردانەوە دژی پەراوێز بوونە، پارتیش لەهەندێک گوتاریدا بردنەوە سیاسییەکانی وەکو براوەی یەکەم نیشان دەدات، کە ئەمە دەبێتە مایەی پتر ترساندنی ئەوانی دیکە و دوورکەوتنەوەی یەكێتی و هەتا لایەنەکانی دیکەش، بۆیە  بەڕاشکاوی ئەم گلەییە لە خودی پارتی دەکەن و بەوە تاوانباری دەکەن "کە منەتی بەکەس نییە".   

 

گوتاری یەکێتی و پارتی

سەرجەم گوتارەکانی ئێستای یەکێتی بەرەو ئەوەیە (بافل تاڵەبانی) ڕازی بکەن و  دڵی خؤش بکەن، ئەمەش بە کردەوە لە چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە دەچێت، کە هیچ ئەنجامێکی نابێت. دەیانەوێت نیشانی بدەن (سەرۆک)ە، خاوەن هەموو ئیرادەیەکی سیاسی و حزبی و کەسییە. پرسە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا سەرکردە و ئەم پەیکەرە سیاسییە بەزۆر و بە فشار و خۆسەپاندن دروست دەبێت؟

پارتیش لە گوتاری فەرمی خۆیدا دەبێژێت "پەرلەمان کارا کرایەوە، فەرموون هەموو بەشداربن" ئەمە لەڕاستیدا بەکراوەیی هێشتنەوەی دەرگاکانی گفتوگۆیە".  لەهەمان کاتدا نابێت دەرفەت بە هێرش و قسەی لاواز و سوکایەتی بدرێت. نابێت ئەوەی کراوە بکرێتە قوربانی گوتارێکی کاتی و لاواز. پێم وایە خراپترین کار ئەوەیە لە ڕاگەیاندنی پارتی، یان سێبەرەکانیدا دەرفەت بە قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان بدرێت. پێویستە گوتاری نزیکبوونەوە ئامانجی یەکەم و کۆتایی بێت.   

 

حزبەکان بوونەتە نەخۆشخانە

ڕەوانشاد مەسعود محەمەد کۆمەڵگەی بە نەخۆشخانە داناوە، منیش حزبەکان بە نەخۆشخانە دەزانم، ئەگەر نا ئەم هەموو کێشە و گرفتە دەروونییە باوانەی حزبەکان لەم سی ساڵەی دەسەڵاتی کوردی بەرهەمیان هێناوە مانای چییە. نەخۆشی خۆبچووکردنەوە، نەخۆشی ڕقلێبوونەوە، نەخۆشی نەهێشتنی کەسایەتی و کیانی تاکی کوردی، نەخۆشی کوشتنی متمانە، نەخۆشی پەراوێز  و دژایەتی کوردایەتی، نەخۆشی بەئاشکرا و زەقی خۆ بەپاشکۆکردنی ناحەزان و دوژمنان، نەخۆشی جاشایەتی بەئاشکرا، نەخۆشی جاشی سیاسی و گەندەڵی و بەتاڵان بردنی موڵک و ماڵی گشتی، نەخۆشی یەکتر سڕینەوە، نەخۆشی حزابایەتی و تا دوایی.

 

داوا

ئەگەر بمانەوێت هەرێمی کوردستان چارەسەری کێشەکان بە تەواوی بکات، پێویستە:

یەکەم: دیموکراسی هەقیقی و ئەنجامی هەڵبژاردن و دادپەروەریی  پەیڕەو بکرێت و گەندەڵی لە دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات بنەبڕ بکرێت.

دووەم: پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکەش ئەنجوومەنێکی سیاسی هاوبەش دروست بکەن و لەوێ بڕیار بدەن.

سێیەم: سیاسەتی پەنجا بەپەنجا نەمێنێت و هاوسەنگی و هاوبەشی لە ئیدارە و حوکمڕانی پەیڕەو بکرێت.

چوارەم: گفتوگۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام چی دیکە کات بەفیڕۆ نەدرێت.

پێنجەم: پاراستن و پەرەپێدانی دامەزراوە شەرعی و یاساییەکان ئامانجی یەکەمی هەموو لایەنەکان بێت.

شەشەم: سیاسەتی خۆدزینەوە لە هەڵەکار و خاوەن هەڵە کۆتایی پێ بهێنرێت و هەر لایەنێک هۆکاری کێشەکان بوو، پێی بگوترێت و بەڕاشکاوی ڕووبەڕووی ببەنەوە.

حەوتەم: چی دیکە ڕاگەیاندن نەبێتە شوێنی بڕیاردان، سنوورێک بۆ ئەم خۆ بەپاڵەوان کردنەوەی پێش مایک و شاشەکان دابنرێت.

هەشتەم: لە بەغدا وەکو یەک تیم کار بکرێت و ئەم دابەشبوونە خراپەی بەغدا، هاندانی یەکتر بۆ بچوککردنەوەی هەرێم رابگیرێت و ئەوەی ئەمە دەکات سزا بدرێت.

پارتی و یەکێتی لە دیماهیدا هیچ ڕێگەیەکی متمانەداری بەهێزیان لەبەردەم نییە، گفتوگۆ و رێککەوتنی هاوبەش و هاوسەنگ نەبێت. دەبێت هەم پەراوێزخستن نەمێنێت و هەم هەستی خۆ بەپەراوێزخراو ڕاست بکرێتەوە. بۆ پاراستنی دامەزراوەی یاسایی لە هەرێمی کوردستان هەڵەش بکرێت باشترە، لەوەی هەموو شتێک لەدەست بدرێت، بەڵام دوو هەرێمی ئەگەر سەرکەوتنێکی کاتیش بێت، خۆکوژییە و نابێت دڵمان پێی خۆشبێت و یەکێتی بەمە جارێکی دیکە ئەزموونێکی دۆڕاو ئەزموون دەکاتەوە.  

  

    

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
لە سلێمانی دەست بەسەر کێڵگەیەکی برنجدا گیرا
تا کارلەکار نەترازاوە ناوی خوا بهێنن و ئارامبگرن...
عەگید کەلاری: گەلی کورد دوو ئیدارەیی قبوڵ ناکات و پارچەبوون پارتی و یەکێتیش دەڕوخێنێت
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: میوانداری وه‌فدێكی سلێمانیمان كرد كه‌ پێكهاتبون له‌ نزار ئامێدی، بافڵ تاڵه‌بانی و شاسوار عه‌بدولواحید
حکومەتی عێراق: مۆڵەت دراوە کەتیبەکانی حزبوڵڵا جورف سەخر چۆڵ بکەن و ئەگەری هەیە سوپا بچێتە هەرێمی کوردستان
عێراق بڕیاریدا به‌ راگرتنی ته‌له‌گرام و هه‌رێم ده‌ڵێت: هیچ نوسراوێكی ره‌سمیمان پێنه‌گه‌یشتوه‌
نوسینگەی سەرۆکی کۆمەڵ: عەلی باپیر ڕەتینەکردوەتەوە پێشوازی لە شاسوار عەبدولواحید بکات
رۆیته‌رز: بۆرییه‌كه‌ی جورف سه‌خر كون كراوه‌و له‌ 2021ه‌وه‌ به‌ به‌های سه‌دان ملیۆن دۆلار نه‌وتی لێبراوه‌
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌ ترسی عێراق، باری قاچاخ و تانكه‌ریان راگرت
سەعدی پیرە لەبارەی دووئیدارەیی: ئەوە هەوڵێکی کەمی بافڵ تاڵەبانییە بۆ ئەو کردە نادروستە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×